بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر"، دوای هێرشی کیمیایی ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٤٠٢ بۆ سەر قوتابخانەی کچانەی "عیسمەت"ی حەسەناوا لە سنە، ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئەم قوتابخانەیە بە هۆی ژەهراوی بوونیانەوە بۆ بەشی تایبەتی (CCU)ی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی ئەم شارە، گوازراونەتەوە.
ژەهراوی بوونی بەرینی قوتابیانی قوتابخانەی عیسمەت نەک ناڕەزایەتی و نیگەرانی بنەماڵەکانی لێ کەوتۆتەوە بەڵکوو بۆتە هۆی تێکهەڵچوونی نێوان بنەماڵەی قوتابیان لەگەڵ بەڕێوەبەر و فەڕاشی ئەم قوتابخانەیەدا.
بنەماڵەکان دەڵێن بەڕێوبەرانی قوتابخانەکە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم ڕزگار کردنی گیانی منداڵەکانیان و گوازتنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم شارە.
***
بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر"، دوای هێرشی کیمیایی ٤ی گوڵانی ١٤٠٢ بۆ سەر قوتابخانەی "عیسمەت"ی حەسەناوا لە سنە، ١٠ کەس لە قوتابیانی ئەم قوتابخانە بە هۆی ژەهراوی بوونی زۆرەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنەدا لە ژێر چاودێریی تایبەتدان.
لە ناو ئەو قوتابیانەی ژەهراوی بوون، ناوی "ژینا کەریمی"، "ڕۆژین ڕەحیمی" و "دونیا حوسەینی" بۆ "ئێرانوایەر" ئاشکرا بوون.
بە گوتەی سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر"، لە هێرشی کیمیایی دووشەمەی ڕابردوودا بۆسەر قوتابخانەی عیسمەت، جگە لە ٣٥ قوتابی، دە مامۆستا و چاودێری ئەم قوتابخانەیش بە کۆمەڵیک نیشانەی وەک بێحاڵی، دڵ تێکەڵاتن، سەرەگێژە، هەناسەسواری و سکێشەوە ژەهراوی بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە.
هەروەها دەڵێت ئەو قوتابیانە و دوو مامۆستای کە بە تووندی ژەهراوی نەبوون، دوای چارەسەری پزیشکی، شەوی هەمان ڕۆژ لە نەخۆشخانە تەرخیس کراون. بەڵام خانم "سوبحانی"، چاودێری قوتابخانەی عیسمەت بۆ هۆی تووندیی بەرکەوتنەکەیەوە هێشتا لە نەخۆشخانەی تەوحیددا بەستەرییە و ڕاگیراوە و دۆخە گشتییەکەی ناجێگیرە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەربارەی دۆخی هەنووکەیی قوتابییە ژەهراوی کراوەکان وتی: "دونیا حوسەینی نیوەڕی ڕۆژی ڕابردوو بە هۆی ژەهراوی بوونی سەختەوە سییەکانی تووشی خوێنبەربوون بووە و بە گوتەی پزیشکە پسپۆڕەکانی نەخۆشخانە، دۆخە جەستەییەکەی جێگای نیگەرانیی جیدییە."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە درێژەدا بەڵام ئاماژەی دایە هەڕەشە و گوشارهێنانی بەڕێوەبەر و بەرپرسی حیراسەتی مەدرەسە بە دژی بنەماڵەی ئەو قوتابیانەی کە لە نەخۆشخانەی تەوحید لەژێر چاودێریی تایبەتدان: "لە نیوەڕۆی چوارشەمەوە تا بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەبەری مەردەسەی عیسمەت دوای پێوەندیی تێلێفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک لە بنەماڵەکان، داوایان لێ کردوون کە سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی منداڵەکانیان لەگەڵ میدیاکان قسە نەکەن و هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر لەگەڵ میدیاکاندا وتووێژ بکەن، دەبێت خۆیشیان بۆ بەدواهاتە ئەمنییەتتییەکانیشی ئامادە بکەن."
گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە کە نیشانی دەدات چوارشەمەی ڕابردوو دوای ژەهراوی بوونی قوتابیانی قوتابخانەی عیسمەت و بە هۆی ڕێگری کردنی فەڕاشی مەردەسەکە لە گوازتنەوەی قوتابیانی ژەهراوی کراو بۆ ناوەندە پزیشکییەکان، ژمارەیەک لە دایک و باوکەکان لێی دەدەن و کۆتەککاریی دەکەن.
پێوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی ناحیە دووی سنە دوای ئەم تێکهەڵچوونە فیزیکییە، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا و بۆ پشتیوانی لە فەڕاشی قوتابخانەی عیسمەتی حەسەناوا کاردانەوەی نیشان دا.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنان لەم ڕاگەیەندراوەدا بەبێ ئاماژەدان بە هێرشە کیمیاییەکان و ژەهراوی بوونی قوتابیان و سێ کەس لە کادرە پەروەردەییەکانی، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دایک و باوکانی ئەو قوتابیانە دەکات کە لەگەڵ فەڕاشی قوتابخانەکەدا تێکهەڵچوون و نووسیویەتی: "بەپێی یاسای پشتیوانی قەزایی لە کارمەندانی دەوڵەت، پەوەردە و بارهێنان جگە لە ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی خۆی لەم کەسە خزمەتکار و دڵسۆز و ئازاردیتووە…، بێ گومان لە ڕێگای وەدیهێنانی مافەکانی مامۆستایانی بەشەرەف و بەڵێندەر، هەر ڕێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر."
سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر" کە بۆخۆی شایەتی ئەم تێکەڵچوونە فیزیکییە لە قوتابخانەی عیسمەتدا بووە، دەربارەی هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە دەڵێت: "بنەماڵەی قوتابیان دوای بینینی منداڵە بێ حاڵەکانیان لە حەوشەی قوتابخانەکە، دەسبەجێ بۆ گەیاندنیان بە نەخۆشخانە لەگەڵ ١١٥ پێوەندیان گرت بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ڕێگری کرد و بەردەوام پێوەندیی بە ١١٥ دەگرت و داخوازیی هاتنی ئامبوڵانسی ڕەت دەکردەوە. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کاتێک کاردانەوەی تووندی بنەماڵەکانی بینی، بێ دەنگ بوو؛ بەڵام خاڵی جێگای سەرنج ئەوە بوو کاتێک ئامبوڵانس هاتە نێو قوتابخانەکەوە، فەڕاشی مەدرەسەکە بە تووندی ڕێگریی دەکرد لە گوازتنەوەی قوتابییە بەدحاڵەکان بۆ نەخۆشخانە و تەنانەت هەوڵی دەدا لە ناو ئامبوڵانسەکە دایانبگرێت و لە باوەشی دایک و باوکەکانیان دەریان بهێنێت تا لە قوتابخانەدا بمێننەوە. فەڕاشی مەرەسەکە بەم کارەی دایک و باوکی منداڵەکانی ناچار کرد ئەو کاردانەوەیە لە خۆیان نیشان بدەن."
ئەم شایەتحاڵە لە لایەکیترەوە هەماهەنگیی بەڕێوەبەر و فەڕاشی مەدرەسەکە بۆ ڕیگری کردن لە گوازتنەوەی قوتابییە ژەهراوی کراوەکان بۆ نەخۆشخانەی تەوحید سنە بە "گوماناوی" دەزانێت: "هەماهەنگیی بەڕێوەبەر و فەڕاشی مەدرەسەکە سەبارەت بە جۆری هەڵسوکەوت لەگەڵ دایک و باوکان و هەروەها ڕیگری کردنیان لە گوازتنەوەی قوتابیان، بۆتە هۆی ئەوەی نەک هەر بنەماڵەکان بڕوای خۆیان بە کەشی ئەم قوتابخانەیە لە دەست بدەن بەڵکوو وای کردووە ئەم دوو کەسە بە بکەرانی ئەم هێرشە کیمیاییە بۆسەر ئەم قوتابخانەیە بزانن."
هێرشە کیمیاییەکان بۆسەر قوتابخانە کچانەکانی ئێران لە دەوری شەش مانگ پیشەوە دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەتی ئێران ئەم هێرشانەی ئینکار کردووە و خستوویەتی پاڵ سەرەڕۆیی و وەک خۆی دەڵێت "شەیتەنەت"ی قوتابیانەوە.
ئەم گرتە ڤیدیۆیە لە #سنە نیشان دەدات، کە ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٤٠٢، لە کاتی ژەهراوییکردنی قوتابخانەی عێسمەت لە حەسەنئاوای سنە، فەڕاشی ئەم قوتابخانەیە کە ڕێگری لە گواستنەوەی خوێندکارە ژەهراویی بووەکان دەکات بۆ نەخۆشخانە لەلایەن بنەماڵەی هەندێک لە قوتابیانەوە لیدەدرێت. pic.twitter.com/RheSXNUSsu
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) April 26, 2023
تێبینییەکەت بنووسە