کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران لە ئێراندا هێندە گەورە بۆتەوە کە تەنانەت بڕوا بە مەرگی براکەی "حوسەین عەبدولباقی"، بەڕێوەبەری بینای داڕماوی مێترۆپۆلی ئابادان ناکەن و گۆڕەکەی هەڵ دەدەنەوە تا ڕاستی و درۆکانی کۆماری ئیسلامیان لەم بارەوە بۆ دەربکەوێت و دڵنیا ببنەوە.
بێ باوەڕی بە سیستمی ئایینیی ڕوحانییە دەسەڵاتدارەکانی ئێران، لە مێژ ساڵە لە ناو خەڵکدا بۆتە بابەتێکی ئاسایی. دەرەنجامەکانی چەند توێژینەوەی فەرمییش کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە باشی نیشان دەدات و بێ متمانەیی هاوڵاتیان بە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشت ڕاست دەکەنەوە.
***
دوو وەرزنامەی زانستیی "زانستی سیاسی"ی سەر بە زانکۆی "ئیمام سادق" لە تازەترین ژمارەکەی خۆیدا توێژینەوەیەکی لە ژێر ناوی "پێوەندیی بزووتنی کۆمەڵایەتی و ئاستی خوێندەواری لەگەڵ متمانەی سیاسی" لە پارێزگای خووزستاندا بڵاو کردۆتەوە و هەوڵی داوە کە نیشانی بدات خەڵکی ئەم پارێزگایە متمانەیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.
ئەم گۆڤارە لە توێژینەوەکانی خۆیدا بەم ئاکامە گەیشتووە کە دانیشتوانی پارێزگای خووزستان متمانەیان بە کاربەدەستانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی نییە، هەر وەک چۆن باقیی توێژینەوەکانی هاوشێوەی ئەم توێژینەوانە ئەم بابەتەیان ئاشکرا کردبوو و خستبوویانە ڕوو.
ئەم توێژینەوە نیشانی دەدات کە لە نێوان بزووتنی کۆمەڵایەتی (ڕەفتاری سیاسی و بەشداری کردن لە هەڵبژاردن) لەگەڵ ڕادەی متمانە بە سیستمە سیاسییەکەدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە. پێوەندییەک کە لە هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییانەدا بە تووندی ڕووی لە دابەزین و لاوازیی کرد و خەڵکی پارێزگای خووزستانیش وەک دانیشتوانی باقیی پارێزگاکان حەزەریان لە بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا کرد.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە تەنیا لە سەتا ٤٧ی خەڵکی پارێزگای خووزستان لە هەڵبژادنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٤٠٠دا بەشداریان کردووە.
ئەم توێژینەوە هەروەها دەری خستووە کە لە نێوان ئاستی خوێندەواری لەگەڵ متمانە بە سیستمە سیاسییەکە لە ناو خەڵکی خووزستاندا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ بوونی هەیە. پێوەندییەک کە لە زۆربەی بوارەکانی دیکەیشدا دەبینرێت، بەم مانایە کە هەرچی ئاستی خوێندەواری و وشیاریی گشتیی خەڵکەکە بەرز دەبێتەوە، لە ڕادەی متمانەی سیاسی، ڕەفتارە ئایینییەکان و هەرچی کە دەچێتە خانەی نەریتەوە، کەمتر و کزتر دەبێت.
لەم توێژینەوەدا ئەوەیشی لێ زیاد کراوە کە ئاستی خوێندندا، زیاترین پشکی لە دەربڕینی ڕادەی متمانەی سیاسی لە ناو باقیی بگۆڕەکانی ئەم توێژینەوەدا هەیە.
دەرەنجامی توێژینەوەیەکی دیکە کە هاوینی ساڵی ١٤٠٠ بە ناوی "پەرەسەندوویی سیاسی لە ڕوانگەی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە" لە گۆڤاری "وتارە سیاسییە هاوچەرخەکان" بڵاو بۆتەوە دەری دەخات کە لە ڕوانگەی دانیشتوانی شاری شیرازەوە، شەفافییەت، ڕاستگۆیی و دادپەوەریی حاکمانی کۆماری ئیسلامیدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەگەڵ ڕادەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتەکەوە. متمانەیەک کە هەڵبەت ساڵانێکی دوور و درێژە داڕماوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پێوەندیی نەتەوە- دەوڵەت لە ئێراندا نییە.
ئەم توێژینەوە خۆی بواردووە لە دەربڕین و ڕوون کردنەوەی نموونەکانی بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو پێوەرانەی داوەتە بەر لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا کەم ڕەنگ بوونەتەوە و کۆڵەکەکانی ڕەوایەتی و شەرعییەتی سیستسمی شیعیی پتر لە جاران لەرزۆک کردووە.
دەرەنجامەکانی ئەو ١٨ توێژینەوەیش کە لە دەیەی ٩٠ لە گۆڤارە زانستی و ئاکادێمیکەکاندا دەربارەی ڕادەی متمانەی سیاسیی خەڵک و دەوڵەتوانان بڵاو بۆتەوە نیشانی دەدات، متمانەی خەڵکی ئێران بە سترەکتۆر و سیستمی کۆماری ئیسلامی لەم دەیەدا لە ئاستێکی مامناوەنددا بووە.
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینوانە دەڵێن کە لەم دەیەدا تەنیا لە سەتا ٣٢ی خەڵک متمانەییەکی زۆریان بە کۆماری ئیسلامی هەبووە و لە سەتا ٣٨یشی هیچ متمانەیەکیان لە ئاستی مامناوەند و لە سەتا ٣٠یش بە ڕاەدەیەکی زۆر کەم متمانەیان بە سیستسمەکە هەبووە.
یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم ١٨ توێژینەوە نیشانی داوە کە حوکمڕانی، دادپەروەری، ڕەزامەندیی لە ژیان، ئەمییەت و تەناهی هاوتەریب لەگەڵ زۆربەی پێوەرەکانیدا بۆخۆیان کۆڵەکەکانی پێکهاتن یاخود داڕمانی متمانەی سیاسی لە ئێراندان.
ئەم توێژینەوە هەروەها نیشانی دەدات کە متمانەی سیاسی بە ڕادەیەکی هەرە زۆر مەودای کۆمەڵایەتیی نێوان ناوەندە حکوومەتییەکان و هاوڵاتیانی لە ئێراندا کەم کردۆتەوە.
لە بەشی کۆتایی ئەم مێتا توێژینەوەیشدا پێشنیار کراوە کە کۆمەڵێک توێژینەوە لە بواری سەرمایەی سیاسیی نێوان هاوڵاتیان و ناوەندە سیاسییەکان، زیاتر بوونی شەفافییەت لە بواری سیاسی و باشتر بوونی وڵامدانەوەی ناوەندەکان بە خەڵک، کەم کردنەوەی ئاستی لێڵی و ناڕوونییەکان سیاسییەکان لە کۆمەڵگا و ناسینی لاوازییەکانی بێ متمانەیی سیاسی لە کۆمەڵگا و چارەسەر کردنی، ببێتە بابەتی کاری ناوەندە زانستی و ئاکادێمیک و توێژینەوەییەکان.
لە کاتی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوانەوە چەندین ساڵە دەگوزرێت و وەک ڕوون و ئاشکرایە لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕووبەری ئەم کەمتەرخەمیانە لە ساڵی ١٤٠١ بە بەردەوامی قووڵتر و بەرینتر لە دەیەی ٩٠ی هەتاوی گەورە بۆتەوە.
تووڕەیی و بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، کەمەتەرخەمی بەرامبەر بەرنامە ڕێکخراوەکانی دەسەڵاتدارێتی لە شەقامەکان و هەڵاتن لە ڕێوڕەسمە گشتییە ئایینی و سیاسییەکان، لە گرینگترین نموونەکانی کەلێنی نێوان هاوڵاتیان و حاکمییەتە لە کۆمەڵگای ئێراندا.
ئەم ئاراستەگیری و بۆچوونانە وەک داڕمانی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکانی ڕوحانییە شیعە دەسەڵاتدارەکانی ئێرانیش وایە، چونکە ڕادەی سەرکەوتن و کارامەیی و بڕوا پێ کراویی هەر سیستمێک پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ڕادەی سەرمایە و متمانەیەک کە لە ناو خەڵکدا هەیەتی، شتێک کە لە کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمان دەچێت.
دوو وەرزنامەی "سیاسەتی کاربردی"یش لە تازەترین ژمارەکەی خۆیدا توێژینەوەیەکی لە پێوەندیدا بە قەیرانی کۆرۆنا و بێ متمانەیی خەڵكی ئێران بە کۆماری ئیسلامی بڵاو کردۆتەوە. لەم توێژینەوەدا هاتووە کە "قەیرانی پاندێمیی کۆرۆنا، بینا کردنەوەی پلاندانانی سیاسەتی ماکرۆی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا کردۆتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر."
ئەم گۆڤارە ئەوەیشی زیاد کردووە کە "ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەوڵەت، بە بەرز کردنەوەی متمانەی گشتی، ڕێگایەکی تازە بۆ دانانی سیاسەت بگرێتە بەر. بەبێ بوونی سیاسەتێکی ماکرۆ بەپێی متمانەی پەڕگیری گشتی، دەواڵەت بەرامبەر قەیرانەکان دۆش دادەمێنێت."
ئەم گۆڤارە ئەوەیشی لێ زیاد دەکات کە "ئەم بێ متمانەییە ئاراستەگیرییە ئاساییەکانی لە کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕاندووە و دیوارەکەی بەرزترە لەوەی کە چاوەڕێ دەکرا، بەڵام ئەوەندە قایم نییە نەڕووخێنرێت و پێوەندییەکی تازەتر لەگەڵ خەڵکدا پێناسە نەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم توێژینەوەدا هاتووە کە "کۆرۆنا ئەم وانە گرینگەی بە دەوڵەت دا کە بزانێت، لەو دیوی ئاراستەگیرییە سیاسییەکانەوە، پرسی لە دەست چوونی بنچینە گرینگەکانی متمانەی گشتی" هەیە؛ پرسێک کە لە ئێستای کۆمەڵگا ئێراندا بە ڕوونی دەبینرێت و چیتر حاشای لێ ناکرێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە