لە ڕۆژی پەنابەر و حەوتوویەک کە میدیاکان ڕوانگەیەکی تایبەتتریان بەم گرووپە کۆمەڵایەتییە هەیە، دەکرێت لە هەر میدیایەکدا ڕاپۆرتگەلی جۆراوجۆری ئاماری و گۆشەیەک لە ژیانی پڕ لە ژان و برینی ئاوارەیی بدۆزینەوە. کاتێک ڕۆژ و حەوتوو کۆتاییان دێت، کامێراکانیش دەکوژێنەوە و پەنابەران دەگەڕێنەوە بۆ خێمەکان، دارستانەکان، کەمپەکان و سنوورەکان. لەو تاریکستانە بوولێڵەدا، کۆمەڵێک مرۆڤ هەن کە ژیانی ڕۆژانەیان هەرچەند کەمیش بێت دەکەنە تیشک و ترووسکاییەک بۆ تێکشکاندنی ئەو تاریکی و شەوەزەنگە.
لەم ڕاپۆرتەدا، دەچینە ناو ژیانی "شەیدا حێسامی"، ژنێک بە بۆن و بەرامەی چیا سەرکەشەکانی هەورامان و منداڵی بنەماڵەیەکی ئایینی سەر بە شێخانی "تەریقەتی نەقشبەندی" کە لە تافی لاویدا یاخی بوو و لەبەر ئازادیی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و لەودیوی سنوورەکانی ماڵەکەیانەوە، لەگەڵ جیهانی هونەر و ڕۆژنامەنووسی دەستی کرد بە چالاکی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا. ئەو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکی سەربەخۆی "یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان و ڕۆژنامەنووسی"یە لە وڵاتی فەڕانسا؛ کچی موفتی و نوێنەری پیشووی ئەهلی سونەت و جەماعەتی ئێران، بژاردەی ئایەتوڵا "ڕوحوڵا خومەینی" دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کە چوونە ناو کەمپی پەنابەرانی ئێزدی و بەڕەووبوونەوە لەگەڵ ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش، بۆ چەندین جار، ژیانی تووشی گۆڕان کرد.
***
دەسپێک و کۆتایی چیرۆکی "شەیدا حێسامی" لە ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێو کە ئێستا بەشێکن لە ئەزموونەکانی ژیانی، پشتبەستووە بە گێڕانەوەی ژیانی چالاکان و پەنابەران لە زمانی خۆیانەوە. ڕەنگە ئێوەیش لە میدیا و کۆنفڕانسە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بەردەوام گوێتان لە قسەی کارناسانی ئێرانی سەبارەت بە پەنابەرانی ئەفغانستانی و پاکستانی و ڕۆژاواییەکان دەربارەی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی یان خەڵکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست بووبێت. بەڵام کێ باشتر لە دانیشتوانی ئەم وڵاتانە دەتوانێت وێنەیەکی هەمەگیرلە خۆی پێشکەش بکات و کێ باشتر ئەو وڵاتە بریندار و پڕ لە تووندوتیژییە دەناسێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی چالاکییە مەدەنییەکانەوە، بۆ باڵاکردنی مافەکانی مرۆڤ تێبکۆشێت؟ هەر لەبەر ئەمە گوێمان لە قسەکانی گرت تا بۆخۆی چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە؛ کچێکی کوردی ئیسلامی بۆچی هاتە ناو جیهانی ڕۆژنامەنووسی و مافەکانی مرۆڤەوە و چی کرد. شەیدا حێسامی لە کاتی گێڕانەوەی سەربوردەکەیدا هەندێک جار بە دەنگی بەرز قا قا دەکێشێت، بڕێک جار دەنگی کپ دەبێت و خەم دایدەگرێت.
قارەمانی کوردستان کە لە شەو و ڕۆژێکدا بە مەرگ مەحکووم کرا
"ئێمە خەڵکی ناوچەیەکی جەنگی و تێکەڵ بە هەڵاواردنی جێندەرین؛ ئێمە بەرەی جەنگین و ئاوارەیی و سنوور وەک ژین ژیاوین. ئێمە لەگەڵ هەڵاواردنە جێندەرییەکاندا گەورە بووین و کاتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەین، وەک هاوڵاتی هەموو جۆرە پیشێلکردنێکی مافە ئینسانییەکانمان ئەزموون کردووە."
شەیدا حێسامی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو لە بنەماڵەیەکدا چاوی بە ژین هەڵێنا کە باوکی موفتییەکی ناسراو بوو لە کوردستان و دایکی کچی شێخێکی بەناوبانگی سەر بە "تەریقەتی نەقشبەندی" و دەوڵەمەند و گەورەماڵی میوانداری ڕێوڕەسم و بۆنە خێرخوازی و ئایینییە ژنانەکان بووە. باوکی پاش شۆڕش لە لایەن ئایەتوڵا "ڕوحوڵا خومەینی"، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بە نوێنەرایەتیی ئەهلی سونەت هەڵبژێردرا تاکوو پێوەندییەکانی نێوان شێعە و سونی بەهێز بکرێت.
ئەویش وەک هەموو کچێکی ئەو وڵاتە لە تەمەنی ٧ ساڵانەوە لەچکیان لەسەر کرد؛ بەڵام ئەو کچێکی تابۆشکێن، سەربەست و جیاواز بوو. باوکی بەردەوام دەیگوت: "خۆزگە شەیدا کوڕ بوایەت." ئەو ژیانی لە کتێبخانەکەی باوکیدا پێناسە کردبوو و لە کتێبەکانی تایبەت بە فیقە و شەرعدا نوقم ببوو. شەیدا بەشی زۆری لاوییەکەی یان لە کتێبخانەدا بوو یان لە کۆبوونەوە پیاوانەکانی تایبەت بە پرسە سیاسییەکان. ئەوان شۆفیر و سکۆرتیان هەبوو و بەم هۆیەوە مەودایەک دەکەوتە نێوان ئەوان و کۆمەڵگاوە.
بەڵام شەیدا، شەیدای شێوەکاری بوو. خۆی لەم چوارگۆشەدا پێناسە نەدەکرد و دڵی بۆ هونەر لێدەدا. بەڵام بە گوتەی باوکی لە ئیسلامدا شێوەکاری حەرام بووە. هەر بۆیە بە هاندانی باوکی ڕووی کردۆتە خۆشنووسی تا ئەو دەقانەی کە دڵخوازی باوکیەتی، بنووسێتەوە. شەیدا لە ١٣ ساڵیدا لە کوردستان بووبە یەکەم و نوێنەری ئەم پارێزگایە لە ڕکابەرییەکانی خۆشنوسیی هەموو ئێراندا. کاتێک دوای ڕکابەرییەکان گەڕایەوە بۆ کوردستان، وەک قارەمانێک پێشوازییان لێکرد و لە پارێزگار، بەڕێوەبەری قوتابخانە و دامەزرێنەانی ئەنجومەنی خۆشنووسانی سنە تا خەڵکی ئاسایی بەپیرییەوە چووبوون: "ناڕەزایەتی و دژایەتییەکانم ڕادەگرت و بەرەو خۆشنووسی ئاراستەم دەکردن."
بەڵام خولیا و تینی شێوەکاری پتر لە جاران تێیدا بڵێسەی دەسەند. بۆیە بە شاراوەیی، بووم و فڵچەی ڕەنگی کڕی بۆ ئەوەی بیانەخشێنێت. ١٤ ساڵی تەمەن بوو. ڕۆژێک کە لە قوتابخانەوە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، هەموو شێوەکارییەکان و تابلۆکانی لەتوپەت کرابوو. هیچی نەوت؛ بەڵام وەک ئەوە وابوو زنجیرێک لە ناخیدا پسابێت. بەیانییەکەی خۆی پێچایەوە بچێتەوە قوتابخانە، بەڵام ناچوەوە بۆ قوتابخانە، تا ئێوارەکەی بە شاری سنەدا پیاسەی کرد. بڕیاری دا و سواری پاس بوو و چوو بۆ تاران تا لەوە بەدواوە بە ئازادی بژی. شەو و ڕۆژێک تێنەپەڕیبوو مامی دۆزییەوە و گەڕاندییەوە بۆ کوردستان؛ بەڵام ئەو چیتر قارەمان نەبوو؛ بەڵکوو کچێکی هەڵاتوو و هەڵگەڕاوە بوو.
"یەکێک دەیوت شەیدا چۆتە ناو حیزبەکانەوە و بووە بە پێشمەرگە و یەکێکیتر دەیوت چووەتە خامڵە تیمییەکانی تارانەوە. کاتێک گەیشتینە ماڵەوە، ١٥٠ کەس لە ماڵەوە بوون و دادگایەکی بنەماڵەیی پێکهێنرا. هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەم وتیان، دەبێت بمکوژن. باوکم کوڕی گەورەی شێخ مەسعوودی هەورامان بوو و بە حوکمی دەسەڵات و باوەڕێک کە بە منی هەبوو، گیانی ڕزگار کردم. دوای دادگا بنەماڵەییەکەیش پێی وتم، دڵنایم داوێنت پاکە و دەشبیتە ژنێکی گەورە. بەڵام منیان برد بۆ تاقیگە و تاقیکردنەوەی پەردەی کچێنییان بۆ کردم؛ باوکیشم گریا."
شەیدا چیتر ئەو شەیدای پێش هەڵاتن، دادگای بنەماڵەیی، مەحکوومبوون بە مەرگ، ڕزگاربوون و تاقیکاریی پەردەی کچێنی نەبوو، وەک ئەوەی خۆی ون کردبێت. ژیانەکەی لەگەڵ پشیلەکەی هەر لە هەمان کتێبخانەی باوکیدا وەک بەندیخانەیەکی خۆویست بەسەر دەبرد: "هەستم دەکرد لە جیهانێکیترەوە هاتووم و ناموو بووم بەو شوێنە. ئەم گۆڕانکارییە تووندئاژۆیە لە قارەمانەوە تا مەحکوومبوون بە مەرگ، منی بە هەموو شتێک نامۆ کردبوو. هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نەبوو وەرمبگرێت. هەستێکیترم نەبوو. وەک شێت و دەهری بەسەر قاڵی و دیوار و شوشەکانەوە خۆشنوووسیم دەکرد."
لە کۆتاییدا باوکی لە قوتابخانەدا ناوی نووسی و بەڵێنی دا کە شەیدا چیدیکە ڕاناکات. ١٦ ساڵی بوو کە مەکتەبی تەواو کرد؛ بەڵام شێخان و پیاوانی گەورەی بنەماڵەکە بۆ باشترکردنی باری ڕۆحیی شەیدا، بڕیاریان دا هاوسەرگیری بکات. شەیدا کەمتر لە ١٨ ساڵی بوو بە کورێکی خزمی خۆیان بە مێرد درا؛ کۆڕە مامێکی کە لە باشووری کوردستاندا دەژیا و هاوڵاتیی عێراقی بوو. ئەوان هاوسەرگیریی شەرعیان کرد بەو مەرجەی شەیدا تا قۆناغی دۆکتۆراکەی لە ماڵی باوکیدا بمێنێتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی بڕیاری دا کە پیاوانی عێراقی ناتوانن لە ئێران دەربچن و هاوسەرگیرییەکەیان لەگەڵ ژنانی ئێرانیدا تۆمار ناکرێت. دایکی شەیدا ماڵاوایی لێنەکرد و باوکی بەردەوام دەگریا؛ بەڵام بڕیاری دا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ڕێگەی قاچاخەوە بچێتە شاری "سلێمانی" لە هەرێمی کوردستان. ژیانی دیوێکیتریشی بۆ شەیدا هەبوو؛ خوێندن و سامانی بەجێهێشت و هەنگاوی نایە جێگایەکەوە کە نە کارەبای هەبوو نە ئاو؛ نامۆ و غەریب لەو کۆمەڵگایەدا.
ترووسکایی شەوەزەنگ؛ ڕۆژنامەنووسی و مافەکانی مرۆڤ
کۆمەڵگای کوردستان بە هاسانی شەیدایان وەرنەگرت تا کاتێک بووبە دایک. ئەو بە قاچاخی گەڕایەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی کوڕەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دایک بێت، بەڵام ئێرانیش ناسنامەی بە منداڵەکەی نەدا . شەیدا بەڵام دۆش دانەدەنما و نەدەشکا. کاتێک بۆ ڕۆژی جیهانیی ژن (هەشتی مارسی ساڵی ١٩٩٧) یەکەم پیشانگای خۆشنووسیی بەڕێوە برد، کارتی سەندیکای خۆشنووسیی کوردستان و عێراقیان پێدا.
"شۆک ببووم. تازە زانیبووم تاقە ژنێکم لە عێراقدا کە لە بواری هونەر و خۆشنووسیدا کار دەکەم. لەوە تێگەیشتم کە ئەگەرچی ژنان لەو ناوچەیەدا سەرپۆشیان نییە؛ بەڵام ژنانی ئێرانی زۆر کراوەتر و پێشکەوتووتر بوون. بە خۆشنووسی دەروویەک بەرەو کۆمەڵگا بەڕووی مندا کرایەوە و لەگەڵ دامەزراوەکان و بەرپرسەکاندا ئاشنا بووم و دەستم کرد بە وەرگێڕان تا کۆمەڵێک دەقی جیاواز بخەمە بەردەستی خوێنەرانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا دەژیام."
ئەو هاوکات دەقەکانی دەروونناسی و سۆسیۆلۆژیای لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕا؛ لە کتێبەوە تا وتار. هاوکات چەندین جار بە قاچاخی لە ڕێگەی بنەماڵەکەیەوە گەڕایەوە بۆ ئێران و لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی وەک "شارام نازری"، "هومایوون شەجەریان" و هەندێک لە چالاکانی بواری ژنان و سینەمادا وتووێژی کرد و لە باشووری کوردستان لە گۆڤاری "خاک"دا بڵاوی کردنەوە. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤دا چووە زانکۆ و ڕۆژنامەنووسیی خوێند و توانی بچێتە ناو میدیاکان و هەندێک دامەزراوەی وەک "ڕوان" لە عێراقدا.
پاش ڕووخانی "سەدام حوسێن" لە عێراق لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە، ڕادیۆ "نەوا" دامەزرا. شەیدا حێسامی لەم ڕادیۆدا دەستی بە کار کرد و بەشی بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکەی وەڕێخست و وەرزنامەی "سێو"ی دامەزراند.
قوربانی نا؛ دەنگ بە
"چوومە بەر دەرگای خێمەکە، ناو خێمەکە تاریک بوو. ژنێک بەو پەڕی مەزڵوومییە لە کاتێکدا کە سەری خستبوو نێوان هەر دوو چۆکییەوە، لەبەر تاریکی بە ئاستەم دیار بوو. گوتم سڵاو. بە هاوارەوە قیژاندنی نامەوێت ڕۆژنامەنووسان ببینم. وتم ڕۆژنامەنووس نیم. ڕاستییەکەی ئەو ڕۆژە بۆ دێکۆمێنتارییەک لەسەر منداڵان بۆ وێنەگری چووبووینە ئەو کەمپە. پێم وت تەنیا هاتووم پێت بڵێم ئەگەر منیش ئێزدی بووبام و داعش هێرشی کردبا، ڕەنگە ئەمڕۆ لە جیگای تۆدا بوایەتم. ڕێگەی پێدام بچمە ژوورەوە. کاتێک پرسیم بۆ ناتەوێ ڕۆژنامەنووسان ببینیت، وتی، بۆ ئەوەی وتووێژمان لەگەڵ دەکەن، قسەکانمان بە هەموو زمانێک وەردەگێردرێن و ئێمە نازانین چی لەسەر ئێمە دەڵێن، ئەوان پارە بە چیرۆکەکانی ئێمە پەیدا دەکەن، دەڕۆن و ئێمە دەمێنینەوە و هەر لێرەیش دەمرین."
ئەمە وێنەیەکە کە شەیدا حێسامی لە ساڵی ٢٠١٤دا هەمیشە لە خەیاڵیدا ماوەتەوە: "قسەکانی ئەو ژنە ڕایچڵەکاندم. چونە من لە بنەڕەتدا ڕۆژنامەنووس بووم و هەم. هەر بۆیە بڕیارم دا دەنگی ژنانی ئێزدی لە ناخی خۆیانەوە بڕسکێت. هەر کەسێک داوای لێدەکردم لەو کەمپەدا بە ژنانی ئێزەدیان بناسێنم، هاوارم دەکرد ئەوانە سووژە نین، مرۆڤن. هەمەیشە یەکەم پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەم ژنانە تایبەت بوو دەستدرێژییە جنسییەکان."
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی پانابەری بۆ شەیدای حێسامی لەمێژ ساڵ بوو دەستی پێکردبوو؛ هەمان ئەو کاتەی کوردانی باشوور ئاوارە بوون و ئەو ١٣ یان ١٤ ساڵی تەمەن بوو و لەگەڵ دایکی دەچوو بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات. یان کاتێک کە خزمانی ئاوارەی خۆیان دەگواستەوە بۆ ئێران. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ ماستەرەکەی چووە فەڕانسا و بۆ ماویەک لە ڕێکخراوی پەنابەرانی ئەم وڵاتەدا دەستی بە کار کرد. بەڵام کاتێک گەڕایەوە بۆ عێراق، گەڕانەوەکەی هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر ئەم وڵاتە.
شەیدا حێسامی لە ساڵی ٢٠١٥دا کە هاوکاریی خۆی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پرۆژەی تواناسازیی ژنانی ئێزدیی، ئامانجەکەی گۆڕینی پێگەی قوربانی بوو بۆ ژنانێکی خاوەن دەنگ: "ویستم لە باتی ئەوەی وەک قوربانی سەیری ئەم ژنانە بکرێت، وەک دەنگێک ببیسترێن. هەر لەبەر ئەمە کارم لەگەڵ کردن بۆ ئەوەی خۆیان ببنە دەنگی خۆیان؛ نەک من کە بۆ ئەوان وەک بیانییەک وابووم."
ڕێگرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ناوەندانەی کە زیاتر بیریان لە دەسخستنی داهات دەکردەوە تا تواناسازیی ژنان، ئەوی لەم چەشنە ڕیکخراوانە دوور خستەوە تا بۆخۆی گەڕایەوە فەڕانسا و ڕێکخراوی "یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان و ڕۆنامەگەری"ی دامەزراند: "دەستم کرد بە ناساندنی ئەم ژنانە بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و توانیم هەندێکیان لە کەمپەکە دەرباز بکەم. بۆ نموونە، زینە مەحموود، یەکێک لە کچەکانی ئەو کەمپە بوو، ئێستا ساڵی سێهەمی زانکۆیە لە کانادا. ئەو بەو وشیارییەی پەیدای کرد و بەو چالاکیانەی کە کردی، توانی کاریگەریی لەسەر بنەماڵەکەی خۆی و بەشێک لە کۆمەڵگای ئێزدی دابنێت. بۆ زۆربەی ئەم ژنە پەنابەرانە پیشانگایەکم بەڕێوە برد، ئاشنام کردن لەگەڵ میدیاکان و دامەزراوە مافی مرۆڤی و مەدەنییەکان و ئایدیاکەم بەو دەرەنجامە گەیشت؛ خۆیان بوونە دەنگی خۆیان."
"دەنگی ژنانی بێسنوور" یەکێک لە پرۆژەکانی شەیدا حێسامییە کە بەشێکە لە ڕێکخراوەکەی؛ ژنانی لوبنانی، یەمەن، سووریا، فەلەستین، عێراق و ئێران ئەم وڵاتە پڕ لە جەنگ و ئیستبدادیانە لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و دەبنە دەنگێک بە دژی تووندوتیژی هەروەها بۆ بەرگری مافەکانی لە وڵاتەکەیاندا: "من و ژنانی وەک من کە لەسەر پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ کار دەکەین جیاوازین لە کارناسە بیانییەکان. ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن و ڕاپۆرت دەنووسن؛ بەڵام توێژینەوەکان و ڕاپۆرتەکانی ئەوان، ژیانی یەک بە یەکی ئێمەیە. ئێمە دەزانین چۆن دەکرێت خەڵکی ئەم ناوچەیە توانا بکرێن، ئێمە دەزانین چالاکییەکانی ئەم ناوچەیە چ مەتیرسیگەلێکی ڕۆژانەی هەیە؛ چ لە ڕووی سیاسییەوە و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کەسێک کە بۆخۆی ژیانی پەنابەری ژیاوە دەتوانێت یارمەتییەکی کاریگەر بە پەنابەران بکات."
خەون؛ ڕزگارکردنی مرۆڤێک
کاتێک لە شەیدا حێسامی دەربارەی خەونەکەی پرسیم، بە پێکەنینەوە وتی: "نازانم" و لە درێژەدا وڵامی دایەوە: "ڕەنگە هێندە لەگەڵ حەقیقەتەکانی ژیاندا ڕووبەڕوو بوومەتەوە کە هیچکات خۆم لە خەونبینیندا نابینمەوە. لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو ڕۆژێک وێرانییەکی هەمەڵایەنە دەبینین. جەنگەکان ئاسایی دەبنەوە و نایەکسانیی جێندەری لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینرێت. یەکسانیی جێندەری پرسێکی گرینگە. بەڵام وڵامەکە کڵێشەیی دەبێتەوە، خەونی نەمانی جەنگ؛ بەڵام هەنگاو لەسەر زەویی ڕەق و ڕاستەقینە دادەنێم، ڕەنگە بتوانم دروشمەکەمان دووپات بکەمەوە کە ڕۆژنامەنووسی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕزگاری تەنانەت یەک مرۆڤ. سەرنجدان بە گرینگایەتیی ڕۆژنامەنووسی کە دەتوانێت چۆن لە ژیاندا کاریگەریی هەبێت. ڕزگارکردنی یەک مرۆڤ، ڕزگارکردنی کۆمەڵگایە."
ئەمە هەمان ئەزموونی ژینراوی شەیدا حێسامییە: "بۆخۆم هەستم بەوە کردووە. من ڕزگار بووم. چەندین جار لەگەڵ مەرگدا ڕووبەڕوو بوومەتەوە. ویستویانە بمکوژن. بەڵام هێزم پەیدا کرد، زیندوو مامەوە و دەستم بە کار کرد و توانیم کاریگەرییم هەبێت. هەر کامە لەو کچانەی کە لەگەڵیان کارم کردووە، لە موسڵ و بەغداد و سووریا و لوبنان و کوردستان و ناوچەکانیتر، پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان دۆزییەوە و سەرەتا توانیان لەسەر بنەماڵەکانیان و دواتر ئەوانیتر کاریگەریی دابنێن. ڕەنگە بەم جۆرە بتوانین بەرامبەر بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی تووندوتیژی، خۆڕاگری بکەین."
شەیدا حێسامی کەسایەتیی ساڵی ئیتالیایە لە ساڵی ٢٠١٨دا. دێکۆمێنتارییەکانی ئەو لەسەر کچانی ئێزدی خەڵاتگەلی فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانی ڕۆژنامەنووسان، ڕۆژنامەوانیی مافەکانی مرۆڤ و ئاژانسی هەواڵی ئیتالیای هەر لە هەمان سالدا بەردەوە. ئەو هەروەها بۆ دەرهێنانی دێکۆمێنتاریی "خانم" کە وێنەی یەک ڕۆژ ژیانی ژنێکی بەتەمەنە لە بازاڕی سلێمانی، خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی دێکۆمێنتاریی "تەوار"ی سلێمانیی بردەوە. شەیدا حێسامی ١٥ دێکۆمێنتاریی درووست کردووە کە زیاترینیان بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. چالاکییەکانی ئەو لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسەیدا هێشتا هەر بەردەوامە و خولیایەتی مرۆڤی زیاتر بەبێ سنوور، بە ئاواتەکانیان بەگەیەنێت.
تێبینییەکەت بنووسە