close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

.

۲۱ ڕەزبەری ۱۳۹۹
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۸ خولەکدا
.

کۆماری ئیسلامی و دژبەرەکانی لە هەرێمی کوردستان

 

ئێران‌وایەر لە وتووێژ لەگەڵ چالاکێکی سیاسی و ڕۆژنامەنووسێک‌دا، جگە لە خوێندندەوەی دووبارەی ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە دوو دەیەی پێشوو بەسەر هەرێمی کوردستان‌دا زاڵ و باڵادەست بوو، لە وردەکاری هەندێک لە تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێم‌دا کۆڵیوەتەوە.

***

لێکۆڵینەوەکانی ئێران‌وایەر دەری‌دەخات کە لە نێوان ئەو تیرۆرانەی که کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان ئەنجامی داون، بەشی هەرە بەرچاویان لە هەرێمی کوردستان‌دا رڕوویان‌داوە کە ٢٩٥ کوژراو و ١٢١ برینداری قورس و کەم‌ئەندامی لێ‌کەوتۆتەوە.

ئەم تیرۆرانە بە شێوەکەی بەردەوام لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٧٠ هەتاوییەوە دەستیان پێ‌کرد و لە ساڵەکانی ١٣٧٢ تا ١٣٧٦ گەیشتە ئەو پەڕی خۆی. بە جۆرێک کە تەنانەت ئەوڕۆیش ئەمنییەتی حیزبەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕەخنەگرانی سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسانی سەربەخۆی کوردی ئێران کە چوونەتە هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی جیدی‌دان.

بەڵام ئەم تیرۆرانە چۆن دەکران و وردەکارییەکانی چی بوو؟

ئێران‌وایەر لە گفت‌وگۆیەک‌دا لەگەڵ "جەعفەر ئەمین‌زاده"، ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و دانیشتووی سوید، و هەروەها "فەڕۆخ نێعمەت‌پوور"، نوسەر و ڕۆژنامە‌وانی دانیشتووی نۆروێژ، جگە خوێندنەوەی دووبارەی بارودۆخی تایبەتیی هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٧٠دا، لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر هەندێک لەو تیرۆرانە و بکەرەکانی.

جەعفەر ئەمین‌زاده دەڵێت لە ساڵی ١٣٧٠ و پاش ڕاپەڕین واتە "ئینتیفازەی شەعبانییە"، جۆرێک بۆشایی لە عێراق هاتە ئاراوە و هەلی ئەوە ڕەخسا تاکوو حیزبەکانی کوردستان، بە تایبەت هەر دوو حیزبی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، و "پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق"، ناوچەیەکی زۆری کوردستانی عێراق بخەنە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

بە گوتەی ئەم چالاکە سیاسییە، پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی "سەدام حسێن" بە دژی کوردەکان ناوچەی ئارامی دژەفڕینی لە باکووری عێراق‌دا ڕاگەیاند، بواری ئەوەی خۆش کرد کە حیزبەکانی باشووری کوردستان دەورێکی نوێی هاوکاریی ئابووری و پێوەندیی سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێ‌بکەن. بە تایبەت لە کاتێک‌دا کە عێراق بە تووندی لە لایەن نەتەوە یەک‌گرتووەکانەوە گەمارۆی سەختی ئابووری درابوو و زێدەباری ئەمە، هەرێمی کوردستانیش لە لایەن حکوومەتی سەدامەوە لە باری ئابوورییەوە گەمارۆ درابوو.

سەرباری بارودۆخی نالەباری سیاسی و نەبوونی نەزم و ئەمنیەت، لە ناوەڕەستەکانی دەیەی ٧٠ لە نێوان هەر دوو حیزبە باڵادەستەکە لە هەرێمی کوردستان‌دا شەڕی ناوخۆیی دەستی‌پێ‌کرد کە دوو ئەوەندە بێ‌کاری و هەژاریی لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا بەربڵاوتر و کوشندەتر دەکردەوە.

لە وەها بارودۆخێک‌دا دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاکێشان و ڕێکخستنی هێزە خۆجێییەکان و تیرۆری دژبەرەکانی بە تەواوەتی کراوە بوو.

جەعفەر ئەمین‌زاده دەڵێت کۆماری ئیسلامی لەم ناوچەدا، بە تایبەت لە دوای ئینتیفازەوە، دوو ئامانجی گەورەی هەبوو: "سەرکوتی دژبەرانی لە باشووری کوردستان و دەسەڵاتی زیاتر بۆ دەست‌ڕاگەیشتن بە سووریا و لوبنان."

بە گوتەی ئەم چالاکە سیاسییە، ئەوکات کۆماری ئیسلامی جگە لە ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم، کۆمەڵێک پێوەندیی تازەیشی لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوەکان، لەوانە "بزووتنەوەی ئیسلامی" و "حیزبی سۆسیالیست کوردستان (حسک)" دەست‌پێ‌کرد.

بەڕێز ئەمین‌زاده ئاماژەی دایە ئەوەی کە بنەڕەتی ئەمنیەتی و زانیاریی ئەم پیێوەندییانە لە ڕاستی‌دا وەدی‌هاتنی ئامانجەکانی دەرەوەی سپای پاسداران لە عێراق و دەسڕاگەیشتن بوو بە لوبنان و سووریا و دەڵێت: "پێم وایە تۆوی سازدانی هیلالی شیعی هەر لەم کاتانەدا چێنرا."

ئەو بە ئاماژەدان بەمەی کە چالاکییە سەربازییەکانی حیزبەکان بەرتەسک و سنووردار ببوونەوە و پتر لەسەر چالاکیی تەشکیلاتی و نهێنی لە ناوخۆی کوردستان‌دا چڕببوەوە، دەڵێت: "هاوکات لەگەڵ گۆڕان و گۆڕانکارییە سیاسییە تازەکان لە هەرێمی کوردستان‌دا، بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لەوانە کۆمەڵە و دیموکرات، لە ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ قووڵایی خاکی کوردستانی عێراق ڕاگوێزرا و هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ئەم حیزبانە بکەونە بارێکی ناسکی ئەمنیەتی و سەربازییەوە."

هەروەها، نەبوونی قەڵغانێکی ئەمنییەتیی گونجاو لە بارودۆخێک‌دا کە هەر دوو حیزبە باڵادەستەکە، بە شەڕی نێوخۆییەوە سەرقاڵ بوون دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و باری نالەباری ئابوورییش بووە هەلێک تا کۆماری ئیسلامیی ئێران بیقۆزێتەوە و لە چەکە هەمیشەییەکەی تیرۆر وەک ڕێگەچارەی کۆتایی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی کوردستانی ئێران‌دا کەڵکی لێ‌وەربگرێت.

لەنێو ئەو تیرۆرانەدا، بە ڕێکخراوی موجاهێدینی خەلقی ئێرانەوە، باقیی ڕێک‌خراوەکانی دیکەیش ژمارەی قوربانییەکانیان لەم تیرۆرانەدا گەلێک زۆر بوو لەوانە ڕێکخراوی ڕەنجبەران، خەباتی کوردستان، پارتی ئازادی و کۆمەڵە دیموکرات.

ئەمین‌زاده هەروەها بەپێی ئامادەبوونی خۆی لە نێو ئەو ڕووداوانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "تیرۆرەکان هەمووی دەگرتەوە؛ هەر لە بەرپرسانی ئۆرگانەکانی حیزبەکان، پێشمەرگەکان، فەرماندە سەربازییەکان و کادرە کۆنەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئەو دژبەرانەی کە لە هیچ حیزب و ڕێک‌خراوێک‌دا ئەندام نەبوون. بۆ نموونە، مانگی جۆزەردانی ١٣٧٤ دوو کەس لە کادرەکانی کۆمەڵە بە ناوی "عوسمان فەرمان" و "عوسمان کیانی" ڕێک لە نزیک مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی درانە بەر دەسڕێژی گولە و کوژران. ئەوانەی تەقەکەیان کردبوو پێنج کەس بوون کە هەر هەموویان پێکەوە و لە یەک کات‌ و لەنێو تەکسیییەکەوە تەقەیان کرد.

هەر پێنج کەسەکە دەسبەجێ لە لایەن بەشی ئەمنیەتی یەکێتییەوە دەسبەسەر کران و لێپێچینەوەیان لێ‌کرا و سزا دران.

ئەمین‌زاده دەڵێت: "پاش ماوەیەک نەواری دانپێدانانەکانی ئەو پێنج کەسە کەوتە دەسمان. هەڵبەت بیرم نایەت جگە ئەم پێنج کەسە، کەسی‌تر لە پێوەندی‌دا بە تیرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابێتن و سزا درابێتن."

بە گوتەی ئەمین‌زاده، "دوای بینینی نەواری دانپێدانانەکان وردەکاریی زۆرترمان دەس کەوت کە دەریان دەخست جێگرایەتیی زانیاریی قەرارگای حەمزه کە سەرکردایەتییەکەی لە شاری ورمێ بوو چۆن وردەکاریی ژیانی دژبەرەکانی خۆیان کۆدەکاتەوە و لە چ شێوازێک بۆ ڕێک‌خستنی هێزەکانیان کەڵک وەردەگرن و تیرۆریان دەکەن."

ئەو دەڵێت: "هەر لە ڕێگەی ئەم دانپێدانانەوە بەوەمان زانی کە جێگرایەتیی زانیاری لە قەرارگای حەمزەدا گرووپێکی لە ژێر ناوی "ڕاپەڕین" بە سەرکردایەتیی کەسێک بە ناوی "کەماڵ ماوەتی" ڕێک‌خستووە بۆ ئەوەی پاش دیاری‌کردنی شوێن و جێگای دژبەران تیرۆریان بکەن."

"کەماڵ ماوەتی خەڵکی گوندی ماوەتی سەربە شاری ڕانیەیە لە باشووری کوردستان. ئەو پاش تیرۆری عوسمان فەرمان و عوسمان کیانی هەڵات و تا جێگایەک کە من دەیزانم زیندووە و لە شاری ورمێ‌دا دەژی و لە بارێکی تووندوتۆڵی ئەمنیەتی‌دا پارێزگاری لێ‌دەکرێت."

بە گوتەی بەڕێز ئەمین‌زادە، هەموو ئەندامانی ئەو گرووپە خەڵکی باشووری کوردستان بوون و ناوەندی فەرماندەیی و ئاراستەکردنەکەیان لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بوو: "خاڵێک کە پێویستە سەرنجی پێ‌بدەن ئەوەیە کە ئەم پێنج کەسە جیاوازیی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتیان نەدەزانی و تەنیا لە بری پارە تیرۆریان دەکرد."

"فەڕۆخ نێعمەت‌پوور"، ڕۆژنامەنووس و نووسەری دژبەری کۆماری ئیسلامییش ئاماژەی دایە ئەزموونی شەخسیی خۆی لەو پێوەندەدا. ئەو کە ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی نەبوو و لەگەڵ کۆمەڵێک بڵاوڤۆکی وەک "ڕامان"، "کاروان" و "برایەتی"‌دا هاوکاریی دەکرد بە ئێران‌وایەری وت: "یەکێک لە خزمان لە بانەوە ئاگاداری کردمەوە کە کەوتوومەتە لیستی تیرۆرەوە و باش‌تر وایە بە خێرایی کوردستانی باشوور بەجێ‌ بهێڵم. هەر ئەو خزمە لە زمانی سەرچاوەیەکی باوەڕپێ‌کراوەوە گوتی کە دوو کەس لە ئیتلاعاتی بانە لەسەر ناوی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دیمکرات کار دەکەن: ئەحەد کە بەرپرسی بەشی کۆمەڵەیە، و ڕەحمانی کە بەرپرسی بەشی دیموکراتە. پێ‌دەچوو ئەم دوو کەسە ناوی دژبەرەکان و وردەکاریی ژیانیانی دەدایە هێزە خۆجێیکانیان لە کوردستانی عێراق‌دا. هەڵبەت ناوی ڕەحمانی لە نێو دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان‌دا کەوتبووە سەر زارانەوە."

سەرباری ئەمە، جەعفەر ئەمین‌زاده، چالاکی سیاسی، لەو باوەڕەدایە کە تیرۆرەکان بەبێ پشتیوانیی هێزە خۆجێییەکان و ئەندامانی هەندێک لە حیزبەکان و ڕێک‌خراوە بچووکە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق مەحاڵ بوو: "هاوینی ساڵی ٧٥ دەوری کاتژمێر ١٢ی شەو یەکێک لە گرووپەکانی تیرۆر لە سێ‌ڕیانی گوندی زەڕگوێز، کە لە تەنیشت ئۆردووگای ناوەندیی کۆمەڵە لە نزیک شاری سلێمانی‌دا بوو، پاش تێک‌هەڵچوونی چەکدارانە لەگەڵ تیمی پارێزگاریی ئێمەدا دەسبەجێ ڕایان کرد. لە کۆتایی تێک‌هەڵچوونەکەدا خومپارەیەک و ١٠ گولەی زەوت کرا. خومپارەکان تازە بوون، تەنانەت لۆگۆی سپای پاسدارانیان بەسەر گولەی خەومپارەکانەوە بوو. بەشی ئەمنیەتی یەکێتیی نیشتمانیمان لە تێک‌هەڵچوونەکە ئاگادار کردەوە و ئەو چەک و تەقەمەنییانەی زەوتمان کردبوون ڕادەستمان کردن. دواتر زانیمان کە ئەو ئۆپێراسیۆنە بە هاوبەشیی حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق و سپای پاسداران کراوە."

ئەمین‌زاده هەروەها ئاماژە دەداتە شێوازە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری دژبەران: "کۆماری ئیسلامی هەموو ئامرازەکان بەکار دەهێنێت بۆ لەناوبردنی دژبەران و نەیارەکانی؛ هەر لە هێرشی مووشەکییەوە بگەر تا دەگاتە دانانی بۆمب. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٩٣ لەناو شار و لە بەرامبەر دەفتەری نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی لە ژێر ماشینەکەی ئێمەدا بۆمبێکیان دانابوو کە لە کۆتایی‌دا دۆزرایەوە و پووچەڵمان کردەوە. تەنانەت هەندێک شەو بە ئاڕبیجی و بی‌کەی‌سی تەقەیان لێ‌دەکردین. هەروەها مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٢ ئۆردووگای ناوەندیی کۆمەڵە هێرشی مووشەکیی کرایە سەری. هەمان ساڵ، مینی پاسێک کە ئەندامان و ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی ئێمەی تێ‌دا بوو لە ڕێگەی گەڕانەوە لە سلێمانییەوە تەقەی لێ‌کرا. مانگی گەلاوێژی ١٣٧٥یش ئۆردووگای حیزبی دیموکرات لە قووڵایی ٢٥٠ کیلۆمەتریی خاکی عێراق‌ لە نزیک شاری کۆیه بە تۆپ، خومپارە و کاتیۆشا هێرشی کرایەسەر."

هەروەها بەڕێز فەڕۆخ نێعمەت‌پوور، ڕۆژنامەوان، جگە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی تیرۆرەکان لە ساڵی ١٣٧٣دا ئەزموونی شەخسیی خۆی لەو سەردەمەدا بەم جۆرە وەسف دەکات: "لەگەڵ هاوڕێیەک دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەوە کە زانیمان تویتایەکی سوور دوامان کەوتووە و دەسبەجێ خۆمان گەیانده نێو خەڵکەکەوە. چەند ڕۆژ دواتر، دوای گەڕانەوە لە دیداری یەکێک لە خزمان، زۆر بە هەڵکەوت یەکێک لە دراوسێ‌کان وتی کە چەند چەکدارێک ویستوویانە بچنە نێو ماڵەکەتانەوە. هەر ئەو ڕۆژە بەیانییەکەی، پاش پێوەندی‌گرتن بە بەشی ئەمنیەتی کۆمەڵە و دیموکراتەوە دڵنیابوومەوە کە تیرۆریستەکان بوون. دوای ئەم ڕووداوە بە ناچاری سلێمانیم بەجێ‌ هێشت و چوومە شاری هەولێر."

بەڕێز نێعمەت‌پوور لە درێژەی باسەکەی‌دا دەڵێت: "دەبوو هەموو کەس و بە هەر جۆرێک بێت پارێزگاری لە خۆی بکات. خەو و خۆراکمان نەمابوو و بەردەوام ئامادەباش بووین. بە تایبەت شەوانە. هەموو ئەوانەی کە بە هۆکاری سیاسی لە ئێران ڕایان کردبوو، چ ئەوانەی ئەندامی حیزبەکان بوون و چ ئەوانەی سەربەخۆ بوون، پاکیان مەترسیی جیدییان لەسەر بوو. چار نەبوو جگە ئەوەی کە بۆ ئەمنییەتی خۆمان لە کاتی جۆراوجۆردا هات‌وچۆ بکەین. بە کورتی خۆمان بۆ هەموو جۆرە ڕووداوێک ئامادە کردبوو. تەنانەت مردنیش. ئەو چەکەی کە بۆ پارێزگاری لە خۆم وەرم‌گرتبوو هەمیشە ئامادەی تەقە بوو."

هەروەها بەڕێز ئەمین‌زادەیش دەڵێت کە کۆمەڵە و دیموکرات بۆ ناسین و پووچەڵ‌کردنەوەی تیمەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی هەمیشە هاوکاریی ئەمنییەتییان لەگەڵ یەک‌تر کردووە. ئەو دەڵێت: "ئەرکی دابین‌کردنی ئەمنییەتی هێزەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکان لەسەر شانی خۆمان بوو و لەگەڵ حیزبی دیموکرات‌دا بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەتی هێزەکانمان هاوکاریی ئەمنییەتیمان هەبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی کە زۆربەی حیزبە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانی‌دا بوون، لەگەڵ ئەو حیزبە گفتوگۆمان کرد و ئەوانیش بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیان دا."

جەعفەر ئەمین‌زاده جگە لە ئاماژەدان بەوەی کە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ بەولاوە تیرۆرەکان کەم بوونەوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیرۆری نەیارانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لەناو نەچووە و هێشتا ڕەوتی ڕفاندن و تیرور بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و ئەورووپادا لە ئارادایە.

ئەو هەروەها دەڵێت کە کۆماری ئیسلامیی جگە لە دەسوەشاندنی ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە نەیاران و دژبەرەکانی دەخاتە ژێر گوشارەوە: "ڕەوتی ڕفاندنی نەیاران، بومب‌دانان و تیرۆر لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا زیندوو و بەردەوامە، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان‌دا. هەرچەندە شەپۆلی تیرۆرەکان لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٣٧٠ی هەتاوی‌دا کەمی کردووە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە مەترسیی تیرۆر، هەڕەشە لە دژبەران و نەریارەکانی کۆماری ئیسلامی ناکات. بۆ نموونە، قادر قادری، سەلاح مورادی، ئەحمەد ئەمیر‌ئەحمەدی، سەباح ڕەحمانی، سەلاح ڕەحمانی، ئێقباڵ مورادی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستان‌دا تیرۆر کران. تەنانەت ٨ی سێپتامبەری ٢٠١٨ بارەگای ناوەندیی حیزبی دیموکرات لە هەرێمی کوردستان‌دا کەوتەبەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئاکام‌دا ١٦ کەس کوژران و زیاد لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون."

 

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

ڕاپۆرت

.

۲۱ ڕەزبەری ۱۳۹۹
پویان خوشحال
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
.