close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

ئایا  ڕێکەوتن یان شکستی دان‌وستانەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر ئابووریی ئێران؟

۵ خەرمانانی ۱۴۰۱
آرش حسن‌نیا
خوێندنەوەی وتارە لە ۹ خولەکدا
ئایا  ڕێکەوتن یان شکستی دان‌وستانەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر ئابووریی ئێران؟

تەعبیری هەڵاتن لە مەیدانێکی تاریکی ئەڵغام‌ڕێژ کراودا، تەعبیرێکی زۆر نزیکە بۆ چالاکییە ئابوورییەکان و سەرمایەگوزاری لە ئێران‌دا. لەوانەیە بە چرکەیەک یەک لەم ئەڵغامانە لە ژێر لاقت‌دا بتەقێتەوە و کۆتایی بە هەموو شتێک بێت؛ هەر لە دەرکردنی بێ‌ بڕانەوەی بڕیارنامەکان و گۆڕینی بەردەوامی یاسا و رێساکانەوە تا سەرهەڵدانی گرژییە سیاسی و دیپلۆماتیکەکان، ڕێزێک نادڵنیایی و بێ متمانەییان درووست کردووە کە ئابووریی ئێران بۆ چەندین دەیە لەگەڵیان‌دا بەرەو ڕووە.

سەرباری ئەمانە، ڕەنگە هیچ نادڵنیایی و بێ متمانەییەک ئەوەندەی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و گرژییەکان و دان‌وستانەکانی نەیانتوانیوە ببنە هۆی ئازاردانی ئابووریی ئەم وڵاتە و کەش و هەوای کەسابەت و کار تووشی لێڵی و سەر لێ‌ شێواوی بکات.

لیستی نرخی سەڕافییەکان و دیمەنی گشتیی نەخشەی بازاڕی سەرمایە ئەگەرچی هەموو ئەو شتە نییە کە لە ڕێگەی ئەم نادڵنیاییەوە بەسەر ئابووریی ئێران‌دا تێدەپەڕێت بەڵام لە ڕوانگەی خێرایی کاردانەوە و هەستیارییەکانەوە، باش‌ترین تابلۆی کارتێکراوی ئابووریی ئێرانن لە بابەتی دۆسییەی ئەتۆمی‌دا؛ هێندە کە دەتوانین بڵێین بەبێ چاوخشاندن بەسەر هەواڵەکانی جیهانی سیاسەت‌دا، لە نەوەستانی نرخی دۆلار، سکە و پێوەرەکانی پشک بزانین کە هەواڵێکی دڵ‌خۆش‌کەر لە نزیک‌ بوونەوەی دوو لایەنەکە بۆ ڕێکەوتن چۆتە سەر شاشەی میدیاکان یاخود ئەمەی کە کێشی شیکارییەکان و هەواڵەکان بەرەو تێکشکان و شکستی لێک نزیک‌ بوونەوەکان و ڕێکەوتن شکاوەتەوە.

***

ڕێکەوتن موعجیزە دەکات؟

بەڵام پرسیار ئەمەیە کە چ ڕادەیەکی ئەم خوار و ژوورکردنانە، بێ هیوایی و هیوابەخشینانە ڕاستن؟ گەیشتن بە ڕێکەوتن یاخود درێژەدانی دۆخی ئێستا چەندە کار دەکاتە سەر پێوەرە ئابوورییەکانی ئێران و قەبارەی ئەم گەورەییە چەندەیە؟

ڕوون و ئاشکرایە کە وڵام‌دانەوەی ئەم پرسیارانە ڕێژەییە و ناشێت بە دڵنیاییەوە قسەیان لەسەر بکرێت؛ چ بە هەر بۆچوون، ڕەزامەندی و دژایەتییەکەوە و بە هەر ڕێگری کردنێکەوە لە ناو چالاکانی بواری سیاسەت لە ئێران و ئەمریکا و هەروەها باقیی وڵاتانی بەشدار لە دان‌وستانەکان‌دا، ئەم کاریگەرییانە دەتوانن بە ڕادەیەکی بەرچاو گۆڕانیان بەسەردا بێت.

سەرەتا حاڵەتی "ئەگەر ڕێکەوتن بکرێت و بەرجام ببووژێتەوە" ڕەچاو بکەین. یەکەم کاریگەریی ئەم حاڵەتە، بەتاڵ بوونەوەی قورسایی دەروونییە لە کەشی ئابووریی ئێران‌دا. لەم قۆناغەدا تەنانەت وردەکارییەکانی ڕێکەوتەنەکەیش گرینگییەکی کەم‌تری هەیە و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕێکەوتن و کاریگەرییەکانی دەخرێتە حەوتووەکان و مانگەکانی دواترەوە.

کەم کردنەوەی چاوەڕوانییە هەڵاوساوەکان دەتوانێت لە بازارە جۆربەجۆرەکان‌دا، لەوانە بازاڕی دراو بە دابەزینی خێرای نرخەکان و لە بوورس‌دا بە شێوەی بچووک بوونەوەی نرخەکان خۆی بنوێنێت.

ئازاد بوونی ماڵ و مڵک و سامانە بلۆکە کراوەکانی ئێران لە بانکە بیانییەکان و هەروەها ئاسان کردنەوەی فرۆشتن و هەناردە کردنی نەوت و گەڕانەوەی دادهاتەکانی دراو بۆ ناوخۆی ئێران ڕێزێک لەو کاریگەرییە چاوەڕوان کراوانەی ڕێکەوتنی بەرجامن لە کورت ماوەدا. گەڕانەوەی کەرتی نەوت و گاز دەتوانێت کار بکاتە سەر گەشەی ئابووری؛ ئەزموونێک کە یادەوەرییەکەی لە خولی پاش بەرجام لە ساڵی ١٣٩٥ تا ١٣٩٧ لە زەینی ئابووریی ئێران‌دا ماوەتەوە.

ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ لایەنە ڕۆژاواییەکان‌دا دەتوانێت لە میان ماوەدا کاریگەرییە ئەرێنییەکان لەسەر کەرەتە پیشەسازییەکان ئاشکرا بکات؛ ئەو کەرتانەی کە لە خولی گەمارۆکان‌دا توانیبوویان پێوەندییەکانی خۆیان بچڕ بچڕیش بێت لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان‌دا بپارێزن. پیشەسازییەکانی پێترۆکیمیا و ماتریالە بنەڕەتییەکانی نموونەی بەرچاوی ئەم بوارە.

هەروەها پیشەسازییەکان بە ئەزموونی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ لایەنە بیانییەکانیش‌دا یەکێکی‌ترە لەو کەرتانەی کە پاش ڕێکەوتنی بەرجام، دەتوانێت بۆ میان ماوە فازی یەکەمی بووژانەوەی هاوکاریی لەگەڵ شەریکە بیانییە پیشووەکان دەست پێ بکاتەوە.

پیشەسازیی سەیارە یەکێکە لەو پیشەسازییانەی لانیکەم دەتوانێت هاوردە کردنی "سی کەی دی" و مۆنتاژکاریی بەرهەمە تازەکان لە فازی یەکەمی بووژانەوەی بەرجام‌دا ئەزموون بکات.

بریندارکراوە بەرجامییەکان

ئەم پێش‌بینیانە کاریگەری دەکاتە سەر دوو هێز تەواو ناکۆک لەگەڵ یەک‌تر؛ لایەنی ئەرێنیی شیکارییەکە بنەماکەی ئەمەیە کە ڕیگرییەکانی بنەڕەت‌خوازانی تووندڕەو کە بە "نیگەرانەکان" ناسراون، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و باقیی تووندڕەوە ناوخۆییەکان لە خولی دەوڵەی هاوتەریب لەگەڵ یەک‌تر کاڵ‌تر لەو کاتە دەبێت کە "حەسەن ڕوحانی" و بەرە سیاسییە جیاوازەکە لەگەڵ ئەمانەی ئەمڕۆ میوەی گەمارۆکان و ڕێکەوتنەکەیان دەچنییەوە.

دیوێکی‌تری بەم مانایە کە تیمی دان‌وستان و ڕێکەوتنەکە پشتیوانی بکرێن و کار و هەڵس‌وکەوتە هاندەرانەکان کە لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی دان‌وستان و ئالنگارییە ئەتۆمییەکان‌دا ڕۆحی ڕێکەوتنەکەی لەناو بردووە یاخود زیانی پێ دەگەیەنێت، ڕادەگیرێت.

بەڵام دیوی نەرێنیی چیرۆکەکە ئەمەیە کە ئەزموونی لە سفرەوە دەست پێ کردنی چەند بارەی چاپتەرەکانی کتێبی چیرۆکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبیتە هۆی ئەوەی تا سەرمایەگوزارانی ناوخۆیی و دەرەکی هیوایەکیان بە کۆتایی هەمیشەیی یان درێژماوەی گرژییەکان نەبێت و بەردەوام بوونی ئەم ئاگربەستە بە سەقامگیر نەزانن.

نەڕەوینەوەی ئەم گومانە، سەرمایەگوزاری و تەنانەت ئەم هاوکارییە بازرگانیانە دەسووتێنێت و سەرمایەگوزارییەکی قووڵ‌تر و درێژماوەتر بێ گومان ئازاردەرە؛ ئەو سەرمایەگوزارییانەی کە جگە مەرجی پێویست بۆ بووژانەوەی بەرجام، پێکهاتنی ڕێکەوتنی تازە و هەڵپێچانی گەمارۆکان، مەرجە تەواوکەرەکانین.

ئەم مۆدێلە لە هاوکاری بێ‌گومان کاتێکی درێژماوەتر و دۆخێکی سەقامگیرتر دەخوازێت؛ هەر وەک چۆن لە پاش بەرجامیش‌دا هات و چۆکانی گرووپە ئابووری و بازرگانییەکان دەرەنجامەکەیان کەم‌تر ئەو هاوکاریانە بوون تا جێگایەک کە ڕەخنەی ئایەتوڵا "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لێ کەوتەوە.

ئەگەر گەیشتن بە ڕێکەوتن مەرجی پێویست بۆ فەراهەم کردنی هاوکاریی ئابووریی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە گریمان بکەین، مەرجە پێویستەکان بۆ گونجاندنی ئابووریی ئێران لە زنجیرەی بەرهەمهێنانی بەهای نێونەتەوەیی، ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی، هاوکاری لەگەڵ شەریکە بیانییە خاوەن تەکنۆلۆژیاکانی سەردەم و بەرهەمهێنانی ڕکابەرانە لە بازاڕە جیهانییەکان‌دا، ئەو مەرجە دژوار و زۆرانەن کە لە ڕێگای گۆڕان و چاک‌سازیی حوکم‌ڕانیی ئابوورییەوە دەڕوات.

بەبێ چاک‌سازیی بونیادی و بنچینەیی لە سیستمی حوکم‌ڕانیی ئابووری‌دا، گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نێونەتەوەیی کە ئەنجامەکەی دڵنیا بوونەوە لە سەرمایەگوزاری و هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان بۆ بازاڕەکانی جیهان نابێت.

ئەزموونی تاڵی بەرجام و گەیشتن بە خاڵی سفری ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی ئێران و جیهان، تەنانەت لە ڕەهەندی کورت ماوە و بە دابەزینی نرخی دراو دەتوانێت هەڵاتنی سەرمایەکانیش وەک نیگەرانییەک بخاتە پێش داڕیژەری سیاسەتەکانەوە؛ ئەو سەرمایانەی کە بۆ دەرچوون، بڕیاری یەکلایی و کۆتاییان لەسەر دراوە و تەنیا چاوەڕێی پێچێکن بۆ گۆڕینی ڕیاڵەکانیان بە دراو.

بەراوەرد کردنی ڕادەی گەشەسەندنی کەرتی نەوت و بە دوای ئەوەدا، گەشەی ئابووریی ئێران پێش و پاش بەرجام و هەڵبەت لە ماوەی کورتی مانگی هەنگوینیی بەرجام‌دا بە باشی ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕێکەوتنە چۆن توانی ڕیزێک کاریگەریی ئینکار نەکراو لەسەر ئابووریی ئێران بەجێ بهێڵێت.

هاوینی گەرم و سوورە تاوی شکستی دان‌وستانەکان

درێژە کێشانی دۆخی ئێستا چی بۆ ئابووریی ئێران لێ دەکەوێتەوە؟ بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر پێوەرە ئابوورییەکان، چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت؟

دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە ڕاگەیاندنی هەواڵی شکستی دان‌وستانەکان، هاوێنێکی گەرم و سوورەتاوێکی بەتین لە بازاڕی دراوی ئێران‌دا لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ڕادەی کاریگەری‌دانانی بەردەوام بوونی گەمارۆکان پێوەندیی بە ڕیزێک فاکتەرەوە هەیە؛ یەکێک لەم فاتەرانە، جیدی بوونی واشینگتۆنە لە پتەو کردنەوەی گەمارۆکان‌دا بە دژی ئێران. ئەم بۆچوونە کە دەوڵەتی "جۆ بایدن" بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن، لە چاو دەوڵەتی پێشووتری وڵاتە یەک‌گرتووەکان دڵ ئاوەڵاتر بووە، بۆچوونێکی جێگای سەرنجە بەڵام جیدیی بوونی بە دژی ئابووریی ئێران ڕەنگە وەک خولە پیشووەکە نەبێت.

پێش ئەمەیش ڕێکخراوەکان و ناوەندە بڕوا پێ کراوەکانی وەک "بانکی جیهانی" و "سندووقی نێونەتەوەیی دراو" پێشبینیان کردبوو کە گەمارۆکان و کاریگەرییەکانی کەیشتوونەتە لووتکە و تەرۆپکی خۆیان.

فاکتەرێکی دیکە کە لە بەراوردەکانی کاریگەریی گەمارۆکان‌دا پێویستە سەرنجی پێ بدرێت، گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیاسی و ئابوورییەکانی دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینن. تا پێش گەمارۆ هەمە لایەنەکانی ڕۆژاوا لەسەر لەسەر ڕووسیا، بە تایبەت ئەمریکا زۆری حەزی لەوە نەبوو تا یارمەتیی دەوردانەوەی ئێران بۆ گەمارۆکان بکات بەڵام لە ئێستادا بۆخۆی یەکێکە لە بازنەکانی ئەم زنجیرە. پێداگری و جەخت کردنەوە لەسەر پەیمانە دراوییە دوو لایەنەکانی ئێران لەگەڵ لایەنە بازرگانییەکان، بەکارهێنانی شێوازی ئاڵ‌ووێر، بەرین بوونەوەی توانای بەکارهێنانی ئامرازی ڕەمز ئەرزەکان و پەرەسەندنی خێرای سیستمەکانی ئاڵ و گۆڕ و بانکی بۆتە جێگرەوەی بەشێک لە ئەزموونی وڵاتانی گەمارۆدراو لە لایەن بڕیار بەدەستانی گەمارۆکانەوە.

هەموو ئەم ئامرازانە بە گشتی دەتوانن تا ڕادەیەک تەنگەلانی گەمارۆکان تێک بشکێنن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانەیش بە فەرمی بناسرێن، ئەوا ناکرێت وێنای ئەوە بکەین ئابووریی ئەم وڵاتە لە بازنە تەنگەبەرەکەی خۆیان بترازێن یاخود ئەگەر تەنانەت باشاری ژیانی ڕۆژانە بکەن، بتوانن گەشەیەکی بەرچاو بکەن بۆ قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتووییەکان.

ئایا ١٠ ساڵ پاش‌کەوتن کەمە؟

درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە، تا ڕادەیەک ئابووریی ئێران لەسەر سنووری ڕادەی گەشەسەندنی نەرێنی بەرەو ئەرێنی ڕادەگرێت؛ بە جۆرێک کە سندوو‌‌قی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێک‌دا کە لە مانگی گوڵانی ١٤٠١دا بڵاو کرایەوە، گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ی زاینی لە سەتا سێ دەست نیشان کردووە. بەراوەردەکەی ئەم ناوەندە لە ڕادەی گەشەسەندنی ئابووریی ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی زاینی، لە سەتا دوو بووە.

بیرمان نەچێتەوە کە مامناوەندی گەشەی ئابووریی ئێران لە دەیەی ٩٠ دا کەمێک زیاتر بووە لە سەتا سفر. مامناوەندی ڕادەی پێکهاتنی سەرمایەی جێگیریش لە ئاستێکی ترسناکی نەرێنیی ٤.٤دا تۆمار کراوە و لە هەندێک ساڵیش‌دا سواو بوونی سەرمایەی هەبوویش قەرەبوو نەکرابووەوە؛ بەم مانایە کە ئابووریی ئێران لە گیرفانی خۆی واتە لە مایەی خواردووە و تەنانەت سەرمایەکەی کردۆتە خەرجیی خۆی.

ڕاپۆرتێک کە ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی پشت‌ڕاستی کردۆتەوە کە بە پاراستنی ڕەوتی ئێستا لە بەکارهێنانی وزە و هەناردە کردنی نەوت و گاز، پیشەسازیی نەوت پێویستی بە ١٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزارییە و پیشەسازیی کارەبا پێویستی جیدیی بە لانیکەم ٢٥ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاری هەیە. تەنانەت هێچ متمانەیەک نییە کە دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان و ڕێکەوتن، ئەم سەرمایەگوزاریانە وەدی بێن، چ جای ئەوەی گەمارۆکان بەردەوام بن و مێزی دان‌وستان بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتن بەجێ بهێڵرێت.

دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەم ناوەندە دەری دەخات کە داهاتی سەرانەی وڵاتەکە لە ساڵی ١٣٩٠ تا ١٣٩٨ داتەپینی لە سەتا ٣٤ی بە خۆیەوە بینیوە و لە ڕاستی‌دا، هێزی کڕینی هەر تاکێک لە ئێرانی ئەم خولەدا یەک لەسەر سێ کەمی کردووە. پاش هەڵاوسانەکانی لە سەتا ٣٦.٤ و ٤٠.٢ لە ساڵەکانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠دا، دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە دەسەڵاتی کڕین تەنانەت کەم‌تریش بۆتەوە.

ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس لەو ڕاپۆرتەدا بەراوردی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ بەم‌ لاوە بتوانێت لە خولێکی شەش ساڵەدا بە شێوەیەکی بەردەوام گەشەی لە سەتا هەشتی ئابووری بکات، داهاتی سەرانە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ساڵی ١٣٩٠، واتە ١٥ ساڵ بەر لەمە؛ شتێک کە دەتوانین بڵێین نەکردە و مەحاڵە.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕادەی گەشەسەندنی ئابووریی لە ساڵی ١٣٩٩ی لە سەتا ٠.٧ و گەشەسەندنی ئابووریی ساڵی ١٤٠٠ی لە سەتا ٤.٣ ڕاگەیاندبوو؛ واتە دوو ساڵ لەو خولە شەش ساڵە بەبێ وەدی‌ هاتنی گەشەی ئابووریی لە سەتا هەشت لە دەست چووە.

لێکۆڵینەوەکانی ماڵپەڕی "فەردای ئابووری" نیشانی دەدەن کە ئێران لە ژێر کاریگەریی گەمارۆکانی ڕۆژاوا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا نیوەی توانستی هەناردە کردنی نەوتەکەی بەکار هێناوە کە بێ‌ سوودیی ٣٧٠ میلیارد دۆلاریی بەسەر ئابووریی نەتەوەیی ئێران‌دا داسەپاندووە.

لەو ساڵانەیدا کە داهاتی نەوت تووشی نەکسە بوو، دەوڵەت دەرەقەتی تێچوەکانی خۆی نەهات. ئەم ناهاوسەنگییە بوجەیی و تووند بوونەوەی کورت‌هێنانی بوجە، مۆتەکەی هەڵاوسانی بێ لەغاو کردووە و تەشەنەسەندنی لێکەوتەکانی نەوەستانی هەڵاوسانی سەرووی لە سەتا ٤٠، بنەڕەتەکانی ئابوورییەکەی لەبەر یەک هەڵوەشاندۆتەوە.

داتەپینی خێرای خۆشگوزەرانیی ماڵباتەکان و کێشە و گرفتەکانی بژێویان بە هۆی بشێوەییەکانی ئەم ساڵانەی دواییەوە بەردەوام دەبێت ئەگەر گەمارۆکان بەردەوامیان هەبێت.

ئابووریی ئێران بە ڕێکەوتن و نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزی لە سیاسەتی دەرەکی‌دا دەتوانێت هیوادار بێت وەک پیش تووند بوونەوەی گەمارۆکان، نەوت و بەرهەمەکانی بفرۆشێت و بیکاتە خەرجی هاوردە کردنی کاڵا بەرخۆرییەکان، هەناردەی نەریتی درێژە پێ بدات و گەشەیەکی خاو بەڵام بەردەوام ئەزموون بکات. ئەم بارودۆخە بە گۆڕانکارییەکان لە حوکم‌ڕانیی ئابووری و چاک‌سازیی بنەڕەتی تەنانەت هیوای وەدی‌هاتنی خەونی گەشەسەندنی لە سەتا هەشتی ساڵانە لە ڕاستی نزیک دەکاتەوە؛ هەرچەندە کە بە شێوەی مێژوویی، زیاد بوونی داهاتە نەوتییەکان لە ئێران و تێپەڕاندنی کورت‌هێنانەکان بە مانای لە یاد کردنی هەموو پلانەکانی چاک‌سازی بووە. جگە لەمە، بەپێی یەک دەست بوونەوەی کەشی سیاسیی ناوخۆی ئێران، شانسی بەکارهێنانی ئەوپەڕی توانای کارناسەکان لە بوارەکانی ئیدارەدان و ئابووری لەناو چووە کە شانسی دەگەمەنی لە سیاسەتە چاک‌سازییەکان بۆ کەم‌ترین ئاستی خۆی واتە لانیکەم دادەبەزێنێت.

بەڵام بەبێ ڕێکەوتن و چارەسەر کردنی دۆسیەی ئەتۆمی، دەبێت بڵێین چاک‌سازیی بنەڕەتی و بونیادی لە بواری سیاسەت‌گوزاری‌دا مومکین نییە و سەرچاوە سنووردارەکان تەرخان دەکرێن بۆ کاروبارە ڕووتینەکان و دەبێت دیسان بینەری بچووک‌تر بوونەوەی سفرەی ئابووریی ئێران و هەژارتر بوونەوەی خەڵکەکە بین.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

لەهێرشێکی ئەمریکادا، دوو یان سێ میلیشیای سەربە ئێران لە سوریا کوژران

۳ خەرمانانی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
لەهێرشێکی ئەمریکادا، دوو یان سێ میلیشیای سەربە ئێران لە سوریا کوژران