بەپێی هەواڵێک کە بە دەست "ئێرانوایەر"، گەیشتووە، ئەمڕۆ دووشەمە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە درێژەی هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ناوەندەکانی پەروەردە و بارهێنان، دەیان قوتابیی قوتابخانەکانی کچانی لە شارەکانی دیواندەرە، نەغەدە، محەمەدیار، سنە، تیکاب، مهاباد، ماکوو، هەرسین و ئیسلامابادی ڕۆژاوا ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندەکانی تەندرووستی و نەخۆشخانەکانی ئەم شارانە گوازراونەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شاری دیواندەرە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دوای هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لەم شارەدا لانیکەم ٦٠ کەس لە قوتابیانی قوتابخانە کچانەکانیی فەزیلەت، پەروین و شکۆفەکانی ئینقلاب ژەهراوی بوون و بە هۆی تێکچوونی حاڵ و باری جەستەییانەوە بە نیشانەکانی وەک سەرەگێژە، دڵ تێکەڵهاتن و ناهاوسەنگیی باری جەستەییەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ئەم شارە گوازراونەتەوە.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە کە لە #سنە بە دەستی ئێرانوایەر گەیشتووە، ئەمڕۆ قوتابیانی قوتابخانەی "شەهید موتەهەری" گوندی نەنەڵە سەر بە شاری سنە دوای هێرشی کیمیایی ژەهراوی بوون و بە نیشانەکانی سەرەگێژە، توند بوونە هەناسە بۆ نەخۆشخانەی "تەوحید"ی ئەم شارە گوازراونەتەوە. #مهسا_امینی pic.twitter.com/BVHwRd87lo
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) March 6, 2023
ئەو دەڵێت ژمارەیەک لەو قوتابیانەی کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی دیواندەرەدا هێرشیان کیمیاییان کراوەتەسەر بە هۆی ژەهراوی بوون و بێ حاڵییەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزراون.
سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایش باس لە ژەهراوی بوونی ژمارەیەک لە قوتابخانە کچانەکان لە نەغەدە، شاری محەمەدیار و گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارەی سەر بە نەغدە دەکەن.
ئەم سەرچاوە خۆجێییە هەر لەم پێوەندییەدا بە ئێرانوایەر دەڵێت سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ١٥ی ڕەشەمە، قوتابخانەی شاهیدی تەیبە لە شاری نەغەدە، قوتابخانەی فاتیمەی زەهرا لە شاری محەمەدیار و قوتابخانەی کچانەی گوندی کوهێلی سەر بە شاری نەغەدە، دوای هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ئەم قوتابخانانە ژەهراوی بوون و ژمارەیەک لە قوتابییە بەرکەوتووەکانیش حاڵیان تێکچووە و دەسبەجێ بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی شاری نەغەدە گوازراونەتەوە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بەسەر دەبەن.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دوای هێرشە کیمیاییەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر سێ ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی کچانە لە شاری نەغەدە، محەمەدیار و گوندی کوهێل لانیکەم ٥٠ قوتابی بە هۆی سەختیی بەرکەوتنەکەیان و ناجێگیر بوونی باری تەندروستیان لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیدا ڕاگیراون و ژمارەی قوتابییە بەرکەوتووەکانیش بە گازە کیمیاییەکان لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا ڕوو لە زیاد بوونە.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە ئەمڕۆ ١٥ی ڕەشەمە، لە #نەغەدە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی "١٧ی شەهریوەر" و بەشێک لە قوتابیان ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراون. #مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری #ژەهراوی_کردنی_قوتابیان pic.twitter.com/c8ugGYtcuf
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) March 6, 2023
ئەم سەرچاوە خۆجێییە، جگە لە ئاماژەدان بە تووڕەیی خەڵک دوای ژەهراویی بوونی بازنەیی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی کچان لە شاری نەغەدەدا، بە "ئێرانوایەر"ی وت، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی کچان لە نەغەدە پێوەندیان بە بنەماڵەی قوتابیانەوە گرتووە و داوایان لێ کردوون کچەکانیان لە قوتابخانەکان ببەنەوە بۆ ماڵەوە.
ئەم سەرچاوە خۆجێییە لە نەغەدەدا دەڵێت دەوری کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانیی ئەمڕ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچانەی موعەلیم لەم شارە لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی، کە کچەکەیان لەم قوتابخانەدا دەخوێنێت پێوەندیی گرتووە و وتوویەتی بە خێرایی کچەکەی لەم قوتابخانەیە دەرباز بکات.
سەرچاوە خۆجێییەکانی "ئێرانوایەر" لە شاری پیرانشاریش بە ئاماژەدان بە نیگەرانیی بنەماڵەکان لە بەردەوام بوون و بەرفراوان بوونەوەی ژەهراوی بوونی بازنەیی قوتابیانی قوتابخانەکانی کچان لە زۆربەی پارێزگاکان و شارەکانی هەموو ئێران، دەڵێت ئەمڕۆ زۆربەی بنەماڵەکان لە شاری پیرانشار لە ترسی ژەهراوی بوونی کچەکانیان، بڕیاریان داوە منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرنەوە.
هاوکات لەگەڵ بەرین بوونەوەی ڕووبەری هێرشە کیمیاییەکان بۆسەر قوتابخانە کچانەکان، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ لانیکەم ٢٣٩ قوتابی لە قوتابخانەی شەهید موتەهەریی گوندی نەنەڵەی سەر بە شاری سنەیش ژهراوی بوون و بە نیشانەکانی وەک سەرەگێژە، کێشەی هەناسەدان و ناهاوسەنگیی باری جەستەیی بۆ نەخۆشخانەکانی تەوحید و کەوسەری ئەم شارە ڕاگوێزراون.
ئەم گرتە ڤیدیۆیە لە #سنە نیشان دەدات ژمارەیەک لەو قوتابیانەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٥ی ڕەشەمە، دوای هێرشی کیمیایی بۆ سەر بەشێک لە قوتابخانەکانی کچان لەم شارە، ژەهراوی بوون، بۆ نەخۆشخانەی تەوحید گوازراونەتەوە. #مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری #ژەهراوی_کردنی_قوتابیان pic.twitter.com/26zlJARvsT
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) March 6, 2023
سەرچاوەیەکی نزیک لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە سەرباری پشتڕاست کردنەوەی وەرگرتن و قبووڵ کردنی ٢٥ کەس لە قوتابییە بەرکەوتووەکانی قوتابخەی کچانەی شەهید موتەهەریی نەنەڵەی سنە لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە بە "ئێرانوایەر"ی وت نەخۆشخانەی تەوحید دوو بەشی تایبەتی دەستنیشان کردووە بۆ ئەو قوتابیانەی ژەهراوی بوون و پرۆسەی چارەسەرییانی دەست پێکردووە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ١٦ کچی قوتابیی بەرکەوتووی قوتابخانەی شەهید مەتەهەریی گوندی نەنەڵە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزراون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بەسەر دەبەن.
ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە ناوخۆییەکانی "ئێرانوایەر" باس لە هێرشی کیمایی دەکەن بۆ سەر دوو قوتابخانەی کچانە لە شاری مهاباد.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە خۆجێییە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەمە ١٥ی ڕەشەمە، قوتابخانە کچانەکانی گوێکتەپە و پشتەپەی مهاباد کراونەتە نیشانەی هێرشە کیمیاییەکان و ژمارەیەک لە قوتابیانی ئەم دوو قوتابخانەیە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم شارە ڕاگوێزراون.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاویش ئەمڕۆ دووشەمە ١٥ی ڕەشەمە باسی لە هێرشە کیمیاییەکان کرد بۆ سەر قوتابخانەی شاهید ژیلا موقبیل لە سنە، قوتابخانە کچانەکانی نیکوو، مەریەم و بێعسەت لە شاری ماکوو، قوتابخانەی کچانەی پەروین ئێعتسامی لە شاری تیکاب، قوتابخانەی کچانەی شکووفە لە شاری هەرسین و قوتابخانەی کچانەی فەرزانگان لە شاری ئیسلامابادی ڕۆژاوا.
شایانی باسە کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تویتەر، ئەمڕۆیش بە ڕیتویەت کردن و بڵاو کردنەوەی هاشتاگە جۆراوجۆرەکان، کاردانەوەیان نیشان دا بەرامبەر ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ژەهراویی بوونی بازنەیی لە قوتابخانەکانی کچان و هەروەها شێوازی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەتییەکان و ڕووبەڕووی بوونەوەی تووندئاژۆیان لەگەڵ دایکان و باوکانی قوتابییەکاندا.
هاشتاگی "کچانی قوتابیی ئێران ڕزگار بکەن" بە زمانی ئینگلیسی، تا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە، زیاتر لە ١١٣ هەزار جار لە تویتەردا ڕیتویت کرا.
هاشتاگی ئینگلیسیی "هۆلۆکاستی قوتابخانەکانی ئێران"یش بە زیاتر لە ٢٢ هەزار ڕیتویتەوە لە لایەن بەکارهێنەرانی ئەم تۆرە کۆمەڵایەتییەوە، چووە پلەی دووهەمەوە.
تێبینییەکەت بنووسە