پرسیار دەربارەی چییەتی و تایبەتمەندییەکانی "ئابووریی ئیسلامی" پرسیارێکی لانیکەم ٤٥ ساڵەیە. لەوێدا کە "مووسا غەنینژاد"، ئابووریزانی بڕوامەند بە سەرمایەداریی ڕکابەرانە لە کاتی دیبەتی تیلێڤیزیۆنی لەگەڵ "مەسعوود درەخشان"، مامۆستای ئابوریی "زانکۆی ئیمام سادق" و لایەنگری "ئابووریی ئیسلامی" هەر دوو دەستی لەسەر سینگی لێک هەڵپێکا و داوای لێ کرد تا بڵێت ئەم ئابوورییە ئیسلامییە چیە و تایبەتمەندییەکانی چین، هێمای ماندووێتی و دۆشدامانی چل ساڵەی ئەو ئابووریزانانە بوو کە بەردەوام لە خۆیان پرسیوە بۆچی ئەم پەڵە قورسەی ئابووریی ئیسلامی لەسەر ئابووریی ئێران لاناچێت و ئەم مۆدێلە ئابووریییە- ئەگەر مۆدێلێکی وەها بوونی هەبێت- تایبەتمەنییەکانی چین؟
گرینگیی پرسیارەکەی غەنینژاد کاتێک دوو ئەوەندە دەبێت کە بزانین دوای سەرهەلدانی دەوڵەتی سێزدەهەم، ئەمە قوتابیانی مەسعوود درەخشان لە زانکۆی ئیمام سادقن کە پەیکەری ئابووریی دەوڵەتیان تەنیوە و ئێستا وەک دەوڵەتدارانی زانستمەند لە زانکۆی مەعارفە ئیسلامییەکان و ئابووریی ئەم زانکۆیەدا دەیانەوێت ئابووریی ئێران بە شێوەیەکی زانستی بکەنە تاقیگەی ئایدیاگەلێک کە سەردێڕی وانەکاکانی لە زانکۆدا، پڕۆفیسۆر مەسعوود درەخشان ئامادەی کردووە.
***
"ئێحسان خاندووزی"، وەزیری کاروباری ئابووری و سامان، "داود مەنزوور"، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوجە، "حوجەت عەبدولمەلەکی"، وەزیری پێشووی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و لێپرسراوی شورای باڵای ناوچە ئازادە بازرگانی- پیشەسازییە و تایبەتە ئابووریەکان، "محەمەد ڕزوانیفەڕ"، جێگری وەزیری ئابووری و سەرۆکی گشتیی گومرکی ئێران، "حوسەین قوربانزادە"، سەرۆکی ڕێکخراوی تایبەتی کردنەوە، "محەمەدهادی زاهیدیوەفا"، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای پەروەردە و توێژینەوەی بەڕێوەبەری و پلاندانان و "مەیسەم پیلەفرۆش"، جێگری ڕێکخراوی تایبەتی کردنەوە تەنیا ژمارەیەک لە لیستی دوور و درێژی ناوی دەرچوانی زانکۆی مەعارفە ئیسلامییەکان و ئابووریی زانکۆی ئیمام سادق لە دەوڵەتی ئێستادان.
چل و چەند سالە کە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بەرپا بووە؛ سیستمێک کە بنەماکەی ویلایەتی فەقیهی شێعەیە کە زاڵ بووە بە سەر هەموو کاروبارەکانی حوکمڕانی هاوکات لەگەڵ چاودێرییەکان، فیلتەرەکان و ئیسلامیزە کردنەوەی هەموو کاروبارەکانی. بەڵام، سەرباری ئەمە هێشتا پرسیار لەمەڕ ئابووریی ئیسلامی و لق و پۆپەکانی لەوانە بانکداریی ئیسلامی بەبێ وڵامێکی ڕوون وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە پرسیارەکەی مووسا غەنینژاد لە دیبەیتەکەی چەند شەوی پێشووی بەرنامەی "جەهان ئارا"، ئەویش یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی مەعارف ئیسلامی و ئابووریی زانکۆی ئیمام سادق هاوکات بوو لەگەڵ وڵامە بێ هیوا کەرەکان.
هەرچی ئاقا (ڕێبەر) بڵێ
مەسعوود درەخشان سەرەتا هەوڵی دا وڵامدانەوە بە پرسیاری ئابووریی ئیسلامی چییە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بۆچوونەکانی "ڕووحوڵا خومەینی" وڵام بداتەوە؛ ئەمەی کە بە گوتەی درەخشان، ئابووریی ئیسلامی ئەو شتەیە کە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی وتوویەتی. بەڵام پێداگریی غەنینژاد بەمەی کە تێگەیشتنی درەخشان خۆی دەربارەی ئابووریی ئیسلامی چییە، لە کۆتاییدا ئەم مامۆستای ئابوورییەی زانکۆی ئیمام سادقی ناچار بەم وڵامە کرد: "من لایەنگری تەنزیمی کاروباری ئابووریی موسوڵمانان بەپێی ئیسلامم؛ واتە ڕێکخراوی بەرنامە و بانکی ناوەندیی خۆمان دەبێت ئیسلامی بێت."
بەڵام ئەمە بە چ مانایەکە؟ ئایا ئەمە بۆ گەڵاڵە کردنی سیستمێکی ئابووری بە ناوی ئابووریی ئیسلامی تەواوە؟ درەخشان لە درێژەدا دەڵێت: "ئابووریی ئیسلامی وەک دۆزینەوەی زانستی ئابووری بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی قبووڵمە. ئابووریی ئیسلامی پێناسەی جیاوازی هەیە بەڵام ئابووریی ئیسلامی بە مانای کۆمەڵێک لە حوکمەکان، فەتواکان و ڕەوایات و حەدیسە ئابوورییەکان ناتەواوە."
درەخشان ڕاست دەکات، بە کۆمەڵێک حوکمگەلی فیقهی یان خستنەڕووی گرێبەستەکانی هاوکاریی ئابووریی وەک حورمەتی ڕیبا، ڕێزگرتن لە خاوەندارێتی، حوکمەکان دەربارەی غەش لە ئاڵوێر یاخود دەربڕینی گرێبەستەکانی موزاربە، موناقسە و… ناکرێت پرسە ئابوورییەکانی ئەمڕۆی ئابوورییە ئاڵۆزەکان چارەسەر بکرێت؛ جگە لەوەی قوتابخانەی فیکری یان سیستمێکی فەلسەفیی گەڵاڵەکراو و هاوبەست زیاتر لەمانەی پێویستە.
باسێک دەربارەی ئابووریی ئیسلامی لە ئارادا نییە
سەرباری ئەوەی کە مەسعوود درەخشان بۆ باس کردنی چیەتی و چوارچێوەی ئابووریی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ قسەکان و نووسینەکانی ڕووحوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بەڵام گەڕان بەناو سەرچاوە بەردەستەکان لەمەڕ ئەم قوتانە و نووسینانە یارمەتییەکی ئەوتۆ بۆ تێگەیشتن لە ئابووریی ئیسلامی ناکات، جگە لە ژمارەیەک پێشنیاری ئەخلاقی و حوکمگەلی فیقهی کە سەرجەمیان سیستمێکی ئابووریی گڵاڵەکراو و هاوبەستیان لێ هەڵناهێنجێندرێت.
بەشی هەرە گەورەی بۆچوونە ئابوورییەکانی ئایەتوڵا خومەینی لەسەر بابەتی سەربەخۆیی و ناوابەستەیی جەختی دەکردەوە؛ چەمکێک کە دەتوانین بە خۆبەڕێوەبەری تەعبیر بکرێت.
هەروەها لە زۆر شوێندا دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بەمەی کە ئابووری دەبێت "سڵامەت" و "تەندرووست" بێت، هەندێک ئاماژەی کردووە بەڵام لەم دەبێت و نابێتانەدا کە ئەم سڵامەت و تەندرووستیەی سیستمی ئابووری بە شێوەیەکی ورد چ تایبەتمەندیەکیان هەیە، شتێکی ئەوتۆ نییە. لەم قسە گشتیانەی ئەو هەروەها دەکرێت بە بەردەوامی ئەم پیشنیارە ببینین و ببیستین کە هەموو کاروباری کۆماری ئیسلامی دەبێت ئیسلامی بن کە ئەم کاروبارانە بێگومان ئابوورییش دەگرێتەوە.
بەشێک لە ڕەخنەکانی یەکەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، وابەستەیی فیکری بە قوتابخانە فیکرییە نائیسلامییەکان بوون. ئەو سەرماوەزی ١٣٥٧، لە دیدار لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی بێهداری و بێهزیستیدا وتبووی: "ئەمە وابەستەییەکی فیکرییە کە مرۆڤ دەست لە قوتابخەنەکەی خۆی هەڵبگرێت و دوای قوتابخانەی خەڵکیتر بکەوێت. دەست لە ئابوورییەکەی خۆی هەڵبگرێت و دوای ئابووریی خەڵکیتر بکەوێت. لە ئابوورییەکەی خۆی ڕانەمێنێت و نەزانێت چییە؛ بۆنموونە ئابووریی ئیسلامی چییە؟ ئەمانە هەر نایزانن. لێیان بپرسن کە ئابووری لە ئیسلامدا چییە، هەر نازانن. لەگەڵ ئەوەی ئەمانە نازانن دوای ئابووریی مارکسیست کەوتوون!"
بەڵام ئایەتوڵا خومەینی بۆخۆیشی ناڵێت کە ئابووریی ئیسلامی چییە و تایبەتمەندییەکانی چین.
بەفرانباری ١٣٥٧، کاتێک کە لە "نوفل لوشاتۆ"ی فەڕانسا دەژیا، وتوێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەندۆنێزیای تێمپۆ" کرد و ڕۆژنامەنووسەکە پرسیاری کرد: "بنەڕەتەکانی ئابوورییەکەی ئێوە لە ڕژیمی ئیسلامیدا چییە؟ بۆ نموونە، لە بەشی بانکیدا ئایا ڕیبا لەناو دەچێت و مافی خاوەندارێتی لە پێوەندیدا بە ڕێفۆرمی زەوی چۆن دەبینن؟ ئایەتوڵا خومەینی بەم شێوە وڵامی دایەوە: "ڕیبا لە ئیسلامدا حەرامە و بە هیچ جۆرێک لە ئابووریی ئیسلامیدا نابێت هەبێت و خاوەندارێتی لە ئیسلامدا قبووڵکراوە کەواتە ئیسلام لەو شتانەدا کە مافی خاوەندارێتی دەیانگرێتەوە و هەروەها لە شێوە و دۆخی سەرهەڵدانی ئەم مافەدا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە کە سیستمی ئابووریی ئیسلامی و هەروەها پێوەندییە ئابوورییەکان لە کۆمەڵگای ئیسلامی لە پێوەندییەکان و سیستمی ئابووریی سەرمایەداریی ئەمڕۆ جیا دەکاتەوە.
هەروەها ئەگەر سنوور و هەلومەرجەکەی ڕەچاو بکرێت، نە کێشە و نایەکسانییەکانی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ پەیدا دەکات و نە دەوڵەتی ئیسلامی بە بیانووگەلی جۆراوجۆ هەموو جۆرەکانی ئازادیی مرۆڤ پیشێل بکات. لێرەدا دەبێت سیستمی ئابووریی ئیسلام لە یاسا و ڕێسا ئیسلامییەکان لە هەموو بوارەکانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ڕەچاو بکەین. ئەمە بەڵگەنەویستە کە لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە چارەسەر کردنی کێشەکان و ئاڵۆزییەکان لە ژیان مرۆڤدا تەنیا لە ڕێگەی تەنزیمی پێوەندییە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی تایبەت چارەسەر ناکرێت بەڵکوو کێشەکان پێویستە لە کۆی سیستمێکی ئیسلامیدا چارەسەر بکرێت و نابێت لە مەعنەویەت غافڵ بین کە کلیلی هەموو دەردەکانە. ئێمە بڕوامان وایە تاکە قوتابخانەیەک کە دەتوانێت کۆمەڵگا ئاراستە بکات و پێشی بخات، ئیسلامە. جیهان ئەگەر بیەوێت لە ژێر باری ئەو هەمووە کیشەی کە ئەمڕۆ لەگەڵیدا دەستەویەخەیە ڕزگای ببێت و مرۆڤانە بژی، دەبێت ڕوو بکاتە ئیسلام."
هەروەک دەبینن، لەم وڵامەیشدا باسێک لە گەڵاڵە کردنی سیستمی ئابووری بە پاشگری ئیسلامی یاخود شرۆڤە کردنی قوتابخانەی فیکری لە ژێر ناوی ئابووریی ئیسلامیدا نییە و وڵامەکەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کورت دەبێتەوە بۆ ژمارەیەک ئەحکامی فیقهی دەربارەی حورمەتی ڕیبا و باسەکان دەربارەی خاوەندارێتی و جیاوازییەکانی سیستمی ئابووریی سەرمایەداری کە دواتریش لە باقیی وتارەکانیشیدا دووپات بوونەوە.
جەخت کردنەوە لەسەر جیاوازیی سیستمی ئابووریی ئیسلام لەگەڵ سیستمە ئابوورییەکانی "سەرمایەداری" و "کۆمۆنیستی"، جەخت کردنەوە لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لابردنی هەژاری و هەڵاواردن، پشتیوانی لە موستەزعەفان، خۆبواردن لە زاڵ بوونی بیانییەکان و وابەستەیی ئابووری و حورمەرتی ڕیبا و هەندێک ڕوون کردنەوە دەربارەی خاوەندارێتی ئەو شتانەن کە بە ناوی ئابووریی ئیسلامی بەردەوام دوپات دەبێتەوە و چوارچێوەیەکی فیکریی یەکگرتوویان نییە.
ئایەتوڵا خومەینی، لە بەرفرانباری ساڵی ١٣٥٨، لە کۆڕی "هەیئەتی قائیمییە"ی تارانیشدا وەدیهاتنی ئامانجی کۆماری ئیسلامیی بەو ڕۆژە زانیبوو کە "هەموو شتێکمان" ئیسلامی بێت و بازاڕی ئیسلامیی بەم شێوەیە پێناسە کردبوو: "بازاڕێک کە مەتاعێک بە تمەنێک دەکڕێت و٣٠ تمەن بە هەژاران و بێدەرەتانەکان دەدات، ئەم بازاڕە ئیسلامی نییە. بازاڕێک کە [ کاڵای] قاچاخ هاوردە دەکات و بە نرخێکی زۆر دەیفرۆشێت و دەیەوێت ئابووریی ئیسلام تێک بدات، ئیسلامی نییە. ئەم بازاڕە ئیسلامی نییە. ئەمانە دەبێت ئیسلامی بگەرێنەوە و بۆخۆیان ئیسلامیی بکەنەوە. بازاڕێک کە بیر لە بەشمەینەتان و هەژاران نەکاتەوە، بازاڕێکی ئیسلامی نییە. نەتەوەیەک لە لایەکەوە [خەڵکەکەی] کۆشک بینا دەکات و لە شوێنێکی دیکە کەپرنیشین بن- ئێوە کەپرنشینەکانتان بینیوە کە چۆنن، بێگومان دیوتانە. منیش بینیومە، وڵاتێک کە کەپرنشینەکانی بەم جۆرە بن و خەڵک لە بیریاندا نەبن، ئەم وڵاتە، وڵاتێکی ئیسلامی نییە. ئەمە شێوەکەیەتی، ناوەرۆکی نییە."
گەڕانەوەی ٦٠ ساڵە بۆ ئابووریزانان
سەرباری ئەوەی کە پێش ئایەتوڵا "محەمەدباقر سەدر"، فەقیهی عێراقی و مەرجەعی تەقلیدی شێعە هۆمەڵێک هەوڵ بۆ گەڵاڵە کردنی چوارچێوەی ئابووری بەپێی ئامۆژە ئیسلامییەکان درابوو بەڵام بڵاو بوونەوەی کتێبی "اقتصادنا" (ئابووریی ئێمە)، نووسینی ئایەتوڵا سەدر لە ساڵی ١٩٦١ی زاینی دەبێت بە یەکەم بەرهەمی گەڵاڵە کراو لە بواری ئابووریی ئیسلامی بزانین کە ئێستایش پاش ٦٠ ساڵ، به گرینگترین سەرچاوە دەربارەی ئابووریی ئیسلامی هەژمار دەکڕیت.
ئایەتوڵا "کازم حوسەینی حائێری"، یەکێک لە شاگردەکانی ئایەتوڵا سەدر لە کتێبی "ئابووریی ئیسلامی و مەنهەجی کەشفەکەی لە ڕوانگەی شەهید سەدرەوە" ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئابووریی ئێمەدا دوو چەمکی قوتابخانەی ئابووری و زانستی ئابووری لە یەکدی جیا کراونەتەوە: "زانستی ئابووری بە دوای کەشفی دیاردە ئابوورییەکان لە کۆمەڵگا و هۆکارەکان و پێوەندیی نێوانیانەوەیە. لە حاڵێکدا کە قوتابخانەی ئابووری مەنهەجە دادپەروەرانەکان بۆ تەنزیم کردنی ژیانی ئابووریی خەڵک دەخاتە ڕوو."
حوسەینی حائێری دەڵێت: "بە بڕوای سەدر، لە ئیسلامدا، قوتابخانەی ئابووریی ئیسلام باس کراوە، نەک زانستی ئابووریی ئیسلامی و بەم پێیە ئابووریی ئیسلامی مەنهەجێکی دادپەروەرانە بۆ تەنزیم کردنی ژیانی ئابووری دەخاتە ڕوو و هیچ کات بە دوای کەشف و دۆزینەوەی زانستی لە بواری ئابووریدا نییە."
ئەگەرچی ئەم کتێبەیش گەڵاڵەیەکی کرداری بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئابوورییەکانی کۆمەڵگا و شێوازی بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەل پرسە ئابوورییەکان لە ڕوانگەی ئابووریی ئیسلامییەوە نییە.
پشتبەستن بە با
بەبێ ڕەچاو کردنی ڕەخنەکان لە ئابووریی ئیسلامی، کەم نین ئەو ئابووریزانانەی کە لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی ئابووریی ئیسلامی بە فەرمی ناناسن؛ لەوانە مووسا غەنینژاد کە هەر لەم دیبەتەی دواییدا لەگەڵ مەسعوود درەخشان بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەم خاڵە کردەوە کە لە ڕوانگەی ئەوەوە لە بنەڕەتدا ئابووریی ئیسلامی بوونی نییە.
ئەم بۆچوونە تەنانەت لە ناوە موجتەهیدەکانیشدا دەبینرێت. ئایەتوڵا "محەمەدجەواد عەلەوی تەباتەبایی برووجێردی" یەکێکە لەو کەسانەیە. ئەو لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ئێکۆ ئێران" لە ڕەزبەری ١٣٩٩دا، ئابووریی ئیسلامیی بە گاڵتە و شۆخی زانی و وتی: "ئەمەی کە بێین بانگەشەی ئەوە بکەین ئێمە ئابووریی سۆسیالیستی، ئابووریی سەرمایەداری، ئابووریەک بە ناوی ئابووریی ئیسلامیشمان هەیە، ئەمە ڕاست نییە."
بەڵام، لایەنگرانی ئابووریی ئیسلامی لەسەر ئەو باوەڕەن ئەم خولە دوورودرێژەی دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لە ژێر ناوی ویلایەتی فەقیەدا "جامعشرایط" بۆ وەدیهێنانی ئەوشتەی بیریان لێ دەکردەوە، تەواو نەبووە یاخود ئەوەی کە ئابووریی ئیسلامی تووشی بەدحاڵیبوون بووە یان دەسەڵاتدارانی دەولەتانی جۆراوجۆر کە لە فیلتەری شورای نیگابانەوە تێپەڕ بوون و پەسەند کراوی ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و لە ژێر چاودیڕیی وەلیی فەقیەدا بە ڕادەی پێویست شۆڕشگێڕ یان پابەند بە بنەماکان و بنەڕەتەکانی ئیسلام نەبوون کە بتوانن ئابووری بە تێبینییە ئیسلامییەکانەوە بەرقەرا بکەن.
پێداگری لەسەر ئیسلامی کردنەوەی هەموو شتێک بەوجۆرەی کە ئایەتوڵا خومەینی دەیوت و هەوڵدان بۆ هەڵینجاندنی بنەڕەتە ئابوورییەکان لە ئیسلام بۆ چارەسەر کردنی قەیرانە ئابوورییەکان، ڕیشەی ئەو دۆخەیە کە ئابووریی ئێرانی گیر و گرفتار کردووە و ئەم پرسیارەی مووسا غەنینژاد لە پڕۆفیسۆر مەسعوود درەخشان لە دیبەتەکەی دووشەمە شەوی ڕابردوو کە بوو بە ڕەخنە و حەسرەتێکی هەمیشەیی کە بۆ دەبێت ڕوانگە ئابوورییەکانی "عەلی خامنەیی" و خومەینی قبووڵ بکەین، مەگەر ئێمە قسە لەسەر فیقە دەکەین؟ بۆچی دەربارەی پرسە ئابوورییەکان کە زانستی و پسپۆڕین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بۆچوونەکانی کۆمەڵێک فەقیهی وەک ئایەتوڵا خومەینی و خامنەیی کە لە بواری ئابووریدا پسپۆڕ نین؟
تێبینییەکەت بنووسە