"مارگارێت ئەتڤوود"، نووسەری بەناوبانگی کەنەدایی، بیست و شەشەمی ڕێبەندان، خەڵاتی ئازایەتیی ڕۆژنامەوانانی کەنەدایی بۆ ئازادیی ڕادەبڕینی پێشکەش کرد بە "نیلووفەر حامیدی" و "ئیلاهە موحەمەدی". ئەو ڕایگەیاند کە ئەم دوو کەسە لە زینداندا بەند کراون و نەیانتوانیوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە بێنە ناو ڕێوڕەسمەکەوە. لە کاتی لێدوانەکەیدا، کۆمەڵێک وێنە لە نیلووفەر حامیدی، ئیلاهە موحەمەدی، "مەهسا (ژینا) ئەمینی" و ناڕەزایەتییەکانی ئێران بڵاو دەکرانەوە.
ئەم نووسەرە کەنەداییە لە حاڵێکدا باس لە ڕۆژنامەنووسانی بەند کراوی ئێرانی دەکات کە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێراندا، ناوی ئەو و یەکێک لە کتێبەکانی لە سەر زاری زۆربەی ژنانی ئێرانە. زۆرکەس کتێبی "سەربوردەی نەدیمە"ی ئەتڤوودیان لەم ڕۆژانەدا خوێندوەتەوە. هەندێک کەس دووبارە دەیخوێننەوە، هەندێکیش ئەو سێریاڵانەی کە بەپێی ئەم ڕۆمانە درووست کراون بینیوە و هەندێکیش بە جلوبەرگی تایبەتی نەدیمەکانەوە کە ئەتڤوود بە باشی لە کتێبەکەیدا وێنای کردوون و لە سێریاڵێکدا نیگار کراوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان تا بڵێن لە نێوان گیلیاد و کۆماری ئیسلامی و لە نێوان نەدیمەکانی کتێبەکە و ژنانی ئێراندا، جیاوازییەک نییە.
ئەو لە ڕۆمانی سەربوردەی نەدیمە کە لە ساڵی ١٩٨٥دا بڵاو کراوەتەوە، وڵاتێک بە ناوی کۆماری گیلیاد وێنا دەکات کە حکوومەتێکی ئایینیی تووندڕەو و ستەمکاری هەیە. ئازادیی هاوڵاتییەکانی بە هاسانی پیشێل دەکرێت، بڕوا بە ئایینییەکانی دیکە جگە ئایینی فەرمیی حکوومەت قەدەغە کراوە، هاوڕەگەزخوازی، لەباربردنی کۆرپەڵە، بەکارهێنانی ئامێری پێشگیری لە دووگیان بوون قەدەغەیە و گرینگترین ئەرکی ژنان منداڵ خستنەوەیە. ژنان پرچەکانیان دادەپۆشن و مافی هەبوونی سامان، کار و تەنانەت خوێندن و نووسینیان نییە.
وێکچوونەکانی کۆماری گیلیاد و کۆماری ئیسلامی و هاتنە ئارای ناوی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە لە گەرمەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێراندا، بووبە بیانوویەک تا لەگەڵ "ئازەر نەفیسی"، نووسەر، توێژەر و مامۆستای زانکۆ دەربارەی کتێبی سەربوردەی نەدیمە و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و بە گشتی دەوری ئەدەبیات لە خاباتە کۆمەڵایەتییەکاندا گفتوگۆ بکەین. ئەم وتووێژە بە ئامادە بوونی "ڕوقەیە ڕەزایی"، "سەمانە قەدەرخان" و "شیما شەهرابی"، ئەندامانی دەستەی نووسەرانی "ئێرانوایەر" بەڕێوە چووە.
خاتوو ئازەر دەڵێت مارگارێت ئەتڤوود لە فێستیڤاڵێکی کتێب لە کەنەدا، بە تین و هەستەوە پێی وتووە کتێبەکانی لە ئێراندا بۆ سەر زمانی فارسی وەردەگێڕدرێن: "من بینیم کە کتێبەکانی نەک وەرگێڕدراون، کە "سەربوردەی نەدیمە" گەیشتۆتە چاپی یازدەهەم." بزەیەک دەکات و لە درێژەدا دەڵێت: "هەر یەکە لە ئێمە پێوەندییەکمان لە دڵەوە لەگەڵیدا هەیە."
***
ژیانەکانی ئێمە هەوێنی چیرۆکەکانن، یان ئێمە لە چیرۆکەکاندا دەژین؟
لەم ڕۆژانەدا زۆربەی ژنانی ئێران یاخود ژنان لە ئەفغانستان پێیان وایە خەریکن لە جیهانێکدا کە خاتوو ئەتڤوود ئافراندوویەتی دەژین، چونکە وێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان وڵاتی خۆیان و گیلیاددا و هەست بەوە دەکەن کتێبەکە، ژیانی ئەوانی پێشبینی کردووە. ئەدەبیات و ژیان چ پێوەندییەکیان لەگەڵ یەکتر هەیە؟
ئازەر نەفیسی لە وڵام بەم پرسیارەدا دەڵێت: "لانیکەم بۆ من پێوەندیی نێوان ژیان یان واقیع و خەیاڵ، کەڵکەڵەیەکی بەردەوام بووە و بەم دەرەنجامە گەیشتووم کە هەر دوو کارەکە، لە یەک کاتدا دەکرێت. واتە ئەوەی دەیخوێنینەوە، کاریگەریی دەبێت لەسەر تێگەیشتنمان."
ڕۆمان یاخود ئەدەبیات، ژیان بە ئێمە نیشان دەدات کە دەچێتە ئەودیوی واقیعەوە و بە دوای حەقیقەتەوەیە. هەر لەبەر ئەمەیە کە هەندێک لە خوێنەران لە ئێراندا، خۆیان بە نزیک دەزانی لەگەڵ کتێبەکانی ئەتڤوود و پێیان وابوو کە چیرۆکی سەربوردەی خۆیانە. ئەتڤوود بە تەواوەتی کۆماری ئیسلامی دەناسێت و کتێبەکەیشی بە ئاماژەدان بە کۆماری ئیسلامی تەواو دەکات. ئەگەر لە یادتان بێت، ئەتڤوود لە کۆتایی کتێبەکەیدا باس لە کۆنفرانسێک لە داهاتوودا دەکات کە دەربارەی دوو وڵاتی ئایینسالار و یەکتاسالاری کۆماری ئیسلامی و کۆماری گیلیادە. ئەمە ئاماژەیە بە نزیکایەتیی ئەم دوو وڵاتە. بنەڕەتی کۆماری گیلیاد بە تەواوەتی ئەو شتانەن کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر دامەزراوە. لە ڕاستیدا، ژنان لەم وڵاتەدا ژن نین و سیغەن و موتعە."
بە بڕوای خاتوو ئازەر نەفیسی، گرینگترین کاری ئەتڤوود لەم کتێبەدا کەشسازییە: "ئەتڤوود، ئەو کەشە تۆقێنەرەی کە ترس وەک خوێن لە دەمارەکان دایە بۆ ئێمە دەژی؛ بە جۆرێک کە من لەگەڵ چەند کەس لە دۆستان لە ئێراندا قسەم کرد، وتیان ئێمە ناتوانین ئەم کتێبە بخوێنینەوە، چونکە وەک ئەوە دەچێت بۆ جاری دووهەم لە کۆماری ئسلامیدابژین."
ئازەر نەفیسی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەدەبیات و ژیان تەواوکەری یەکترن و دەڵێت: "لە ڕاستیدا ئێمە پێویستمان بە ئەدەبیاتە کە بۆ ئێمە ئەو ڕاستییە شاراوە شرۆڤە بکات و پێویستمان بە ژیانە کە ببێتە هەوێنی ئەدەبیات و خەێاڵ بە دەوریدا و لە پێناویدا بێچم بدەین."
هەمانی کردنی ژنانی ئێران لەگەڵ چیرۆکی "سەربوردەی نەدیمە" چەندە ئازایەتیی زیاتری پێداون بۆ خەبات و یاخود چەندە ئەوان تووشی خەمۆکی دەکات؟ کاراکتەرەکانی چیرۆکی نەدیمە هەموویان پاڵەوان نین کە شوێن پەنجەی خۆیان بەجێ هێشتبێت، هەندێکیان خۆیان داوەتە دەست چارەنووس و پەسیڤ و کەمچوست مانەتەوە.
ئازەر نەفیسی، نووسەری کتێبی "لوولیتاخوێندنەوە لە تاران"، لە وڵام بەم پرسیارەدا دەڵێت: "ئێمە نابێت تەنیا یەک کتێب بخوێنینەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵی داین یان ئەمەی کە شوێنگەکەی ئێمە ڕوون دەکاتەوە. کتێبێک دەچێتە ئەودیوی نووسەرەکەی و هەروەها خوێنەرەکەیەوە و بۆ ئێمە جیهانێک لە هەناوی خۆماندا دەکاتەوە کە تا پیش ئەوە نەمان دەزانی کە هەیە. لە لایەکەوە، چیرۆکی نەدیمە تەژییە لە ترس و سەرکوت و لە لایەکی دیکەوە پڕیەتی لە هیوا، واتە وتنەوەی چیرۆک بۆخۆی هیوامان پێ دەبەخشێت؛ چونکە لە دەوڵەتێکی تۆتالیتەردا، ئەوا ئەو حکوومەتەیە کە دەیەوێت شوناسی ئێوە ڕۆبنێت، واتە حکوومەت شوناسی مێژوویی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیی هاوڵاتیان داگیر دەکات و لە باتی ئەوە ڕاستییەکی ساختە جێگیر دەکات. ئێمە لە ڕێگەی خوێننەوەوە، دەچینە ئەو دیوی ئەم ڕاستییە ساختەوە و لە پرسەکە تێدەگەین. تێدەگەین کە چۆن خەبات بکەین."
ئایا خەباتی ژنانی ئێران هاوشێوەی خەباتی نەدیمەکانە لە چیرۆکەکەی ئەتڤووددا؟
بۆ من یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پرسەکان سەبارەت بە ئاخێزی خەڵکی ئێران، بە تایبەت ژنان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. لەوێوە کە دەزانین ئەم ئاخێزە ئاخێزێکی سیاسی نییە و ئاخێزی بوونایەتییە و هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێمە دوای وشەی ژن، ژیان و ئازادیمان هەیە. ژنان لە ئێران و وڵاتانی تۆتالیتەری وەک ئەفغانستاندا بۆ بوونایەتی و زیندوومانیان خەبات دەکەن. ئەمەن لە یادمە یەکێک لەو شتانەی کە کاتی خۆی لە ئێران بووم زۆری ئازار دەدام، ئەمە بوو کە وەک ژنێک، وەک مرۆڤێک، وەک مامۆستا، وەک نووسەر، هەموو ئەم ناوانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم من وەرگیرابوو و دواتر لە ڕێگەی حیجابەوە دەیویست بوونی من بشارێتەوە. شتێک کە لە چیرۆکی نەدیمەیشدا ڕوو دەدات."
لە گیلیاددا تەنانەت ناوی نەدیمەکانیش زەوت دەکرێن. نەدیمەکان بە ناوی فەرماندەکەی خۆیان ناویان لێ دەنرێت. بەم شێوەیە کە پێشگری Of پێش ناوی فەرماندەکەیان دێت و ناوی نەدیمەکە دۆگۆڕدرێت. بۆ نموونە Offred، ناوی نەدیمە بە ناوی Fredوەیە.
خاتوو ئازەر لە ڕاستیدا بەوەی ئافرێد لە بەشێکی چیرۆکەکەدا دەیڵێت، ئاماژە دەکات: "ئافرید دەڵێت خۆڕاگری بۆ من گرینگە چونکە هیچ ڕووناکایەک ناتوانێت بەبێ سێبەر بێت و هیچ سێبەرێکیش بەبێ ڕووناکایی. هەر لەبەر ئەمە کورسیەک، تیشکی تاو، گوڵەکان، نابێت هیچیان بە کەم بگرین. چێژ بردن لە هەموو ئەمانە ئازادییەکی زۆر کەمە کە دەگات بە ئەگەرە گەورەکان."
ئەو پاشان ئاوڕێک لە هەوڵە بچووک و ژیرانەکانی ژنان دەداتەوە: "چاو لە خۆمان بکەن لە ئێراندا، ڕێک ئەمامان دەست پێکرد. یەکەم جار لە کوێوە دەستی پێکرد؟ تۆزێک پرچمان دەرخست، پاشان کەمێک زیاتر سەرپۆشەکانمان بردە دواوەوە و وردە وردە سەرپۆشەکانمان لا برد؛ تا ئەمڕۆ کە سەرپۆشەکان دەخەینە ناو ئاگرەوە. هەر لەم ڕووەوە دەربیجەیەک کە ئەم ڕۆمانە بۆمان دەکاتەوە، دەربیجەیەکی گرینگە و تواناکانی خۆمانمان بیر دەخاتەوە."
قسەکانی خاتوو ئازەر هەموو هەوڵە بچووک و هیوابەخشەکانی نەدیمەکان بۆ هیوادار بوون و چێشتنی تامی کەمێک ئازادیمان وەبیر دێنێتەوە. کاراکتەرەکانی ئەم چیرۆکە تەنانەت هەوڵ دەدەن چوونە حەمام بۆ خۆیان بکەنە شتێکی شاعیرانە و کەشی ئازاد و ڕزگاری بۆخۆیان ساز بکەن. وەک ئەو شوێنەی کە دەنووسێت: "حەمام پێویستییە، بەڵام دەرفەتێکی ڕەخساویشە. تەنیا هەڵگرتنی لەفافە سپییەکان و ڕووبەندە، تەنیا دەستهێنانی دووبارە بە پرچەکانمدا بە دەستی خۆم، دەرفەتێکی زێڕینە."
ئازەر نەفیسی بە یادهێنانەوەی دیمەنێکی کتێبەکە کە پاسەوانەکە دەیەوێت ڕووخساری نەدیمە ببینێت و نەدیمە سەرکەشی دەکات، ڕوخساری خۆی پیشان دەدات و دەڵێت: "ئەم سەرپێچییە بچووکانەیە کە دەبنە خۆڕاگرییە گەورەکان."
ژنان لە ئێراندا هەموو ڕۆژێک کارێک دەکەن کە هەنگاوێک پاشەکشێ بە حکوومەت بکەن و ژیان ئەزموون بکەن. ئەوان لە ڕاستیدا لە بارودۆخێکی ئاپوکالیپتیکدا چیرۆکی خاتوو ئەتڤوود دەژین و خۆراگری دەکەن. چەندە ئەوانە ئیلهام لە ئەدەبیات وەردەگرن؟
ئازەر نەفیسی لەو باوەڕەدایە کە خەڵکی ئێران ئەم کەشە ژیاون. لەم کەشەدا هەناسەیان هەڵکێشاوە و لەم کەشەدا خۆڕاگریان خولقاندووە: "هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەم کتێبە هێندە دەتوانێت کاریگەری دابنێت. ئێمە هەمیشە واقیع بە مەودایەکەوە درک پێ دەکەین، بەڵام کارێک کە چیرۆک دەیکات ئەمەیە کە واقیع بۆ ئێمە مانا دەکاتەوە، بۆیە ئاراستەی چیرۆکەکە هەنگاوێک پێش ژیان دەکەوێت. واتە تەفسیری ڕابردووە، ڕوانینێکی هەنووکە و وەدیهێنانی توانستێک لە داهاتوودایە. ئەمە کارێکە کە خەیاڵ بۆمان دەکات. بە وتنەوەی چیرۆک، ئێمە چیرۆکەکە لە داگیرکەر دەستێنین و دەیکەینە هی خۆمان و بە خوێندنەوەی چیرۆک، ئێمەیش وەک نووسەر هاوبەشین لە هەبوونی ئەو چیرۆکەدا، لێرەوە، ئەم چیرۆکە هەنووکە هی ئێمەیە و دەربڕی ئێمەیە."
بەڵام ئەم چیرۆکە بە دەستی نووسەرێک نووسراوە کە کەمتر ژنانی ئێران یاخود ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەکسانیی جێندەری و هەڵاواردن بە دژی ژنان ژیاوە.
خاتوو ئازەر دەڵێت ئەتڤوود لە شوێنێکدا دەگێڕێتەوە کە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە چیرۆکدا ڕوو دەدەن لە ڕۆژاوایشدا ڕوویان داوە، تەنانەت حیجابی ژنان. هەر وەک دەزانن، وێرمەنەکان و گرووپێک لە مەسیحییەکان هەن کە ژنیان لە سەدەکانی ناویندا بە داپۆشراوی دەویست. ئەتڤوود دەڵێت کابووس و مۆتەکەی مێژووی گێڕاوەتەوە. بۆخۆی ماوەیەک لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا ژیاوە و هەر لەبەر ئەمە بونیادی ئەو کۆمەڵگایەی لەبەرچاو بووە. ئەمەی کە چۆن توانیویەتی ڕاستییەک کە تووشی خۆی نەبووە بەم جۆرە ڕیالیستییە لە خەیاڵدانیدا بێچم بدات، هونەرەکەی ئەوە. پێموایە ئێمە لە کاتی نووسینیدا هاوکات دوو کار دەکەین، یەکێک کە لە ئەزمووندا ڕۆدەچین و یەکێک مەودایەک ساز دەکەین لەگەڵ ئەزموون بۆ ئەوەی بتوانین بنووسین؛ ئەگەر بۆخۆت ببیتە پاڵەوان یان یەکێک لە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکە، ناکرێت بەم مەودایەوە بنووسیت.
ئێستا زۆربەی ئەوانەی کە چاویان بریندار بووە، ئەو بنەماڵە داخدارانەی کە ئازیزێکیان لە دەست داوە و ئەوانی کە ئازیزانیان لە زینداندا بەند کراون، هەموویان باسی هیوا دەکەن. "جۆن ئازبۆرن"ی چیرۆکی سەربوردەی نەدیمەیشیلە دژوارترین دۆخدا هیوای بە داهاتوو هەیە، کە ئەم هیوایە، وێنایەک بۆ ڕزگاریی خۆی و ئەوانی دیکە دیار دەکەوێت. لەم دۆخەدا هیوا بە خستنی سیستمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامییش زۆر زۆرە. پێتان وایە ئەم هیوابەخشییە چەندە دەتوانێت دەوری هەبێت لە سەرکەوتندا، وەک هیوایەک کە پاڵەوانی چیرۆکەکە دەبزوێنێت و پیشی دەخات؟
ئازەر نەفیسی وەبیر قسەیەکی "واتسلاڤ هاڤێل"، نووسەر و سیاسەتوانی خەڵکی چێک دەکەوێتەوە: "ڕستەکەم بە باشی بیرنایەتەوە بەڵام دەڵێت هیوا بە مانای گەشبینی نییە، بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە ئەمانەوێت لەو کارەی دەیکەین کەڵگ وەربگرین، بەڵکوو هیوا بەو مانایە کە ئێمە ئەم کارە دەکەین سەرباری ئەوەی کە ڕەنگە ڕوو بدات، چۆنکە پێمانوایە کارێکی درووستە. بۆخۆم سەبارەت بە ئێران وابیر دەکەمەوە. ئێمە ئێستا لە ناو ئاخێز و بزووتنەوەیەک داین کە کەسەکان چاویان لە دەست دەدەن، ژیانیان دەدەن، نەک لە بەرە ئەوەی سبەی ڕۆژ باش یاخود خراپ دەبێت لەبەر ئەوەی ژیان واتە ئازادی. ئەمە بۆخۆی وەهایە."
هەندێک جار ناتوانم شەوانە بخەوم، پێموایە چۆن دەکرێت؟ ئەم هەموو ئازایەتییە لە کوێوە هات؟ ئەمە هەر لە هەمان هیواوە دێت، واتە دڵتان شکاوە و ئێوە دەبێت ئەم دڵە شکاوە پێکەوە بنووسێننەوە." ئایا پێش ئەمەیش هەبووە کە خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی ڕووداوێک بن لە چیرۆک یاخود بەرهەمێکی هونەریدا، یان سەرچاوەکەیان ئەدەبیات بێت؟
ئازەر نەفیسی، "ڤیکتۆر هووگۆ" و هەژارن بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت: "ئەم ڕووداوە ئەوەندە ڕووی داوە کە ستەمکاران بۆخۆیان لە نووسین دەترسن. باشترین نموونەکەی "سەلمان ڕووشدی"یە. من لە خۆم دەپرسم کە ئەم پیاوە جگە وشەکان، ئایا چەکێکی دیکەی هەبوو؟ نەیبوو. چەکەکەی وشەکانی بوون، بەڵام ئەم وشانە بۆ یەکێک لە بەهێزترین پیاوانی جیهان واتە "ئایەتوڵا خومەینی" هێندە گران بوو کە ویستی سەلمان ڕوشدی بکوژرێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە چەندە ئەدەبیات ڕێک لەبەر نزیکایەتی و هەمانیی لەگەڵ واقیعدا بۆ زاڵمان و ستەمکاران ترسناکە."
ئەو لە کۆتایی وتووێژەکەدا بە وتنەوەی گوتەیەک لە "مۆنیرۆ ڕوانیپوور"، یەکێکی دیکە لە نووسەرانی ناسراوی ئێران ئاماژە دەکات: "مۆنیرۆ ڕەوانیپوور وتوویەتی کاتی خۆی کە لە ئێران لە حاڵی ڕاکردندا بووە لە دەست ئەو ڕژیمە، گوێی لە چیرۆکی ئەوانی دیکە گرتووە و یادەوەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە. گوێ گرتن لە چیرۆکی ئەوانیتر و نووسینی یادەوەری، دژی خەمۆکی و زیانی دەروونییە. دەنووسم بۆ ئەوەی ئەوانە نەتوانن بمکوژن، دەنووسم بۆ ئەوەی زیندوو بمێنمەوە. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە پێی دەڵێین ئەدەبیات. ئەدەبیات پارێزەری یادەوەرییەکانە. تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی و گیلیادیش نەبن، ئێمە لە هەر خولەکێکدا دەمرین و زیندوو دەبینەوە. نووسینی یادەوەری گەلێک گرینگە، بە تایبەت لە وڵاتگەلێکی وەک ئێراندا."
داوای لێ دەکەین دوای بیستنی ئەم وشانە، یەکەم ڕستەیەک کە بە بیریدا دێت بیڵێت:
گیلیاد: کۆماری ئیسلامی.
ژینا (مەهسا) ئەمینی: بیری ژن، ژیان، ئازادی دەکەومەوە.
سەربوردەی نەدیمە: سەربوردەی هەموومان، هەموو ژنانی ئێران.
تێبینییەکەت بنووسە