دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەیسی بەو هەموو دەست و پێوەندە زەوەندەی حکوومەت و هات و چۆ و بەڵین و وەعدەی ورد و درشتی کارگێڕی و ئیداری، لە ژێر باری ئیدارەدان و بەڕیوەبردنی وڵاتەکەدا چەقیوە و نەک هەر توانای باشتر کردنی زۆربەی پێوەرەکانی فەلاکەتی نییە، بەڵکوو هەر لەم یەک ساڵەی ڕابردوودا ڕادەی ئەو پێوەرانەیشی بەرەو خراپی خێراتر و تووندتر کردۆتەوە.
هەر لە ڕادەی پێوەری فەلاکەتەوە بگرە تا دەگاتە هەڵاوسان و هەژاری و گرانی، هەر هەموویان لەم دەوڵەتە پان و بەرین و پڕ بانگەشە، شۆرشگێڕ و پاڵپشتی چینی هەژارەدا، هێندە زیادی کردووە کە حەشیمەتی چینی هەژاری ئابووری هەر لەم یەک ساڵەی ڕابردوودا زیادی کردووە.
ئەمە تەنیا بەشێکی ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگای ئێرانە و بەرپرسانی حکوومەتی و دەوڵەتی هەوڵ دەدەن بیانشارنەوە یاخود کاڵیان دەکەنەوە بۆ ئەوەی بڵێن لە داهاتوودا هەموو ئەوانە چارەسەر دەکرێن.
وەرزنامەی "توێژینەوە ستراتێژیکەکان"ی سەر بە وەزارەتی زانستەکان لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی توێژینەوەیەکەوە هەوڵی داوە نیشانی بدات کە بۆچی خەڵک ئێراندا شاد و خەنی نین. وەرزنامەی "ستراتێژیی پەرەسەندن" پەرژاوەتەر سەر "لێکۆڵینەوەی کاریگەریی سیاسەتی دراو لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی و شادی لە ئێراندا" و دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە لە دوو وەرزنامەی "کۆمەڵناسیی ئابووری و پەرەسەندن"دا دەری دەخات ئەو پارێزگایانەی کە لە ئێراندا بارودۆخێکی ئابووریی باشیان هەیە، دانیشتوەکانی خەنی و شادترن.
***
"ڕەمەزان شەریف"، وتەبێژی سپای پاسداران بۆ پشتیوانی کردن لە دەوڵەتی ڕەیسی وتوویەتی کە "مەگەر وڵاتەکە چ کیشەیەکی هەیە کە بە قەیراناوی باسی لێ دەکەن، لە حاڵێکدا ٨٠ میلیۆن حەشیمەتەکەی لە ئارامی و تەناهییەکی بێوێنەدا دەژین کە پێوەرەکانی گەشە و پەرەسەندنەکانی لەگەڵ پێش سەرکەوتنی شۆڕشدا بەراورد ناکرێت."
"ئەحمەد وەحیدی"، هاوکاری ڕەمەزان شەریف کە لە دەوڵەتی ڕەیسیدا وەزیر ناوخۆیە، جگە لە ڕەت کردنەوەی ڕاستیی خەمۆکیی کۆمەڵگای ئێران، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم پرسە "قسەیەکی هەڵە و بێ بنەمایە" و دەسکردی دوژمنانە.
"موحسین مەنسووری"، پارێزگاری تاران یەکێکیترە لەو لێپرسراوانەی کە بە تازەیی وتوویەتی کە "هەندێک کافە و ڕیستۆران کە بە ئامانجی تایبەتەوە لە دەور و پشتی زانکۆکاندا درووست بوون و پێوەندیی ئەوان لەگەڵ ناوەندە بیانییەکاندا لە ژێر چاودێریدایە، بە زووی ڕێک دەخرێنەوە"
دەکرێت کافەکان وەک یەکێک لە نموونەکانی گۆڕانی ژیان و پێوەرێک بۆ ڕادەی گەشت و فەراغەتی کۆمەڵگا بزانین کە لە دیاری کردنی ڕادەی شادی و هەستی ڕەزامەندیی تاکەکان لە ژیانیشدا دەوریان هەیە کە ئەم پێوەرانە بە هیچ شێوەیەک بە لای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵکراو نییە.
ئەم جۆرە بانگەشە و قسە و باسە دژبەیەک و چەواشەکارانە لە ڕاستییە تاڵەکانی ناکارامەیی ڕووحانی و مەلا باڵادەست و حاکمەکانی ئێراندا، زیاتر لە ٤٠ ساڵە دووپات دەبێتەوە، بەڵام دەرەنجام و ئاکامەکەی جگە قووڵتر کردنەوەی بێبەختییەکان و کێشە و گرفتەکانی خەڵک نییە.
سەرباری ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەت کردنەوە و ئینکاری ڕاستییەکان دایە، بەڵام دەرەنجامەکانی دەیان توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زۆربەی ڕێکخراوەکان و ناوەندە توێژینەوەیی و زانستی و ئاکادێمیکەکان لە نێو خۆی ئێراندا پشتڕاستی دەکەنەوە کە خەڵکی ئێران بە هۆی لێشاوی جۆربەجۆری ئەو کیشانەی لەگەڵیاندا بەرەو ڕوون، نەک هەر خەڵکێکی دڵشاد و خەنی نین، بەڵکوو بەرەو ئەوە دەڕۆن ببنە یەکێک لە تووڕەترین خەڵکانی جیهان.
وەرزنامەی "توێژینەوە ستراتێژیکەکان"ی سەر بە وەزارەتی زانستەکان لە یەکێک لە تازەترین ژمارەکانیدا بە بڵاو کردنەوەی توێژینەوەیەک لە ژێر ناوی "سەرەتایەکی تیۆریک بۆ سیاسەتگوزاریی ئەمنییەتی بەپێی دڵشادیی خەڵک" سەرباری هەموو بەربەستەکان و تێبینییە ڕێکخراوەییەکان، هەوڵی داوە نیشانی بدات کە بۆچی خەڵکی ئێران شاد و خەنی نین.
ئەم توێژینەوە جگە لە ڕەخنە گرتن لە سیاسەتە ئەمنییەتییەکانی ئێستا لە کۆماری ئیسلامی و کاریگەریی هەرە نەرێنیی ئەم بۆچوونە لەسەر ڕادەی "دڵشادی"ی خەڵکی ئێران، نووسیویەتی، لە بارودۆخی گونجاوی ڕێکخستنەوەی حوکمڕانی و سیاسەتگوزاریی هەنووکەدا کە دەرەنجامەی بارودۆخی بگۆڕ و بزۆزی نێونەتەوەییە، سیاسەتی ئەمنییەتی پتر لە هەر کاتێکی دیکە بنەماکەی لەسەر "پێداویستی" و "داخوازی"ی خەڵکە کە خوازیاری پێداچوونەوە بە سیاسەتگوزارییەکانی سیاسەتی ئەمنییەتی بۆ دڵشادی و کەرامەتیانن، ئەم پرسە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر لە داخوازییە تازەکانیاندا زەق و بەرچاوە.
خواستێک کە هەڵبەت بە بەردەوامی لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ئاگر و ئاسن و سەرکوت و زیندان وڵام دراوەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕادەی ئەم سەرکوت و زیندانی کردنانە تۆختر و تووندتر دەبیتەوە.
پێوەندیی شادی لەگەڵ سامان لە ئێراندا
بەڵام لە پاڵ ئەم سەرکوتانەدا، بڵاو کردنەوەی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکان لەمەڕ ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران درێژەی هەیە کە یەکێک لە تازەترینەکانیشی تایبەتە بە توێژینەوەی وەرزنامەی "ستراتێژیی پەرەسەندن" بە ناوی "توێژنەوەی کاریگەریی سیاسەتی دراو لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی و شادی لە ئێران"دا.
ئەم توێژینەوە هەوڵی داوە کە لە پێوەندیی نێوان سیاسەتی دراو، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و شادیی خەڵکی ئێران بکۆڵێتەوە و شرۆڤەی بکات و دۆخی پێوەرە پێوەندیدارەکانی ڕوون بکاتەوە.
ئەم توێژینەوە نووسیویەتی کە شادیی لە وڵاتی ئێراندا لەو نموونە فەرامۆش کراوانەیە و ئەم خاڵەی کە هەبوونی شادی و بە واتایەکی دیکە زیادبوونی ئەم پێوەرە، لە ئێراندا بۆتە هۆی باشتر بوونی زۆربەی فاکتەرەکان لەوانە دۆخی ئابووریی ئێران، کەمتەرخەمیی بەرامبەر کراوە و سەرنجی نەدراوەتێ.
ئەم توێژینەوە نیشانی داوە لەوێوە کە پێوەندیی تێچووی گەشت و گوزا و سەرگەرمی بە تێچووە ناخۆراکییەکان لە ئێراندا زۆر دابەزیوە، پێوەری شادی لە کۆمەڵگای ئێراندا باش نییە.
قەبارەی نەختینەیی و گەشەی هەڵاوسان لە ئاکامی پێڕەو کردنی سیاسەتە دراوییە نەگاونجاوەکان، لەو فاکتەرانەیە کە لەم توێژینەوەدا باس لە دەوریان لە ڕادەی شادی لە کۆمەڵگادا کراوە.
ئەم توێژینەوە هەوڵی داوە بیسەلمێنێت کە سیاسەتی دراو و سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر فاکتەرەکانی ئابووریی شادیی هەیە و هەروەها بنەما پێکهێنەرەکانی ئەم بگۆڕانە لە ئێراندا پێوەندییەکی ماناداریان لەگەڵ یەکتردا هەیە؛ بە جۆرێک کە درێژماوەدا کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن.
فاکتەرەکان و ئەو پێوەرانەی کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان دۆخێکی باشیان لە ئێراندا نییە و دۆخە خراپەکەیان، ڕەفتار و ئەدگاری خەڵکی ئێرانی تاڵ و خراپ کردووە.
لە ناو پارێزگاکانی ئێراندا کامیان شاد و خەنیترن؟
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە کە لە دوو وەرزنامەی "کۆمەڵناسیی ئابووری و پەرەسەندن"دا بڵاو بوونەتەوە، نیشانی دەدەن ئەو پارێزگایانەی کە لە ئێراندا دۆخی ئابووریان باشترە، دانیشتووەکانی خەنی و شادترن.
ئەم توێژینەوە دەڵێت کە پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران بە هۆی بەهرەمەند بوون لە توانستەکانی خۆشگوزەرانی، ڕادەی شادییەکەیان زیاترە لە چاو ئەو پارێزگایانەی لە سنوورەکان هەڵکەوتوون.
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەڵێت بە شێوەی مامناوەند پارێزگاکانی تاران، کۆهکیلوویە و بۆیرەئەحمەد و ئەسفەهان بە ڕیێز پلەکانی یەکەم تا سێهەم لە شادی بە دەست دەهێنن و پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوراسانی باشوور و کرماشان کەوتوونەتە دواین پلەکانی شادییەوە لەم وڵاتەدا.
ئەم دەرەنجامانە دەری دەخەن کە پارێزگا ناوبراوەکان بە هۆی جیاوازییە بەرچاوەکان بگۆڕە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکاندا خاوەن کەلێن و مەودایەکی زۆرن لەگەڵ یەکتر و هەر ئەم ناکارامەیی و بەهرەمەند نەبوون لە توانستەکانی خۆشگوزەرانی و بژێوی، بۆتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە پارێزگاکانی سەر سنوور خەمۆکتر و کەمترین ڕادەی شادی و خەنی بوونیان تێدا بێت.
تێبینییەکەت بنووسە