تارا هەورامی، هاوڵاتی پەیامنێر، سەقز
دوابەدوای ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە پاش کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی کچێکی خەڵکی "سەقز"، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیان پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە، ژمارەیەک لە قوتابیان دەستگیر کراون و هەروەها کۆمەڵێک لە مامۆستایان بە شێوەی جوراوجۆر سزا دراون.
لەم نێوانەدا، چەندین ڕاگەیاندن بڵاو کرایەوە و بەشێک لە پۆلەکان داخران و قوتابخانەکان، مانگرتنی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد. یەکێک لە مامۆستایانی سەقز بە هاوڵاتی پەیامنێری "ئێرانوایەر" دەڵێت کە لە خەزڵوەری ١٤٠١، لانیکەم ١٣٤ مامۆستای شاری سەقز بە لێبڕینی موچەکانیان سزا دراون.
***
"ئەم گوشارانە لە مانگی ڕەزبەر دەستی پێکرد. بەڵام لە مانگەکانی خەزەڵوەر و سەرماوەزدا زیاتر لە جاران پەرەی سەند. لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە مانگی خەزەڵوەر، لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ١٣٤ مامۆستای خەڵکی شاری سەقز مووچەکانیان لێبڕدرا و حەوت کەسی دیکە ڕەوانەی سەرپێچی ئیداری کران، هەروەها لە مانگی سەرماوەزدا پلەبەندی مامۆستایان کە دەبوا بەپێی پێشینە و بڕوانامەی خوێندنیان، جێبەجی بکرایەت، بۆ هەشت مامۆستا جێبەجێ نەکراوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە یاساکانی دامەزراندن و زیاد کردنی مووچە ئەوانی دەگرتەوە. بەڵام بەبێ هیچ ڕوون کردنەوەیەک جیبەجێ نەکراوە و ئەمە بەتەواوی نایاساییە."
ئەمانە وتەی مامۆستایەکی شاری سەقزە کە بە هاوڵاتی پەیامنێری "ئێرانوایەر"ی وتووە لەم ساڵی خوێندنەدا، ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر بووەتەوە.
ئەو کە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانە، لە درێژەدا دەڵیت: "مامۆستایان ناڕەزایەتی خۆیان نەک یەک جار، بەڵکوو سێ جار لەسەر ئەم خۆدزینەوە لە یاسایانە بە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان ڕاگەیاندووە. هەرچەندە ئەم ناوەندە وڵامێکی ڕوونی بۆ ئەم هەوڵە نایاساییانەی خۆی نەبووە و تەنیا ڕایگەیاندووە بابەتەکە لە دەستی ئێمە دەرچووە و بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتخانە دراوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە ناوی ئەو هەشت مامۆستایە و مامۆستایانی دیکە کە بە شێوەی جواروجۆر مافیان پێشێل کراوە، لە لایەن پەروەردە و بارهێنانەوە ڕادەستی ناوەندە باڵاکان لەوانە ئیدارەی گشتی و وەرزارەتخانە کراوە."
هەروەها ئەم مامۆستایە ئاماژە دەکات، مامۆستایانی ئەم شارە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرپێچی لە یاسا لەگەڵ مامۆستایانی شار و پارێزگاکانی دیکەی سەراسەری ئێراندا ڕاویژ و گفتوگۆ دەکەن، و لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بۆ ئەم بابەتە هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن.
لە دوایین هەنگاوی مامۆستایانی شاری سەقز، لە ٨ی بەفرانباردا، بە نووسینی نامەیەک و کۆ کردنەوەی واژۆ لە شوێنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم کردارە نایاسایانە دەربڕی.
لە سەرتای ئاخێزە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێران کە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکاندا، مامۆستایان و قوتابیان لە "سەقز" کۆڵەکەی سەرەکی ئەم ئاخێزە بوون. لەم نێوانەدا ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی زێویە و سەقز، لە چەند بابەتدا بۆ پاڵپشتی خەڵکی ناڕازی و هەروەها ئەو خوێندکار و مامۆستایانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا دەستگیر کراون، لەکاتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیدا، لە چەند حاڵەتدا (لە ڕۆژەکانی ١٢ی ڕەزبەر، ٢٨ بۆ ٣٠ ڕەزبەر، ٢١ی خەزەڵوەر و هەروەها ١٤ بۆ ١٦ی سەرماوەز) پۆلەکانیان بایکۆت کرد و مانیان گرت.
ئەم هەوڵانە وهەروەها پشتیوانی کردنی مامۆستایان لە ناڕەزایەتییەکان تووڕەیی سیستمی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستانی لێکەوتەوە و ئەم ناوەندە لە چەند بابەتدا بۆ تۆڵە سەندنەوەی ئەو پشتیوانیانە لە ڕێگەی لێبڕینی موچە و جیبەجی نەکردنی پڕۆژە یاسای پلەبەندی گوشاری خستە سەر مامۆستایان. هەرچەندە لە سەراسەری ئێراندا ئەم هەوڵانە دراوە، بەڵام وا دیارە لە پارێزگای "کوردستان" بە تایبەت، شاری سەقز زیاتر بووە.
لە هاوینی ڕابردوودا بوو؛ بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی ئەم دامەزراوە کە دەستنیشان کراوی دەوڵەتی ڕۆحانی بوو وەلا نرا، بەڵام ناکۆکی لە نێوان فەرماندار، بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەر و ناتەبا بوونیان لەسەر کەسێکی دیاری کراو، وای کرد بەڕێوەبەرایەتی ئەم دامەزراوە لە ژێر ناوی "سەرپەرشتیار" بدرێت بە یەکێک لە کارمندەکانی ئەو شوێنە.
بەگشتی ماوەی سەرپەرشتیاری کەسێک لە ئۆرگانێکدا سێ مانگە و لە ئێستادا نزیکەی چوار مانگ بەسەر سەرپەرشتی ئەو کەسە تێپەڕ دەبێت، بەڵام دیسانەوە بە هۆکارگەلێک لەوانە نەبوونی ڕێکەوتن و بەرژەوەندیخوازیی، لە لایەن ئەو کەسەوە ئەم ناوەندە بەڕێوە دەچێت.
بەلەبەر چاو گرتنی ئەو هەڵبژاردنەی کە لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت و بەگشتی پەروەردە و بارهێنان یەکێک لە پێگەکانی دەنگدان بە نوێنەرانی مەجلیسە، وا دیارە بەڕێوەبەری گشتی، نوێنەر و فەرماندار توانای دیاریکردنی بەڕێوەبەریان بۆ ئەم ناوەندە نییە. بەم پێیە مامۆستایانی ناڕازی لەو باوەڕەدان کە ئەگەرچی سەربەشتیار خاوەنی دەسەڵاتی تەواوی لە بەڕێوە بردندا نییە، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەری سەرەکی دەسەڵاتی بووایەت، دیسانەوە ئەم پێشێلکاریانە درێژەی دەبوو.
بەم پێیە، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی زێویە و سەقز، لە ڕاگەیاندنێکدا لە پەراوێزی گوشار، لابردنی سوودە مادییەکان و هەڕەشە لە مامۆستایان لە لایەن بەڕێوەبەری ئەو ئیدارەوە، وێڕای ئاماژە کردن بە کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەکان و پێشێلکردنی مافی مامۆستایانیان مەحکووم کرد.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "پێویستە نووسەران و دەست و پێوەندەکانی ئەم بڕیارە بزانن؛ ئێمەی مامۆستا و فەرهەنگیان، خاوەن ئەندێشە و بیرکردنەوەین، و بەردەوام لە ڕێگەی یاسایی و عەقڵانییەوە دژی ستەم وەستاوین و ئەمجارەش، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕێکارە یاساییەکان، وەک پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ دادگای کارگێڕی، نمرەدان بە وەرەقەی تاقیکردنەوەکان ڕادەگرین تا ئەو کاتەی ستەم لەسەر هاوکارەکانمان لادەبرێت، گەڕاندنەوەی کاتژمێری نائیجباری، مانگرتن و… لە بەرامبەر ئەم ستەمە ئاشکرایە دەوەستینەوە و تا ئەو کاتەی جێبەجێ دەکرێن، پاشەکشێ ناکەین. بەڵام بێگومان لە دۆخی ئێستا و ئاڵۆزی کۆمەڵگادا، زۆربەی ڕێکاری ناڕەزایەتی و یاساییەکانمان لە بەرژەوەندی دەسەڵات نەبووە و بەرپرسیارێتی هەر جۆرە دەرئەنجامی بڕینی نایاسایی پلەبەندی هاوکارانمان، هەموو کاربەدەستان، لە حیراسەت و سەرپەرشتیاری ئیدارەوە بگرە تا بەڕێوەبەرانی گشتی، فەرماندار و شۆرای دابینکردن و وەزیر و ….. دەگرێتەوە."
تێبینییەکەت بنووسە