بووک و زاوای باش سەرباری گۆڕانی شێوەی خوازبێنی، وەرچەرخانی پێوەندییەکان و بەربڵاوتر بوونەوەی پێکەوەبوونەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا، هێشتا بۆ بنەماڵەکان بە پێوەرێکی گرینگ دادەنرێت.
کۆمەڵگای ئێران هەرچەندە لە درێژەی ئەم ساڵانەدا بە تەواوی تووشی گۆڕان بووە و پێوەرەکانی بەهادانان لەم بوارەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا داب و نەریت لەم کۆمەڵگادا بەهێزە و پێوەندییە کەسی و بنەماڵەییەکان بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکە پێک دەهێنێت.
وەرزنامەی "توێژینەوەی کۆمەڵگا" لە ژمارەی وەرزی بەهاردا پەرژاوە تەسەر گرینگترین پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان لە بوارەی هاوسەرگیری و بنەماڵەدا و توێژینەوەیەکی لە ژێر ناوی "ستانداردەکانی باوکان و دایکانی ئێرانی سەبارەت بە بووک و زاوای باش" بڵاو کردۆتەوە.
دایکان و باوکان و خەسووەکان و خەزوورەکان و ئەو خەزوورانەی کە لەم توێژینەوەدا بەشداریان کردووە بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە بووک و زاوای باش لە چوار تێم و ناواخنی گشتیدا باس کردووە.
هەر چوار گرووپەکە لە باوکان و دایکان و خەسوو و خەزوورەکان سەبارەت بە ناواخنی "تایبەتمەندییە باشەکانی هاوسەرگیری و پێوەندیی لەگەڵ هاوسەر"دا بە جەخت کردنەوە لەسەر تایبەتمەندییە هاوبەشەکان "پێگەیەکی تایبەت بۆ هاوسەرگیری کردن" و "تەبایی و هاوئاستی لەگەڵ هاوسەر" جەختیان کردۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە، لەم توێژینەوەدا "پاراستنی ژنایەتیی بووک لە بنەماڵە" و "سازان و نادەقبەستوویی دارایی لەگەڵ هاوسەر" تایبەت بە بووک لە پێوەندیدا بە پیاوەوە بەراورد کراوە.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە بووک و زاوا دەبێت قەدری یەکتر بزانن و هاوکات لەگەڵ پاراستنی ڕێز و میهرەبانی و وەفاداری بەرامبەر یەکتر، هەوڵ بدەن ژیانی هاوبەش وەک یەکبوون و بە شوناسێکی هاوبەشەوە پێناسە بکەن.
لەم توێژینەوەدا هەر چوار گرووپەکە سەبارەت بە ناواخنە دووهەمەکە بەرامبەر بە "پاراستنی سنوورەکان" و "پەیوەست بوون بە بنەماڵەی هاوسەرەوە" خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە. ئەوان هەروەها وتوویانە کە "ئاسان کاری کردن بۆ پێوەندیی نەوە و بنەماڵەی باوک" و "دەربڕینی درووستی هەیەجانەکان لە پێوەندییەکان لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەر"دا تایبەت بە بووکن.
ئەوان ئەوەیان لێ زیاد کردووە کە بۆ "پاراستنی سنوورەکان" لە پێوەندییەکان لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەردا، بووک و زاوا پێویستە بڕوا پێ کراو و ڕازدار بن و هاوکات کە کێشەکانیان نەبەنەوە بۆ بنەماڵەی هاوسەرەکانیان، هەوڵ دەدەن بنەماڵەکان نەخەنە عەزیەت و ئازارەوە و بۆ ئەوان زیان و نیگەرانی درووست نەکەن.
ئەم توێژینەوە هەروەها دەڵێت کە دایکان و باوکان لەو باوەڕەدان کە "بە شێوەیەکی تایبەت بووک نابێت پێوەندیی نێوان بنەماڵەی باوکی و نەوەکە خەوشدار بکات یاخود بە باس کردنی خراپەی بنەماڵەی هاوسەرەکەی لە لای منداڵەکە، وێنەکانی ناشرینیان لێ ساز بکات. هەروەها نابێت تووڕەنۆک و گرژ و مۆن بێت و هەوڵ بدات گلەییەکان بە ڕاشکاوی و هاوکات بە ڕێزەوە باس بکات."
لە بەشێکی دیکەی ئەم توێژینەوەدا هەر چوار گرووپی بنەماڵەکان سەبارەت بە ناواخنی "تایبەتمەندییە باشە بنەماڵەییەکان" وتوویانە کە "بنەماڵەیەکی ئەمن و چاوەڕوان کراو"، "تەبایی و هاوئاستیی بنەماڵەکان"، "دایک وەک ئەندامێکی یەکلایی کەرەوە"یان بە شێوەی هاوبەش بۆ بووک و زاوا و "تەندرووستیی ژێنێتیکیی بنەماڵەی بووک" بۆ بووک بە تایبەت زانیوە.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە لەوێوە کە بنەماڵە یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانە لە بارهێنانی منداڵدا، کەواتە بنەماڵەی بووک و زاوا پێویستە بە ئیمان، ڕەسەنایەتی، بڕوا پێ کراویی، خاوەن ڕێز و ئابڕوو بوون، خاکەڕایی و خاوەن پێوەندییەکی لێک هەڵپێکراو و ڕێزدارانە بن. هەروەها هەر دوو بنەماڵەکە بۆ هەبوونی تێگەیشتنێکی باشتر لە یەکدی پێویستە خاوەن هاوسەنگییەکی گونجاو بن.
ئەم توێژینەوە هەروەها نیشانی دەدات کە هەر چوار گرووپەکە سەبارەت بە ناواخنی "تایبەتمەندییەکان و توانستە ستانداردە کەسییەکان" وتوویانە تایبەتمەندییە هاوبەشە "پیشەییەکان و خوێندن"، "ئەخلاقی و ڕەفتاری"، "کەسێتی"، "کارامەیی و بەڕێوەبەری" زۆر بە گرینگ دەزانن.
ئەوان وتوویانە بووک و زاوا دەبێت خاوەن هەندێک تایبەتمەندیی وەک پاکی، خاکەڕایی، قەناعەت، کۆمەڵایەتی بوون و خەڵک دۆستی بن و هەروەها ئەوەی لە خوێندن و خوێندەواری گرینگترە، دەرکەوتنی ئەم تایبەتمەندیانەیە لە قسە و هەڵسوکەوتی تاکەکەدا.
بە بڕوای ئەوان "هەبوونی کارتی کۆتایی هاتنی خزمەتی سەربازی و تووش نەبوون بە مادە هۆشبەرەکان"، "کارامەیی لە کۆنتڕۆڵ کردنی تووڕەیی" و "گێڕانی دەوری باوکایەتی" تایبەت بە زاوا و "تەندرووستیی ژێنێتیکی و زاوزێ"، "عەفاف"، "چێشت لێنان و کابانی"، "ڕێکخستنی ژیانی هاوبەش" و "گێڕانی دەوری دایکایەتی" تایبەتە بە بووک.
بەشێكی دیکەی ئەم توێژینەوە لەم چوار گرووپەی پرسیوە کە بۆچی ئەم ستانداردانەیان بۆ بووک و زاوا هەیە کە کۆی وڵامەکانیان نیشانی دەدات لەم پێوەرانەدا "بازنەیەک هەیە که دەوری سەرەکیی دەگێڕێت هەڵسووڕاندنی سیستمی پێوەندییە بنەماڵەییە باشەکانی دوای هاوسەرگیریی منداڵدا."
بەپێی نووسینی ئەم توێژینەوە، لە ڕاستیدا دایکان و باوکان تەنیا قایل بە پێوەندیی باشی منداڵەکەیان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نین و خوازیاری کۆمەڵێک پێوەندیی زیاترن لە پێوەندیی هاوسەرگیریی منداڵ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.
کەواتە پاش هاوسەرگیری، کوالیتی و چۆنییەتیی پێوەندیی منداڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی، بنەماڵە لەگەڵ بووک و زاوا، بنەماڵە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەری منداڵەکە، بنەماڵە لەگەڵ نەوە و تەندرووست مانەوەی پێوەندیی بنەماڵە لەگەڵ منداڵیشدا وەک فاکتەرە گرینگەکان لە کوالیتیی و ڕەزامەندیی باوکان و دایکان لە هاوسەرگیریی منداڵەکانیاندا باس کراوە.
ئەم توێژینەوە هەروەها نیشانی داوە کە پێوەرەکانی باوکان و دایکان سەبارەت بە بووک و زاوا، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەور و دەسەڵاتی بنەماڵەکان لە شکڵگرتنی هاوسەرگیریدا هەیە و ڕێگری کردن و ئاسانکاریی بنەماڵەکان لەم بوارەدا دەوری بنەڕەتییان هەیە.
ئەم توێژینەوە ئەوەیشی زیاد کردووە کاتێک کە دوای هاوسەرگیری هەندێک لە پێوەرەکانی باوکان و دایکان وەدی نایەن، ئەوان هەوڵ دەدەن بۆ پێشگرتن لە بشێوی یاخود هەڵوەشانەوەی ژیانی منداڵەکەدا خۆیان لەگەڵ هەلومەرجەکەدا بگونجێنن و هاوکات کە خواستەکانیان سەرکوت دەکەن، لە ڕێگەی گەورە کردنەوەی ئیمتیازەکانی بووک و زاواوە عەیب و لاوازییەکانیان دادەپۆشن.
ئەوان هەروەها هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن تا بووک و زاوا بەئاگا نەبنەوە لە خواستەکانیان. دایکان و باوکان تەنانەت ئەولەویەتەکانی خۆیان دەگۆڕن و بە بینینی ڕەزامەندیی منداڵ و سەرکەوتوویی نەوە، چاوپۆشی لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی باشتر بتوانن لەگەڵ تایبەتمەندییە نەشرینەکاندا هەڵبکەن و بەرگەیان بگرن.
بەشێک لەم پێوەر و ستاندرادانە هەرچەندە لە بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکاندا کاڵ بوونەتەوە و جێگاکەیان داوەتە بەها پتر مرۆیی و دادپەروەرانەکان، بەڵام کۆمەڵگای ئێران بۆ گەیشتن بە ئاستێکی باڵاتر لە کۆت و بەندەکانی نەریت و ئایین، ڕێگایەکی دوور و درێژی لە پێشە لە بە خێرایی خەریکی تێپەڕاندیەتی.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە