"شادمان ئەحمەدی"، هاوڵاتیی ناڕازیی کورد، سەر لە بەیانیی ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی١٤٠١، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە دەستگیر کرا. بەڵام کەمتر لە ٤ چوار کاتژمێر دواتر هەواڵی گیان بەختکردنەکەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.
ئەم ڕاپۆرتە دەربارەی شادمان ئەحمەدییە؛ گەنجێكی تەمەن ٣٣ ساڵان کە هەمان ڕۆژ دەستگیر کرا، گیانی بەخت کرد و ئەسپەردە کرا.
پاشماوەکانی ئەشکەنجە و لێدان بە تەرمە بێگیانەکەی شادمان ئەحمەدییەوە دیار و بەرچاو بووە.
***
شادمان ئەحمەدی کێ بوو و بۆچی دەستگیر کرا؟
شادمان ئەحمەدی، خەڵکی دێولانی سەر بە پارێزگای کوردستان بوو. ٣٣ ساڵی تەمەن بوو و لە شارەکەی خۆیدا کارگەیەکی بچووکی گێزەرشۆردنەوەی هەبوو. هۆگری سواریی ئەسپ و وەرزشوانی لقی وەرزشە ڕەزمییەکان بوو.
شادمان ئەحمەدی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، دەوری کاتژمێر ١١ سەر لە بەیانی، دوای هێرشی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان، لە ماڵی باوکی لەم شارەدا دەستگیر کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شادمان ئەحمەدی، کە ناوەکەی لای "ئێرانوایەر" پارێزراوە، دەربارەی هۆکاری دەستگیر کردنی شادمان ئەحمەدی دەڵێت: "داواکاری گشتیی شاری دێولان بڕیاری دەستگیر کردنی شادمان ئەحمەدیی بە تۆمەتی لیدریی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە دێولان دەرکردبوو."
گیانبەختکردنی شادمان ئەحمەدی لە بینای دەزگای دادوەریی دێولاندا
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دەزگای دادوەریی شاری دێولان (حەڤدەی سەرماوەز) دەوری کاتژمێر ٢ و نیوی پاش نیوەڕۆ، لە حاڵێکدا کە هێشتا جوار کاتژمێر لە دەستگیر کردنی شادمان ئەحمەدی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە تێنەپەڕێبوو، لە پێوەندییەکی تێلێفۆنیدا، هەواڵی گیان بەختکردنی شادمان ئەحمەدیان بە بنەماڵەکەی داوە.
گێڕانەوەی دەزگای دادوەریی دێوڵان لە مەرگی شادمان ئەحمەدی چییە؟
سەرچاوە ئاگادارەکەی "ئێرانوایەر" لە درێژەی وتووێژەکەدا زیادی کرد: "بنەماڵەی شادمان ئەحمەدی دوای زانینی هەواڵی مەرگی ئازیزەکەیان، بە شڵەژاوی و وەحشەتەوە خۆیان گەیاندۆتە ئۆفیسی "عەبدولقادر ئیفتخاری"، سەرۆکی دەزگای دادوەریی دێولان. سەرۆکی دەزگای دادوەری بە بنەماڵەی ئەحمەدیی وتوە کە هۆکاری مەرگی شادمان ئەحمەدی (خودزنی) بووە و لە بینای دەزگای دادوەری لە خۆی داوە."
بەپێی گێڕانەوەی ئەم سەرچاوە خۆجێییە، "عەبدولقادر ئیفتخاری" دەربارەی چۆنیەتیی لەخۆدانی شادمان لە بینای دەزگای دادوەری بە بنەماڵەی ئەحمەدیی وتووە کە شادمان کاتێک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە بۆ لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئەم شارە گوازراوەتەوە، "لەگەڵ "پەرهام هاشمپوور"، دادوەری لقی سێهەم و دەفتەردارەکەی "هادی ڕەحیمی"، قسەیان تێگیراوە و دەستەویەخە بوون و لە درێژەدا، پەلاماری ئەو و دوو کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامیشی داوە کە لەم شوێنەدا بوون و بە نیاز بووە لەوانیش بدات.
ئەو هەر لەم بارەوە ڕوونی کردەوە: "ئیفتخاری بە بنەماڵەی ئەحمەدیی وتوە کە شادمان لە کاتی تێکەڵچوون لەگەڵ دادوەر هاشمپوور و دەفتەردارەکەیدا، بە شیشەیەکی شکاو لە سەری خۆی داوە و هەر لەبەر ئەمەیش گیانی لە دەست داوە."
بەڵام سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر" دەڵێت دۆخی جەستەیی شادمان ئەحمەدی لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو بینای دەزگای دادوەری باش و جێگیر نەبووە.
ئایا لەخۆدان بە دەسبەن و پابەن دەکرێت؟
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، کە شایەتی چرکەساتی چوونە ژوورەوەی شادمان ئەحمەدی لەگەڵ یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان بۆ ناو بینای دەزگای دادوەریی ئەم شارە بووە، دەربارەی دۆخی جەستەیی ئەو لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو ئەم بینایە، وتی: "دەوری کاتژمێر دوو تا دوو و نیو، هێزە ئەمنییەتییەکان شادمان ئەحمەدیان بە دەسبەن و پابەنەوە بردە ناو بینای دەزگای دادوەرییەوە. شادمان لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو بینای دەزگای دادوەری، لاقی ڕاستی زۆر دەشەلی و بە دوای خۆیدا ڕایدەکێشا. ڕوون و ئاشکرا بوو کە مەچەکی دەستی چەپیشی بە قورسی ئازاری پێگەیشتبوو و ئێش و ژانێکی سەختی دەکێشا."
سەرۆکی دەزگای دادوەریی دێولان؛ بۆخۆمان تەرمەکە دەنێژین
بە گوتەی سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر"، شادمان ئەحمەدی خوێنی ڕژاوی ئازیزەکەیان لە عەرزی بینای دەزگای دادوەریدا بینیوە: "ئیفتخاری بە بنەماڵەی ئەحمەدی وتبوو تەرمی شادمان دەسبەجێ گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی شاری قوروە. هەروەها ڕوو لە بنەماڵەی ئەحمەدی وتبووی دەزگای دادوەری تەرمەکەی شادمان بە خاک دەسپێرێت."
ئەم قسەی ئیفتخاری کاردانەوەی تووندی بنەماڵەی ئەحمەدیی لێ کەوتەوە: "بڕیارەکەی ئیفتخاری لەسەر ناشتنی تەرمی شادمان لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، کاردانەوەی تووندی بنەماڵەی شادمان ئەحمەدیی لێ کەوتەوە. لە لایەکیترەوە، دەنگدانەوەی بەرینی هەواڵی کوژرانی شادمان لە بینای دەزگای دادوەری نەک هەر شارەکەی لە خەم و پەژارەوە وتووڕەییدا نوقم کردبوو، بەڵکوو لەوانە بوو لە چرکەساتێکدا خەڵکی تووڕە و ناڕازی بە کوژرانی شادمان ئەحمەدی هێرش بکەنە سەر دەزگای دادوەری. لەم بارودۆخەدا، ئیفتخاری ناچار بوو بەڵێن بدات کە تەرمی شادمان دوای گواستنەوەی لە پزیشکیی دادی قوروەوە بۆ دێولان، لە ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارەوە وەربگرنەوە."
پاشماوەکانی ئەشکنەجە بە جەستەی شادمان ئەحمەدییەوە
بەپێی گێرانەوەی سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر"، کە بۆخۆی لە ڕێوڕەسمی کفن و ناشتنی تەرمەکەی شادمان ئەحمەدیدا ئامادە بووە، تەرمەکەی شادمان، هەمان شەو واتە ١٧ی سەرماوەز ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، تەرەمەکەی شادمان ئەگەرچی لە پزیشکیی داد پشکینی بۆ کرابوو، بەڵام لە کاتی شۆردن و کفن کردنی تەرەمەکیدا، پاشماوەکانی ئەشکنەجە بە جەستەیەوە تەواو ئاشکرا و بەرچاو بوو.
ئەو جگە لە ئاماژەدان بە چرکەساتە ژاناوی و دڵتەزێنەکانی بنەماڵەی ئەحمەدی لە کاتی بینینی تەرمی ڕەش و شین هەڵگەڕاوی ئازیزەکەیان، بەم شێوە جەستەی شادمانی وەبیر دێتەوە: "بست بە بستی جەستەی شادمان لە ژێر ئەشکەنجەدا شین و ڕەش هەڵگەڕابوو. نەک هەر مەچەکی دەستی چەپی شکابوو بەڵکوو کاسەی سەریشی درزی تێکەوتبوو و جێگای لێدانی شتێکی قورسیش بەسەریەوە جوان دیار بوو."
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شادمان ئەحمەدی لەناو تووڕەیی و داخدا
بە گوتەی ئەم سەرچاوە خۆجێییە، بڕیار وابوو کە ئیدارەی ئاگاهیی دێولان ئێوارەی هەمان ڕۆژ تەرمی شادمان ڕادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە، بەڵام بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دەست پێکردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و گرد بوونەوەی ناڕازیان بە کوشتی شادمان، لە دوا ساتەکانی هەمان ڕۆژ تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەیان کردەوە.
ئەو بە ئاماژەدان بە پاڵپشتیی بەرین و هاودەردیی قووڵی خەڵکی دێولان لەگەڵ بنەماڵەی داخداری شادمان ئەحمەدی و هەروەها ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو شارە لە ڕێوڕوەسممی ناشتنی شادمان ئەحمەدیدا وتی: "هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان ئەگەرچی لەگەڵ ئەو ئامبولانسەی کە تەرمەکەی تێدا بوو هاتن، بەڵام کاتێک چاویان بەو حەشیمەتە زۆر و تووڕە لە قەبرستانی دێولان کەوت، دەسبەجێ شوێنەکەیان بەجێهێشت. تەرمەکەی شادمان ئەحمەدی لە دوایین کاتژمێرەکانی ڕۆژی ١٧ی سەرماوەز، لەناو تووڕەیی و داخی خەڵکی دێولاندا بە خاک سپێردرا."
تێبینییەکەت بنووسە