سەرچاوە خۆجێییەکانی "ئێرانوایەر" باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە میانەی ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی ١٤٠٢ بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک لە شارەکانی کوردستان و زیاتر لە ٤٥ هاووڵاتیی کورد بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، جگە لە کەشی قورسی ئەمنییەتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، شارەکانی مهاباد، سەقز و شارۆچکەی بلواناوای سەر بە شاری دێولان، مەیدانی تێکهەڵچوونی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان و خەڵکی ناڕازی بوون.
***
بەپێی ڕاپۆرتی یەکێک لە سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" لە مهاباد، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان شەوی ۲۹ی ڕەشەمەی ۱٤۰۱، دوای وتنەوەی دروشمە دژە حکوومەتییەکان لەوانە "مرگ بر خامنەای"، "مرگ بر دیکتاتور"، "شەهید نامرێت" و "ژن، ژیان، ئازادی" لە میانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲ لە مهاباد، بە فیشەکی ساچمەیی و فڕیدانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەر هاوڵاتیانی بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەو شارەدا تەقەیان کردووە و زیاتر لە ٤۰ هاوڵاتی لەوانە بەشێک لە ژنان و منداڵانیان بریندار کردووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی کە بە هۆی فیشەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە مهاباد بریندار بوون و زیانیان پێگەیشتووە، ڕەوانەی ناوەندە تەندورستییەکان کراون و هەروەها بەشێکی بەرچاویان لە شوێنە نهێنییەکان دەرمان و چارەسەر کراون.
ئەم سەرچاوە باسی لەوە کردووە لە شەوی ۲۹ی ڕەشەمە تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە شاری مهاباد لە کەشێکی "ئەمنییەتی" دایە.
هەروەها ئەم سەرچاوە ئاگادارە، سەبارەت بە توندی هەڵسوکەوتەکانی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شەوی ڕابردوودا لە مهاباد، دەڵێت: "شەوی ڕابردوو هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لەگەڵ جاشەکان (بەکرێگیراوانی حکوومەتی) لە مەیدانی "چوارچرا" و "چوار ڕیانی ئازادی" لە دوای ڕۆشنکردنی ئاگری نەورۆز و وتنەوە دروشمە دژە حکوومتییەکان، بە فیشەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیان و زیاتر لە ٤٠ ناڕازی لەوانە ژنان و منداڵانیان بریندار کردووە.
ئەو کە خۆی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی چوار باخی مهاباد ئامادە بووە و شایەتی ڕووبەڕوو بوونەوی توندوتیژانەی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لەگەڵ ناڕازیانی ئەم شارەدا بووە دەڵیت: "ئەگەرچی دوای هێرشی بێڕحمانە و دڕندانەی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان، هاوڵاتیانی ئامادە بوو لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ بەرگری کردن لە خۆیان بەردیان بۆ ئەو هێزانە فڕ داوە و دروشمی دژە حکومەتییەکان وتەوە. بەڵام ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژانەی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان لەگەڵ خەڵکدا تا ڕادەیەک بوو کە بڵاوەیان بە سەدان بەشدار بووی ئەم ڕێوڕەسمە کرد."
هەروەها سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" لە سەقز، زێدی ژینا (مەهسا) ئەمینی، باسیان لە تێکدانی ڕێوڕەسمی نەورۆز، تەقە لە هاوڵاتیان بە فیشەکی ساچمەیی، فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ و بریندار بوونی ژمارەیەک لە ناڕازیان لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە لە یەکەمین نەورۆزی ژن، ژیان، ئازادی کردووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئێوارەی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە مەبەستی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی دژە شۆڕش، لە دوو گەڕەکی "سێ ڕیانی مەلەکی" و "کەریمئاوا"ی سەقز دوای وتنەوەی دروشمە دژە حکوومەتییەکان هێرشیان کردە سەر ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز و لانیکەم ٥ هاوڵاتی لەوانە ژنێک بریندار بووە.
ئەو دەڵێت: "لە کاتی تەقە کردن لە ناڕازیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گەڕەکی کەریمئاوای سەقز، جگە لە بریندار بوونی دوو هاوڵاتی، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بە تەقەی ڕاستەخۆی فیشەکی ساچمەیی، سک و ئەندامی زاوزێیی یەکێک لەو برینداربووانەیان کردووەتە ئامانج و بە توندی بریندار بووە."
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەم ژنە سەقزییە بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە تەندورستییەکان گوازراوەتەوە و باری تەندورستی ناجیگیرە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی "ئێرانوایەر"، وێڕای ئاماژە کردن بە کەشی قورسی ئەمنییەتی و ئامادەیی بەرینی هێزە ئەمنییەتییەکان لە دەوروبەری مەزاری ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ئارامگەی "ئایچی" سەقز، کە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲ لە کوردستان بوو، بە "ئێرانوایەر"ی وت: "ئێواری ڕۆژی ۲۹ی ڕەشەمە بە سەدان کەس لە هاوڵاتیانی شاری سەقز لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی و بەشداریی کردن لە یەکەمین نەورۆزی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر گڵکۆی کچێک کە ناوی بوو بە هێمای بەرگری ژنان لە ئێران، ئامادە بوون. ئەگەرچی هێزە ئەمنییەتییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی ئایچی جێگیر کرابوون بەڵام بە هۆی بەشداری بەرین و نەترسی خەڵکەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان دوای ماوەیەکی کورت شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمیان بەجێهێشتووە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری "ئێرانوایەر" لە بانە، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان هاوکات لەگەڵ شێواندنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲ لە شارەکانی مهاباد و سەقز بە تەقەی فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ بە ڕووی ناڕازیان و بە دروست کردنی کەشی قورسی ئەمنییەتی بەربەستیان بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە بانە دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوە خۆجێییە، ئێواری ڕۆژی ۲۹ی ڕەشەمە کاروانی ماشێنە نیزامییەکانی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بە کۆمەڵێک چەکی سووک و نیمجە قورسەوە، بە کۆڵان و گەڕەکەکانی شاری بانەدا دەگەڕان تاکوو ڕێگری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بکەن.
هەروەها لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کرد: "کاروانی ماشێنە نیزامییەکانی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بە چەکەکانی وەک دۆشکە، تیربار و کڵاشینکۆف لە ناو شاردا دەگەڕان و ڕێگەیان لە کۆبوونەی خەڵک و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲ گرتووە."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، کە خۆی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی بانەیە، لەسەر ڕادەی گوشاری هێز ئەمنییەتییەک بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە درێژەی یەک حەوتووی ڕابردوودا و هەڕەشە لێکردنیان بۆ بەشداری نەکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ۱٤۰۲ لەم شارەدا، بە ئێرانوایەری وت: "ئیدارەی ئتلاعاتی بانە و ئیتلاعەتی سپای بانە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ٦۰ کەس لە چالاکانی مەدەنی بانەی بانگهێشت کردووە و نەک تەنیا داوای لێکردوون لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲دا بەشداری نەکەن بەڵکوو هەڕەشەی لێکردوون لە ئەگەری بەشداییکرنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا لە دژیان دۆسیەیی دادوەری پێکدەهندرێت."
لە لایەکی دیکەوە، هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ۱ی خاکەلێوەی ۱٤۰۲ لە ڕاپۆرتێکدا هێرشی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بۆ سەر ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداریان کردەووە و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی بە هۆی تەقەی فیشەکی ساچمەیی لە شاری "بلواناوا"ی سەر بە شاری دێولانی بریندار بوون، ڕایگەیاندبوو.
ئەمە لە حاڵێک دایە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی "ئێرانوایەر" گەیشتوو، ڕۆژی ڕابردوو سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنیەتی، ڕێوڕەسمی نەورۆزی ۱٤۰۲ لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان لەوانە شارەکانی سەقز، بۆکان، مهاباد، پیرانشار، شنۆ، سنە، مەریوان، بەڕێوەچووە.
تێبینییەکەت بنووسە