تەرمی جەلال مەلەکشا بە ئامادەبوونی جەماوەری خەڵک بەخاک سپێردرا

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، تەرمی "جەلال مەلکشا"، شاعری نوێخوازی کورد بە ئامادەبوونی ڕێپێوانی جەماوەری خەڵک لە گوندی "مەلەکشا"ی سەربە شاری سنە بەخاک سپێردرا. مەلەکشا شەوی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.

ئامادەبووان پێش بەخاکسپاردنی، بە ئەنجامدانی ڕێپێوانێک تەرمی جەال مەلەکشایان بەڕێکرد و لەگەڵ ڕێپێوانەکەدا شعرەکانی جەلال مەلەکشایان خوێندەوە.

لەو ڕێپێوانەدا هەروەها دروشمگەلی "ئەی شاعری نیشتمان، شانازیت بۆ کوردستان"، "نامریت، نامریت" و "ئەی شاعری کۆڵنەدەر، دڕکی چاوی داگیرکەر" وترایەوە.

بەکارهێنەرە کوردەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە نووسینەوەی دێڕەشعرەکانی ئەو شاعرە کوردە ماڵئاوایی لێدەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هاشتاگی "جەلال مەلەکشا" بەکاردەهێنن.

کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا کاردانەوەی سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی بەدوواوە بوو. هەر کامە لە "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و "مەسروور بارزانی"، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی پەیامیان بڵاوکردووەتەوە.

مەسروڕ بارزانی لە پەیامەکەیدا "جەلال مەلەکشا"ی بە "ڕۆشنبیرێکی نیشتمان پەروەر" ناوزەدکردووە.

جەلال مەلەکشا لە ساڵی ١٣٣٠دا لە گوندی مەلەکشای سەربە سنە لە دایک بووبوو و لە ژیانیدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی شعری نوێی نووسیوە.

لە سەردەمی حکومەتی پاشایەتیی "محەمەدڕەزا پەهلەوی"دا بەهۆی شعر و نووسراوە ڕەخنەگرانەکانییەوە چەند ساڵێک بەندکرابوو.

چالاکییە سیاسییەکانی لەو سەردەمەدا زیاتر بەرەو بیروباوەڕی چەپ بوو و ئەندام و لایەنگری چەند لە گروپە چەپەکانی ئەو سەردەمە بووە.

شعر و نووسراوەکانی مەلەکشا لە سەردەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامیشدا یان سانسۆر کراون یان ڕێگرییان لێکراوە بڵاوببنەوە.

لە سەرەتادا بە فارسی شعر و چیرۆکی نووسیوە، هەروەها یەکێک بووە لە ئەندامانی "کانوونی نووسەرانی ئێران".

جەلال مەلەکشا هەم لە شعری فارسی وهەم لە شعری کوردیدا ڕەچەشکێن و نوێخواز بووە. شعرەکانی تاوەکو ئێستا بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، عەرەبی و هتد وەرگێڕدراون.

"زڕەی زنجیری وشەکان" یەک لەو بەرهەمانەیەتی کە پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ڕێگەی بڵاوبوونەوەی پێدراوە، "هەتا لووتکە چەندی ماوە؟" و "داستانی دارە پیرە" دووان لە شعرە بەناوبانگەکانی ئەو کتێبەن.

{[ breaking.title ]}

{[ breaking.title ]}