"ئایا دەتانزانی…؟" ناونیشانی زنجیرەیەک ڕاپۆرتی تازەی "ئێرانوایەر"ە کە بەپێی "داتا" بڵاو دەکرێنەوە. لەم ڕاپۆرتانەدا، داتا خاوەکان لە ناوەندەکانی داتا و بانکە ئیتلاعاتییەکانی متمانە پێکراوی ناوخۆ و دەرەوە کۆ دەکرێنەوە، شی دەکرێنەوە، لیکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و بە شێوی تێکەڵاو لە دەق و ئینفۆگرافیک دەخرێتە بەردەستی بەردەنگەکانەوە. ئامانجی ئەم ڕاپۆرتانە، کێشانی وێنەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لەو دیاردە و ڕووداوانە کە لە دەوروبەرماندا دەگوزەرێن.
***
ئایا دەتانزانی، بەهای ڕاستەقینەی لانیکەم حەقدەستی کرێکاران لە درێژەی یەک دەیەدا، بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ١١٠ دۆلار مانگێکدا گەیشتووە؟ ئەم ژمارەیە یەکێک لە کەمترین ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستە لە سەراسەری جیهاندا و لەگەڵ هەژارترین وڵاتانی کەمتر گەشەسەندوودا بەراوەرد دەکرێت.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، لانیکەمی حەقدەستی کریکارانی بۆ ساڵی ١٤٠١ نزیکەی ٤ ملیۆن و ١٨٠ هەزار تمەن دیاری کردووە. ئەم ژمارەیە بنەما و مووچەی سەرەکیی ئەو کرێکارانەیە کە وەرگرتنی زۆربەیان لە نێوان ٥ بۆ ٦ میلیۆن تمەنە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە نرخی هەر دۆلاریکی ئەمریکایی لە دوایین ڕۆژەکانی سێهەمین حەوتووی مانگی سەرماوەز، لە بازاڕی ئازاد، تا سنووری ٣٩ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
لە سەرتای دەیەی ١٣٩٠دا لانیکەمی حەقدەستی کریکاران ٣٣٠ هەزار تمەن دیاری کرابوو. لەو ساڵەدا ڕێژی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا ١٣٥٧ تمەن بوو.
بە واتایەکیتر لە نێوان ساڵی ١٣٩٠ تا ئەمڕۆ بەهای ناویی لانیکەمی حەقدەست، نزیکەی ١٣ ئەوەندە بەرز بووەتەوە، بەڵام بەهای پارەی نەتەوەیی لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ٢٨ هێندە کەمتر بووەتەوە.
بەرز بوونەوەی نرخی دراو لە بازاڕدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرز بوونەوەی تێچووی بژێویی بنەماڵەکان هەیە. لە ساڵەکانی ڕابردوودا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دابوو تاکوو لە ڕێگەی دابینکردنی دراوی حکوومەتی بۆ شتومەکە بنەڕەتییەکان، کاریگەریی هەڵاوسانی بەرز بوونەوەی نرخی دراو کۆنتڕۆڵ بکات. لە حکوومەتی سێزدەهەمدا، یارانەی دراوی کاڵا بنەڕەتییەکان لابرا. لە ئیستادا، دراوی پێویست بۆ هاوردە کردنی کاڵا بنەڕەتییەکان، بە نرخێک نزیک لە نرخی بازاڕی ئازاد دانوستانی پێدەکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە