سەرتیپ پاسدار"حەسەن کەرەمی"، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەرکی سەرەکیان سەرکوتی ناڕازیانە، وتوویەتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا ئەگەر هێزە تایبەتەکان ئامادە بوون، دەبێت خەڵک دەسبەجێ ئەو شوێنە چۆڵ بکەن، ئەگەر ئەمە نەکەن لەوانەیە زیانیان بەر بکەوێت.
لێدوانەکانی ئەم لێپرسراوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا پێشێل کردنی مافی هاوڵاتیانە لە ئێراندا. هۆکارێک بوونی نییە لە هەر کاتێکدا کە هێزە تایبەتەکان لە شوێنێک ئامادە بوون، هاوڵاتیان ناچار بن ئەو شوێنە چۆڵ بکەن، ئەگینا بە گوتەی سەرتیپ کەرەمی، زیانیان بەر دەکەوێت.
بۆ چۆڵ کردنی ئەو شوێنە، لێدان و بریندار کردنی هاوڵاتیان و تەقە کردنی کوشندەی هێزە چەکدارەکان لە ناڕازیان، دەشێت هۆکار و پاساوێک هەبێت کە لە زمانی مافدا پێی دەگوترێت "مەترسیی لەناکاو". ئەگەر کەسێک لە ناڕەزایەتییەکی هێمنانە و ئاشتیانەدا ئامادە بوو، دەستی بۆ چەک نەبردبێت یاخود مەترسییەکی کوشندە یان هەڕەشەیەکی جەستەیی قەرەبوونەکراوەی نەخستبێتە سەر کەسێک، بەپێی یاسای هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی، پێویست ناکات کاتێک هێزە چەکدارە تایبەتەکان دەگەن ئەو شوێنە چۆڵ بکات.
هۆشدارییەکەی حەسەن کەرەمی بۆ هاوڵاتیان لە ئێران کە لە کاتی گەیشتنی هێزە تایبەتەکان و مانەوەیان لەو شوێنە لەوانەیە زیانیان پێ بگەیەنێت، مافێک نادات بە هێزە چەکدارە تایبەتەکان بۆ تەقە کردن لە هاوڵاتیانی بێ چەک و ئاشتیخواز. لێپرسراوانی حکوومەت و فەرماندە سەربازییەکان دواتر ناتوانن لە ڕێگەی پشتبەستن بەم هەڕەشە و هۆشداریدانانە، لێدان و بریندار کردنی کوشندەی هاوڵاتیانی ناڕازی پاساو بدەن یاخود لە ڕێگەی پشتبەستن بە گوتە سەرزارەکییەکان بەرامبەر بەدواداچوونی قەزایی، لەوانە بەدواداچوونی نێونەتەوەیی، پارێزراو بن.
پاوان کردنی بەکارهێنانی زۆر و زەخت لە لایەن حکوومەتەکانەوە کە هێزە چەکدارەکانیان بە کرداری هەیانە، بە هیچ جۆرێک بێ مەرج نییە و ئەمەی کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگایان پێدراوە چەکیان هەبێت، بە هیچ جۆرێک ماناکەی یاسایی بوون و شەرعەیەتی بەکارهێنانیان لە هەموو هەلومەرجێکی دڵخوازدا هەیە.
بەپێی بنەمای ٢٧ی "یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، گرد بوونەوە و تەنانەت ڕێپێوان بەبێ هەڵگرتنی چک ئازادە و ئەم ئازادییە بەو مانایە کە هێرش بۆسەریان لە لایەن هەر جۆرە هێزێکی چەکدارەوە، لەوانە هێزە تایبەتەکانی ئینتزامی، نایاساییە. تەقەکردنی کوشنە و لێدان و بریندار کردنی هاوڵاتیانی ناڕازی لەم چەشنە گرد بوونەوانەیشدا نامەشرووع و شایانی بەدواداچوونە لە لایەن دەزگای دادی هێزە چەکدارەکانەوە و ئەگەر ڕێگریش لەمە بکرێت، لە ڕووی نێونەتەوەییەوە شایانی بەداواداچوونی یاساییە.
حەسەن کەرەمی لە مانگەکانی دواییدا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا، بریتانیا، ئامریکا و کاناداوە بە هۆی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی لە کوشتاری خەڵکی ئێراندا، گەمارۆ دراوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە بە هۆی ڕووبەڕوو بوونەوەی خوێناوی لەگەڵ ناڕازیان لە هێزە تایبەتەکانی ئینتزامیدا، لە لایەن دەستەی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییەوە کە لە حاڵی پێکهاتن دایە و سەرقاڵی بەرز کردنەوەی ڕاپۆرتە بۆ شورای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بەرپرس دابنرێت.
وتە ڕاشکاوەکانی کەرەمی دەربارەی چاوەڕوانییەک کە لە هاوڵاتیانی هەیە بۆ چۆڵ کردنی خێرای شوێنی ناڕەزایەتییەکان لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی سەر بە خۆی و ئەو هەڕەشە ئاشکرا و زەقەی کە وەک فەرماندەیەکی سەربازی ڕوو لە خەڵک دەیکات، ڕەنگدانەوەی لۆژیکی خوێناوی و ئەو فەرماندەییە کوشندەیە کە لە کاتی دەست پێکردنی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١ بە دواوە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بووە.
ئەم وتانە، بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی ڕووبەڕووی بوونەوە و هەڵسوکەوتی ترسناکی هێزە تایبەتەکانی ئینتزامی، بەڵگە و شایەتیی گرینگن لەسەر پێشێل کردنی مافەکانی هاوڵاتیان لە ئێراندا.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە