"ئاروین نیکپەی"، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستگیر کرابوو، شەمەی ڕابردوو ١٦ی گوڵانی ١٤٠٢ بە هۆی گوشارەکانی سێ مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لە ڕێگەی خواردنی شامپۆوە هەوڵی خۆکوژیی دا.
پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، ئاروین بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی "فەجر"ی ئەم شارە ڕاگوێزرا بەڵام دوای ئاگادار بوونەوەی بنەماڵەی نیکپەی لەم هەواڵە و هەوڵدان بینینی منداڵەکەیان لە نەخۆشخانە، ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری لە چارەسەرکردنە پزیشکییەکەی گرت و دەسبەجێ گواستیەوە بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە.
بنەماڵەی نیکپەی بە "ئێرانوایەر" دەڵێن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بەرپرسی ڕاستەوخۆی گیانی منداڵەکیانە.
***
ئاروین نیکپەی کێیە و چۆن دەستگیر کرا؟
ئاروین نیکپەی ٢٠ ساڵان و خەڵکی گوندی "نێ"یە و لە پێنج کیلۆمەتریی مەریوان هەڵکەوتووە. ئەو شەوی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بە کوشتنی حکوومەتیی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە "گەشتی ئیرشاد"، لە بەردەم ماڵی براکەی خۆی لە مەریوان بەبێ بڕیاری دادگا و ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی بە دەست هێزە ئەمنییەتییەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستگیر کرا.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەریوان هاوکات لە دەستگیر کردنی ئاروین، هێرشیان کردۆتەسەر ماڵی باوکی لە گوندی نێ و هەندێک لە کەلوپەلە شەخسییەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
١٠٠ ڕۆژ دەستگیریی کاتیی بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەت
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی نیکپەی لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەربارەی هۆکاری دەستگیری و تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بە دژی ئاروین دەڵێت: "بنەماڵەی نیکپەی بۆ بەداواداچوون سەبارەت بە دۆسییەکەی ئاروین و تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی، بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و مەریوان و هەروەها دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم دوو شارەیان کردووە بەڵام ئەم دوو ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییە نەک هەر خۆیان لە باس کردنی هۆکاری دەستگیری و تۆمەتەکان بە دژی ئاروین بواردووە بەڵکوو هەر جارە دوای بەڵێنی ئازاد کردنی بە بنەماڵەکەی بەڕێیان دەکەن."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە کاتێکەوە ئاروین بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی مەریوان دەستگیر کراوە، دوو جار بۆ تەواو کردنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە و دوای ماوەیەک دیسانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان گەڕێندراوەتەوە. لە ماوەی دەستگیرییەکەیشیدا تەنیا دوو جار لە ڕێگەی پێوەندیی تێلێفۆنییەوە بە کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە و هەواڵی تەندرووستیی خۆی پێ ڕاگەیاندوون.
هەوڵدان بۆ خۆکوژی بە خۆرادنی شامپۆ و خودزەنی
ئەم سەرچاوە نزیکە لە بنەماڵەی نیکپەی دەربارەی چۆنییەتیی ئاگاداربوونەوەیان لە هەوڵی خۆکوژیی ئاروین و گوازتنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "یەکێک لە خزمانی بنەماڵەی نیکپەی کە یەکێک لە کادرەکانی درمانی بیمارستانی فەجری مەریوان، لە کاتی گواستنەوەی ئاروین بۆ بەشی فریاکەوتنی ئەم نەخۆشخانەیە، ئەوی بە نیوەگیانی لە حاڵێکدا کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەورە دراوە، دیوە و دوای پرسیار کردن زانیبووی کە بە خۆرادنی شامپۆ هەوڵی خۆکوژیی داوە. ئەم کەسەیش دەسبەجێ بنەماڵەی نیکپەی ئاگادار کردبوەوە تا خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ڕێگریی هێزە ئەمنییەتییەکان لە تۆمار کردنی ناو و ناونیشان و پێکهێنانی دۆسییەی پزیشکی بۆ ئاروین لە نەخۆشخانە دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان کاتێک دەزانن کە بنەماڵەی ئاروین بەم هەواڵەیان زانیوە و خۆیان گەیاندۆتە نەخۆشخانە، بە خێرایی لە نەخۆشخانە دەیڕفێنن. تەنانەت ڕێگەیان نەدابوو کە کادری دەرمانی نەخۆشخانە گەدەی ئاروین بشۆنەوە و خاوێنی بکەنەوە."
سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر" هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: "لەو ماوە کورتەدا کە ئاروین بۆ نەخۆشخانەی گوازرابوەوە، هەر ئەم خزمەی بنەماڵەی نیکپەی پێی وتبوون کە ئاروین جگە لە خواردنی شامپۆ، هەواڵی داوە کە شادەماری دەستیشی ببڕێت، چونکە ئاسەواری بڕین و برین بە سەر دەستییەوە تازە بووە و نیشانی دەدات کە ڕەنگە بە لەتە کاشیی شکاو هەوڵی خۆکوشتنی دابێت."
دیداری دایکی ئاروین لەگەڵ کوڕەکەی دوای گردبوونەوەی ناڕەزایەتی
بە گوتەی سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر"، "دایە خونچە"، دایکی ئاروین نیکپەی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەمە ١٦ی گوڵان، دوای بیستنی هەواڵی هەوڵی خۆکوژیی کوڕەکەی، بە هۆی گوشاری دەروونییەوە لەسەر خۆی چووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای چەند کاتژمێر لە نەخۆشخانە مەرەخەس کراوە.
سەرچاوەکەی نزیک لە بنەماڵەی نیکپەی کە بۆخۆیشی لەم گرد بوونەوە ناڕەزایەتییەدا بەشداریی کردووە، لەم بارەوە دەڵێت: "لەبەر ئەوەی هەواڵی هەوڵی خۆکوژیی ئاروین دانگدانەوەیەکی زۆری لە مەریوان و هەروەها گەورە دێی نێدا هەبوو و ببوە هۆی تووڕەیی و دڵگرانیی گشتیی خەڵکەکە، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ڕێگریی لە تێکهەڵچوون ڕێگەیان دابوو دایکی ئاروین دیدارێکی کورتی لەگەڵ منداڵەکەیدا هەبێت."
دایە خونچە: لاوە بیست ساڵانەکمیان کردۆتە پارچەیەک ئێسک
ئەو لە زمانی دایە خونچەوە دەربارەی دۆخی ئاروین و چۆنییەتیی دیدارەکەی لەگەڵی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا دەڵێت: "کاتێک چوومە ژوورەوە، دەوری ١٥ خولەکی خایاند تا ئاروینیان هێنا. کاتێکیش ئاروین هاتە ژوورەکەوە، پێی وتن نامەوێت لەگەڵ کەس دیدار بکەم. بە نابەدڵی لەسەر کورسییەکە دانیشت. لە کاتی دیدارەکەیشدا چوار کەسی ئەمنییەتی تا کۆتایی لە ژوورەکەدا بوون. دیدارەکەی من لەگەڵ ئاروین کەمتر لە ١٠ خولەکی خایاند و یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان وتی کات تەواوە. ئاروین ببوە پارچەیەک ئێسک و ڕوخساری تێکشکابوو. ئەگەرچی لەبەر ئەو چوار کەسە نەیدەتوانی قسە بکات بەڵام دیار بوو زۆریان ئەشکەنجە داوە. لە لایەکی دیکەوە، هێشتا کاریگەرییەکانی خواردنی شامپۆکە لەسەر جەستەی مابوو. هەر دەیوت من باشم و نیگەران مەبن."
ئەم هاوڵاتییە مەریوانییە دۆخی دایکی ئاروینی دوای دیدار لەگەڵ کوڕەکەی بەم جۆرە بۆ "ئێران وایەر" گێڕایەوە: "دایە خونچە کاتێک لە بینای ئیدارەی ئیتلاعات هاتە دەرەوە، فرمێسک لە چاویدا قەتیس مابوو و ڕەنگ بە ڕوخسارییەوە نەمابوو. بە دڵێکی تەنگەوە وتی بەڵایەکیان بەسەر کوڕەکەمدا هێناوە کە پێناچێت بگەڕێتەوە حاڵەکەی جاران."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەی نیکپەی دوای دیدارەکەی دایە خونچە لەگەڵ ئاروین هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر کوڕەکەیان ئازاد نەکرێت، بۆ گرد بوونەوەی نارەزایەتی لە بەردەم بینای ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا بانگەوازی گشتی دەردەکەن.
ئەو دەڵێت بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دوای قسە کردن لەگەڵ باوکی ئاروین نیکپەی بەڵێنیان پێداوە کە ئەمڕۆ ٢١ی گوڵان ئاروێن بگوازنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی مەریوان تا دوای تەواو بوونی قۆناغە یاساییەکان، لە زیندان ئازاد بکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە