بە دوای بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەراسەری لە هەموو شارەکانی ئێران بە بۆنەی نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی کوشتاری ناڕازیان لە مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٨٩دا، ئەمڕۆ سێشەمە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بازاڕیان و کاسبکارانی کورد لە شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین بە دەم ئەم بانگەوازە هاتوون.
بەرێوەچوونی بەرینی ئەم مانگرتنە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی ڕابردوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ مەحکووم کردنی هێرشی دووبارەی مووشەکی و بالستیکیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆسەر ئۆردووگا ناوەندییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، بازاڕیان و کاسبکاران و خەڵکی ڕۆژهەڵات دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەراسەری.
سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە سەرەتای نۆهەمین حەتووی مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێراندا، جارێکیتر هیرشی مووشەکی و بالستیکیی کردەوە سەر ئۆردووگا ناوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەوانە "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا.
بەپێی ڕاپۆرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، تاکوو کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە دوکان و بازاڕی زۆربەی هەرە زۆرە شارەکانی کوردستان لەوانە کرماشان، سەحنە، تیکاب، بیجاڕ، سەردەشت، پیرانشار، سنە، کامیاران، ئیلام، مەریوان، قوروە، پاوه، دێولان، بانه، سەقز، دیواندەرە، مهاباد، شنۆ، جوانڕۆ، بوکان و ڕوانسەر داخراون و بازاڕیان و کاسبکارانی پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.
بەڕێوە چوونی بەرینی ئەم مانگرتنانە بەرینەی بازاڕیان و دووکاندارن لە کوردستان لە حاڵێک دایە کە لە شاری سنە، جگە لە بازاڕیان، شەهرەکی پیشەسازیی تەعمیرکارەکانیش لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەمڕۆ ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە.
وەکیتر، ئەمڕۆ لە درێژەی مانگرتنەکان سەراسەرییەکاندا، خوێندکارانی پزیشکی لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە دەستیان دایە مانگرتن و پەیوەست بووون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.
هەروەها خوێندکارانی هەر دوو زانکۆی رازیی کرمانشان و زانکۆی کوردستان، گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و درووشمگەلی دژ حکوومەتی دەڵێنەوە.
سەرچاوەکانی "ئێرانوایر" باس لە دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکان و کردنەوەی ئاگر و داخستنی ڕێگاکانی هاتوچۆ دەکەن لە شارەکانی سنە، کرماشان، جوانڕۆ، سەقز و مهاباد.
شایەتحاڵەکان لە سنە، سەقز و مهاباد بە "ئێرانوایەر" دەڵین هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان چەند درۆن بەسەر ئاسمانی شارەکانی سنە، مهاباد و سەقزەوە دەگەڕێن و وێنەی خەڵکی ناڕازی هەڵدەگرن.
لە لایەکیترەوە، شورا پیشەییەکانی خوێندکارانی ئێران باس لە ئەمنییەتی کردنەوەی کەشی هەندێک لە زانکۆکان دەکەن هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵک لە ئێراندا.
بەپێی ڕپۆرتی ئەم شورایە، کەشی ئەمنییەتیی بەرامبەر دەرگای سەرەکی و ئۆفیسی سەرۆکایەتیی زانکۆی پیشەسازیی شەریف ئاڵۆزە و ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەتییە لیباس شەخسییەکان لە ناو حەساری زانکۆکەدا بینراون.
سەرچاوە خوێندکارییەکان، هەروەها باس لە بەکارهێنانی تووندتیژی لە لایەن هێزەکانی حیراسەت و لباس شەخسییەکان لە زانکۆی تەکنیکی دەکەن کە لە چەند کاتژمێر بەر لە ئێستاوە دەستیان داوەتە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی.
هەروەها لە پەردیسی ناوەندیی زانکۆی تاران، هێزەکانی حیراسەت لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام داوە، هەڵسوکوتی تووندوتیژکارانە و نا یاساییان لەگەڵ کردوون.
شورای پیشەیی خوێندکارانی ئێران لە زمانی خوێندکارێکەوە لە زانکۆی تاران نووسیوەتی کە خوێندکاران ، بەپێی مافی یاسایی خۆیان بۆ بەڕێوە بردنی مانگرتن و گرد بوونەوە پێداگریان کردبوو، بەڵام پاش بەردەوام بوونی هەڵسوکەوتی تووندوتیژکارانە، حیراسەتی زانکۆی تاران و لیباس شەخسییەکان پەلاماری خوێندکارە مانگرتووەکانیان داوە.
بە گوتەی خوێندکارێک کە بۆخۆی لەم مانگرتنەی خوێندکاراندا بەشداریی کردووە، گرژی و تیکهەڵچوون لە پەردیسی ناوەندیی زانکۆی تاران هەر بەردەوامە و یەکێک لەو کەسانەی کە بۆتە هۆی درووست بوونی گرژی و لێدان لە خوێندکاران، "حوسەین ئیزەدیار"، سەرۆکی پاراستنی فیزیکیی زانکۆی تارانە.
لە زانکۆی تەربیەت مودەڕیسیش سەرەڕای باڵادەست کردنی کەشی ئەمنییەتی، خوێندکاران دەستیان داوەتە مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی.
خوێندکاران لە چەندین زانکۆی تاراندا، هاوکات لەگەڵ باقیی خەڵکەکەدا پۆلەکانی خوێندیان چۆڵ کردووە و مانیان گرتووە.
خوێندکارانی زانکۆی بەرقی خواجە نەسیر و زانکۆی ئازادی تاران لقی زانستە توێژینەوەییەکان، بە وتنەووەی درووشمی "قسم به خون یاران، ایستادهایم تا پایان" لە نارەزایەتییەکاندا بەشداریان کرد.
خویندکارانی کۆمپیوتەری زانکۆی بەهەشتی و هەروەها لقی دەروونناسی و زانستەکانی بارهێنان، لەم زانکۆیەشدا مانیان گرتووە.
خوێندکارانی لقی دەروونناسیی زانکۆی شەهید بەهەشتی، ئەمڕۆ لە نارەزایەتیدا بە دەستگیر کردنی "فاتمە ئەنساری"، خوێندکاری ئەم زانکۆیە، وانەکانی خوێندنیان چۆڵ کرد.
کۆمەڵێک وێنەیش لە خوێندکارانی ماتماتیک و زانستە بنەڕەتییەکانی زانکۆی گیلان و گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی شەریفیش بڵاو بوونەتەوە کە بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵوەگەڕی کوشتاری ئابانی ١٣٩٨ بڕێوە چوون.
ئەم مانگرتنە بەرینانە لە وڵام بە بانگەوازەکان بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا بەڕێوە چوون کە دوای هاتنەوەی ساڵەوەگەڕی کوشتاری ناڕازیان لە ئابانی ساڵی ١٣٩٨دا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کرانەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە