ناڕەزایەتییە پیشەییەکان لە لایەن مامۆستایان و کرێکارانەوە بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان لەو ٤۳ ساڵەی کە بەسەر شۆڕشی ١٣٥٧دا تێپەڕیوە، سەرەڕای هەڕەشە و سەرکوت لە لایەن حکوومەتەوە، هیچ کاتێک دانەمرکاوەتەوە یان فەرامۆش نەکراوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کۆماری ئیسلامی بە دروست کردنی لەمپەری جوراوجۆر، لە پێکهێنانی ڕێکخراوە و ناوەندە پیشەییەکان ڕێگری کردووە و هەروەها کرێکاران و مامۆستایانی ئێرانی لە ئەگەری بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان بێبەش کردووە.
لەم نێوانەدا، چالاکانی پیشەیی کرێکاران و مامۆستایان لە چەند سەندیکایەک، یەکێتییەکان و ناوەندە پیشەییە دامەزراوەکان، لەم چەند ساڵەی دواییەدا هەوڵی بەدوادا چوونیان بۆ داواکارییەکانیان داوە، زۆر جار ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنیی حکومەت بوونەتەوە. زۆربەی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و کرێکاران بۆ بەرگری کردن لە داواکارییە پیشەییەکان و بژێویی خۆیان لەگەڵ سزا و حوکمی قورسی زینداندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. زۆربەیان ئەزموونی زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە و سزای دیکەیان هەیە. ئەم پرسە بۆ زۆرێک لە یەکێتییە پیشەییە جیهانییەکان لە ڕووی بابەتییەوە بەرجەستە نییە. ئەمەش ئاسانترین ڕێگا بووە بۆ حکوومەت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی چالاکییەکانیاندا.
هەندێک لە ناوەندە کرێکارییەکان و یەکێتییە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا چالاکی دەکەن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاتێک لەگەڵ هەواڵی سەرکوتی کرێکاران و مامۆستایان لە ئێراندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و لە ڕێگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەکانەوە هەوڵیان داوە هاوکار بن بۆ ئەوەی دەنگی چالاکانی پیشەیی ئێران ببیسترێت. بەڵام ئەم هەوڵانە بۆ باشتر بوونی دۆخی هاوکارە ئێرانییەکانیان بەس نەبووە؛ بۆ نموونە، لە مانگی گوڵانی ۱٤۰۱دا دیداری دوو ئەندامی یەکێتیی پەروەردە و بارهێنانی مامۆستایانی فەڕەنسا لەگەڵ چەند کەس لە مامۆستایان و کرێکاران دەستگیر کردنی ئەوان و چالاکانیی پیشەیی لێکەوتەوە.
بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر چاوەڕوانی چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتییە پیشەییەکانی وڵاتانی دیکە، "ئێرانوایەر" ڕا و بۆچوونیانی لەم بارەوە وەرگرتووە.
٭٭٭
حیزبەکان و ناوەندە پیشەییەکان بە فەرمی ناناسن
مامۆستایەکی خەڵکی ئەسفەهان سەبارەت بە سەندیکاکان و یەکێتیی مامۆستایان بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "لە وڵاتانی دیکە یەکێتییەکان و سەندیکای مامۆستایان زۆر جار لە چوارچێوەیەکی دێمۆکرتیکدا دروست بوون و تا ڕادەیکەی زۆر ناڕەزایەتییەکانیان لە لایەن حکوومەتەکانەوە بە فەرمی دەناسرێت بەڵام بەداخەوە لە ئێران دەسەڵات و حکوومەت، ناوەندە پیشەییەکان و حیزبەکان بەفەرمی ناناسێت.
هەروەها ڕوونی دەکاتەوە: "لە کاتێکدا ژاک پاریس و سیسیل کوهلێر کە لە ئێلەک زەردەکانی فەڕەنسان و بەرامبەر سیاسەتەکانی پەروەردە و بارهێنانی ئەم وڵاتە ناڕازین، لە ئێراندا بە هۆی دیدارێکی ئاسایی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پەروەردە، بەڕێزان ڕەسووڵ بوداقی، ئەسکەندەر لوتفی، شەعبان محەمەدی و مەسعوود نیکخا دەستگیر کراون. لەگەڵ ئەم مامۆستایانەدا، چالاکانی کرێکاریی وەکوو ڕەزا شەهابی، حوسەین سەعیدی، ئانیشا ئەسەدوڵاهی و کەیوان موهتەدی دەستگیر و هەندێکیان سزای قورسی زیندان بەسەریاندا سەپێندراوە. هەروەها هەندێکیان چاوەڕوانی حوکمی سزاکانیان دەکەن. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە یەکێتییە پیشەییەکان، بە تایبەت EI و ILO دەنگی ئەوان بن.؟"
"ڕێکخراوی جیهانیی کار" (ILO) یەکێکە لە دامەزراوە تایبەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە ئامانجی پرژانە سەر کاروباری پێوەندیدار بە کار و کرێکارانەوە دامەزراوە.
هەروەها "فیدراسیۆنی جیهانیی پەروەردەی نێودەوڵەتی" (EI) سەندیکایەکە کە پێکهاتووە لە ناوەند و سەندیکای کرێکاری، مامۆستایان و کارمەندانیتری پەروەردە لە سەرانسەری جیهان، کە لە ڕێگەی ۳٨۳ ڕێکخراوی ئەندام و زیاتر لە ۳۲ ملیۆن مامۆستا و کارمەندانی پاڵپشتی پەروەردەیی لە ۱۷٨ وڵات و ناوچە نوێنەرایەتی دەکات.
ئەم مامۆستا ئەسفەهانیە ئاماژە بە ئەندام بوونی فەرمیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانییەی کار دەکات و دەڵێت: "دەبێت لەبەر ئەم هۆکارە لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە بخرێتە بەر لێپرسینەوە و ناڕەزایەتیی فەرمییەوە کە چۆنە وڵاتێک خۆی ئەندامی فەرمیی ڕێکخراوی جیهانی کارە بەڵام مامۆستایان و کرێکارانی ئێرانیان لەبەر ئەوەی دیداریان لەگەڵ دوو ئەندامی ئەم ناوەندە کردووە دەستگیر دەکات؟ لەبەر ئەوەی ئەم ناوەندانە جیا لە حکوومەت و دەوڵەتان و بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەن، تا دەتوانن ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم گوشارانەی حکوومەتی ئێران دەرببڕن. نابێ تەنیا ڕاگەیەندراو و هەواڵێک بێت، پێویستە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی دواجار کۆماری ئیسلامی لە گوشاری زیاتر بۆ سەر چالاکانی سەندیکاکان بکشێتەوە. ئەم پاڵپشتی و هاوڕێیەتییە لە بواری دامودەزگا مەدەنییەکان بۆ چالاکانی سەندیکایی و مەدەنی بەسوودە."
ناڕەزایەتی بەرامبەر تۆمەتە ساختەکان و بەدواداچوونی یاسایی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
ئەم مامۆستایە دەڵێت کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە پێوەندیەک لەگەڵ هەر ناوەندێکی مەدەنی دەرەوە بە سیخوڕی دزانێت بەڵام دەبێت ڕوونی بکاتەوە چۆن خۆی دەتوانێت ببێتە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی جیهانی کار، بەڵام ناتوانێت دیداری هاوڵاتیانی خۆی لەگەڵ ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە کە لە بنەڕەتدا بواری کارییەکەیان پرسی بژێوی ژیان، حەقدەست و پیشەییە قبووڵ بکات.
ئەم چالاکە پیشەییە کە دانیشتووی ئەسفەهانە بە ئاماژە کردن بەوەی کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانەی ئەندامی ڕێکخراوی جیهانی کار و ڕەخنەگری سیاسەتی فەرمی وڵاتەکانی خۆیانن لەسەراسەری جیهاندا و بەجیا و سەربەخۆ لەوان کار دەکەن، لەو باوەڕەدایە: "کۆماری ئیسلامی بە ئاگادارییەکی تەواو لەم بابەتە، بۆ لابردنی ڕەخنەگرانی خۆی لە هەر شێوەیەک لەوانە دروست کردنی دۆسیە، دەستگیری و ئازار و ئەشکەنجەدانیان کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکدەنگی و قۆرخکاریی سەروەت و سامان و دەسەڵات بۆ ئەوانەی دەسەڵاتداران بمێننەوە. یەکێتییەکان و سەندیکا جیهانییەکان دەبێت هێزی سەرکوتی دەسەڵاتی خۆیان بە جدی وەربگرن. ناوەندی پەروەردە و بارهێنان لە ئێران لە ڕێگەی ئیدارەی حیراسەت، کە کەرەستەی دەستی هێزە ئەمنییەتییەکان لە دەرەوەی وەزارەتخانەن بۆ مامۆستایانی چالاک و ناڕازی دۆسیە دروست دەکەن. هەروەها زۆربەی کرێکاران لە ڕێگەی خاوەن کارەکانیانەوە گوشار دەخرێتە سەریان و بە کەمترین ناڕەزایەتی، ناچارن بەرگەی هەموو جۆرە بێبەشییەک بگرن. هەندێکیان دەردەکرێن. ئەگەر ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و سەندیکا پیشەییەکان دەنگی ئەوان بن، بەبێ دووڵی لابردن و پێشێلکردنی مافە مەدەنی و یاساییەکانیان بە ئاسانی مومکین نابێت."
مامۆستایەکی خەڵکی بووشێهر لە وڵامدانەوەی بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "دەبێت ئەوان لە هەوڵە پیشەیی و ناڕەزایەتییەکانی ئێمە پشتیوانی بکەن؛ بۆ نموونە لە کاتی بەڕێوەبردنی مانگرتنە هێمایینە سەراسەری و بەرینەکان چەن کاتژمێرێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن بە نەبوونی مافی مانگرتنی پیشەیی لە خۆیان و دەستگیر کردنی چالاکانی پیشەیی و سەندیکایی، حکوومەتەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و …. ئاگادار بکەنەوە."
هەژارکردنی بە ئەنقەست و ئامانجدار
ئەو دەڵێت: "سەندیکا پیشەییەکانی مامۆستایانی دەرەوە دەبێت بزانن که داهاتی ئێمە لە نێوان ١٠٠ تا ٣٠٠ دۆلارە لە مانگێکدا. زانینی ئەم پرسە زۆر گرینگە. ئەم ناوەندە پیشەییانە لەسەر هەژارکردنی بە ئەنقەستمان چ کاردانەوەیەکان دەبێت؟ ئێمە مامۆستایان ئەرکی پەروەردە کردنی نەوەی داهاتوومان لە ئەستۆدایە و کرێکاران مەکینەی ئابووری و پیشەسازین. دەشڵێت، هەژاری ئێمە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی بەرهەمهێنان و پەروەردە لە ئێستادا، هەروەها زیان بە نەوەی داهاتوو و ئابووریش دەگەیەنێت."
لە درێژەدا ئەم مامۆستایە بە ئاماژە کردن بە سەرکوتی چالاکانی پیشەیی و ناڕازی داوای بەدواداچوونی جدی، داواکاری بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی مامۆستایانی زیندانیکراو و دەرکراو دەکات: "دەبێت جیهان بزانێت کۆماری ئیسلامی چۆن ڕەخنەگرانی سەندیکاکانی سەرکوت و بنەماڵەکانیان لە مافە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بێبەش دەکات". چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، بێباک نەبن بەرامبەر بەم مامەڵە نامرۆڤانە. ئایا دەکرێت جیهان نەبینێت و نەیبیستێت لە سەردەمی پێوەندییەکاندا کە هەموو دەنگەکان دەبیسترێن و هەموو ڕووداوەکان دەبینرێن؟ تەنیا شتێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کاردانەوەیان نەبێت ئەوەیە کە بە دووڕوویی و پڕوپاگاندای حکوومەتی ئێران فریو دراون.
وەستانەوە لە دژی فریودانی بیروڕای گشتی
هەروەها چالاکوانێکی یەکێتیی مامۆستایانی دانیشتووی شاری تەبرێز پێی وایه: "کۆماری ئیسلامی له ڕێگەی لۆبیی ئاشکرا و شاراوەوه بۆ به ڕژەوەندیی خۆی هەوڵی فریودانی ڕای گشتیی جیهانی داوە و بەکەڵک وەڕگرتن له سامانی زەویی ئێرانییەکان له بەڕدەست خۆیدا. دەوڵەتمەداری وڵاتانی جیاواز و خاوەن تۆڕەکانی هەواڵ و میدیاکان فریو دەدەن. بۆیە داواکاریی ئێمە لە کۆمەڵگای جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی ئەوەیە کە حکومەتەکانیان لە خەو بەئاگا بێننەوە”.
تێبینییەکەت بنووسە