بەپێی زانیاریی "ئێرانوایەر" مامۆستا "محەمەد خزرنژاد"، ناسراو بە مامۆستا "بۆکانی"، زانای ئایینیی ناسراوی کورد و یەکێک لە لایەنگرانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە "بەغی"، تۆمەتبار کراوە. بەغی لە "یاسای سزادانی ئیسلامی"دا بە خەباتی چەکدارانە بە دژی بنەما و بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەوترێت و سزای لەسێدارەدانی بە دواوە دەبێت. هیشتا دیار نییە هۆکار و نموونەی تۆمەتی قورسی بەغی بۆ ئەم زانا ئایینییە ناسراوە کوردە چی بووە بەڵام هەواڵەکان باس لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی ئەم زانا ئایینییە ناڕازییە بۆ دانپێدانانی زۆرەملی بە دژی خۆی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا دەکەن.
چی لە بارەی مامۆستا خزرنژادەوە دەزانین؟
***
مامۆستا "محەمەد خزرنژاد"، ناسراو بە مامۆستا "بۆکانی" سەر لە بەیانیی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە گەرمەی سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە بۆکان لە لایەن هێزاە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارەوە دەستگیر کرا و دواتر بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ گوازرابووەوە. ئەو سەرباری تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ، هێشتا هەر لەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
مامۆستا بۆکانی لە نێو زانایانی ئایینیی ئەهلی سونەتی ئێران کە پشتیوانیان لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ کردووە، یەکەم سیمای ناسراوی ئایینییە کە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە تۆمەتی قورسی "بەغی" تۆمەتبار کراوە.
تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بە دژی مامۆستا بۆکانی چین؟
سەرچاوەیەکی نزیک لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کە ڕۆژی دەی بەفرانباری ١٤٠١ دۆسییەکەی مامۆستا بۆکانیی لەم دەزگا قەزاییەدا دیوە، بە "ئێرانوایەر"ی وت لقی دەهەمی لێپرسینەوە ئەم دادەسەرایە جگە لە بەغی (شۆڕشی چەکداری)، تۆمەتگەلی "سەرکردایەتی و ئەندامەتیی لە گرووپە تەکفیرییەکان"یش خراونەتە پاڵ مامۆستا بۆکانییەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە لە کاتی بینینی دۆسییەکەی مامۆستا بۆکانیدا، پتر لە هەموو شتێک وێنەی ڕوخسار و گەردنی بریندار و ڕەشهەڵگەڕاوی دۆسییەکەی سەرنجی ڕاکیشاوە، دەڵێت: "وێنەیەک کە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە مامۆستا بۆکانی گیراوە و هاوپێچی دۆسییەکەی کراوە، بە ئاشکرا شوێنەواری برینداری و لێدان بە ڕوخسار و گەردنی ئەم زانا ئایینییەوە نیشان دەدات، بە جۆرێک کە ژێر هەر دووچاو و گۆنای لای چەپ و گەردنی بە هۆی لیدان و کوتەکەوە لە کاتی لێپرسینەوەدا بریندار بووە و ڕەش و شین هەڵگەراون."
ئەم سەرچاوەیە هەروەها هەر لەم بارەوە دەڵێت: "بینینی وێنەی مامۆستا بۆکانی لەسەر دۆسیەکەی نیشانی دەدات کە ئەو لە کاتی قۆناغەکانی لێپرسینەوە کە دوای تێپەڕ بوونی ٤٠ ڕۆژ هێشا بەردەوامە، لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیییەکاندا ڕاگیراوە بۆ دانپێدانانی زۆرەملی و قبووڵ کردنی سیناریۆ ساختەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ."
مامۆستا بۆکانی بۆچی و چۆن دەستگیر کرا؟
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر بە "ئێرانوایەر"ی وتبوو مامۆستا بۆکانی لەگەڵ کوڕەکەی "یاسر خزرنژاد"دا سەر لە بەیانیی دووشەمە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی هێرشی کاروانێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی لە ناوچەی "کولتەپە"ی بۆکان، بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوون کردنەوەی تۆمەتەکەی دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادریار گوازراوەتەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئەمنییەتییەکان جگە لە پشکنینی ماڵی باوکی مامۆستا محەمەد خزرنژاد و بێڕێزی کردن بە باوکە تەمەندارە ٨٠ ساڵانەکەی، مامۆستا و ئەندامانی دیکەی ئەم بنەماڵەیە لە پێش چاوی باوکی لێیان دراوە و ئازار دروان.
یاسر خزرنژاد سەرەتاکانی مانگی سەرماوەز، دوای چند ڕۆژ ڕاگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ئازاد کرابوو.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، پێ دەچێت هۆکاری دەستگیر کردنی مامۆستا محەمەد خزرنژاد هەڵوێستە ڕاشکاوانەکانی بەرامبەر کوشتنی ناڕازیان بە دەستی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بە تایبەت لێدوانەکانی بە بۆنەی گیان بەختکردنی "ئەسعەد ڕەحیمی"، هاوڵاتی خەڵکی بۆکان لە مزگەوتی "ئێفتخاری" بۆکان بووبیت: "مامۆستا بۆکانی لە لێدوانەکانی خۆیدا لە مزگەوتی ئیفتخاریی بۆکان ئاماژەی بە گیان بەختکردنی ئەسعەد ڕەحیمی و گیان بەختکردوانی دیکەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە بۆکان کرد، و هەروەها کوشتنی ناڕازیانی بێدیفاعی لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان مەحکووم کردووە و داوای ڕاگرتنی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و هەروەها ئازادکردنی دەستگیر کراوان و بەندکراوان بە زووترین کات کردبوو.
ئەسعەد ڕەحیمی، هاوڵاتی خەڵکی بۆکان ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا.
چی بەسەر بنەماڵەی مامۆستا بۆکانیدا هاتووە؟
زانایەکی ئایینیی کوردی دانیشتووی سنە و یەکێک لە دۆستانی نزیکی مامۆستا بۆکانی و بنەماڵەی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە کە ناوەکەی لە لای "ئێرانوایەر" پارێزراوە، دەربارەی دوایین هەواڵەکانی پێوەندیدار بە مامۆستا بۆکانییەوە دەڵێت: "مامۆستا بۆکانی دەوری ١٠ ڕۆژ بەر لەمە لە ڕێگەی پێوەندییەکی کورتی تێلێفۆنییەوە، بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی جەستەیی و تەندرووستییەکەی، لەگەڵ باوکی، ئەویش بۆ چاکی و چۆنی قسەی کردووە. ئەمە تەنیا هەواڵێکە کە ئێمە و بنەماڵەی خزرنژاد لە مامۆستا بۆکانی هەمانە کە زیاتر لە چل ڕۆژە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستگیر کراوە."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەی خزرنژاد زیاتر لە چل ڕۆژە بۆ بەداوداچوون سەبارەت بە بارودۆخی مامۆستا بۆکانی، جگە لە بۆکان، سەردانی ورمێ و ناوەندە دادوەرییەکانی ئەم شارەیان کردووە بەڵام هەرجارە بە بیانووی ناتەواویی دۆسییەکە، بەڕێیان دەکەن و هیچ زانیاریەکیش سەبارەت بە هۆکاری دەستگیر کردن و تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بە دژی مامۆستا بۆکانی بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
ئەو لە درێژەدا دەڵێت: "بنەماڵەی خزرنژاد جگە لە ناوەندە ئەمنییەتی و دامودەزگا دادوەرییەکان لە بۆکان و ورمێ، سەردانی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئازەربایجانی ڕۆژاوایان لە ورمێ کردووە و داوایان لە بەرپرسانی ئەم ناوەدنە ئاینییەیش کردووە بەداداچوون بکەن بۆ دۆسییەکەی مامۆستا بۆکانی بەڵام پێ دەچێت ئەم ناوەندە حکوومەتییە حەزی لە بەداداچوون بۆ دۆخی مامۆستا بۆکانی نەبێت."
ئەمە لە حاڵێک دایە کە مامۆستایانی شارەکانی سنە و دێولان ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر و دوو ڕۆژ دوای دەستگیر کردنی مامۆستا بۆکانی، لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکی جەمعیدا، جگە لە ئازاد کردنی بێمەرجی هەموو بەندکراوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، خوازیاری ئازاد کردنی مامۆستا محەمەد خزرنژادیش بوون.
شایانی باسە مامۆستا محەمەد خزرنژاد یەکیک لە واژۆکارانی ئەو ڕاگەیەندراوە گشتییە بووە کە لە لایەن ٤٠٢ زانای ئایینی، وتاربێژ و ئیمامی جومعە و جەماعتی ئەهلی سونەت لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتگیری لە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە لایەن مامۆستایانی ئایینی ناڕازییەوە بڵاو کراوە.
مامۆستا بۆکانی؛ لە ئیمامی جومعە و جەماعەتەوە تا قەدەغەکردنی بەرگی مەلایەتی
بە گوتەی ئەم زانا ئایینییەی هاوڕێی مامۆستا بۆکانی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سنە و بۆکان لە کۆنەوە مامۆستا بۆکانی دەناسن و بە شێوەیەکی باشیش ئاگاداری هەڵوێستەکانی مامۆستا هەن لە کاتی خوتبەکانیدا.
ئەو هەر لەم بارەوە دەڵێت: "مامۆستا بۆکانی بە هۆی خوتبە ڕەخنەگرانەکانییەوە لە مزگەوتەکانی سنە و بۆکاندا سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و هەروەها سیستمی حوکمڕانی لە ئێران، بە درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو تا ڕادەیەک هەموو ساڵێک بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی سنە و بۆکان بانگهێشت کراوە و هەر جارە بە هۆی هەڵوێستە ڕەخنەییەکانییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە."
ئەم مامۆستا ئایینییە کە دانیشتووی شاری سنەیە دەربارەی پێشینە و چالاکییەکانی مامۆستا بۆکانی بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "مامۆستا بۆکانی لە دایک بووی ١٣٥٩ لە شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە. ئەو دوای کۆتایی خوێندنی ئایینی و زانستە شەرعییەکان، لە ساڵی ١٣٧٤دا وەک ئیمامی جومعە و جەماعەتی مزگەوتی نادریی سنە چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لەم شارەدا، دوای دوو ساڵ گەڕایەوە بۆ شاری بۆکان."
بە گوتەی ئەم زانا ئایینییەی خەڵکی شاری سنە، مامۆستا بۆکانی دوای گەڕانەوەی بۆ بۆکان، ماوەی ١٤ ساڵ ئیمامی جومعە و جەماعەتی گوندی "کۆستە"ی سەر بە شاری بۆکان بوو بەڵام دوای گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و سێبەری قورسی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لەسەر چالاکییە کولتووری و ئایینییەکانی، ناچار کرا ئەم گوندە بەجێ بهێڵێت.
مامۆستا بۆکانی دوای بەجێهێشتنی گوندی کۆستە، دەوری دوو ساڵ وەک ئیمامی جومعە و جەماعەتی گوندی "ناچیت" لە نزیک شاری بۆکان چالاک بوو کە لە کۆتاییدا بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، چالاکییەکانی وەک ئیمامی جومعە و جەماعەتی مزگەوت قەدەغە و یاساغ کرا و لەسەر پێشنیار و پێشنیازە بەردەوامەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، بۆ هەمیشە بەرگی مەلایەتیی لێ سەندرایەوە.
تێبینییەکەت بنووسە