ڕۆژی پێنجی گەلاوێژی ١٤٠٠، میدیاکانی نزیک لە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی باسیان لە کوژرانی دوو کەس لە هێزەکانی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پەژاک) و برینداربوونی سێ کەسیان لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی "قەرارگای حەمزە"ی سپای پاسداران لە نزیک شاری بۆکاندا کرد. چەند ڕۆژ دواتر کەسانێکی نەناسراو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە پەژاکن، لەگەڵ بنەماڵەی "ئیدریس فەقیهی"، گەنجی ٣٦ ساڵانی خەڵکی شاری سنەدا پێوەندییان گرتبوو و وتبوویان کە ئەو یەکێک بووە لە کوژراوەکان.
بەڵام دوو مانگ دواتر، "تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان" ڕایگەیاند کە ئیدریس زیندووە و لە یەکێک لە ترسناکترین گرتووخانەکانی سپا ناسراو بە "پادگان ئەلمەهدی"دا بەند کراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدایە. چەند شایەتحاڵی دەستگیرکردنی ئیدریس فەقیهی کە بریندار بووە، بەم ناوەندە مافی مرۆڤییەکان وتبوو.
چالاکێکی کوردیش لە گرتووخانەی "حەوتی تیر" کە سەر بە سپای پاسدارانی ورمێیە وتبووی ئیدریسی لەم گرتووخانەدا بینیوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە تا بە دژی خۆی دانپێدانانی زۆرەملی بکات.
لەو ڕۆژەوە چیتر کەس نە هەواڵێکی ئیدرسی هەیە و نە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندیی گرتووە. بەرپرسانی ئەمنییەتی لە وڵامی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەیشیدا هەرجارەو وڵامێکی جۆراوجۆریان پێداونەتەوە و ئەمە ئەم گومانە جیدییە درووست دەکات کە ئیدریس فەقیهی بە زیندوویی و برینداری دەستگیر کراوە و لە ئێستایشدا لە ژێر ئەشکەنجەدایە.
ئیدریس فەقیهی لە کوێیە و بۆچی بەرپرسانی ئەمنییەتیی لە وڵامدانەوەدا بە بنەماڵەکەی ڕاستگۆ نین کە نزیک ساڵێکە تەفرە دەدرێن و لە چاوەڕوانی و عەزابدا ڕاگیراون؟
"ئێرانوایەر" سەبارەت بە وردەکاریی زیاتر لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لە بنەماڵەی فەقیهی نزیکە، وتووێژی کردووە.
***
ئیدریس فەقیهی کێێە و چۆن بێسەروشوێن کراوە؟
سەرچاوە ئاگادارەکەی "ئێرانوایەر" کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت لەسەر ئیدریس فەقیهی دەڵێت، ئەو لە دایکبووی ١٣٦٥ و خەڵکی شاری سنە، ناوەندی پارێزگای کوردستانە.
ئەم سەرچاوە سەبارەت بە پیشەکەی ئیدریس پێش ئەوەی لە ڕەشەمەی ١٣٩٥دا بنەماڵەکەی بۆ هەمیشە بەجێبهێڵێت، دەڵێت: "ئیدریس دیپلۆمی تراشکاریی هەبوو. چاودێری کرێکارانی بیناسازی بوو و هەموان وەک ئەندازیار دەیانناسی، بە جۆرێک کە لە کارەکەیدا کارامە و لێزان بووە."
ئەو ڕوونی دەکاتەوە: "بنەماڵەکەی لە ڕەشەمەی ١٣٩٥ تا ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ کە کەسێکی نەناسراو پێوەندیی گرتبوو و وتبووی کە لە پەژاکدایە و منداڵەکەیان شەهید بووە، هیچ هەواڵێکی ئیدریسیان نەبووە."
ئەم سەرچاوەیە دەربارەی بێسەروشوێن کردنی ئیدریسیش دەڵێت: "پێدەچێت، لە ڕەشەمەی ١٣٩٥دا، ڕۆژێک سەر لە بەیانییەکەی لە ماڵ چووبێتە دەرەوە. بنەماڵەکەی پێیان وایە چۆتە سەر کارەکەی بەڵام هەرچی چاوەڕێ دەکەن و لە دۆست و ناسیاو دەپرسن بەڵام کەس سۆراخی نازانێت. بنەماڵەکەی تا کاتێک کە هەواڵی کوژرانەکەیان پێگەیشتووە هیچ هەواڵێکیان لێی نەبووە."
ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی وەک "هەنگاو" و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئیدریس فەقیهیان وەک ئەندامی پارتی ژیانی ئازاد (پەژاک) ناساندووە و لە زمانی پەژاکەوە هەواڵی کوشتنەکەیان بڵاو کردۆتەوە.
هەڵبەت تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و کەناڵی تێلێڤیزیۆنیی "ئاریەن" دواتر لە هەندێک ڕاپۆرتدا باسیان لە زیندووبوونی ئیدریس و ئەشکەنجەکردنی لە شاری ورمێدا کرد. تێلێڤیزیۆنی ئاریەن کە هەواڵە مافی مرۆییەکان، بە تایبەت هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کوردستان ڕووماڵ دەکەن، لە زمانی سەرچاوە ئاگاداراکانەوە هەواڵی دەستگیرکردنی ئیدریس فەقیهیان لە لایەن سپاوە پشتڕاست کردۆتەوە و نووسیویەتی کە ئەو زیندووە و سەرباری برینداری، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ دایە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردۆتەوە، نووسیویەتی هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە شایەتییان داوە کە هێزەکانی سپای پاسداران ئیدریسیان دەستگیر کردووە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاوتووە کە ئەو لە حاڵێکدا کە لاقی بریندار ببوو، توانیویەتی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ خۆی بشارێتەوە بەڵام لە کۆتاییدا هێزەکانی سپا دۆزیویانەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها نووسراوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕەکانی مافی مرۆڤی وتووە کە ئیدریس زیندووە و دەستگیر کراوە، بانگەشەی ئەوە دەکات هێزەکانی سپا بۆ چارەسەری پزیشکی ئیدریسیان بۆ نەخۆشخانەی "مەنسوور عارفیان" لە ورمێ کە لە ژێر چاودێریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکاندایە، گواستۆتەوە و پاشان بۆ گرتووخانەی سپا بەناوی حەوتی تیر ڕاگوێزراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکەی کە لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کردووە، جگە لەم ڕاپۆرتە دەڵێت ئیدریس لە پادگانی ئەلمەهدیی لە ورمێ ڕاگیراوە.
پادگانی ئەلمەهدی یەکێک لە پادگانەکانی ڕاهێنانی سپای پاسدارانە کە لە کیلۆمەتری ٢٠ی جادەی (دەریا)ی ورمێ بەرەو تەورێزدا هەڵکەوتووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا گرتووخانەی حەوتی تیر یان "گرتووخانەی پادگانی مەلک ئەشتەر"ی بە بەشێک لە پاسگانی ئەلمەهدی، پادگانی سەربازیی سەر بە سپای پاسداران ناودێر کردبوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گرتووخانەی حەوتی تیر تەنیا یەکێک لەو سێ گرتووخانە ترسناکەی سپا لەم پادگانە سەربازییەدا لە شوێنێکی تەواو سەربازیدا ساز کراوە و هاتوچۆ بۆ ئەم شوێنە لە ژێر چاودێریی هەرە تووندی ئەمنییەتیدا دەکرێت.
کەسێکی ئاگادار کە دەربارەی ئیدریس فەقیهی لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کردووە، سەبارەت بە ڕۆژانی دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی ئیدریسیش دەڵێت: "بنەماڵەی ئیدریس دوای ئەمەی ئەو کەسە تێلێفۆنی بۆ کردبوون و وتبووی ئیدریس کوژراوە، وێنە و ناسنامە و کۆدی نیشتمانیی ئیدریسی دابوو، بڕوایان کردبوو کە ڕاست دەکات. پاشان ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیان بۆ ئیدریس دانابوو."
ئەو لە درێژەدا دەڵێت: "ئەوانیش وەک من و ئێمە هەواڵی زیندوو بوونی ئیدرسیان سەرەتا لە میدیا مافی مرۆییەکانەوە بیستووە. دواتر چەند جار چوونەتە ورمێ و هەرجارە و وڵامێکی درۆیان پێداونەتەوە."
ئەم کەسە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "بۆخۆیان ڕاستەوخۆ هیچیان نەبیستووە بەڵام یەکێک لە کارمەندەکانی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان وتبووی کە ئیدریسیان لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدا بینیوە. دوو بەندکراو ئەویان بینیوە و تەنانەت دەنگیشیان بیستووە و ناسیویانەتەوە."
ئەوە هەروەها دەڵێت: "ئەو دوو بەندکراوە پشتڕاستیان کردبوەوە کە لاقی ئیدریس بریندار بووە و کاتێک ئەوان بینیویانە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە واکێر بۆ لێپرسینەوە بردوویانە."
ئاماژەی ئەم کەسە، لەوانەیە بە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بێت کە تێیدا بە ڕوونی دەڵێت: "چالاکێکی کورد کە بە تازەیی بەشێک لە خولی دەستگیرکردنەکەی لە هەمان گرتووخانەی (حەوتی تیری ورمێ)دا تێپەڕاندووە، لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتووێژی کردووە. ئەو بە تۆڕی مافە مرۆییەکانی وتووە کە ئیدریس فەقیهی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ناسراو بە حەوتی تیردا ڕاگیراوە."
دایکی ئیدریس تەنیا دەیەوێت ٥ خولەک لەگەڵی قسە بکات
ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کە لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کردووە، دەربارەی بارودۆخی بنەماڵەی فەقیهی دەڵێت: "١١ مانگە ئەم بنەماڵە لە بەرزەخدان. ١١ مانگ بە زمان خۆشە، بەڵام ماوەیەکی هەرە زۆرە. لەو ماویەدا، بنەماڵەی ئیدریس زیاتر لە ١٥ جار چوونەتە ورمێ. هەرجارە درۆیەکیان لەگەڵ کردوون. جارێک دەڵێن، ئیدریس لە پێکداداندا کوژراوە. جارێک دەڵێن کوژراوە و هاوڕێکەی تەرمەکەی لەگەڵ خۆی بردووە. جارێک دەڵێن هاوڕێکەی قووڵکەیەکی هەڵکەندووە و تەرمەکەی ناشتووە بەڵام ئێمە قووڵکەکەمان نەدۆزیوەتەوە! جارێک دەڵێن بەڵگەی پزیشکیی مردنەکەیمان هەیە. جارێک دەڵێن وێنەی تەرمەکەیمان لایە و پیشانتانی دەدەین بەڵام پیشانمانی نادەن. بنەماڵەکەی ئەوەندە سەرگەردان و بریندران کە وتوویانە تەنیا وێنەی تەرمەکەیمان پیشان بدەن، ئێمە ئیتر وازتان لێدەهێنین."
ئەو لە درێژەدا بە جەختکردنەوە لەسەر چاوەڕۆانیی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی لەو وڵامانەی کە لەگەڵ یەکتر ناتەبان، دەڵێت: "هەر جارە شتێکمان پێدەڵێن و قسەکانیان یەک نین کە بنەماڵەی ئیدریس ڕازی بکات کوڕەکەیان کوژراوە. هەر ئەمە دەریدەخات کە ڕەنگە زیندوو بێت و لە ژێر ئەشکەنجەدایە. دایکی هەموو جار بە لێپرسراوانی ئەمنییەتیی وتووە هیچی ناوێت و تەنانەت نایەوێت کوڕەکەی ئازاد بکەن یان هەموو حەوتوویەک چاوی پێی بکەوێت، تەنیا دەیەوێت پێنج خولەک دەنگی ببیستێت یا بیبینێت و هەر ئەمە ڕازیی دەکات."
بەو جۆرەی ئەم سەرچاوە نزیکە لە بنەماڵەی فەقیهی دەڵیت، دایکی ئیدریس فەقیهی نەخۆشینی دڵی هەیە و ئەم نەخۆشینە دوای هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی تووندتر بۆتەوە؛ بە جۆرێک کە چەند ڕۆژ دوای بیستنی ئەم هەواڵە، ناچار بووە نەشتەرگەریی کراوەی دڵ بکات.
بەپێی قسەکانی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی فەقیهیدا، کاتێک کە هێزە ئەمنییەتییەکان ئەوانیان بە وڵامی جۆراوجۆر سەرگەردان کردووە، یەکێکیان پێی وتوون ئیدریس زیندووە و پێویستە چاوەڕێ بکەن تا قۆناغەکانی لێپرسینەوە کۆتایی دێت و دواتر ئیدریس لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندیی تێلێفۆنی دەگرێت.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بانگەشەی ئەم کەسە، بنەماڵەی ئیدریس تاکوو ئێستا چەند پارێزەریان گرتووە بەڵام دوای بەدواداچوونی پارێزەرەکان، ئەوان بە بنەماڵەکەیان وتووە دۆسییەکەی بەردەست نییە و وتوویانە دۆسییەکە لە قۆناغێکدایە کە ڕێگە نادەن پارێزەر دۆسییەکە ببینێت.
بەو جۆرەی کە ئەم سەرچاوە نزیکە لە بنەماڵەی فەقیهی دەڵێت، تەنیا خواستی بنەماڵەکەی ئەو ئەمەیە کە ئاگاداری چارەنووسی نادیاری کوڕەکەیان بن و ئەگەر زیندووە، دایکە بەساڵاچووەکەی ڕێگەی پێبدرێت تەنیا پێنج خولەک بە تێلێفۆن یان بە دیدار لەگەڵ ئیدریسدا قسە بکات.
ئەو هەر لەم بارەوە وتی: "ئێستا ١١ مانگە هیچ هەواڵێک لە ئیدریس نییە. مافی بنەماڵەکەیەتی بزانن چارەنووسی کۆڕەکەیان چی بەسەر دێت. تەنانەت ئەگەر بکوژ و تیرۆریستیش بێت، مافی بنەماڵەکەیەتی وەک مرۆڤێک بزانن لە کوێیە، نەک ئەوەی هەرجارە بە شێوەیەک وڵامیان دەدەنەوە و بێڕێزیان پێبکەن."
ئەم سەرچاوە لە کۆتاییدا دەڵێت: "هەر چرکەیەکی دایکی، مردنێکە. نازانێت کوڕەکەی زیندووە یان مردووە، لە چ حاڵێک دایە و ئایا لاقی بریندارە و چارەسەری بۆ کراوە؟ هەر کەسێک دێت و قسەیەک دەکات و ئەمەیش ژیانی کردۆتە ئازاری جەهەنەمێک بۆ ئەم بنەماڵەیە."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە