فایلێکی دەنگی لە ژنێکی زیندانی لە ناو زیندانی ورمێ بە دەستی "ئێرانوایەر" گەیشتووە، کە دەریدەخات ژنێکی گەنج بە ناوی "ئەفسانە" خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دوروبەری "بۆکان"، کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە، لە کاتی بازجوویی لە لایەن هێزەکانی "ئیتلاعاتی سپا" دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و بە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و جەستەییەوە لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ڕازی لە نزیک شاری تەورێز گواستراوەتەوە.
ئەم ژنە گەنجە کە دەوترێت ٢٢ ساڵیەتی، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانەی دەروونی خەوێندرا و پاشان گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ورمێ و دوای ئازاد بوونی خۆی کوشتووە. ئەفسانە، لە کاتێکدا براوە بۆ زیندانی ورمێ هاواری کردووە و بە ژنانی ناو زیندان دەڵێت حاڵی زۆر خراپە و چەندین جار دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەری دەیەوێت لە زووترین کاتدا بنەماڵەکەی ببینێت.
"فاتمە داوەند"، چالاکی سیاسی و زیندانی پێشوو لە زیندانی ورمێ، لەگەڵ چەند کەس لە زیندانییە پێشووەکان لە زیندانی ورمێ قسەی کردووە و لە زمانی ئەوانەوە دەڵێت: "لانیکەم ٨ کچی گەنج کە لە ناویاندا کچێکی ١٧ ساڵان هەیە، بە زیندانییەکانی دیکەیان وتووە کە پێش هاتنیان بۆ زیندانی ورمێ و لە بازجوویی یەکەمدا لە لایەن ئیتلاعاتی سپا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان." بەپێی وتەکانی فاتمە ئەم ڕاپۆرتە، لەگەڵ دەستبەسەرکراوان لە زیندانی ورمێ ڕێکخراوە.
***
لە حاڵێکدا هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە دوو مانگی یەکەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ١٨ هەزار کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستگیر کراون، بە گشتی ناوی کەمتر لە سێ هەزار کەس لە کۆی گشتی دەستگیر کراوان ڕاگەیەندراوە.
تا ئێستا ناو و ناسنامەی ٥٧٧ ژنی دەستگیر کراو لە لایەن "ئێرانوایەر"ەوە تومار و پشتڕاست کراوەتەوە. کۆمەڵێک لەم دەستگیر کراوانە لە بەرواری ٢٧ی خەرمانان تا ٥ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە ئازاد بوون.
فاتمە داوەند، چالاکی سیاسی و زیندانی پێشوو، لە زمانی زیندانیانی ورمێ دەڵێت: "لە سەرەتای دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ ژن کە زۆربەیان لە کچانی گەنج پێکهاتوون، لە شارە کوردنیشنەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەوانە مهاباد و بۆکان نێردراون بۆ زیندانی ورمێ.
ئەم ژنانە سەرەتا لە گرتووخانە کاتییەکانی "ئیتلاعاتی سپا" بازجووییان لێکراوە و دواتر بۆ بەندی نسوان لە زیندانی ورمێ گوازراونەتەوە.
لە بەندی نسوانی زیندانی ورمێ چی دەگوزەرێت؟
زیندانییە کۆنەکانی ناو زیندان بە فاتمە داوەندیان وتووە ژنانی ناڕازی لە زیندانی ورمێ وەک ئاژاوەگێڕ پێناسە دەکرێن و لە کاتی گواستنەوەیان بۆ زیندان ، تەریک دەخرێنەوە و دوور لە زیندانیانی دیکە ڕایاندەگرن. یەکێک لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە فاتمە داوەندی وتووە: "ناڕازیانی دەستگیر کراو لە مافی هەواخۆری، تەلەفۆن و قسە کردن لەگەڵ زیندانیانی دیکەدا بێبەرین بە شێوەیەک لە حاڵەتی کەرەنتینەدا بەسەر دەبن. بە هاتنی ئەم ژنانە دەرگای زیندانیان لەحیم کردووە، بۆ ئەوەی بە شۆڕش کردن لە ناو زینداندا نەتوانن ئەم ژنانە بەرنە ناو شوێنی گشتی زیندانەوە."
بە وەتەی ئەم زیندانییە پێشووە، دەستگیر کراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بە شێوەی نهێنی و لە دەرگای پشتەوە براونەتە ناو زیندانەوە."
فاتمە کە خۆی ماوەیەک لەم زیندانەدا دەستبەسەر بووە دەڵێت: "زۆر سەختە بیهێنیتە پێس چاوت ١٥٠ ژن لە دوو ژووری بچووک و ڕێڕەوێکدا جێگیر کرابن". ئەگەری ئەوە هەیە حەساری زیندانەکە فەرش کرابێت و زیندانییەکان لەوێ ڕابگیرێن. تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو چێشتخانەوە، قاپی خواردنەکانیان دەبرێتە پشتەوەی ئەو شوێنەی لیڕاگیراون بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت پێوەندیان لەگەڵ بگرێت.
لە کاتی هاتنی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە دوو حەتووی ڕابردوودا، هەواخۆری بۆ سەرجەم ژنانی دەستبەسەر کراو لە زیندانی ورمێ قەدەغە کراوە."
بە وتەی خاتوو فاتمە، ئەم ژنانە کە زۆربەیان لە کچانی گەنج پێکهاتوون، نزیکەی دوو حەوتوو دوای بازجوویی و کەرەنتینە لە لایەن ئیتلاعاتی سپا ڕادەستی زیندان کراون: "شایانی باسە کاتی بازجووییەکان، بەپێی تۆمەتی ناڕازیان جیاوازە."
٨ حاڵەتی دەستدرێژی و داوای حەبی بەرگری کردن لە دووگیانی بۆ ژنانی زیندانیکراو
تەنیا ژنێک لە ناو ناڕازیانی دەستگیر کراودا، بۆ ماوەی١٠ خولەک یان کەمتر، لە ماوەی وەرگرتنی چایی لە چێشخانەی زیندان توانیویەتی بە زیندانیانی دیکە بڵێت، لانیکەم ٨ کەس لەو ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون، لە کاتی بازجووییەکاندا ئەشکەنجە کراون و بە خراپترین شێوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان. تەمەنی ئەم ژنانە لە نێوان ١٧ تا ٢٣ ساڵ ڕاگەیەندراوە.
یەکێک لە زیندانیانی ورمێ بە فاتمە داوەندی وتووە، لە کاتی بازجوویی کچێکی ١٨ ساڵان ئامادە بووە، کە بە لیباسی خەوەوە هێنابوویان بۆ گرتووخانە. یانی شەو هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەیان و دەستگیریان کردبوو. فاتمە دەڵیت هەمووی ئەو ژنانە لە شەقام و لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر نەکراون، هەندێک لەوانە سەرەتا ناسراون و هەڵبژێردراون پاشان هێرش کراوەتە سەر ماڵەکانیان و دەستگیر کراون.
کەسێک بە نوێنەرایەتی لە ژنانی ناڕازی دەستگیر کراو لە پارچە کاغەزێکی بچووکی پێچراودا پەیامی دابوو بە یەکێک لە زیندانییە کۆنەکانی زیندانی ورمێ کە تیایدا نووسرابوو: "بۆ ژنانی تازە دەستگیر کراو پاکەتێک حەبی LD، حەبی بەرگری لە منداڵ بوون، ئامادە بکەن."
زیندانییە پێشووەکان بە فاتمە داوەندیان وتووە ژمارەیەک لەم ژنانی دەستگیر بوو لە ناڕەزایەتییەکاندا، بە هۆی دەستدرێژی لە کاتی بازجووییەکاندا نیگەرانن لەوەی دووگیان ببن.
فاتمە داوەند دەڵیت: "بە داخەوە بە هۆی سەختگیری لەڕادەبەدەری ناو بەندەکان، تا ئێستا هیچ زیندانییەک نەیتوانیوە حەبی بەرگریی لە منداڵ بوون بگەیەنێتە دەست زیندانیانی تازە دەستگیر کراو."
خاتوو فاتمە دەڵێت: "کچێکی ١٧ ساڵان ژمارە تەلەفۆنی بنەماڵەکەی داوە بە زیندانیەکی باوەڕپێکراو و پێی وتووە بە بنەماڵەکەی بڵیت، کە لە ناو زینداندایە، ئەو وتوویەتی بە تووندی ئەشکەنجە دراوە و هاوکات دەستدڕێژی کراوەتە سەریان و لەوە زیاتر ناتوانێت هیچ بڵێت."
ژنانی زیندانی بە فاتمەیان وتووە ئەم کچە منداڵە زۆر ترسا بوو و بەردەوام پرسیاری ئەکرد "لەوانەیە دووبارە بۆ بازجوویی بمبەنەوە؟" دەترسا لەوەی بۆ جارێکی دیکە بۆ ئەوێ "گرتووخانەی کاتیی ئیتلاعاتی سپا کە لەوێ دەستدرێژی سێکسی کرابووە سەر" ببرێتەوە.
خاتوو فاتمە دەڵێت، دەستدرێژی وەک چەکێکی جەنگی لە دژی ژنانی گەنجی دەستگیر کراو بەکار هێنراوە.
هەروەها زیادی دەکات و دەڵێت ژماریەکی زۆر لەو ژنانە لە ترسی بنەماڵەیان وئابڕوو چوون و پەڵەی شەرمەزاری لە لایەن کۆمەڵگا لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەڵام نابێت بێدەنگ بن، چوونکە بازجووەکانی ئیتلاعاتی سپا زۆر بە ئاسانی دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی ناڕازی.
چۆن ژنانی ناڕازی لە زینداندا بێدەنگ دەکەن؟
بە وتەی فاتمە داوەند، هەموو شەوێک لە کاتژمێر ٨ی شەودا بە زۆر حەبی خەو بە زیندانیان دەدەن. پێیان وتوون بۆ پاراستنی ورەی ئێوە بە هۆی ئەو گوشارانەی ئەم ماوەیە بەسەرتانەوە بووە ئەم حەبانەتان پێدەدرێت.
فاتمە ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "لە زۆربەی ئەو دەستگیر کراوانەی هات وهاوار دەکەن وناڕەزایەتی دەردەبڕن دەرزیەکیان لێدەدەن پاشان بۆ نەخۆشخانەی دەروونیی ڕازی دەگوازرێنەوە. ئاگادار نین لەوەی لە نەخۆشخانەی ڕازی چی بەسەر ئەم کەسانە دێت کاتێک دەگەڕێنەوە، حاڵەتی ئاسایی خۆیان لەدەست دەدەن."
بە وتەی فاتمە داوەند، کاتێک ناڕازیانی دەستگیر کراو ڕایانگەیاند دەستدرێژی کراوەتە سەریان، زیندانیانی پێشوویی ناو زیندان بۆ پشتیوانی کردن لەوان ناڕەزایەتییان دەربڕی، هێزەکانی دژە شۆڕشی ئیتلاعات ڕژانە ناو بەندەکان و ١٠ بۆ ١٢ کەس لە ژنانی زیندانیان بە زۆر برد بۆ وەزارەتی ئیتلاعات و دوای لێدان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر بۆ هەر یەک لەوان، لە دادگای شۆڕش دۆسیەی تازەیان بۆ ئامادە کراوە. کارمەندانی زیندان هەڵسووکەوتێکی وایان کرد کە چیتر کەس نەتوانێت پشتیوانیان لێبکات.
دەستدڕێژی بۆ سەر ژنان لە زیندانەکان؛ ٤ دەیە لەشفرۆشی لەبری چەند ڕۆژ مەرەخەسی
ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ١٤٠١، "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکی توێژینەوەییدا هەواڵی "دەستدرێژی سێکس"ی بۆ سەر بڕێك لە دەستگیر کراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، لە زیندانەکانی ئێران ڕاگەیاند.
ڕاپۆرتی "سی ئێن ئێن" بە پشتبەستن بە شایەتی ژمارەیەک لەو دەستگیر کراوانەی کە ئازاد بوون، یان ئەو سەرچاوانەی لە نەخۆشخانەکان بڵاو کرانەوە. ئەم ڕاپۆرتە دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، کچان و کوڕانی گەنجی لە زیندانەکاندا پشتڕاست کردەوە.
"سی ئێن ئێن" لە ١١ حاڵەتی توندووتیژی جینسی دژی ناڕازیان لە زیندانەکانی ئێران ئاگادار بووەتەوە و توانیویەتی زۆرینەی ئەوانە پشتڕاست بکاتەوە. بەڵام ئەم پرسە شتێکی نوێ نییە لە زیندانەکانی ئێراندا.
فاتمە داوەند، زیندانی سیاسی پێشوو، لە کاتی دەستبەسەر بوونی لە زیندانی ورمێ لەگەڵ ژنێک ئاشنا دەبێت کە ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بوو. ئەم ژنە بە فاتمەی وتبوو کە بە هۆی دەستدرێژی بازجووەکان لە هۆش چووم و کاتێک هۆشم هاتووەتەوە لیباسەکانی ژێرەوەم لەبەردا نەمابوو.
ئەم ژنە زیندانییە بە فاتمەی وتبوو ئەو شوێنەی منیان بۆ ئەوێ برد وەک تەبەقەیەکی ئاپارتمانی وا بووە نازانێت لە لایەن کام ناوەندی ئەمنیەتییەوە دەستگیر کراوە؛ هێزەکان نە لە ئیتلاعاتی سپا بوون، نە وەزارەتی ئیتلاعات.
ئەم ژنە بە فاتمەی وتووە ڕوخساری ئەم کەسە لیباس شەخسیانەی لە بیر ماوە. ئەم ژنە زیندانییە بانگەشەی کردووە کە ئەو سێ پیاوە پێکەوە دەستدرێژیان کردووەتە سەری.
هەروەها وتوویەتی، دەستدرێژی بۆ سەر ژنان جۆرێک چەکە بۆ دانپێدانان، هەڕەشە و دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئەتک کردنی ژنانە.
پێشتر یەکێک لە زیندانیان بە فاتمەی وتبوو، سەرەتا یەکێک لە بازجووەکان لە پێش چاوی من بوتڵێکی شووشەی خزاندە نێو زێی هاوڕێکەمەوە و منیان ترساند و هەڕەشەیان لێکردم. منیش بە بینی ئەم دیمەنە هاوارم کرد و وتم هەرچیت بوێت دەیکەم و دان بە هەموو شتێکدا دەنێم.
فاتمە دەڵیت وەک ئاژەڵ هەڵسووکەوت لەگەڵ زیندانییەکان دەکەن. ئەوان نایانەوێت پێوەندی سێکسی لەگەڵ دەستگیر کاراواندا بگرن، بەڵکوو ئەمە تەنیا وەک فێڵێک بۆ ترساندن و تۆقاندنی دەستگیر کراوان بەکار دەهێنن. دەیانەوێت ژنان بچووک و کۆیلە دەربخەن و پیان بڵێن هیچ نین و هەر کارێک پێمان خۆش بێت لەگەڵتان دەیکەن.
فاتمە داوەند باسی بارودۆخی یەکێک لە ژنانی زیندانی کە بە کوشتن تۆمەتبار کراوە دەکات کە ناوی لای "ئێرانوایەر" پارێزراوە بەم شێوەیە وەسف دەکات: "کاتێک لە زینداندا بووە لە یەکێک لە هێزەکانی ناو زیندان دووگیان دەبێت و کاتێک لێخۆش بوونی بۆ دەردەچێت و لە زیندان ئازد بوو، توانی منداڵەکە لەبار ببات. لەم ماوەدا ئەو هێزە ئەمنییەتییە پەیامی ناردووە و سوراخی ئەم ژنەی گرتووە کە لە زیندان پێکەوە هاوڕێ بووین، و پرسیویەتی هیچ هەواڵێکتان هەیە لەسەری؟"
پێدانی مەرخەسی و پابەندی ئەلیکترۆنیکی لەبەرامبەر سێکسدا
وەرگرتنی مەرەخەسی دە ڕۆژە یان پابەندی ئەلیکترۆنیکی، یەکێک لەو بابەتانەیە کە زیندانیان لە بەرامبەر سێکس لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بەشە، مامەڵەی لەسەر دەکرێت. فاتمە دەڵیت زۆربەی ژنانی زیندانی ئەم مەرجە قبووڵ ناکەن، بەڵام بەشێک لەوانە فریویان خواردووە یان کاتێک لەگەڵ دۆخێکی سەختدا ڕووبەڕوو دەبنەوە، ناچار دەبن جەستەی خۆیان بفرۆشن.
فاتمە، باس لە یەکێک لە هێزەکانی زیندان بە ناوی "فەرامەرزی" دەکات کە لێکۆڵەری دۆسیەی زیندانیان و بەرپرسی بەشی ئیدارییە دەڵیت: "لەیلا یەکێک لە هاوڕێکانی من بوو لە زینداندا، بۆ بینی منداڵەکانی داوای مەرەخەسی و چوونە دەروەی بە پابەندی ئەلەکترونیکییەوە لە زیندان کردبوو، لە وڵامدا فەرامەزری وتبووی ئەم داواکارییە دەبیت لە لێژنەیەکی ٥ کەسیدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و لە کۆتاییدا دەرکەوت ئەوە فەرامەرزییە ئەم بڕیارە دەردەکات و لە بەرامبەردا، داوای سێکس لە لەیلا دەکات. لەیلا قبووڵی ناکات و بۆ چاوپێکەوتنی منداڵەکانی ناچێت."
فەرامەرزی هەمان پێشنیاری بە فاتمە دابوو تا لەبەرامبەر مەرەخەسی بە پابەندی ئەلەکترونیکییەوە، لە دەرەوەی زیندان پێوەندی سێکسی لەگەڵ هەبێت. فاتمە بۆ ئەم وتەی خۆی شایەدی هەیە و دەڵیت تەنانەت ژمارەکەی پێداوام و پێداگر بووە لەسەر ئەوەی کاتێک چووم بۆ مەرەخەسی پێوەندی لەگەڵ بگرم.
ئەمە لە حاڵێکدایە ئەم ژنە هاوسەری هەیە و دایکی سێ منداڵە.
فاتمە دەڵێت زۆربەی هێزەکانی ناو زیندان لەگەڵ ژنانی زیندانی پیوەندی سێکسی دەگرن.
فاتمە داوەند یەکێک لە دەستگیر کراوانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، و لە شایەتەکانی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەرە. خاتوو فاتمە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ١٣٩٨ دەستگیر کرا و لە لایەن دادگا بە ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندان سزا درا و دەورەی مەحکوومیەتی خۆی لە زیندانی ورمێ تێپەڕ کرد. لە خەزەڵوەری ١٤٠٠، و دوای تێپەڕ کردنی یەک لە سێی حوکمەکەی، ناوبراو کەوتە بەر لێبوردنی مەرجدار و لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
خاتوو داوەند کە یەکێک لە شایەتانی دادگای نێودەوڵەتی خەزەڵور بوو، لە زستانی ساڵی ١٤٠٠، بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئێرانی جێهێشت و چوو بۆ تورکیە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە