زیاتر لە پێنج مانگ لە دەسپێکی ناڕەزایەتییە بێ وێنەکان بە حیجابی زۆرەملێ تێپەڕ دەبێت. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە حیجابی زۆرەملێ کە گرینگترین هێمای کۆماری ئیسلامی بووە، چۆن لەم چەند مانگەدا بە دەستی ژنان لە ئێراندا داڕماوە.
***
سێکانسی یەکەم: ژنێک کە بە تاوانی قبووڵ نەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە بەربژێریی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵی ڕێکخراوی ئەندازیارانی تاران وەلانرابوو، سەرپۆشەکەی لەسەر ستەیجەکە فڕێ دا و لە ناو چەپڵەڕێزانی ئامادە بوواندا هۆڵەکەی بەجێهێشت.
سێکانسی دووهەم: دۆکتورێکی دەرمانساز، نەک هەر حیجابی زۆرەملێی قبووڵ نەکرد کە لەگەڵ ئەو کەسەی وەک "ئامر بە چاکە" قسەی لە چۆنییەتیی هەڵبژاردنی جلوبەرگ پۆشینی کردبوو، ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
سێهانسی سێهەم: کارمەندێکی پۆلیس سەرباری پێداگریی "ئامر بە چاکە" ڕووبەڕووی هاوڵاتییەک دەبێتەقو کە قسە لە چۆنییەتیی جلوبەرگ پۆشینی دەکات، دەڵێت کە بەپێی یاسا تەنیا دەبێت "پارێزەری ماڵ و گیانی و نامووسی خەڵک" بێت و یاسایەکیش کە وەک حیجابی زۆرەملێ ناسرابێت بوونی نییە.
شۆڕش بە دژی هێما
ئەگەرچی "حیجابی ئیسلامی" یەکێک لە دروشمەکانی شۆڕشگێڕانی ٥٧ نەبوو و تەنانەت تا مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ نەبوونی حیجابی ئیسلامی "تاوان" نەبوو، حیجابی زۆرەملێ وردە وردە و بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو بووبە یەکێک لە سەرەکیترین هێماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو ڕۆحانیانەی کە دوای شۆڕشی ٥٧ بە ناوی "ئیسلام" و بە دروشمی پیادە کردنی یاسا و ڕێسسا ئیسلامییەکان، وردە وردە حکوومەتیان بە دەستەوە گرت، هەوڵیان دا شەرعییەتی خۆیان لە ڕێگەی "شەریعەت"ەوە بنجبەست و قایم بکەن. بە تایبەت ئەوەی کە تاقە ئیمتیازی ڕۆحانییەت بەسەر ڕکابەراندا، پسپۆڕی لە زانستە ئیسلامییەکان بە تایبەت لە فیقهی شێعە و شەریعەتدا بوو.
بەڵام، تێپەڕ بوونی کات دەری خست لە ئیسلامی کردنەوەی بونیادەکاندا، کێشە و ئاڵۆزی هەیە یاخود تەنانەت نامومکینە بەڵام ئیسلامی کردنەوەی ڕواڵەتەکان و سەرنجدان بە عیبادەت هاسانتر و مومکینتر دەردەکەوێت.
کۆماری ئیسلامی نەیتوانی بونیادەکان ئیسلامی بکاتەوە، هەر لەبەر ئەمە پێداگریی کرد لەسەر ئیسلامی کردنەوەی ڕواڵەتەکان لە ڕێگەی پێداگرییەوە لەسەر حیجابی زۆرەملێ.
بەم هۆیەوە بوو کە حیجابی زۆرەملێ بۆتە هێمای کۆماری ئیسلامی. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لە ئامرازی ئەم بابەتە تەنانەت دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ناڕەزایەتییە سەراسەری و بەرفراوانەکان کە بە گیان بەخت کردنی ژینا ئەمنییەوە بە دەستی گەشتی ئیڕشاد دەستی پێکرد. ناترسن.
"محەمەد دێهقان"، جێگری حقووقیی سەرۆک کۆماری لە دەوڵەتی "ئیبراهیم ڕەیسی"، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "حیجاب هێمای کۆماری ئیسلامی"یە. پلەدارێکی وەزارەتی کولتوور و ئیڕشادی ئیسلامی بە تازەیی لە کۆبوونەویەکدا لەم بارەوە وتبووی: "حیجاب بۆتە هێمای کۆماری ئیسلامی و ناکرێت نادیدەی بگرین."
لە هەموو ئەمانە گرینگتر، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، پێش ئەمە وتبووی کە حیجابی ئیسلامی بۆ ژنان "بێگومان" پێویستییەکی شەرعییە و جێگەی قسە لەسەر کردن نییە.
سەرباری پل و پۆ هاویشتنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ئەم "هێما گرینگە"، ئەم "شوناسە ئینکارنەکراو"ەی کۆماریی ئیسلامی بەڵام "داڕماو"ە. چیتر ئەمە تەنیا ژنان نین کە "جلوبەرگ پۆشین بە پێوەری کۆماری ئیسلامی" قبووڵ ناکەن کە ڕەنگە بۆ یەکم جارە دوای شۆڕشی ئیسلامی، پیاوانیش بە شێوەیەکی بەرین بەرگریی لە مافی ژنان بۆ مافی هەڵبژاردنی جۆری جلوبەرگ پۆشین دەکەن.
هەڵبەت تەنیا "حیجابی زۆرەملێ" نییە کە وەک "هێما"ی کۆماری ئیسلامی لە لایەن هاوڵاتیانەوە ڕووخێندراوە. هەموو ڕۆژێک، کۆمەڵێک وێنە لە ئاگرتێبەردانی بەنێرە تەبلیغاتی- ئایدیۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی، شکاندنی پەیکەرەکانی کەسایەتییە ڕێبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و دروشم نووسین لەسەر دیوارەکان بڵاو دەکرێنەوە؛ کۆی ئەم کارانەی هاوڵاتیان سەرباری سەرکوتی خوێناویی پێنج مانگی ڕابردوو کراون.
لە زۆرەملێوە تا پاڕانەوە
بریسکەکانی حیجابی زۆرەملێ لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ واتە کەمتر لە یەک مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش لێدرا. ئەو ڕۆژە، ڕۆژنامەی کەیهان بەم مانشێتەوە بڵاو کرایەوە: "دەبێت ژنان بە حیجابەوە بچنە نێو دامودەزگا دەوڵەتییەکان."
زۆرەملێ بوونەوەی حیجاب لە ئیدارەکاندا بەڵام دەوری دوو مانگ درێژەی کێشا و بۆ یەکەم جار سەر لە بەیانیی ١٤ی مانگی پووشپەڕی ١٣٥٩ بەملاوە چوونی ژنانی بێحیجاب بۆ ئیدارە و دامودەزگا دەوڵەتییەکان قەدەغە کرا. مانگی گەلاوێژ ٦٢یش مەجلیس بە پەسەند کردنی یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ ڕەچاو نەکردنی حیجاب لە شوێنە گشتییەکاندا بڕیاری سزای دیاری کرد.
بەڵام کۆماری ئیسلامی، بۆ "زۆرەملێ" بوونی حیجاب تەنیا قەناعەتی بە دەرکردنی بڕیار و پەسەند کردنی یاساکان نەکرد. ئەو جەماعەتەی کە ئەوکات بە "داردەست" ناسرابوون بە دروشمی "یا روسری یا توسری" بە سازدانی کەشی ترس و تۆقاندن ژنانیان ناچار کرد یاسای حیجاب قبووڵ بکەن. دوای ئەمە و بە درێژایی ساڵانێکی زۆر، "ئەسیدپاشەکان"، "بکوژە دەستەییەکان"، "لیباس شەخسییەکان" و… بۆ زەرەملێ هێشتنەوەی حیجاب بوونە یارمەتیدەری هێزە ئینتزامییەکان.
بەڵام ئێستا دوای پێنج مانگ لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، چیتر کۆماری ئیسلامی لە حاڵەتی هێرش کردنەوە لە بابەت حیجابدا چۆتە حاڵەتی بەرگرییەوە.
بەرپرسانی جۆراوجۆری کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک وتووێژ دەکەن، باس لە پەسەند کردنی یاسای تازە دەکەن، هەڕەشە دەکەن و… تا ڕەنگە بتوانن حیجابی زۆرەملێ بە بەر ژناندا بکەنەوە.
نوێنەرێکی مەجلیسی ئێران، باس لە گەڵاڵە کردنی بەرنامەیەک دەکات کە بەو پێیە، کارتی نیشتمانیی ئەو کەسانەی کە حیجاب لەبەرچاو ناگرن، بەتاڵ بکاتەوە و پێشکەش کردنی خزمەتگوازرییە کۆمەڵایەتییەکانیان ببڕن.
سەرۆکی زانکۆی تاران باس لە پەسەند کردنی بڕیارنامەیەکی نوێ لە لایەن شورای کەلتووریی ئەم زانکۆ دەربارەی حیجابی زۆرەملێی خوێندکارە کچەکان دەکات و هەڕەشەی دەکات کە ئەو خوێندکارانەی کە ئەم بڕیانامە قبووڵ ناکەن "بەپێی یاسا سزا دەدرێن."
وتەبێژی ستادی ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە ڕایدەگەیەنێت کە ٣٢ ئامێر لە چوارچێوەی چوار گرووپی چاودێریی پرسی حیجاب لە سەیارەکان، چاودێری باسی شوێنە بازرگانییەکان، چاودێری شوێنە گشتییەکان و چاودێری کەشی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بابەت "حیجابی ئیسلامی"دا کار دەکەن.
داواکاری گشتیی ئێرانیش بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "دوژمنان" لە ڕێگەی "پروپاگاندا و پلان"ەوە بوونەتە هۆی ئەوەی ژنان و کچانی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا بەبێ حیجابی زۆرەملێ دەربکەون و لە شوێنە گشتییەکاندا "تاوانی ئاشکرا" ئەنجام بدەن.
هەروەها جێگری کاروباری ژنان و بنەماڵەی سەرۆک کۆمار بانگەشەی ئەوە دەکات کە "یاسایی بوونەوەی حیجاب خواستی کۆمەڵگایە."
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قسە دەکەن، هەڕەشە دەکەن، تەنانەت هەموو ڕۆژێک هەواڵی پلۆمپ کردنی یەکە پیشەییەکان بە "تاوان"ی نادیدە گرتنی حیجابی زۆرەملێی کارمەندان یان مشتەرییەکانیان بڵاو دەکرێتەوە بەڵام بە کرداری هاوڵاتیان بە ڕانەگرتنی حیجابی زۆرەملێ دەچنە شەڕەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
ڕواڵەتی شەقامەکان، ناوەندەکانی کڕین، زانکۆکان و… چیتر هاوشێوە نین لەگەڵ پێنج مانگ بەر لە ئێستادا. تەنانەت ژنانی زیندانی کە ئەم دوایانە لە زیندان ئازاد دەکران، بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە زیندانەکان دەهاتنە دەرەوە و لە پشت درگای زیندانەکانەوە "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە.
ناڕازیان لە جەنگ بە دژی کۆماری ئیسلامیدا لە گرتنی گرینگترین سەنگەردا سەرکەوتوو بوون، هەرچەند ئەم خەباتە نایەکسانە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە