بە تازەیی حەوت کەس لە ئەندامانی کەمپەینی جەماوەریی "ژیانەوەی کوردستان" کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستگیر کرابوون، لەسەر یەک بە ١٤ ساڵ زیندان سزا دراون.
کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، بەرهەمی ڕۆژە ڕەشەکانی بڵاوبوونەوەی بەرینی ڤایرۆسیی کۆرۆنا بوو لە ڕێبەندان و ڕەشەمەی ١٣٩٨دا؛ کاتێک لە کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی شاردنەوە، ئینکار و درۆ، دەیان هاوڵاتیی لە سەرتاسەری ئێران بە کوشتن دا؛ خولێک کە بڵاوکردنەوەی ئامارە دژبەیەکەکان سەبارەت بە قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، متمانەی خەڵکی لەناوبرد و ناچاری کردن بۆ پاراستنی خۆیان دەست بەکار بن.
***
ئەندامە سزادراوەکانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان کێن؟
"مەرزییە مورادوەیسی"، "سیروان عەبدوڵاهی"، (کوڕی خاتوو مەرزییە) "مێهدی سەیفی"، "عەلی ئەڵاوەیسی"، "عەتا ڕەزاڕوبابی"، "قانع خاطری" و "فەردین ڕەحیمی" خەڵژکی سنە، ناوەندی پارێزگای کوردستانن.
ئەم حەوت هاوڵاتییە کوردە، بیست و نۆهەمی گوڵانی ئەم ساڵ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری "سەعیدی"، هەر یەکەیان بە ٢ ساڵ زیندان سزا دراون. دەرکردنی سزای بەندکران بۆ عەتا ڕەزاڕوبابی تەعلیقییە و ٦ کەسەکەیتر بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دراون.
یەکێک لە ئەندامانی پێشووی کەمپەینی ژیانەوەی کە ئاگاداری وردەکاریی دۆسیەی ئەم هاوڵاتیانەیە، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا: "ئەم سزایە بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەرچووە و دادگا بەبێ ڕاگەیاندنئی سزاکە تەنیا هێشتوویەتی بڕیارەکەی دادگا بخوێنەوە."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دادگای شۆڕشی سنە دوای دەرکردنی سزاکە ماوەی بیست ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە ئەم هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی داوای پێداچوونەوە بکەن.
ئەم هاوڵاتیانە، لە یەکەم حەوتووی مانگی گوڵانی ١٤٠٠، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سنەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنی کارەکەیان دەستگیر و پاش کۆتایهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگا لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوون.
بە گوتەی ئەم هاوڵاتییە سنەیە، لە ناو ئەم حەوت هاوڵاتییە مەدەنییەدا تەنیا مەرزیە مورادوەیسی، عەتا ڕەزاڕوبابی و عەلی ئەڵاوەیسی پێشتر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراون.
کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان چۆن دامەزرا و چالاکییەکانی چی بوو؟
بە گوتەی ئەم چالاکە مەدەنییە، ئەم حەوت هاوڵاتییە سنەییە، سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩، بە شێوەی خۆڕسک و بە هاوکاریی زیاتر لە ٥٠ کەس لە ڕۆژنامەنووسان، پزیشکان، ئەندازیاران، وەرزشوانان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی سنە، کەمپەینی ژیانەوەی کوردستانیان دامەزراند.
ئەو کە لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ئەم کەمپەینەدا بەشداریی چالاکەنەی هەبووە، بەم جۆرە باس لە ئامانجەکانی ئەم کەمپەینە بۆ "ئێرانوایەر" دەکات: "ئامانجی کەمپەینەکە گەیاندنی یارمەتی بوو بە خەڵکی گەڕەکە بێبەشکراو و هەژارنشینەکانی سنە لەوانە دابینکردنی کاڵا خۆراکییەکان، مادە پاککەرەوەکان، ماسک و دەسکێش و گەیاندنیان بە بنەماڵەکان و کەسانی خاوەن پێداویستی و هەورەها سەمپاشیی شەقامەکان و ناوچە پەراوێزنشینەکانی سنە."
ئەو لە درێژەدا جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر چالاکییە مەدەنی، یاسایی و شەفافەکانی ئەم کەمپەینە دەڵێت: "لە ڕۆژانی سەرەتایی ساڵی ١٣٩٩دا، دوای هەماهەنگی و ڕاوێژی ژمارەیەک لە ئەندامانی کەمپەین لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی خێراخوازیی فریادڕەسانی سنە و وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەم ناوەندە یاسایی و ناسراوە، چالاکییەکانی کەمپەینمان لەژێر چاودێریی دامەزراوەی فریادڕەساندا دەست پێکرد."
ئەم چالاکە مەدەنییە سەبارەت بە وردەکاریی خزمەتگوزارییەکانی کەمپەینەکە بە بنەماڵەکان و کەسانی و هەژاری سنە دەڵێت: "کەمپەینەکە لانیکەم ٦٠٠ بنەماڵەی هەژاری گەڕەکە پەراوێژنشین و زیانلێکەوتووەکانی وەک نایسەر، باوەرێز، عەباساوا و فەرەجەی سنەی دەگرتەوە و هەگبە خۆراکییەکانی وەک قەن، ڕۆن، شەکەر، ماکاروونی، دۆشاوی تەماتە، چا و برنج، ماسک و دەسکێش و مادەی پاککەرەوەی دەگایندە ئەم بنەماڵانە؛ کەمپەین تەنانەت لەناو کارتۆنخەوه لەبیرکراوەکانی تووس نەوزەری سنەیشدا خۆراکی دابەش دەکرد."
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، کۆی پارە و یارمەتییە داراییە جەماوەرییەکان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کەمپەینەکە دەچووە سەر حسابی بانکیی دامەزراوەکە و ئەرشیڤ دەکرا کە بەڵگەنامەکانی هێشتا لەم ناوەندە خێرخوازییەدا پارێزراون.
ئەو دەڵێت: "کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان لە کۆتاییدا لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩، دوای شەش مانگ چالاکیی بەردەوام و کاریگەر، کۆتایی بە چالاکییە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی هێنا."
ئایا دادگا بە گوشاری ئیتلاعاتی سنە تۆمەتە سەرەتاییەکەی ئەم حەوت چالاکە مەدەنییەی گۆڕیوە؟
ئەم هاوڵاتییە سنەییە، سەبارەت بە تۆمەتە سەرەتاییەکان بە دژی ئەم حەوت چالاکە مەدەنییە بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "لقی دووهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای سنە خەرمانانی ١٤٠٠، ئەم حەوت کەسەی بۆ ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانیان بانگهێشت کردبوو. بەرپرسی دۆسییەکەیش تۆمەتەکەیانی تەبلیغ دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، چالاکی لە کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان و هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندبوو."
بەڵام ئەو گۆڕینی تۆمەتی ئەم حەوت چالاکە مەدەنییەی لە لایەن دادوەری دۆسییەکەوە لە دواین کۆبوونەوەی دادگادا بە "سەیروسەمەرە" وەسف کرد: "سەرباری ئەوەی لقی یەکەمی دادگای سنە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردن لە خەزەڵوەری ١٤٠٠دا، ئەم هاوڵاتیانەی بە تۆمەتی تەبلیغ دژی کۆماری ئیسلامی کە لە سێ مانگەوە تا ساڵێک سزای زیندانی هیە، دادگایی کردبوو؛ بەڵام مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، ڕێک لە دوایین چرکەکانی دادگاییەکەدا تۆمەتەکانیانی گۆڕیبوو."
ئەو دەربارەی وردەکاریی گۆڕینی تۆمەتی ئەم هاوڵاتیانە لە دوایین کۆبوونەوەی دادگادا زیادی کرد: "دادوەری سەعیدی، بەپێی یاسای ٤٩٨ی سزادانی ئیسلامی، لەناکاو ناوی تۆمەتە پێشووەکەی بۆ پێکهێنانی گرووپگەلی نایاسایی لە ڕێگەی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، دیدار لەگەڵ بنەماڵە لەناوچووانی کۆمەڵە، پێکهێنانی کەمپەینی نایاسایی بە مەبەستگەلی سیاسی لەژێر سێبەری یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و دەسکورتی ناوچە پەراوێزنشینەکان و پێوەندی لەگەڵ ئەندامانی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، گۆڕی."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەگەرچی ئەم حەوت ئەندامەی کەمپەینی ژیانەوە لە هەردوو کۆبوونەوەی دادگایی کردنەکەیاندا، بە تایبەت لە دوایین کۆبوونەوەدا، کۆی تۆمەتەکانیان ڕەت کردۆتەوە و تەنانەت ناڕەزایەتییان دەربیبوو؛ بەڵام پێدەچێت سزایەک کە دژی ئەم کەسانە دەرچووە، لە دەرەوەی ئیرادەی دادوەر و هەروەها بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە یان لە ژێر کاریگەری و ڕاوێژی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا بووبێت.
ئەم چالاکە مەدەنییە، نەک دەرکردنی سزای زیندان دژی ئەم پێنج چالاکە مەدەنییە بە "زاڵمانە" دەزانێت؛ بەڵکوو بڕوای وایە، ئامانجی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە سەرکوتی چالاکانی مەدەنییە هاوکات لەگەڵ تێکدانی تۆڕەکانی هاوکاری و هاوپشتیی کۆمەڵایتی نێوان خەڵک لە ڕێگەی دۆسییەی ساختە، دەستگیرکردن، زیندان و تۆقاندنەوە.
ئەم ئەندامە پێشووەی کەمپەینی ژیانەوە لە کۆتایی وتووێژەکەدا بە "ئێرانوایەر"ی وت: "زۆربەی خەڵکی سنە لە نزیکەوە شایەتی یارمەتیدانی و هەوڵە لێبڕاوانەکانی ئەم حەوت چالاکە مەدەنییە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و فەقیر شاری سنە لە بارودۆخی قەیراناویی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بوون. بەڵام وەک دەبینین، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕێک لەگەڵ ئەم هەستی یەگرتوویی و هاوپشتییە کۆمەڵایەتییەدا کێشەیان هەیە."
تێبینییەکەت بنووسە