"کۆڵبەر نیووز"، لە تازەترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا، باس لە کوژران و بریندار بوونی سەدان کۆڵبەر دەکات لە ساڵی ٢٠٢٢ی زاینی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردووی زاینیدا لانیکەم ٤٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و ڕووداوە سرووشستییەکان لە کاتی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا کوژراون و زیاتر لە ٢١٥ کۆڵبەریش بریندار بوون.
لە ناو قوربانیانی کۆڵبەری لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لانیکەم ١١ کۆڵبەر هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١دا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارە حکوومەتییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا کوژراون.
"ئێرانوایەر" لە وتووێژ لەگەڵ "زانا سەعیدزادە"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆڵبەر نیووزدا، جگە لێکدانەوەی ئاماریی قوربانیانی کۆڵبەری لە ساڵی ٢٠٢٢دا، پەرژاوەتەسەر دۆخی کۆڵبەران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە سنوورەکانی کوردستانیشدا.
***
کۆڵبەران و دەسپێکی مەرگەساتی ساڵی نوێی زاینی
بە گوتەری زانا سەعیدزادە، دەسپێکی ساڵی نوێی زاینیی ٢٠٢٣، هاوکات بوو لەگەڵ مەرگی کۆڵبەرێک و بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی کوردستان.
ئەو دەڵێت هێشتا چوار ڕۆژ بەسەر ساڵی نوێی زاینیدا تێنەپەڕی بوو کە "ئارام محەمەدی"، کۆڵبەری خەڵکی "سەوڵاوا"، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "نەوسوود" بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرازاییەوە گیانی لە دەست دا و "ئارش محەمەدی"، هاوڵاتیی خەڵکی پاوەیش، چەند کاتژمێر دوای مەرگی هاوپیشەکەی لە هەمان سنووردا بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە بریندار بوو.
بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانایانی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنوور
زانا سەعدیزادە، بە ئاماژەدان بە کوژران و بریندار بوونی ٢٥٨ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردووی زاینی و تۆمار کردنی ناوی قوربانیان لە ڕاپۆرتە ساڵانەکەی کۆڵبەر نیووز لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەڵێت: "بە درێژایی ساڵی ڕابردوو، بەپێی ناوە تۆمار کراوەکان، لە ناو لانیکەم ئەو ٤٣ کۆڵبەرەی کە کوژراون، ٢٩ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی هەنگی مەرزیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆڵبەرێک بە تەقەی فیشەکی هێزەکانی سەرسنووری تورکیا و ١٤ کۆڵبەریتریش بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان، هەرس و ڕەق بوونەوە، تەقینەوەی مینی بەجێماوی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، نوقم بوون لە ڕووبار، ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەری لە سنوورەکانی هەر سێ پارێزگای کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا، گیانیان لە دەست داوە."
ئەو لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی لە کاتی کۆڵبەریدا بریندا بوون وتی: "لەناو ئەو ٢١٥ کۆڵبەرەی کە لە درێژەی ساڵی ٢٠٢٢دا بریندار بوون، ١٦٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانی سەرسنوور، ١٤ کەس بە لێدان و ئازاردانی جەستەیی لە لایەن ئەم هێزانەوە، و ٤١ کۆڵبەریش بە ڕووداوە سرووشتییەکان لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بوون."
بە گوتەی ئەو، ئاماری قوربانیانی کۆڵبەری لە ساڵی ٢٠٢٢ بە ٢٥٨ کوژراو و بریندارەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئامارە تۆمار کراوەکان لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لە ناوەندی ئاماری ئەم ڕێکخراوە میدیاییەدا، نیشانی دەدات کە قوربانیانی کۆڵبەری لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیادی کردووە.: "بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٠ بە گشتی ٢٣٠ کۆڵبەر و لە ساڵی ٢٠٢١یشدا ٢٢١ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان شارەکانی هە سێ پارێزگای کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا کۆژراون و بریندار بوون، لە حاڵێکدا کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەم ژمارەیە بۆ ٢٥٨ قوربانی زیادی کردووە."
دۆخی کۆڵبەران هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١
زانا سەعیدزادە دەڵێت لە ٢٥ی خەرمانانی١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی خەڵکی ناڕازی بە کوژرانی حکوومەتیی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، کچە کوردەکەی خەڵکی سەقز بە دەستی گەشتی ئیرشاد لە بەردەم نەخۆشخانەی "کەسرا"ی تاران و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ی زاینی، ٢٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستاندا کوژراون. لەم ٢٥ کەسە، ١١ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سەرسنوور کوژراون و ١٤ کۆڵبەری دیکەیش بریندار کراون.
ئەو بە ئاماژەدان بە ڕۆژی گیان بەخت کردنی ژینا ئەمینی وتی، هەر لەم ڕۆژەدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئیسماعیل عەبدی" لە سنووری نەوسوود کرایە ئامانجی هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور و گیانی لە دەست دا. هەروەها لە ناو ئەو کۆڵبەرانەی کە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە سنوورەکان بە دەستی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان کوژراون، زیاترین ئامار تایبەتە بە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە کە ٥ قوربانیی لێ کەوتەوە.
ئەم ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆڵبەر نیووز، جگە لە ئاماژەدان بە ناوی ئەو کۆڵبەرانەی هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا گیانیان بەخت کردووە، پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئەم کەسانە هەموویان بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان کوژراون: "ئیسماعیل عەبدی خەڵکی جوانڕۆ، بەهادین ئەحمەدی خەڵکی سەقز و کەریم ئاسمانی خەڵکی بانە لە مەودای نێوان ٢٥ تا ٣٠ خەرمانان، موختار میروەیسی خەڵکی سەلاس باووەجانی، شوانە مورادی ئێقدام، خەڵکی پیرانشار، سامان زارعی خەڵکی بانە، شارام واسڵی خەڵکی بانە، میکایل تاڵانە خەڵکی پیرانشار، کاروان گوڵزاری خەڵکی مەریوان، ڕەحمان مامخزری خەڵکی پیرانشار لە مانگی ڕەزبەر و ئیسماعیل عەلیزادە خەڵکی سەردەشتیش ٢٥ی خەزەڵوەری ئەم ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا کوژراون و ٢٣ کۆڵبەریتریش بریندار کراون."
سەعیدزادە لە درێژەدا ئاماژەی بەوە دەدات کە لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی خەرماناندا هەر یەکە لە "بەهادین ئەحمەدی"، خەڵکی سەقز و "کەریم ئاسمانی"، خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی بانە کوژراون، ئەم دوو شارە مەیدانی ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەری و سەرکوتی قورسی ناڕازیان لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە بووە.
کۆنتڕۆڵی سەربازیی سنوورەکان و هەڕەشەکردن لە کۆڵبەران لە لایەن سپای پاسدارانەوە
بە گوتەی زانا سەعیدزادە، سپای پاسداران هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان، بە دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی لە مانگی ڕەزبەر بۆسەر ئۆردووگاکانی حیزبە کوردییە دژبەرەکانی لە قووڵایی ناوچەکانی خاکی هەرێمی کوردستان، و هەروەها جێگیر بوونی هێزە چەکدارەکانی سەر بەم ناوەندە سەربازییە، ڕێگاکانی هاتوچۆی کۆڵبەرانی لە سنوورەکانی بانە، سەردەشت و پیرانشار داخستووە.
ئەو هەر لەم بارەوە دەڵێت: "هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی مووشەکیی بۆسەر ئۆردووگای حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، سپای پاسداران بۆ ڕێگری کردن لە هاتوچۆی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوەوە لەناو میدیا خۆجێییەکان لە شارە سنوورییەکان باسی لە قەدەغە کردنی هاتوچۆی کۆڵبەران کردبوو لە سنوورەکان."
ئەو لە درێژەدا دەربارەی هۆشداریی سپای پاسداران بە کۆڵبەران زیادی کرد: "هەر لەم کاتەدا کۆمەڵێک ڕاپۆرتمان لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە بازاڕچە سنوورییەکان، بە تایبەت لە سنوورەکانی پاوە، سەردەشت و بانە بە دەست گەیشت کە نیشانیان دەدا سپای پاسداران سەرباری دانانی سەیتەرەی کۆنتڕۆڵ کردنی هاتوچۆ و پشکنینی سەیارەی هاتوچۆ پێکردنی کۆڵبەران لە بازاڕچە سنوورییەکان، هەڕەشەیان لە کۆڵبەران و کاسبکاران کردووە کە ئەگەر هاتوچۆی سنوورەکان بکەن نەک کاڵاکان و کۆڵەکانیان زەوت دەکەن، بەڵکوو تەقەیشیان لێ دەکەن. پێ دەچێت هەڕەشەکانی سپای پاسداران تا ڕادەیەک بووبێتە هۆی دابەزینی چالاکیی بارخانەکانی سەرسنوور و خاوەن بارەکان لەودیو سنوورەکانەوە."
کوشتنی ئەسبی کاسبکاران و زەوت کردنی باری کۆڵبەران لە سنووری بانە
زانا سەعیدزادە لە درێژەی وەسفەکەی خۆیدا لە دۆخی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، باسی لە زەوت کردنی باری کۆڵبەران و کوشتنی ١٠ سەر ئەسبی کاسبکاران لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز لە لایەن هێزەکانی هەنگی مەرزیی بانە لە سنووری ئەم شارە کرد.
بە گوتەی ئەو، ٣٠ی سەرماوەز هێزە چەکدارەکانی سەر بە هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە سەرباری زەوت کردنی باری کۆڵبەران، لانیکەم ١٠ سەر ئەسبی کاسبکاران و کۆڵبەرانیان بە فیشەکی جەنگی کوشتووە.
ئەو دەڵێت کوشتنی ئەسپئی کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنووری بانە، کاردانەوەی چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و خەڵکی بانەی لێ کەوتۆتەوە.

تەحسین میری؛ ئەو کۆڵبەرەی کە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا کوژرا
زانا سەعیدزادە لە درێژەی وتووێژەکەدا بە ئاماژەدان بە بەردەوام بوونی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١، بە "ئێرانوایەر" دەڵێت لەناو گیان بەختکردوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا، کۆڵبەرێکی کوردیش لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست داوە.
بە گوتەی زانا سەعیدزادە، "تەحسین میری"، هاوڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ کە بە کاری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوو، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە شاری جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لەم شارەدا کوژرا.
تێبینییەکەت بنووسە