دامەزراوەی کەلەپووری کولتووری کە خۆی وەک گرووپێکی خستنەڕووی ڕێکارە زانستی و کاربوردییەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی شێعەکانی ئێران ناساندووە، بە تازەیی لە توێژینەوەیەکدا دەربارەی پێویستیی حیجاب، چوار سیناریۆی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا بڵاو کردۆتەوە. دەربارەی کورتە مێژووی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران و ئەو سیناریۆیانەی کە توێژەرانی دامەزراوەی کەلەپووری کولتووری لەم بارەوە پیشەکشی کەردووە، زیاتر بخوێننەوە.
***
دژایەتیی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەوەندە بەربڵاو بۆتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەران، بەرپرسان، ئایینداران و دامەزراوەکانی توێژینەوە و کولتوور، لە دژایەتی کردن لەگەڵیدا یاخود پێویستیی پێداچوونەوەی دەسەڵات لە سیاسەتەکانیدا لەم بارەوە، بە ڕاشکاوی سەربارەت بەم پرسە قسە بکەن.
کوشتنی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" و ناڕەزایەتییەکانی دوای ئەوە، بێدەنگیی بەشێکی بەرچاوی دژبەران یاخود ڕەخنەگرانی حیجابی زۆرەملێی لە ناو سیستم و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی لە کۆتاییدا شکاند و ژمارەیەکی بەرچاویان بە نهێنی و بە ئاشکرا، خوازیاری لابردنی گەشتی ئیڕشاد و هەموو جۆرەکانی زەبر و زۆرەملێ لە دیاری کردنی جۆری پۆشینی جلوبەرگی ژنان و کچان لە ئێراندا بوون.
حیجابی زۆرەملێ چیرۆکی پڕ لە ئازاری ٤٤ ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگای ئێرانە کە بەردی بناغەکەی "ڕووحوڵا خومەینی" داینا و "عەلی خامنەیی" درێژەی پێدا و کۆمەڵێک مەرجعی تەقلئیدی دیکە وەک "موحەمەدڕەزا گوڵپایگانی"، "لوتفوڵا سافی گوڵپایگانی"، "ناسر مەکارم شیرازی"، "حوسەین نووری هەمەدانی"، "مەحموود هاشمی شاهڕوودی" و "جەعفەر سوبحانی"، بە دەرکردنی فەتوایەک لەسەر زۆرەملێ بوونی پێداگریان کرد.
لەم نێوانەدا، هەندێک مەرجەعی تەقلیدی دیکەیش وەک "یووسف سانعی" و "تەقی تەباتەبایی قومی"، دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ بوون، بەڵام دەنگی ئەوان بە جێگایەک نەگەیشت و وردە وردە لەگەڵ باقیی بیر و بۆچوونەکان و ڕوانگە فیقهییەکانیان، خرانە پەراوێزەوە.
حیجابی زۆرەملێ لە ساڵەکانی ١٣٥٧ تا ١٣٥٩ لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیارنامەکان بۆ پیادەکردنی لە لایەن سیتسمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی سیاسییەوە خرانە بواری جێبەجێ کردنەوە و لە ساڵی ١٣٥٩ تا ١٣٦٠، گەیشتە گۆڕینی پێڕەوی پۆشینی جلوبەرگ لە قوتابخانەکاندا و لە ساڵی ١٣٦٠دا بوو کە یەکەم یاسای پۆشینی زۆرەملێ لە مەجلیسدا پەسەند کرا.
ساڵی ١٣٦٢یش حوکمی تەعزیر یان ٧٤ قامچی بۆ کەسانی "بەدحیجاب" پەسەند کرا و ساڵی ١٣٦٥، مادەی ١٠٥ی یاسای تەعزیرات، بۆ سەکۆنە کردن و سزدانی فرۆشیارانی جلوبەرگی ژێرەوە پەسەند کرا و ساڵی ١٣٦٨یش کۆمسیونی دیاری کردنی ڕواڵەتەکانی "گەندەڵی" لە کۆماری ئیسلامیدا پێکهات.
ئەم ڕەوتە درێژەی هەبوو تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٧١، لە مادەی ١٠٢ی یاسای تەعزیراتدا باسی ناساندنی ژنانی بەدحیجاب بۆ دادسەرا گونجێندرا و لە ساڵی ١٣٥دا ئەم مادەیە لابرا و سزای بەدحیجابەکان گۆڕدرا بۆ زیندان و سزای نەختی.
ساڵی ١٣٧٦یش یاسای گشتیی پۆشین پەسەند کرا و لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٣٨٤دا پڕۆژە یاسای ستراتێژیکی پەرەپێدانی عەفاف و حیجاب پەسەند کرا کە لە هەناویەوە گەشتی ئیڕشاد سەری هەڵهێنا و ساڵی ١٤٠١ بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە تاران، بڵێسەی شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرینی لە کۆمەڵگای ئێراندا هەڵگیرساند.
گرووپی توێژینەوە ستراتیژیکەکانی کەلەپوور کە بەشێکە لە "ئەنجومەنی کەلەپووری ئیسلامی" لە ئێراندا چالاکیی دەکات، لە کاردانەوەدا بەم شۆڕشەی کە دەستی پێکردووە و درێژە بە ڕێگاکەی خۆی دەدات و یەکێک لە باشترین نموونەکانیشی ئامادەیی زیاتری ژنانە بەبێ سەرپۆشی ئیسلامی لە پانتای گشتی دایە، توێژینەوەیەکی تێر و تەسەلی لە ژێر ناوی "داهاتوونووسیی پێویستیی بە حیجاب لە ئاسۆی ١٤١١"دا و کۆمەڵێک سێناریۆی جۆراوجۆری لەم بارەوە خستەبەر لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەوە.
لەم توێژینەوەدا، ٤ سیناریۆ سەبارەت بە حیجاب تا ساڵی ١٤١١ لە کۆمەڵگای ئێراندا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کە بریتین لە سیناریۆی پێکەوە ژیان، سیناریۆی ڕووبەڕوو بوونەوە، سیناریۆی مستی بەتاڵ و ئاگری ژێر خۆڵەمێش.
لە هەموو ئەم چوار سینایۆیشدا دوو گرووپی سەرەکیی خاوەن پشکەکان، واتە دەسەڵاتدارێتی و خەڵک دیاری کراون کە گرووپی دووهەم بەسەر سێ دەستەی ڕەزامەندان بە پێویستیی حیجاب، دژبەرانی نائایینیی حیجاب و دژبەرانی ئایینیی پێویستیی بە حیجاب دابەش کراون.
ئەم توێژینەوە پاش ئەم شێوەبەندییە، پەرژاوەتە سەر پێناسە و شیکاری و ئەگەری دەرکەوتنی هەر یەکە لەم سیناریۆ چوار فاقییە تا ١٠ ساڵی داهاتوو لە پێوەندیدا بە حیجابی زۆرەملێ.
ئەم توێژینەوە لە ڕوون کردنەوەی سیناریۆی پێکەوە ژیاندا نووسیویەتی کە کۆمەڵگا لەگەڵ بیرو باوەڕ و ستایلی ژیانە جۆراوجۆرەکاندا هەڵ دەکات و هەموو ڕەوتەکانی حکوومەت نوێنەرایەتیی دەکات و پرسی حیجاب بە شێوەیەکی پێکەوە ژیان و لە ڕێگەی نوێنەرانی خەڵک و بەپێی ڕای زۆرینەی کۆمەڵگا ڕێک دەخرێت. حیجاب و جۆرەکانی جل و بەرگ پۆشین لە چوارچێوەی یاسادا وەک هەڵبژاردنێکی شەخسی لە لایەن خەڵکەوە، قبوول دەکرێت و نابێتە هۆی جیایی و پەرتەوازە بوون و جیایی خەڵک.
ئەم توێژینەوە دەڵێت ئەگەر ئەم سێناریۆیە تا ساڵی ١٤١١ وەدی بێت، هەموو گرووپە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە ڕەزامەندی بە دەست دەهێنن و تەنیا خەڵک ڕازی بە حیجابی زۆرەملێ هەن کە لە بواری "ئەخلاقی"دا ناڕازی دەبن.
ئەم توێژینەوە لەم سێنایۆدا پێشنیاری ئەوە دەکات ئەگەر کۆمەڵگا پشوودرێژ و لێبوردە بێت و کەشی سیاسیی کراوە وەدی هاتبێت، لە ئاراستەی سەرهەدانەوەی دووبارەی ململانێ سەبارەت بە پرسی حیجاب، دەکرێت بیر لە "پەروەردەی جیلی داهاتوو" بکرێتەوە.
بە بڕوای نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە، سەرنجانی جیلی داهاتوو لە ئاراستەی پێش گرتن لە ململانێی دووبارە، لە هەموو سێناریۆکاندا گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
سێناریۆی دووهەمی ئەم توێژینەوە، تایبەتە بە "ڕووبەڕوو بوونەوە" کە لە ڕوون کردنەوەکەیدا هاتووە خەڵک سنوورێکی تایبەتی بەرگەگرتنی کەمیان بەرامبەر هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک هەیە؛ بەڵام هەموو ڕەوتەکان نوێنەری خۆیان لە حوکمڕانیی وڵاتەکەدا هەیە.
بەرگەگرتنی کۆمەڵگا لە هەبەر بیروبڕوا جیاوازەکان کەم بۆتەوە و گرژیی بۆ ئاستی سیاسیی فراوان دەبێتەوە. سەرباری ڕووبەڕوو بوونەوەکانی خەڵک لەگەڵ یەکتر، کەشی سیاسیش دەبێتە شوێنی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕەوتە جۆراوجۆرەکان.
لایەنی هێماینی سیاسی و بیڕوامەندیی حیجابیش زیاتر بووە و دەبێتە هۆی گرژی نانەوە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکدا.
لە وەها سێناریۆیەکدا، تا ڕادەیەک هیچ کام لە لایەنەکان ڕازی و سەرودڵ خۆش نین، بەڵام دەسەڵاتدارێتی لە "ڕووی نێونەتەوەیی" و سێ گرووپی خەڵکیش، تەنیا لە "بەشداریی کۆمەڵایەتی"دا بە ڕەزامەند پێناسە کراون.
ئەم توێژینەوە لە ئەگەری باڵادەست بوونی ئەم سێناریۆ لە ساڵانی داهاتوودا، پێشنیاری ئەوەی کردووە هەوڵدان لە ئاراستەی "بە فەرمی ناسینی ڕەوتە فرەچەشنەکان"، ئەولەویەتی سەرەکیی چالاکییە مەدەنییەکان بێت.
سێهەمین سێناریۆی ئەم توێژینەوەیە، "مستی بەتاڵ" ناویەتی کە لە پێناسەکەیدا هاتووە کۆمەڵگا لەگەڵ توێژگەلی جۆراوجۆر لە بابەت لێبوردەیی و پێکەوە ژیان هەڵس و کەوت دەکات؛ بەڵام کەشی سیاسیی وڵات ملکەچی ڕەوتێکی تایبەتە و هەموو ڕوانگەکان تێیدا ڕەنگ ناداتەوە.
یاسا و سزادانی سەخت بۆ لادەران لە یاسای حیجاب دادەمەزرێت و دەسەپێندرێت؛ بەڵام لە ڕێگەی قبووڵ کردنی ستایلەکانی ژیان بە لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لەگەڵ یەکتر دەژین و یاساکانی حیجاب بەتاڵ دەبێتەوە لە مەشروعیەت و ڕەوایەتی. حیجابیش وەک هەڵبژاردنێکی تاکەکەسیی قبووڵکراو نابێتە هۆکاری درووست بوونی گرژی و جیایی نێوان خەڵک و حیسابی گەشتی ئیڕشادیش لە ژنانی خاوەن حیجاب جیا دەبێتەوە.
لەم سێناریۆدا، دەسەڵاتدارێتیی لە هەموو نموونەکانی لێکۆڵینەوە لەم توێژینەوە ڕازی نییە و گرینگترین لایەنێک کە لە زۆربەی ڕووەکانەوە لەم سێناریۆ ڕازین، ئەوانەن کە دەچنە ڕیزی ڕەزامەندان بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ.
ئەم توێژینەوە بەم گریمانەوە کە ئەم سێناریۆیە لە ساڵەکانی داهاتوودا ڕەنگە باڵادەست بێت، نووسیویەتی کە لە وەها دۆخێکدا "هەوڵەکانی کۆمەڵگا بۆ دەرچوونی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی پرسەکە و دەورگێڕانی کۆمەڵگا بۆ چارەسەر کردنی پرسی حیجاب" گرینگیەکی زیاتری دەبێت.
"ئاگری ژێر خۆڵەمێش"، چوارەمین و دوایین سێناریۆی ئەم توێژینەوەیە کە لە پێناسەکەیدا هاتووە تەنیا گرووپێکی تایبەتی خەڵک لە وەها سێناریۆیەک لە حوکمڕانیدا نوێنەریان هەیە و کۆمەڵگا، بەرگەی فەرەچەشنی لە بیرکردنەوە و ستایلی ژیان ناگرن.
بەشێک لە کۆمەڵگا بە پشتیوانیی دەسەڵاتی سیاسیییەوە، بەشەکەی دیکە سەرکوت و یاساکانی خۆی پیادە دەکات.
بەشێک لە خەڵک لە حکوومەتدا نوێنەریان نییە، لەگەڵ هەڵسوکەوتی تووند بەرامبەر ژنانی خاوەن حیجاب و خاوەن هێما ئایینییەکان، بەشێک لە تووڕەییەکەی خۆی دەردەخات و بوار بۆ ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان و سەرهەڵدانی تووندوتیژی خۆش دەکات.
لەم سێناریۆیشدا هەموو لایەنەکان ناڕازین، بەڵام ڕەزامەندان بە حیجابی زۆرەملێ تەنیا ڕەزامەندانی وەها بارودۆخێکن.
ئەم توێژینەوە لە بابەت ئەم سێناریۆیشەوە پێشنیاری داوە لەم دۆخەدا ئەولەویەتی یەکەم، "بە فەرمی ناسینی ڕەوتە فرەچەشنەکان" و لە قۆناغی دواتردا، سیاسەتی "دەورگێڕانسەرەکیی کۆمەڵگا لە پرسی حیجاب" گرینگیی تایبەت پەیدا دەکات.
ئەم توێژینەوە لە کۆبەندی کۆتاییدا هەروەها دانی بەوەدا ناوە کە دوای شۆڕشیی ئیسلامی، "دەستێوەردانی حکوومەت لە بابەت حیجابەوە، ئەم پرسەی تووشی خەساری زیاتر کردووە و لە ئێستادا، پرسی حیجاب بەم پێشینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر بۆتە بابەتێکی سیاسی."
ئەم توێژینەوە ئەوەیش زیاد دەکات کە "هەر ئەم بابەتە بۆتە هۆی ئەوەی کە واتای ئایینی و کولتووریی حیجاب کاڵ ببێتەوە و لە هەمبەر ناڕەزایتییە سیاسییەکاندا، لاواز و کز دەربکەوێت. بە گوتەیەکی دیکە، لابردنی حیجاب بە مانای دژایەتیی لەگەڵ حکوومەت و خاوەن حیجاب بوون بە مانای ڕەزامەندی و پەسەند کردنی حکوومەت لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت، کە ئەم زیانە لە درێژماوەدا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی هەرچی زیاتری پێویستیی حیجاب."
ئەم توێژینەوە بۆ دەرچوونی کۆماری ئیسلامی لە باتڵاقی حیجابی زۆرەملێ پێشنیاری داوە بە ڕێکخراوە مەدەنی و ئایینییەکان: "داوای دەرچوونی لانی زۆری دەسەڵاتدارێتی لە پرسی بەڕێوەبردنی حیجاب بکەن."
پێشنیارێکی دیکە کە لەم توێژینەوەدا ڕوو لە ئاییندارەکان باس کراوە ئەمەیە کە چالاکییە کولتوورییە سەربەخۆکانیان پەرە بدەن و بەشداری کردن بە ئامانجی چارەسەری ئەم پرسە زیاتر بکەن تا حیجابی زۆرەملێ لە بابەتێکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ بابەتێکی کولتووری.
ئەم توێژینەوەیە هەروەها پێشنیاری بە کۆمەڵگای ئایینیی ئێران کردووە کە "ڕەوتی فرەچەشن" بە فەرمی بناسێت و بە "جیاکاری لە نێوان چەمکی حیجاب و عەفاف، لە ئاراستەی هەڵکشانی عەفافدا هەوڵ بدات."
تێبینییەکەت بنووسە