لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆکەی ماڵپەڕی سەداوسیما دەربارەی "سیسیل کۆهلەر" و "ژاک پاریس" کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە. لەم ڤیدیۆیەدا ئەم دوو چالاکە پیشەییە فەڕەنسییە کە لە ئێران دەستگیر کراون، بە سیخوڕ ناسێنراون. لە لایەکیترەوە، چەند وێنەی لە دیداری ئەوان لەگەڵ هەندیک لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و کرێکارانی ئێرانی (ئەسکەندەر لوتفی، ڕەسووڵ بوداقی، مەسعوود نیکخا، شەعبان محەمەدی و ڕەزا شەهابی) کە لە ئێستادا دەستگیر کراون، بڵاو بۆتەوە و ئەم پێنج چالاکە پیشەییە ئێرانییە، وەک دەستوپێوەندی سیخوڕانی فەڕەنسی ناسێنراون.
"ئێرانوایەر" لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکانی ئەم چالاکانە کە ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، وتووێژی کردووە. لە لایەکی دیکەوە، مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠، ئەسکەندەر لوتفی، لە وتووێژێکدا کۆمەڵێک زانیاریی سەبارەت بە دۆسییەی ساختە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ چالاکانی پیشەیی دایە "ئێرانوایر" و هەروەها پێشنیاری کردبوو ئەم وتووێژە لە کاتێکی گونجاودا بڵاو بکرێتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا بۆ یەکەم جار چەند بەشێکی ئەو وتووێژەیش بڵاو دەکرێتەوە.
***
بنەماڵەکانی مامۆستایانی بەندکراو لەسەر سناریۆکەی وەزارەتی ئیتلاعات چی دەڵێن؟
ماڵپەڕی سەدا و سیما، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا ئەم دوو چالاکە پیشەییە فەڕەنسیە، واتە "سیسیل کۆهلەر"، ئەندامی "فێدراسیۆنی نەرتەوەیی پەروەردە و کولتوری هێزی کاری فەڕانسە" (FNEC FP-FO) و "ژاک پاریس"، لێپرسراوی پیشووی ئەم سەندیکایە بە سیخوڕ دەزانێت کە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستیان ئێراندا دەوریان هەبووە و ئەم چوار ئەندامە ناسراوەی شوورای هەماهەنگیشی وەک دەستوپێوەندە ئالوودەکانیان لە ناوخۆی ئێران ناساندووە.
بنەماڵەکانی ئەسکەندەر لوتفی، ڕەسووڵ بوداقی، مەسعوود نیکخا و شەعبان محەمەدی، دەسبەجێ دوای بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە ڤیدیۆییە، پێنجشەمەی ڕابردوو، ٢٩ی گوڵان، لە ڕێگەی نامەیەکی سەرئاوەڵاوە، جگە لە مەحکووم کردنی "ڕاپۆرتە دوژمنکارانەکەی سەدا و سیما"، ڕایانگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەوانەی دەستیان هەبوو لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا تۆمار دەکەن.
سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکانی لەتیفی، نیکخا و محەمەدی کە دانیشتووی شاری مەریوانن، لەم بارەوە بە "ئێرانوایەر" دەڵێن: "هاوکات لەگەڵ ئەم نامە سەرئاوەڵایەدا، بنەماڵەکانی ئەم سێ چالاکە پیشەییە لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستاکانی مەریواندا سەردانی دادوەریی مەریوانیان کردووە تا سکاڵای هاوبەشی بنەماڵەکان بە دژی سەدا و سیما تۆمار بکەن. بەڵام دادستانی مەریوان نەک وتوویەتی سکاڵاکەیان پێیوەندیی بەوانەوە نییە، بەڵکوو لە ژوورەکەی خۆی دەری کردوون؛ دادوەری مەریوان تەنانەت بە هێزەکانی حیراسەتیی دادگوستەریی وتووە، ڕێگە بەو مامۆستیانەی کە هاوڕێیەتیی بنەماڵەی هاوکارەکانی خۆیان کردووە، نەدەن لە حەسار و دەوروبەری دادسەرایشدا ڕابوەستن."
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شەعبان محەمەدی، جگە لە ئاماژەدان بە کارە "قەبێح"ەکەی سەداوسیما سەبارەت بە سناریۆکەی وەزارەتی ئیتلاعات بە دژی ئەم چوار مامۆستایە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "تا ڕادەیەک هەموومان سەرمان لە سیناریۆ درۆینەکەی وەزارەتی ئیتلاعات و کارەکەی سەداوسیما بە دژی ئەم چوار مامۆستایە ماوە. مەگەر دەکرێت، لەبەر دیداری نێوان چالاکانی پیشەیی ناسراوی دوو وڵات، بە سیخۆڕی کردن بە بێگانەکان تاوانبار بکرێن؟"
ئەو هەر لەم بارەوە وتی: "مادامێک هاوڵاتیانی وڵاتانی بیانی بە شێوەی یاسایی دێنە ئێران، نەک هەر لەگەڵ خەڵکی ئاسایی بەڵکوو بۆیان هەیە لە هاوپیشەکانی خۆیان لەو وڵاتەی سەفەریان بۆ کردووە هاتوچۆ و دیدار بکەن."
یەکێکیتر لە سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" کە نزیکایەتیی زۆری لەگەڵ بنەماڵەی ئەسکەندەر لوتفیدا هەیە، دەربارەی هەستی خۆیان کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم ڕاپۆرتە ڤیدیۆییان دیوە دەڵێت: "سەرەتا شۆک بووین. بەڵام دوای ماوەیەک، بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرا بوو کە ئەم کارەی وەزارەتی ئیتلاعات دەسپێکی هێرشە بۆسەر شوورای هەماهەنگی وەک تاقە مەرجەعی مەشرووعی مامۆستایانی ئێران و هەروەها بیانوویەک بۆ باجگیریی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتێکی ئەرووپایی."
ئەم هاوڵاتییە مەریوانییە، پێیوایە کە ئامانجی وەزارەتی ئیتلاعات درووستکردنی ناکۆکییە لە نێوان ئەندامانی شوورای هەماهەنگی، هەڵوەشاندنەوەی شوورا بە مەبەستی ئەمنییەتیکردنەوەی داخوازییە یاساییەکانی مامۆستایانی ناڕازی و لە کۆتاییدا سەرکوتی بزووتنەوەی مامۆستایان کە خاوەن پاشخانێکی خەباتکارانەی بیست ساڵەیە.
هێزە ئەمنییەتییەکان چۆن ئەم چوار ئەندامەی شوورای هەماهەنگیان دەستگیر کردووە؟
جگە لە ڕەسووڵ بوداقی، کە دەی گوڵانی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کرابوو، ئەسکەندەر لوتفی، مەسعوود نیکخا و شەعبان محەمەدی سپێدەی یازدەی گوڵان لە یەک کاتدا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای مەریوانەوە دەستگیر کرابوون. ئەگەرچی شەعبان محەمەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا دوای دەسبەسەر کران، دەسبەجێ بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شاری سنە گوازرابوونەوە.
مەسعوود نیکخا کە ٢١ی گوڵان دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرابوو، پاش ١٣ سەعات لە ئازادییەکەی، دیسانەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەستگیر کرایەوە و سەر لە بەیانیی هەمان ڕۆژیش ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە جارێکیتر شەعبان محەمەدیان دەستگیر کردەوە.
بنەماڵەی ئەم دوو مامۆستا مەریوانییە بە "ئێرانوایەر" دەڵێن: "شەعبان محەمەدی و مەسعوود نیکخا، دوای دەستگیرکردن ڕاستەوخۆ گوازراونەتەوە بۆ شاری سنە."
شەعبان محەمەدی، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی مەریوانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا و بۆ قۆناغەکانیتری لێپرسینەوە گوازرابووەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە. بەڕێز محەمەدی، پێنجی ڕەشەمەی ١٤٠٠، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرابوو.
ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی، مەسعوود نیکخا و شەعبان محەمەدی، جگە لە ئەندامەتی لە شوورای هەماهەنگی، ئەندامی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان و سەوڵاوا"یشن.
ئەسکەندەر لوتفی، دەربارەی دۆسیەی ساختە دژی مامۆستایانی ناڕازی چی به ئێرانوایەر وتووە؟
ئەسکەندەر لوتفی، ڕۆژی یازدەهەمی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا لە زمانی سەرچاوەیەکی نزیک لە دادوەری گشتیی ئێرانەوە وتی: "دادوەریی گشتیی ئێران لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە، [واتە حەوت مانگ و ٨ ڕۆژ پێش سەفەری یاسایی سیسیل کۆهلەر و ژاک پاریس بۆ ئێران]، وەک داواکاری گشتی دژی ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی بە تایبەت هەندێک لە ئەندامانی شوورای هەماهەنگی دۆسییەی ئەمنییەتیی ساز کردووە و لە دەرفەتێک دەگەڕێ لە چاودێرانی یاسایی یەک لە دوای یەک دەستگیریان بکات."
ئەو لە درێژەی ئەم وتووێژەدا هەورەها جەختی کردەوە: "پێدەچێت دادوەریی گشتیی پۆلیسی ئەمنییەتی وەک چاودێری یاسایی دەستنیشان کردبێت؛ چونکە لە درێژەی ئەم پڕۆژەی دۆسییەسازییەدا، پۆلیسی ئەمنییەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا [واتە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار تا سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠]، ژمارەیەک لە ئەندامانی شوواری هەماهەنگی لەوانە ڕەسووڵ بوداقی و جەعفەر ئیبراهیمیان بانگهێشت کردبوو. لە حاڵێکدا پیشتر هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات یان ئیتلاعاتی سپا، چالاکانی پیشەییان بانگهێشت و دەستگیر دەکرد."
دادوەری گشتی چ تۆمەتگەلێکی داوەتە پاڵ ئەسکەندەر لوتفی؟
ئەسکەندەر لوتفی، دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە دادوەریی گشتیی ئێران خستوویەتی پاڵی، وتی: "دۆسییەکەی من و مەسعوود نیکخا لە دادستانیی گشتیی ئێراندا یەکلایی بۆتەوە و بە شێوەی تایبەتیش تۆمەتەکەی من کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی دیاری کراوە."
ئەو لە درێژەدا وتی: "هاوکات لەگەڵ دادوەریی گشتیی ئێران، دادوەریی شاری مەریوانیش بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی و هەروەها بڵاوکردنەوەی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دژی من (ئەسکەندر لوتفی) دۆسییەی ساز کردووە."
بە گوتەی ئەم چالاکە پیشەییە، پۆلیسی ئەمنییەتی شاری مەریوان، لە پێوەندیدا بەم دۆسییەوە ڕۆژی ٥ ڕێبەندانی ساڵ ڕابردوو بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.
بەڕێز لوتفی، هەروەها ڕوونی کردەوە کە مەسعوود نیکخایش حەوتوویەک پیش ئەو، لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی مەریوانەوە بانگهێشت کرابوو.
ئایا ئەسکەندەر لوتفی بۆ دانپێدانانی زۆرەملی بە سێناریۆکەی وەزارەتی ئیتلاعات ئەشکەنجە دەکرێت؟
بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم چالاکە پیشەییە، ئەسکەندەر لوتفی لە کاتی دەستگیر کردنییەوە تەنیا شەمەی ڕابردوو، ٢٤ی گوڵان، توانیویەتی پێوەندییەکی کورتی تێلێفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بگرێت.
ئەو دەڵێت: "ئەسکەندەر لوتفی لەم پێوەندییە کورتە تێلێفۆنییەدا، ئەگەرچی ئاماژەی بە ئەشکەنجەی جەستەیی نەکرد؛ بەڵام لەسەر بارودۆخی خۆی لە گرتووخانەکەی ئیتلاعاتی سپادا وتی، لە هیچ گوشارێک درێغی ناکەن، بەڵام من باشم."
چەند زانیارییەکی ورد لەسەر مانگرتنی ئەسکەندەر لوتفی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپادا
ئەسکەندەر لوتفی، پیش دەستگیر کردن بە چەند کەس لە هاوکارەکانی خۆی وتبوو، ئەگەر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر بکرێت دەسبەجێ مان لە خواردن دەگرێت.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دەربارەی درێژەدانی مانگرتنی بەڕێز لوتفی زیادی کرد: "سەرەتای حەوتووی ڕابردوو لە کاتی بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەی بەڕێز لوتفی بۆ ئیتلاعاتی سپای مەریوان، یەکێک لە برپرسانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بە بنەماڵەی لەتیفیان وتبوو، ئەسکەندەر تەنانەت ئامادە نییە، خواردنی ئێمە بخوات. ئێمەیش هەر لەم ڕێگەوە زانیمان کە لە مانگرتنەکەی بەردەوامە."
ئیتلاعاتی سپای مەریوان چی لە بنەماڵەکەی وتەبێژی شوورای هەماهەنگی دەکات؟
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئیتلاعاتی سپای مەریوان لەو کاتەوە کە ئەسکەندەر لوتفیان دەسبەسەر کردووە، بەردەوام بە بنەماڵەی لوتفی پێشنیاریان داوە ئەگەر پێیان خۆش بێت دەتوانن لە ناو بینای ئیتلاعاتی سپاوە نەک پێوەندیی تێلێفۆنی بەڵکوو لە ڕێگەی کامێرایشەوە لەگەڵ ئەسکەندەر لوتفی قسە بکەن.
ئەو هەر لەم بارەوە ڕوونی کردەوە: "بەڵام بنەماڵەی بەڕێز لوتفی پێشنیارەکەی ئیتلاعاتی سپایان ڕەت کردووتەوە؛ چونکە ئامانجی ئیتلاعاتی سپا لەم پێشنیارە تێکشکاندنی ئەسکەندەر لوتفی و گوشارهێنانی زیاترە بە دژی ئەم چالاکە پیشەییە."
*فایلی دەنگیی وتووێژی تایبەت لەگەڵ ئەسکەندەر لوتفی، لای "ئێرانوایەر" پارێزراوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە