close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

کوردستان؛ مانگرتنی بەرین بازاڕیان، کەشی قورسی ئەمنییەتی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان

۱۴ سەرماوەزی ۱۴۰۱
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۴ خولەکدا
کوردستان؛ مانگرتنی بەرین بازاڕیان، کەشی قورسی ئەمنییەتی و سەرکوتی  ناڕەزایەتییەکان

دوای بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتنی سراسەری لە شارەکانی ئێران لە ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، بازاڕیان و دووکان‌دارنی لانیکەم ٣٢ شار لە شارەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەستیان دایە مانگرتن و دووکانەکانی خۆیان داخست.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە دەست "ئێران‌وایەر" گەیشتووە، بازاڕیان و دووکان‌دارانی شارەکانی سەقز، سنە، دێولان، ئیلام، سەرابلە، کرماشان، پاوە، جوانڕۆ، گیلان‌غەرب، دیواندەرە، کامیاران، قوروە، مەریوان، ورمێ، بانە، ڕوانسەر، ساحێبی سەقز، شاباد، ئەیوان‌غەرب، کۆزەران، ئیسلامابادی غەرب، موچشی کامیاران، بانەێرەی پاوە، تیکاب، ئابدانان، بۆکان، مهاباد، پیرانشار، شنۆ، ڕەبەت و سەردەشت دووکانەکانیان داخستووە و پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە درێژەی مانگرتنی بەرینی چین و توێژە جۆراووجۆرەکان لە شارەکانی ئێران‌دا، کامیۆن‌دارانی ناڕازی لە شاری سنەیش لە وڵامدانەوە بە بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتنی سێ ڕۆژوەی سەراسەری، کامیۆنەکانی خۆیان لە کۆتایی باربەریی سنەدا کوژاندەوە و پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە. شایانی باسە کە کامیۆندارانی سنە لە پێنجەمی مانگی سەرماوەزەوە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.

لە لایەکی‌ترەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری سنە جگە لە کەشی قورسی ئەمنییەتی باس لە دانانی سەیترەی گەڕۆکی ناوشاری هاوکات لەگەڵ بانگەوازی سێ ڕۆژەی مانگرتنە سەراسەرییەکان لەم شارەدا دەکەن.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی، هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ جاشەکان بە سەر و چاوی داپۆشراوەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە لە هەندێک گەڕەکی وەک "بەهاران" و "٢٥"ی سنەدا دەستیان کردووە بە دانانی سەیتەرەی کۆنتڕۆڵ و پشکنین لەناو ئەم شارەدا و جگە لە پشکنینی سەیارەی هاوڵاتیان بە تایبەت لێپرسینەوە لە کچان و کوڕانی گەنج دەکەن و لە هەندێک حاڵەتیش‌دا مۆبایلەکانیان وەردەگرن و دەیپشکنن.

ئەو دەڵێت سپای پاسداران تەنانەت لە گەڕەکی بەهاران‌دا دەوری سەت مەتر لەمپەریان داناوە تا ئەگەر ویستیان کەسانی گومان لێکراو دەستگیر بکەن، ڕێگای دەربازبوون و هەڵاتنی نەبێت.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە هێزەکانی سپای پاسداران، دژە شۆڕش و جاشەکان بە چەکی جۆراوجۆرە و ئامێرەکانی سەرکوتەوە بە شێوەیەکی بەرین لە مەیدانی ئیقباڵ، خیابانی شەشەمی بەهمەن، گەڕەکی فیردەوسی، بەهاران، کاراموزی، ٢٥ و نەبوەت هێزەکانی خۆیان بۆ ڕیفری کردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان جێگیر کردووە.

بە گوتەی سەرچاو ناوخۆییەکانی "ئێران‌وایەر"، ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەندێک لە گەڕەکەکانی سنەدا دەنگی تەقەی فیشەکیش بیستراوە.

شایانی باسە کە ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەراسەریی بازاڕیان و دووکان‌داران لە سنە، دەیان کەس لە هاوڵاتیانی ئەم شارە لە ڕێ‌وڕەسمی چلەی گیان بەخت‌کردوان "سارینا ساعیدی" و "محەمەد شەریعەتی" کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لەم شارەدا گیانیان بەخت کردبوو لە "بەهەشت موحەمەدی"ی سنەدا کۆ بوونەوە و دروشمگەلی دژە حکوومەتیان وتەوە.

سارینا ساعیدی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سنە چواری خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لەم شارەدا دوای لێدان بە باتوم لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانە بریندار بوو و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەست دا. محەمەد شەریعەتیش هاوکات لە ڕۆژی چلەی"ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان‌دا لە سنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان کەوت و گیانی بەخت کرد.

شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرینی بازاڕیان لە مەریوان، ڕاپۆرتەکان بەس لە داخرانی زۆرینەی قوتابخانەکان و هەروەها ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە دوو گەڕەکی ئەم شارەدا دەکەن.

بە گوتەی هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان، ئەمڕۆ قوتابیانی زۆرینەی هەرە زۆری قوتابخانەی کوڕانە و کچانەی خولی دواناوەندیی یەکەم و دووهەم (دەبیرستان) لە درێژەی پشتیوانی کردن لە مانگرتنی سەراسەریی بازاڕیان لە وانەکانی خوێندن‌دا ئامادە نەبوون و قوتابخانەکانی ئەم دوو خولە داخران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها بە ئاماژەدان بە ئامادەیی بەرینی هێزەکانی سپای پاسداران لە مەیدانەکان و گەرەکەکانی مەریوان‌دا دەڵێت: "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرینی بازاڕیان ژمارەیەک لە ناڕازیان لە گەڕەکەکانی مووسک و کوورەی مووسەوی بە گرتنی ڕێگاکانی هات‌وچۆ و وتنەوەی درووشمگەلی دژە حکوومتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خۆیان دەست پێکردەوە بەڵام دوای هێرشی هێزە چەکدارەکان و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکەکە ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان پێهات."

دەگوترێت لە کاتی ئەم ناڕەزایەتییەدا چەند کەس لە ناڕازیان بە تەقەی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ بەرین بوونەوەی مانگرتنی گشتیی بازاڕیان لە شارەکانی کوردستان، کاروانێک لە هێزە سەربازیییەکانی سەر بە سپای پاسداران بە چەک و چۆڵی جەنگی و ئامێرە سەربازییەکانی سەرکوتەوە لە شاری بۆکانەوە بەرەو سەقز بەڕێ کراون.

لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە تووند بوونەوە و هەرورەها فراوان بوونەوەی هەرچی زیاتری کۆنتڕۆڵی سەربازیی جادەی نێوان شارەکان و هەروەها دانانی سەیتەرەی جۆراوجۆر لە جادەکانی هاتن و چوونە دەروەی شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی سەرچاوە خۆجێیەکانی "ئێران‌وایەر" لە شارەکانی کوردستان، بە تایبەت هاوکات لەگەڵ بانگەوازی سێ ڕۆژە بۆ مانگرتنە سەراسەری، هێزەکانی سپای پاسداران لە جادەکانی هاتن و چوونە دەرەوەی شارەکانی سنە، جوانڕۆ، پیرانشار، بۆکان، سەقز، بانە، سەردەشت، نەڵاس، ڕەبەت، مهاباد و مەریوان‌دا بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی هات‌وچۆی هاوڵاتیان لەم شارانەدا سەیتەرەی ٢٤ کاتژمێریان داناوە و جگە لە پشکنینی سەیارەی هاوڵاتیان لێپرسینەوەیشیان لێ دەکەن.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعود نیکخا بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران

۱۴ سەرماوەزی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
ئەسکەندەر لوتفی و مەسعود نیکخا بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران