بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری پەدافەندی ئاسمانیی هاوبەشیان لەگەڵ عێراقدا هێناوەتە ئاراوە. ئەو گەڵاڵەیە ئاکامێکی نەبوو؛ بەڵام لە لایەکیتری ڕیزبەندییە ناوچەییەکەوە، بڕیار وابوو کە ئیسڕاییل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا سیستمی یەکپارچەی پەدافەندی ئاسمانیی هەبێت. لەملاوە کۆماری ئیسلامی ئەم گەڵاڵەیە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەزانێت.
ئەکاونتی توییتەریی ماڵپەڕی "نوور نیووز"ی نزیک لە شوورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران، لە چەند تووییتدا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیسی لە کاردانەوەدا بە گەڵاڵەی یەکپارچەسازیی پەدافەندی ئاسمانیی ئیسڕاییل و وڵاتانی عەرەبی هەڕەشەی هێرش کردنی کردووە بۆ سەر "بەردەستترین ئامانجەکان" کە دەشێت ئاماژەیەک بێت بۆ هێرشکردنەسەر عەرەبستانی سەعوودی و ئیماراتی عەرەبی.
ئەم هەڕەشە پێش سەفەرەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەفەرە ئاسمانییە ڕاستەوخۆ "مێژوویی"ەکەی لە ئیسڕاییلەوە بۆ عەرەبستان ناکۆکە بەو دانوستانانەی کە ئێران لەگەڵ عەرەبستانی سەعوودی، میسر و ئۆردۆندا هەیبووە.
***
سیستمی یەکپارچەی پەدافەندی ئاسمانیی ئیسڕاییل و وڵاتانی عەرەبی چییە؟
گەڵاڵەی یەکپارچەسازیی پەدافەندی ئاسمانیی ئیسڕاییل و وڵاتانی عەرەبی بە ناوی بەرگریی ئاسمانیی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست (Middle East Air Defense) واتە "میاد" یان مید (MEAD) بە سەفەرەکی جۆ بایدن بۆ ناوچەکە بە شێوەیەکی جیدی هاتۆتە ئاراوە و باسی لەسەر کراوە. ئەم گەڵاڵەیە پێشتر لە دانوستانەکانی ئێسڕاییل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا قسە و باسی لەسەر کرابوو.
لە لایەکیترەوە ئەم گەڵاڵە لە کاتی دانیشتنی وەزیرەکانی دەرەوەی ئیسڕاییل، ئەمریکا، ئیمارات، بەحرەین، مەراکش و میسر لە مانگی خاکەلێوە کە بە دانیشتنی نۆقب بەناوبانگە، هاتە ئاراوە.
پاش ئەوەیش هەواڵی دانیشتنی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسڕاییل و وڵاتانی عەرەبی هاتە ئاراوە. دانشتنێک لە تێیدا "فرانک مەکێنزی"، سەرۆکی ئەوکاتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، "ئاڤیۆ کۆهاوی"، سەرۆکی ناوەندی ئەرتەشی ئیسڕاییل، "فەیاز بن حامید ئەلرویلی"، سەرۆکی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی عەرەبستانی سعوودی و ژمارەیەک لە ئەفسەرە باڵا سەربازییەکانی، ئیمارات، بەحرەین، میسر، ئۆردۆن و قەتەر بەشدارییان تێدا کردبوو.
"بێنی گانتز"، وەزیری بەرگریی ئیسڕاییل، ڕای گەیاندووە ئەم گەڵاڵە گەیشتۆتە قوۆناغی کرداری و سەفەرەکەی جۆ بایدن خێرایی دەبەخشێتە پیادەکردنی هەرچی زووتری ئەم گەڵاڵەیە.
بەپێی ئەم گەڵاڵە وڵاتان لە باتی بەکارهێنانی توانا فیزیکییە هاوشێوەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان لە ڕێگەی پێوەندییە ئێلێکترۆنیکییەکانی ڕێگای دوورەوە هەماهەنگ دەکەن. ڕۆیتێرزیش نووسیویەتی کە ئەم بیرۆکەیە بنەماكەی تەکنۆلۆژیایەکی ئیسڕاییلییە.
لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانیشدا ئەندامانی دێمۆکرات و کۆماریخوازی سێنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی یەکپارچەسازیی سیستمەکانی پەدافەندی ئاسمانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسڕاییلی بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ هەڕەشە ئەتۆمی، مووشەکی و درۆنەکانی ئێران هێنابووە ئاراوە.
هەڕەشەی لێدان لە عەرەبستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە
"ناسر کەنعانی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، گەڵاڵەی یەکپارچەسازیی پەدافەندی ئاسمانیی ئیسڕاییل و وڵاتانی عەرەبیی بە "دنەدەرانە" ناودێر کردبوو.
ئەکاونتی توییتەریی نوور نیووزی نزیک لە شوورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێرانیش درووستکردنی تۆڕی یەکپارچەی پەدافەندیی لە ناوچەکە بە "کارێکی هەڕەشەئامێز" ناو ناوە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە: "ئەگەر پیادەکردنی ئەم جۆرە گەڵاڵانە بە هەر شێوەیەک ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنە مەترسییەوە، بێگومان یەکەم وڵامی یەکلاییکەرەوە لێدان دەبێت لە نزیکترین و بەردەستترین ئامانجەکان."
ڕۆژنامەی کەیهان دەستەواژەی "بەردەستترین ئامانجەکان"ی وەرگێڕا و هێرشی شیعە حوسییەکان بۆ سەر عەرەبستانی بە نموونەیەکی ئامانجە بەردەستەکان ناو برد.
ئەم ڕۆژنامەیە لە سەروتارەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "بەدواداچوون بۆ گەڵاڵەی بەرگەریی ئاسمانیی هاوبەش بە دژی میحوەری خۆڕاگری، پرسێکی دیکەیە کە هەندێک لایەن بۆ ئەم سەفەرە دەیهێننە ئاراوە. کارامەیی پشتبەستوو بە توانا و هێزی پەدافەندی ئاسمانیی ئەمریکا زۆربەی جارەکان لە کاتی جەنگی یەمەندا تاقی کراوەتەوە. ئەم وابەستەییە ئەگەرچی تێچوویەکی هەرە قورسی بۆ سعوودیا هەبوو؛ بەڵام ئەنسارەوڵا بە تێچوویەکی زۆر کەم و هەرزانەوە لە چاو ئەم سەرمایەگوزارییە، توانیویەتی لە ئۆپێراسیۆنێکی ئاڵۆز و سەرکەوتوودا، بە چەند کاتژمێر نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عەرەبستان ڕابگرێت و لە کاری بخات."
هێرشی درۆنەکانی حیزبوڵای لوبنانیش ڕەنگە لەو بابەتانە بێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵی پێی خۆش بێت.
ئەرتەشی ئیسڕاییل ڕۆژی شەمە ١١ی پووشپەڕ دوای دۆزینەوەی هێڵی ئاسمانیی سێ درۆنی حیزبولای لوبنانی لە ئاوەکانی مەدیتەرانە و ڕێگای مەیدانی گازیی کاریشدا تەقاندەوە. ئەم گرووپەی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارێتیی هاویشتنی درۆنەکانی وەئەستۆ گرت.
پێش لەم هەڕەشانەیش "عەلی ئەکبەر ویلایەتی"، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی، وتبووی کە پێکهێنانی ناتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیرۆکەیەکی گونجاو نییە و هەموو وڵاتێک، چ ئیمارات و چ شوێنیتر، ئەگەر بیەوێت لەم بوارەدا هاوڕێتی بکات، گورزێکی جیدیی لە ناوچەکە داوە.
دانوستانی ئەمنییەتی بۆ باشترکردنی پێوەندییەکان یان تووندبوونەوەی گرژییەکان؟
ئەم هەڕەشانە بە پێچەوانەی ڕەوتی چەند مانگی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ باشترکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و دانوستانی ئەمنییەتی لەگەڵ وڵاتانی ئۆردۆن و میسرە.
لە پێنجەمین خولی دانوستانەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی "خالید ئەلحەمیدان"، سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاریی عەرەبستانی سعوودی و "سەعید ئیروانی"، جێگری سیاسەتی دەرەکی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی سکرتاریەتی شوورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران، ئامادە بوون.
"فواد حسێن"، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئۆردۆن و ئێران و میسر بە ناوەندگیریی دەوڵتی عێراق لە بەغداد دەستی پێکردووە. بەڕێوەچوونی دانیشتنی نێوان بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران و میسر لە ساڵەکانی ڕابردووەوە هەر هەبووە و لە هاوینی ساڵی ڕابردوویشدا هەواڵێکی هاوشێوەی بەڕێوەچوونی کۆمەڵێک دانیشتنی زانیاری و ئیتلاعاتی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بڵاو کرایەوە.
لێرەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن ە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕاییل تا ڕادەیەک پێوەندییەکانی خۆیان باشتر بکەن بۆ ئەوەی لە هەر دوو لاوە دەستیان بەتاڵ نەمێنێتەوە.
تووندبوونەوەی گەمارۆی ئێران لە لایەن یسڕاییلەوە
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە کاردانەوەدا بە سەفەرەکەی جۆ بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: "ئەم سەفەرە بە تەنیا وتاردان و ڕێکەوتنێک نییە، بەڵکوو بە مانای گەڕانەوەی فەرمیی ئەمریکایە بۆ ناوچەکە بە ناوەندگیریی ئیسڕاییلەوە."
لابردنی تائیب و گەڕانەوەی بەڕێوەبەرایەتی بۆ سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی
لە کەشی سیاسیی ئێراندا دەنگۆیەک هاتبووە ئاراوە کە "مەحموود عەلەوی"، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران بە نیازە سەفەر بووە بۆ بەغداد بەڵام "قاسم سولەیمانی" ڕێگریی لێکردووە. ئەمە دەنگوهەرایەکی گەورەیشی بەدواوە بوو؛بە جۆرێک کە سولەیمانی پێشی بە فڕۆکە ئاسمانییەکەی عەلوی گرتووە.
بەم حاڵەوە لەم ساڵانەی دواییدا جگە لە عەلەوی، "حسێن تائیب"، سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیش سەفەری بۆ وڵاتانی ناوچەکە کردووە و هەم ئەم بابەتەیش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی موناقەشەکانی نێوان ئەو و "ئیسماعیل قائانی"، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.
ئێستا بە لابردنی تائیب بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا جارێکی دیکە کەوتۆتەوە دەست سپای قودس و دەشێت چاوەڕوانی سیاسەتێکی یەکاڵاتری کۆماری ئیسلامی بین. بەڵام سەرباری ئەمە دوور نییە کە کۆماری ئیسلامی گەمارۆکەی لە لایەن ئیسڕاییلەوە بە جیدی وەربگرێت و جیاواز لە بەرنامە پیشوەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیسڕاییل لە ناوچەکە بەرنامەی بنەڕەتیی هەبێت.
تێبینییەکەت بنووسە