ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکانی پارێزگای کرماشان "سیاوەش حیاتی"، وتهبێژی "کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانیی مەدەنیی یارسان" و لێپرسراوی "بەرەی یەکگرتووی کورد"ی دوای لێدوان لە ڕێوڕەسمی ساڵ ڕۆژی خۆسووتاندنی سێ کەس لە هاوڵاتیانی یارسانی لە ساڵی ١٣٩٢ بانگهێشت و پاش چوار کاتژمێر ئازادی کردووە.
سیاوەش حەیاتی لەم ڕێوڕەسمەدا چی وت و بۆچی لێدوانەکەی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەتییەکانی لێکەوتۆتەوە؟
***
سیاوەش حەیاتی لەبەر چی بانگهێشت کرا؟
سیاوەش حەیاتی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەربارەی هۆکار و چۆنییەتیی بانگهێشتکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە وتی: "پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، دوای لێدوان لە ڕێوڕەسمی ساڵ ڕۆژی خۆسووتاندنی ناڕەزایی نیکمەرد تاهیری، حەسەن ڕەزەوی و محەمەد قەنبەری، سێ کەس لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسانی لە ئارامگەی شاری سەحنە، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامییەوە بانگهێشت کرام."
نیکمەرد تاهیری، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی کرماشان بوو. مەرگی ئەو یەکێک لەو سێ خۆسووتاندنەی شوێنکەوتووانی ئایینی یارییە کە لە مانگی جۆزەردان و گەلاوێژی ١٣٩٢ لە شارەکانی هەمدان و تاراندا ڕووی دا.
"حەسەن ڕەزەوی"، خەڵکی ئاوایی "پۆلی شکەستە"ی هەمەدان، ڕۆژێک پێش ئەو لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە و محەمەد قەنبەری خەڵکی ئاوایی "قەرەداش"ی قەزوین نزیک دوومانگ دواتر، لە بەردەم بینای مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە شاری تاران ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
زنجیرە خۆسووتاندنه ناڕەزایەتییەکانی ئەم سێ کەسە، کاردانەوەکی دڵتەزێن بوو بەو هەڵاواردنە یاسایانەی دژی خەڵکی یارسان و بێڕێزیکردن بە دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانیان کە بە شێوەیەکی دیاریکراو لە ناڕەزایەتیدا بە تاشینی زۆرەملیی سمێڵی یەکێک لە شوێنکەتووانی ئایینی یاری لە زیندانی هەمەداندا ڕووی دا.
شایانی ئاماژەیە کە کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە ساڵی ١٣٩٢، ماوەیەک پاش خۆسووتاندنی ناڕەزایەتیی ئەم سێ هاوڵاتییە، بە هەوڵ و هیمەتی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی بۆ بەدوداچوون و بەرگریکردن لە داخوازییەکانی کۆمەڵگای یاری و شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان پێکهات.
تۆمەتەکانی سیاوەش حەیاتی چی بوون؟
سیاوەش حەیاتی سەبارەت بە وردەکاریی بانگهێشتکرانەکەی خۆی لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی شاری سەحنە دەڵێت: "دوای بانگهێشت کرانم بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، دەوری چوار کاتژمێر دەربارەی ڕیزێک تۆمەتی وەک تووندڕەوی، گرژینانەوە لە نێوان دەسەڵات و خەڵک و لێدوانی ساختارشکێنانە له ڕێوڕەسمی ساڵ ڕۆژی خۆسووتاندنی ناڕەزایی ئەم سێ هاوڵاتییە یارییەدا وڵامم دایەوە."
بە گوتەی حەیاتی، هێنانە ئارای ئەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی لە ئۆفیسی سەرۆکایەتیی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی شاری سەحنە و بە ئامادەبوونی بەرپسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ئەنجام درا.
بۆچی تۆمەتی نزیکایەتی لەگەڵ بەرەندازەکان خراوەتە پاڵی؟
ئەم چالاکە مەدەنییە یارسانییە ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانەکەیدا لەسەر مەزاری نیکمەرد تاهیری، ئاماژەی دابووە وەدینەهاتنی بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ مسۆگەرکردنی داخوازییەکانی مافی بەفەرمیناسین ئەم ئایینە وەک گەورەترین کەمایەتیی ئایینی لە ئێران و ڕێزگرتن لە دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانی کۆمەڵگای یاری بە درێژایی پتر لە چوار دەیە بەسەر دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا.
ئەو دەڵێت: "بونیادی هەڵاوێردکارانەی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێگەیەی بەوانە نەدا کە چارەسەری ئەم هەڵاواردنە بکەن و بە داخەوە کێشەکە هەر وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە."
ئەو لەم لێدوانەدا بە وەسفکردنی کۆماری ئیسلامی وەک "سیستمێکی داخراو، ناکارامە و لە بەردەم هەڵوەشانەوەدا"، ڕێگەچارەی دەرچوونی ئێران لە قەیرانە بنەڕەتییەکانی ئێستا جگە لە لابردنی هەڵاواردنی بونیادی بە دژی کەمایەتییە ئێتنیکی و ئایینییەکان، بە "ئاشتیی نیشتمانی" دەزانێت.
حەیاتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "ئێمە خوازیاری بەخشینی گشتی لە لایەن سیستمی حاکم، ئازادیی زیندانیانی سیاسی وەک نیازپاکی و گەڕانەوە و چالاکیی ئازادانەی حیزبەکان، ڕێکخراوەکان و گرووپەکان و هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات و بەشداریان لە دەسەڵات و حاکمییەتی وڵاتەکەداین."
بە گوتەی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، بەرپرسانی ئەمنییەتی بەڵام لێدوانەکەیان بە هاوتەریب لەگەڵ گوتاری بەرەندازەکان و تەقلید لە لێدوانەکەی ئەم دواییانەی "ڕەزا پەهلەوی" لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە دژی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم داوە: "من لە کاتی موناقەشە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنییەتیدا، بە ڕاشکاوی ڕامگەیاند کە ڕەنگە بەڕێز پەهلەوی وتەکانی ئێمەی دووپات کردبێتەوە چونکە ئێمە وەک بەرەی یەکگرتووی کورد، ١٠ ساڵ بەر لەمە ڕاگەیاندنێکمان لە ژێر ناوی ئاشتیی نیشتمانیدا بڵاو کردەوە و خواستەکانمان لەو پەڕی شەفافییەت و ڕاشکاویدا هێنایە ئاراوە."
بەرەی یەکگرتووی کورد، حیزبێکی سیاسیی فەرمییە لە ناوخۆی وڵات کە ئامانجەکەی پێشخستنی بەرنامەکانی پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەلایەتیی لە ئێران و بە تایبەت کوردستان، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی خەڵک و پیشگرتن لە هەڵاواردن. ئەم حیزبە سیاسییە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٨٤دا بە هاوکاریی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کولتووریی کرود دامەزراوە.
بۆچی شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان یاسای بنەڕەتیی ئێران بە سەقەت دەزانن؟
بە گوتەی ئەم چالاکە مەدەنییە، ئەگەرچی هیچ کامە لەو تۆمەتانەی کە لە لایەن بەرپرسانی ئەمنییەتییەوە بە دژی ئەو هێنراونەتە ئاراوە، نموونەی ڕاستی و بابەتییەکەی لە ئارادە نەبوو بەڵام به جەخت کردنەوە لەسەر یەکسانیی هەموو هاوڵاتیان لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەدا، ئەویان بە تووندڕەوی و گرژینانەوە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا تۆمەتبار کردووە.
ئەو هەر لەم پێوەندییەدا ڕوونی کردەوە: "لە ڕاستیدا تۆمەتبەخشینەوەی وەک گرژینانەوە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات و تووندڕەوی لە لایەن بەرپرسانی ئەمنییەتییەوە لەو نموونانە بوون کە با ئامادەیی بەرپرسانی ئەمنییەتی کاردانەوەم نیشان دا و ناڕەزایەتیم دەربڕی. هەروەها پێم ڕاگەیاندن کە یاسای بنەڕەتی بۆخۆی لە ڕووی بونیادییەوە، هەڵاوێردکارانەیە. بە سەرەنجدان بەوەی کە بنەمای ئەسڵی ١٩ی یاسای بنەڕەتی، یەکسانیی هەموو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە بەڵام نەک شوێنکەوتووانی ئایینی یارسانی بەڵکوو باقیی کەمایەتیی ئایینی و ئێتنیکییە بە فەرمیناسراوەکانی ئێرانیش ناتوانن ببنە ڕێبەر، سەرۆک کۆمار و بەرپرسی دەزگای دادوەریی ئێران. تەنانەت هەڵاواردن لە دابەشکردنی پۆستە دەوڵەتییەکان لە ئاستەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بونیادی دەوڵەتیشدا بە ڕوونی دیار، بەڵگەنەویست و حاشاهەڵنەگرن."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە