ناڕەزایەتییەکانی سەر جادەکان ماوەیەکە زیاتر لە جاران بۆتە جێگای سەرنجی توێژەران و لێکۆڵەرانی ئاکادێمیک و زانکۆکان و ژوورە فیکرییەکانی حکوومەت.
لە ساڵی ١٣٩٦ بەم لاوە کە شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێراندا ڕوو لە گەشەن، دەیان توێژینەوە لەم بوارەدا بڵاو بوونەتەوە کە پەرژاونەتە سەر چۆنییەتی و چیەتیی ئەم ناڕەزایەتییانە.
وەرزنامەی "توێژینەوە ستراتێژیکەکانی سیاسەت"ی سەر بە زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی" لە تازەترین ژمارەکەیدا لە دووتوێی توێژینەوەیەک لە ژێر ناوی "شیکاریی نارەزایەتییە پیشەیی-کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران"دا پەرژاوەتەسەر ئەم دیاردە ڕوو لە گەشەیە.
١- جیاوازیی ناڕەزایەتییەکانی لە ئێران
ئەم توێژینەوە کۆی ناڕەزایەتییەکانی پاش ساڵی ١٣٩٦ لە ئێرانی لە ڕووی ماهەوییەوە بە جیاوازی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پێش ئەمە لە ئێراندا دەزانێت و ئەم تەفسیر و هەڵسەنگاندی بە چەند فاکتەر شێوەبەندی کردووە.
خۆڕسکبوونی ناڕەزایەتییەکان
بەو جۆرەی لەم توێژینەوەدا هاتووە لە ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکان پتر لە لایەن یەکێتییەکان و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانەوە ئاراستە دەکران و ناڕازییەکان، کۆمەڵیک کەسی دیاریکراویان وەک سەرکردە قبووڵ کردبوو و لەسەر بانگەوازەکانی ئەوان کاردانەوەیان نیشان دەدا و هەروەها توانای چەنەلێدانیان لەگەڵ نوێنەران و ناوەندە نێوەنجییەکانیان هەبوو. بەڵام لە ساڵی ١٣٩٦ بەملاوە، ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی خیابانی و سەربەخۆ وەڕێ کەوتوون و یەکێتییەکان و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان کەوتوونەتە پلەی دووهەمەوە.
بەپێی نووسراوی ئەم توێژینەوە، لە ڕاستیدا، کرێکاران و ئەندامانی ئاسایی پیشەکان ئەوەندە بە کاریگەری و دەورنواندنی کارامەیی و نیازپاکیی ڕێکخراوەکان ڕەشبین و بێمتمانە بوون کە بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو خۆدیاریکردن و کاریگەریدانان بۆ پیشخستنی ئامانجەکانی خۆیان دەڕۆن.
نەبوونی سەرکردایەتیی دیاریکراو و هەمەگیر
ئەم توێژینەوە هەورەها نووسیویەتی تایبەتمەندییەکی گرینگیتر لە ناڕەزایەتییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان لە نیوەی دووهەمی دەیەی ١٣٩٠ بەملاوە ئەمەیە کە سەرکردایەتییەکی دیاریکراوی نییە و تا ڕادەیەک هێزی هاوسەنگ و نێوەنجی لە شێوەی سەرکرادیەتی و ئێلیتەکانی نێوان ناڕەزایەتییەکان و حکوومەتدا دەور نابینن.
ئەم ناڕازییانە بە تووندبوونەوەی ناڕەزایەتەکان و نادادپەروەرییەکان لە پێوەندیدا بە کرێکاران و پیشە جۆراوجۆرەکانی وەک مامۆستایان، ئاژەڵداران، وەرزێران، ماسیگران و هتد بە شێوەیەکی خۆڕسک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی هەستەکان، تووڕەیی و هاوارە ناڕەزایەتییە ڕیشەدارەکانیان بە دژی حکوومەت و تەنانەت ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییە پەسیڤ و بێکاریگەرییەکان دەرببڕن.
ئەم توێژینەوە زیادی کردووە لەم بڕگە مێژووییە بەم لاوە لە ئێراندا ڕووداوێک ڕوویداوە کە هێدی هێدی تابۆ سیاسییە پێشووە باڵادەستەکانی کەشی سیاسیی کۆمەڵگای شکاندووە و توێژە جۆراوجۆرەکانی بە بیانووگەلی جۆربەجۆر و هەڵبەت لە هەموویان دریارتر لە ناڕەزایەتیدا بە نادادپەروەرییە ئابوورییەکان و بێکاری و گەندەڵی بەرەو شەقامەکان ڕادەکیشێت؛ بەبێ ئەمەی کە بە ناوەند یاخود ئۆرگانێک وەک نێوەنجی و نێوانگیری نێوان خۆی و حکوومەت پشتبەستوو بێت.
دەوری بێوێنە و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئەم توێژینەوە هەروەها نووسیویەتی لە ناڕەزایەتییە تازە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی وەک تێلێگرام و ئینستاگرام دەوری کەموێنە و نایابیان لە ڕاگەیاندن، شوناس و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە.
لە ڕاستیدا، تایبەتمەندیی بێسەر یان بێ سەرکردایەتیی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بە ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کارتێکەریی دەرفەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایلەکان لە ناوکۆیی ناڕەزایەتییەکان و کێشە ئابوورییە قووڵەکان و قەیرانە ئابوورییەکان لە کەشی گەمارۆی تووندوتووڵی ئابووری، گەندەڵی و نادادپەروەرییە ڕوو لە گەشەکان و ئاشکرابوونیان لە ڕێگەی کەشی سایبێری و ئینتێرنێتی و بەرزبوونەوەی خوێندەواریی گشتی و وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک، کرێکاران و پیشەکاندا بووە.
ڕادیکاڵیسمی کەموێنەی ناڕەزایەتییەکان
لە بەشێکیتری ئەم دەقە توێژینەوەییەدا هاتووە کە لە ناڕەزایەتییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوەی دووهەمی دەیەی ١٣٩٠دا بە شێوەیەکی کەموێنە شایەتی تابۆشکێنی لە درووشمەکان و بەرامبەرکێکان لەگەڵ حکوومەت و زیادبوونی ڕادیکاڵیسم بە قبووڵکردنی تێچووە سیاسی و داراییەکان بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانیانین.
لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا قەیرانە ئابوورییە تووندەکان، هەڵکشانی کەموێنەی نرخەکان، هەڵاوسان، بێکاری، کمەتەرخەمیی خاوەنکاران و کەرتی تایبەتی بە مافەکان و ستانداردە خۆشگوزەرانییەکانی کرێکاران و توێژە زیانلێکەوتووەکانیتر بوونەتە هۆی ئەوەی تووڕەیی و ڕقی کرێکاران، پیشەکان، کامیۆنداران و مامۆستایان بتەقێتەوە و شەقامەکان ببنە چەقی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان، هەستەکان، ڕق و تووڕەیی.
پێوەندیی ئەستوونیی نێوان کرێکارانی یەخە شین و سپی
ئەم توێژینەوە نووسیویەتی لە نیوەی دووهەمی دەیەی ١٣٩٠دا بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی ئەنجومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆ ناسراوەکان لە مافەکان و ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە پیشەییەکان بە شێوەیەکی کەموێنە، پێوەندییە ڕوو لە گەشەکانی نێوان کرێکارانی یەخە شین لەگەڵ چینی مامناوەندی نوێ و وەک دەڵێن یەخە سپییەکان یان توێژە فیکری و ڕۆشنبیری و خەڵک و جەماوەری وەزاڵەکاتووی ئابووری و کۆمەڵایەتی شکڵی گرتووە کە دوای خەزەڵوەری ١٣٩٨ پاش تووندبوونەوەی قەیران و هەڵاوسانی نرخی بەنزین، زیاتر بووە.
ئەم توێژینەوە زیادی کردووە کە هاودەنگی و هاوڕێیەتیی نێوان توێژی فیکری و کرێکارە جەستەییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی تووندبوونەوەی کەلێنی نێوان خەڵک و دەوڵەتانی ناکارامە و نابەرپرسیار و قورسبوونەوەی تێچوەکانی ڕەوایەتی و ناچارکردنی حکوومەت بە قبووڵکردنی داخوازییەکان، خواستەکان و کەمکردنەوەی نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستا و داهاتوودا.
بەرینبوونەوە زنجیرەییەکانی ناڕەزایەتییەکان
ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە مانگی بەرفرانباری ١٣٩٦دا دەستیان پێکرد و لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا تووند بوونەوە و تاکوو ئێستا بەردەوامن، بە بڕوای نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە بە هیچ جۆرێک نەوەستاوە.
ناڕەزایەتییە جیهانییەکانی کرێکاران و باقیی توێژەکانیتر لە پاڵ بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی شوناسسازی، ڕاگەیاندن و ڕێخستنی ناڕەزایەتییەکان بۆتە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتییەکان توێژەکانیتر بگرێتەوە و ئەوانیش لەگەڵ خۆی بخات.
ناڕەزایەتییەکانی وەرزێران، ئاژەڵداران و مامۆستایان لەم ساڵ و ساڵی ڕابردوودا نموونەی سەلمێنەری ئەم وێنەیەن. لە ڕاستیدا، کرێکاران و پیشەکان قەناعەتیان بەمە هێناوە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، شەقامەکان چۆڵ نەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا، گواستنەوەی خاوەندارێتی و ئیدارەدانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەفت تەپە لە کەرتی تایبەتییەوە بۆ کەرتی دەوڵەتی، نموونەیەکی بەرچاوی کاریگەریدانانی ناڕەزایەتییەکان لە سەر داڕشتنی سیاسەت و داسەپاندنی داخوازییە بەرحەقەکانە بەسەر حکوومەتدا.
سرووشتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناڕەزایەتییەکان
ئەم توێژینەوە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی نیوەی دووهەمی ١٣٩٠ی هەتاوی تا ڕادەیەک سرووشتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەبووە. ڕادەی حەقدەستەکان، بێکاری، هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی تێچووەکانی خۆشگوزەرانی، پەروەردە و ڕاهێنان و هتد کەمتەرخەمی بەرامبەر مافە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و باقیی توێژە پیشەییەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکان بووە.
نادەقبەستوویی و وەرچەرخانی تاکتیکەکانی ناڕەزایەتی
ئەم توێژینەوە نووسیویەتی لە نارەزایەتییەکانی نیوەی دووهەمی ١٣٩٠دا تاکتیکگەلی نوێ بۆ پێشخستنی ناڕەزایەتییەکان دەبینرێت. بۆ نموونە دەشێت ئاماژە بە ڕاکآێسانی ناڕەزایەتییەکان کاتی شەوانە و ڕادیکاڵبوونەوەیان لەم کات و ساتە، گەیاندنی یارمەتی و دابینکردنی پێخۆر بۆ ناڕازییان لە ڕێگەی بینەران و سەیرکەرانەوە، بەتاڵکردنی شیر لە شەقامەکاندا لە لایەن ئاژەڵدارانەوە، سەربڕینی ئاژەڵانیان لە بەردەم پارێزگارییەکاندا، بردنی مەڕوماڵاتە برسی و تینوەکانیان بۆ ناو ئیدارە دەوڵەتییەکان، داخستنی شەقامەکان و ڕیزێک نموونەی دیکە ئاماژە بکرێت.
دەوری گەنجان لە بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکاندا
لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا گەنجان، لاوان و پەراوێزنشینانی شاری بە هۆی قووڵبوونەوەی وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان و دەست و پەنجە نەرمکردنی تووندوتۆڵ و بەرهەست لەگەڵ کێشە و گرفتە ئابوورییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی بەرفرانبار و خەزەڵوەری ١٣٩٦ و ١٣٩٨ و دواتر دەرکەوتن و بەرچاوبوونێکی زۆری لە ناڕەزایەتییە خیابەنییەکاندا هەبووە.
٢- تەوەرە سەرەکییەکانی درووشمەکان و داخوازییەکانی ناڕازییان
درووشمەکان و دەسنووسەکان و خواستەکانی ناڕازییان لەو تەوەرانەن کە لەم توێژینەوەدا سەرنجی پێدراوە.
لەم توێژینەوەدا ناوەرۆکی ١٧٠ درووشم و داخوازیی ناڕازییان لە خۆپیشاندانەکاندا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کە وتەزا ئابوورییەکان ٣٥.٦، سیاسی ٣٢.١، کۆمەڵایەتی ١٢.٣، هاندەرانە لە سەتا ١٠، ژینگەیی لە سەتا ٥.٤ و لە کۆتاییدا داخوازییە مافەکییەکان لە سەتا ٤.١ بووە.
بەم پێیە بەرفراوانیی داخوازییەکان و خواستە ئابوورییەکانی تایبەت بە بژێوی، هەژاری و گرانی زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی لە ناو ناڕازاییاندا هەیە و دواتر داخوازییە سیاسییەکان دەکەونە شوێن داخوازییە ئابوورییەکانەوە.
گرینگترین ئامانجی درووشمە سیاسییەکانیش ڕوویان لە "سیاستمی سیاسیی هەبوو"، "گەندەڵیی ئیداری" و "ئایدیۆلۆژیاگەری" بووە .
وتەزاکان | وتەزا لاوەکییەکان | پێگەی وتەزاکان لە داخوازییەکاندا |
ئابووری | هەژاری و کێشەکانی بژێوی گەندەڵیی ئابووری |
٣٥.٦ |
سیاسی | سیستمی سیاسی گەندەڵیی ئیدارەدان و ئیداری ئایدیۆلۆژیاگەری |
٣٢.١ |
کۆمەڵایەتی | هەڵاواردن دەستەگەری |
١٢.٣ |
پاڵنەرانە | پشتیوانی هاندان |
١٠.٠ |
ژینگەیی | پیسبوونی هەوا لافاو وشکەساڵی |
٥.٤ |
مافەکییەکان | مافەکانی هاوڵاتیبوون بۆشاییەکان و ئەو کێشەکانەی دەگەرێنەوە بۆ یاسای بنەڕەتی |
٤.١ |
لە بەشێکیتری ئەم توێژینەوەدا تەوەرە سەرەکییەکانی درووشمەکان و داخوازییەکانی ناڕازییان لە ڕوانگەی کارناسانەوە قسە و باس و موناقەشەی لەسەر کراوە.
ڕوانگەی کارناسان لەم بەشەدا لە ڕێگەی لێکۆڵێنەوەی ١٧٤ درووشمەوە لە شەش وتەزای سەرەکیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، فاکتەری پیلان و ژینگەیی شێوەندیی کراوە.
کارناسان وتوویانە کە لە سەتا ٤١.٥ ئەم درووشمانە تایبەتن بە پرسە ئابوورییەکان، لە سەتا ٢٤ی ئاماژەن بە هۆکاری کۆمەڵایەتی، لە سەتا ١٨.٥ تایبەتن بە هۆکارە سیاسییەکان، لە سەتا ١٠ی دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری پیلان، لە سەتا ٣.٥ی هۆکارە مافەکییەکان و لە سەتا دوویان پێوەندیدارن بە هۆکارە ژینگەییەکانەوە.
وتەزاکان | وتەزا لاوەکییەکان | پێگەی وتەزاکان |
ئابووری |
ناکۆکیی چینایەتی |
٤١.٥ |
کۆمەڵایەتی | هەڵاواردن و دەستەگەری کەلێنی کولتووری و بەرەکان سیاسەتە کۆمەڵایەتییە هەڵەکان بێمتمانەیی و بێهیوایی |
٢٤/٠ |
سیاسی | ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە سیستمی سیاسی شێوازی بڕیاردان نابەربرسیارێتیی حکوومەت کەلێنی نێوان خەڵک و دەوڵەت یان سیستم ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی ئاراستە سیاسییەکان |
١٨.٥ |
فاکتەری پیلان | فاکتەری ناوخۆیی فاکتەری دەرەکی |
١٠.٠٠ |
مافەکان | کێشە یاساییەکان | ٣.٥ |
ژینگە | پیسبوونی هەوا وشکەساڵی بڕیارە هەڵەکان |
٢.٠٠ |
ئەم توێژینەوە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا لە ڕێگەی گردۆکۆردنەوەی شووناسی ناڕازییان، درووشمەکان و ڕوانگەی کارناسان نووسیویەتی لە ئێستادا خیابان بە بەرهەستترین، زەقترین و ڕاشکاوانەترین شێوە پێمان دەڵێت کە جەماوەری خەڵک بە پێچەوانەی ڕابردوو ناچار نین لە پەراوێزی سیاسەتدا بمێننەوە و ئەوان پەسیڤ، کەمتەرخەم و بینەری ڕووت نین؛ بەڵکوو کاراکتەرێکی چالاکی بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانن و بە دەربڕینی بەردەوامی داخوازییە ئابووری، پیشەیی و چینایەتییەکانیان بە گژ حکوومەتدا دەچنەوە.
لە بەندی کۆتایی دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە ئاکادێمیکەدا هاتووە کە تا پێش ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦، زۆربەی ناڕازییان توێژی کرێکار و ئەو مامۆستا و ماڵباختانە بوون کە لە دامەزراوە داراییەکاندا سەرمایەکەیان لە دەست دابوو، بەڵام لە مانگی خەزەڵوەرەوە چین و توێژە جۆراوجۆرەکان پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتییانەوە و درووشمەکان ڕەنگ و بۆنی سیاسی و ڕادیکاڵی گرتۆتە خۆی.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە