close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

هەواڵی ساخته چییە و چۆنی لە هەواڵی ناڕاست جیا بکەینەوە؟

۲۸ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
ئێران‌وایەری کوردی
خوێندنەوەی وتارە لە ۵ خولەکدا
هەواڵی ساخته چییە و چۆنی لە هەواڵی ناڕاست جیا بکەینەوە؟

"ڕۆژنامەوانی تاوان نییە" هەوڵ دەدات تا لە زنجیرە وتارێک‌دا بە زمانێکی ساده بپەرژێتە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژنامەگەری. لە بەشەکانی پێشوودا پەرژاینە سەر "هەواڵ و بەهاکانی هەواڵ"، "شەش چێی هەواڵنێران"، "هەرەمی بەراوەژوو"، "سەرچاوەکانی هەواڵ" "بێ‌لایەنی" و "ئینساف" لە ڕۆژنامەگەری‌دا، "ڕۆژنامەگەریی ئۆنڵاین"، "دەوری یونسکۆ لە پشتیوانی‌کردنی ڕۆژنامەنووسان" و "هاوڵاتی‌پەیامنێر". لەم بەشەدا دیاردەی "هەواڵی ناڕاست" دەخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوەوە.

***

هەواڵی ساختە، دیاردەیەکی تازە نییە، بە درێژایی مێژوو بەردەوام هەوڵی جۆراوجۆر دراوە بۆ فریودان و سەرقاڵ‌کردنی خەڵک و چەواشەکردنی ڕاوبۆچوونەکان بەرامبەر حەقیقەت و ڕاستی. سەرباری ئەمە، لە ساڵانی دوایی‌دا زانیارییە هەڵەکان بە شێوەیەکی بەرین بەربڵاو بوونەتەوە و ئالنگارییەکی ڕاستەوخۆی بۆ ڕاپۆرتە ڕاست و ڕاستەقینەکان درووست کردووە. هەواڵی ساختە بڵاو کردنەوەی ئانقەستی زانیارییە تەواو هەڵەکان یاخود چەواشەکراوەکانە لە چوارچێوەی دەق، وێنە و فیلم لە ڕێگەی میدیا کۆمەڵایەتییەکان و هەواواڵنێرییەکانەوە. ئەم هەواڵانە لە میدیا کۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاو دەکرێنەوە بە تابەت لە لایەن ئەو ماڵپەڕانەی بە شێوەیەکی ئامانجدار زانیاریی هەڵە و ناڕاست لە ژێر ناوی هەواڵی بڕوا پێکراودا بڵاو دەکەنەوە. هەواڵی ساختە جۆری جیاوازی هەیە کە لە لایەن دەرچەکانی هەواڵەوە بڵاو دەکرێنەوە: زانیاریی درۆینی نەزانراو (Misinformation) واتە زانیاریی هەڵە بەڵام کەس یاخود میدیایەک کە بڵاوی دەکاتەوە بڕوایان وایە ڕاست و درووستن و ئامانجیان زیان‌گەیاندن نییە. زانیاریی درۆینی زانراو (disinformation) بەو زانیارییە ناڕاست و چەواشەکراوە دەوترێت کە بە مەبەستی زیان‌گەیاندن بە کەس، گرووپێکی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراو یان وڵاتێک و کاریگەری‌دانان لەسەر ڕای گشتی و لێڵ‌نیشاندنی حەقیقەت و ڕاستی بڵاو دەکرێتەوە. disinformation هەروەها تەکتیکێکە لە جەنگی زانیارییەکان‌دا.

لە ساڵی ٢٠١٨دا کارناسانی ڕێکخراوی یونسکۆ لە ڕاپۆرتێک‌دا لە ژێر ناوی "ڕۆژنامەگەری، هەواڵی ساختە و زانیاریی هەڵە" سێ جۆر هەواڵی ساختەیان پۆلێن کرد کە بەپێی هەڵەی مرۆیی، بە مەبەستی گاڵتە یاخود لە ڕێگەی گێڕانەوەی نیوەی ڕاستییەوە بەرهەم دەهێنرێن.

هەڵەی مرۆیی

لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدا هەواڵێک هەیە  کە بە هۆی هەڵە، کەمتەرخەمی، خراپ‌تێگەیشتنی ڕاستەقینە یان لەبەر ئەمەی کەسێک کە هەواڵەکان بەرهەم دەهێنێت یان دەیانگوازێتەوە لە کارەکەی‌دا پڕۆفێشناڵ نییە، هەڵەیە. ئەم جۆرە "هەواڵە ساختانە" هەمیشە هەن و ئێمە بە گشتی لە خەتاکارەکە دەبوورێین.

گاڵتە

هەواڵێکە کە وەک گاڵتە پێشکەش دەکرێت یان گاڵتەیەکە وەک هەواڵ پیشکەش کراوە، لە ڕاستی‌دا هەواڵێکی ساختەیە کە ڕاست نییە و تەنیا گاڵتەیە کە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. لە زۆربەی کولتوورەکان‌دا ئەمە نەریتێکە کە میدیاکان لەم جۆرە چیرۆکانە لە سەرەتای مانگی ئەپریلی هەموو ساڵێک، "ڕۆژی گەمژەکانی ئاپریل"دا بڵاویان دەکەنەوە. ئەم هەواڵانە بە گشتی بە مەبەستی گۆڕینی حەقیقەت بڵاو ناکرێنەوە. زۆرجاران زیان ناگەیەنن و ڕێکخراوی میدیاکان سەبارەت بەم هەواڵانە زانیاری بڵاو دەکەنەوە یان چەند سەرە داوێک لە چیرۆکەکەدا بەجێ دەهێڵن کە دەری دەخات ساختەن. بەڵام هەموان گاڵتە بە بێ زیان نازانن و هەندێک جار خەڵک پێیان وایە فریویان خواردووە یان گاڵتەیان پێ‌کراوە و دەشێت زۆر ناڕەحەت و بێ‌تاقەت ببن.

نیوەی حەقیقەت

چەشنێکی زانیاریی هەڵە هەیە کە بەشێک لە حەقیقەتە ڕاستەقینە و سەلمێنراوەکان دەگرن و لەگەڵ هەندێک گوتەی هەڵبژێردارو -نەک هەموو قسەکە-دا بڵاوی دەکەنەوە. کەسەکان زۆرجار ئەم کارە بۆ پشتیوانی‌کردنی لە سیستسمی بڕوامەندیی خۆی یان بەڵگاندێکی تایبەت ئەنجام دەدەن. هەندێک لە هەواڵەکان و بۆچوونەکان کە پێوەندییان هەیە بە گرەم‌بوونەوەی گۆی زەوییەوە، لە لایەن مرۆڤەکانەوە دەچنە ئەم خانەوە. ئەم چەشنە لە داڕشتنی هەواڵ پڕۆفێشناڵ نییە، بەڵام زۆربەیان بە بەشێک لە سیاسەت دەزانن.

ئەو هەواڵە ساختانەی بە ئانقەست بەرهەم دەهێنرێن

زیانبارترین جۆری "هەواڵی ساختە" بۆ فریودان بەرهەم دەهێنرێت، بە جۆرێک کە ڕەش دەکات بە سپی، حەقیقەت پێچەوانە دەکاتەوە و تەنانەت بەڵگەی ساختەی لەگەڵ‌دا هاوپێچ دەکات. ئەم هەواڵانە ڕاست دەنوێنن و تێکدەرانەترین جۆری هەواڵی هەڵەیە. ئەم "هەواڵی ساختە" کە بە شێوەی بەردەوام و بە ڕادەی پێویست بە درێژی دادەڕێژرێت و دەنووسرێت، نەک زیان بە باسی عەقڵانیی پێویست بۆ کارکردی دێمۆکراسی دەگەیەنێت، بەڵکوو خوێنەران، گوێگران و بیسەران وا لێ‌دەکات کە نەتوانن بە تەواوەتی بڕوا بە چ شتێک بکەن؟ زۆر دەگمەنە کە وەها چیرۆک‌گەلێک لە لایەن میدیا بڕواپێکراوەکانەوە بەرهەم بهێنرێن، چونکە ڕۆژنامەنووسان ڕاهێنراون کە ورد بن و ڕاستییەکان هەڵبسەنگێنن. بەڕیوەبەرانی میدیاکان دەزانن کە ژمارەی خوێنەران و بەردەنگەکانیان بەندە بە ژمارەی ئەو کەسانەوە کە بۆ هەواڵی بڕواپێکراوەوە دەیانکەنە سەرچاوە.

چۆن هەواڵە ساختەکان بناسینەوە؟

ناسینەوەی هەواواڵە ساختەکان ئاسان نین بە تایبەتی کاتێک لە لایەن گرووپێکی پڕۆفێشناڵەوە بۆ کاریگەری‌دانان لە سەر ڕای گشتی داڕێژرابێتن و بە شێوە و ڕووخساری پڕۆفێشناڵەوە بڵاو دەکرێنەوە. تایتڵ یان هێڵی سەرەکیی هەوالە ساختەکان پتر سەرنجڕاکێشن و بە پیتی گەورە و نیشانەی پرسیارەوە بەرجەستە دەکرێنەوە. ئەگەر تایتڵەکە جێگای بڕاو بێت ئەگەری ئەوە هەیە هەواڵەکە ساختە بێت. یەکێک لە ڕێگاکانی ناسینەوەی هەواڵی ساختە سەرنجدانە بە ناونیشانی ماڵپەڕەکە یاخود ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا. زۆربەی ئەو ماڵپەڕانەی هەواڵی ساختە بڵاو دەکەنەوە، گۆڕانکارییەکی بچووک لە ماڵپەڕە بڕاوپێکراوەکان‌دا دەکەن تا لە کریدیتی ئەوان بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. زێدەباری ئەمە، هەندێک جار کەناڵە تێلێگرامییەکان یاخود ئەکاونتەکانی باقیی پلەتفۆرمەکان ناوی میدیایەکی خۆشناو لەسەر خۆیان دادەنێن یان بە درۆ لە زمانی ئەوانەوە قسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمە ئەگەر هەواڵێکتان لە زمانی میدیایەکی ناسراوەوە خوێندەوە بەڵام بەلاتانەوە سەیر یاخود نەگونجاو بوو، باش‌ترە سەردانی ماڵپەرە سەرکییەکە خۆی بکەن. هەر نیشانەیەکی نەگونجاو لە هەواڵ‌دا، پێویستە سەرنجی بدرێتێ. ڕاپۆرت‌گەلی ساختە زۆر جار بە وێنە و ڤیدیۆ دەستکاری‌کراوەکان هاوپێچ کراون. کەواتە دەکرێت لە ئەنتەرنێت‌دا بە دوای ئەو وێنەدا بگەڕێن تا سەرچاوە سەرەکییەکە بدۆزنەوە. پێویستە لە سەرچاوەکانی هەواڵ کە تێیان‌دا ناوی نووسەر هاتووە، بکۆڵنەوە. نەبوونی سەرچاوە یاخود بێ‌ناونیشان‌بوونی نووسەر دەتوانێت نیشانەی ساختەبوونی هەوڵ بێت. ئەمەی کە هیچ سەرچاوەیەکی‌تر ئەو هەواڵەی ڕووماڵ نەکردووە، دەبێت پرسیار لە بەردەنگ‌دا بورووژێنێت.

چۆن دەبێت ڕووبەڕووی هەواڵی ساختە ببینەوە؟

دیاردەی هەواڵی ساختە، بە تایبەت ئەو هەواڵە ساختانەی لە خزمەت دەسەڵاتە سیاسییەکان‌ دایە، کۆمەڵگای جیهانیی نیگەران کردووە. ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک یونێسکۆ و هەندێک ناوەندی ناوچەیی وەک یەکێتیی ئەورووپا کۆمەڵێک پلانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەواڵی ساختە پەسەند کردووە کە لە حاڵی پیادەکردن دایە. بەشێکی گەورەی ئەم پلانانە لەسەر وشاری‌بەخشینی گشتی هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی توانا و پڕۆفێشناڵ‌کردنەوەی پەیامنێران و میدیاکان چڕ بوونەتەوە. بنەمایەکی گشتی هەیە کە هەرچی هەواڵنێرانی پڕۆفێشناڵ و ڕاستەقینە زیاتر لە لایەن ڕای گشتییەوە بڕواپێکراو بن، بەکارهێنانی سەرچاوە نەناسراوەکان کەم‌تر دەبنەوە و لە دەرەنجام‌دا، بەردەنگی کەم‌تر دەکەونە بەر پەلاماری هەواڵی ساختەی ئامانجدارەوە. بەرزبوونەوەی توانای هەواڵنێران لە ڕێگەی بەدەست هێنانی کارامییە پڕۆفێشناڵەکان و هەڵەی کەم‌ترەوە، کاریگەریی بەرچاویان هەیە لەسەر بەرزکردنەوەی بڕوامەندی و بڕواپێراوەیی گشتی.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

خانەنشینانی بیمەی کرماشان جارێکی دیکە گردبوونەوە

۲۸ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
خانەنشینانی بیمەی کرماشان جارێکی دیکە گردبوونەوە