close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

دۆسییەی خەوشداری تۆمەتبارانی خانەی ئیسفەهان؛ گێرانەوەیەک دەربارەی "مەجید کازمی"

۲۵ گوڵانی ۱۴۰۲
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۷ خولەکدا
"مەجید کازمی"، یەکێک لە تۆمەتبارانی "دۆسیەی خانەی ئیسفەهان" کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە
"مەجید کازمی"، یەکێک لە تۆمەتبارانی "دۆسیەی خانەی ئیسفەهان" کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە
"محەمەد هاشمی" لە لای چەپی وێنەکەوە، لە تەنیشت پوورزاکەی "مەجید کازمی" لە ئیسفەهان
"محەمەد هاشمی" لە لای چەپی وێنەکەوە، لە تەنیشت پوورزاکەی "مەجید کازمی" لە ئیسفەهان
"محەمەد هاشمی"، بە هەڵگرتنی وێنەی "مەجید کازمی" لە کەمپینی ناڕەزایەتی بۆ مەحکووم کردنی تۆمەتبارانی "خانەی ئیسفەهان" لە سیدنی ئوستورالیا
"محەمەد هاشمی"، بە هەڵگرتنی وێنەی "مەجید کازمی" لە کەمپینی ناڕەزایەتی بۆ مەحکووم کردنی تۆمەتبارانی "خانەی ئیسفەهان" لە سیدنی ئوستورالیا

بڵاو بوونەوەی فیلمی دانپێدانی زۆرەملێی "مەجید کازمی"، "ساڵح میرهاشمی" و "سەعید یەعقوبی"، تۆمەتبارانی سەرەکی دۆسیەی "خانەی ئیسفەهان" لە دەنگ‌ورەنگی کۆماری ئیسلامی‌دا، شەپۆلێکی نیگەرانیی سەبارەت بە مەترسیی لەناکاوی جێبەجێ کردنی خێرای سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانەی لێ کەوتۆتەوە.

ڕێکخراوی "لێبوردنی نێودەوڵەتی"، ڕۆژی هەینی ۲۲ی گوڵانی ۱٤۰۲، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە مەترسی  جێبەجێ کردنی لەناکاوی سزای لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە، ڕوو لە "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، داواکاریەکی ئاراستە کردووە کە هەرجۆرە پلانێک بۆ لەسێدارەدانی ئەم سێ هاوڵاتییەی کە لە زیندانی ئیسفەهان‌دا بەندکراون بەخێرایی ڕابگیرێت و سزاکانیان هەڵبوەشێنێتەوە

"محەمەد هاشمی"، کوڕە پووری مەجید کازمی کە لە سیدنی پایتەختی ئۆسترالیا نیشتەجێیە، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێران‌وایەر"دا گێرانەوەکەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە دژی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئیسفەهان ڕەت دەکاتەوە و هەروەها لەو باوەڕەدایە ئەم سناریۆیە دژبەیەک، ناڕوون و دوور لە ڕاستییە.  

***

مەجید کازمی، ساڵح میرهاشمی و سەعید یەعقوبی، تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئییسفەهان، لە گەرمەی سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بە کوشتنی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە لایەن "گەشتی ئیرشاد"ەوە، چەند ڕۆژ دوای کوژرانی دوو کەس لە هێزەکانی بەسیج و یەکێک فەرماندەیەکی هێزە ئینتیزامییەکان لە شەوی ۲٥ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱، لە "مەیدانی نگەهبانی گەڕەکی خانەی ئیسفەهان"دا دەستبەسەر کرابوون

دەزگای دادوەریی ئێران بە تازەیی بۆ تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە، سزای سێ بڕیاری لەسێدارەدان و بە گشتی ٥٨ ساڵ زیندانی دەرکردووە. 

ئەمە لە حاڵێک دایە کە سێ ڕۆژ پاش داخوازیی پێداچوونەوە و پشتڕاست کردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم سێ تۆمەتبارە لە دیوانی باڵای ئێران، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، شەوی پێنج‌شەمە ۲۱ی گوڵانی ۱٤۰۲، بەشێک لە "دانێدانانی زۆرەملێی" تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەی بڵاو کردووەتەوە. 

وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" و بڵاو کردنەوەی لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی‌دا بە هەماهەنگی لەگەڵ دزگای دادوەری‌دا دوی ماوەیەکی کورت حوکمی لەسێدارەدانیان جێبەجێ دەکرێت.

ئایا گێڕانەوەکەی تێلێڤیزیۆن لە ساتەوەختی دەستگیر کردنی تۆمەتبارانی خانەی ئیسفەهان خەوشدارە؟

محەمەد هاشمی، پوورزای مەجید کازمی لە وتووێژ لەگەڵ "ئێران‌وایەر"دا، پێش ئەوەی باس لە گرتە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئیسەفەهان بکات کە بە تازەیی بڵاو کراوەتەوە، سەبارەت بە یەکەمین گێڕانەوەی تێلێڤیزیۆنی ئێران لە ساتەوەختی دەستگیر کردنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەدوێت و دەڵیت: 

"هەر لە سەرەتاوە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بەردی بناغەی یەکەمین گێڕانەوەی دژبەیەک، ناڕوون و تەنانەت چەواشەکارانەی خۆیان لە دژی تۆمەتبارانی خانەی ئیسفەهان بە لاری داناوە. بۆ نموونە کاتێک سەدا و سیما لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا، چەند ڕۆژ دوای کوژارانی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی و دوو کەس لە هێزەکانی بەسیج کە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان  لە مەیدانی خانەی ئەسفەهان  ئامادە بوون، چەند وێنەکەیان لە کاتی دەستگیر کردنی تۆمەتباران بڵاو کردووەتەوە، بەڵام نەک تەنیا مەجید کازمی لە ناو دەستگیر کراوان‌دا نییە، بەڵکوو هیچ وێنەیەکی ئەو لە کاتی دەستگیر کردن‌دا لەو گرتە ڤیدیۆییەدا نەبووە و ڕوون نییە ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون کێن." 

ئایا تۆمەتبارانی خانەی ئەسفەهان پێشینەی خراپەکاریان هەیە؟ 

دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئیسفەهانی وەک لات و بشێوێنی دۆسیەداری ئیسفەهان ناساندووە، بەڵکوو بانگەشەی کردووە کە لە شوێنی خۆحەشاردانی ئەم کەسانەدا، کۆمەڵێک چەک و چەقۆ و بۆمبی دەستکردیان دۆزیوەتەوە. 

محەمەد هاشمی، بە وەبیرهێنانەوەی ساتەوەختە پڕ لە ئازارەکانی بڵاو کردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی "موحسین شکاری"، "مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد"، "محەمەدمێهدی کەرمی" و "محەمەد حوسەینی"، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١دا، لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە یەک لە دوای یەک لەسێدارەدران، بە ڕەت کردنەوەی ئەم دوو بانگەشەیە سەبارەت بە چۆنیتیی دەستگیر کردنی مەجید کازمی وتی:

"مەجید لە یانەی پەروەردەی ئەسپی حسەینی برای لە ئیسفەهان دەستگیر کرا، هەر ئەو شوێنەی کە لە فیلمی دانپێدانانە زۆرەملییەکەی‌‌دا لێی گیراوە، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستبەند لە دەستی دەدەن کە لەم شوێنەدا نە چەکی لێ‌ بووە و نە بۆمبی دەستکرد. سەرنجڕاکێش‌تر ئەوەیە کە تێلێڤیزیۆنی ئێران دوای نیشان دانی ئەم فیلمە ساتەوەختی دەستگیر کردنی مەجیددا، دەستبەجێ وێنەی زەوت کراوی ژمارەیەکی زۆری چەک و چەقۆ و … کە لەسەر فەرشێکی کرێمی ڕەنگ ڕیز کراون کە وا نیشانی بدەن دوای دەستگیر کردنی ئەو لەو شوێنە دۆزراونەتەوە لە حاڵێک‌دا کە ڕەنگی ئەو دوو فەرشە لەگەڵ یەکتری جیاوازە." 

هەروەها ئەو دەربارەی ناساندنی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە وەک لات و بشێوێنەر دەڵیت: "زۆربەی وێنەکان و ئەو بانگەشانەی لە دژی ئەم سێ تۆمەتبارە لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بڵاو کراوەتەوە دژبەیەک، ساختەکارانە و تەنانەت دوورن لە ڕاستییەوە. بۆ نموونە لە خودی بڕیاری پەسەند کردنی لەسێدارەدانی دادگای باڵای ئێران جەخت کراوەتەوە مەجید کازمی هیچ پێشینەیەکی تاوانی نییە. هەروەها، لەم گرتە ڤیدیۆیەدا وێنەیەک لە ساڵح میرهاشمی بڵاو کراوەتەوە کە چەکی بە دەستەوەیە، بەڵام دەستبەجێ دەرکەوت وێنەکە بە فۆتۆشۆپ دەستکاری کراوە." 

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا، ئەگەرچی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە دەڵین "چەکیان" پێ‌بووە و "چەند تەقەیان" کردووە، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەتییەکان کردبێت؛ هەروەها تەنانەت لە بڕیاری پەسەند کردنی لەسێدارەدانی دادگای باڵادا جەخت کراوەتەوە ساڵح میرهاشمی هەڵگرتنی چەکی ڕەت کردۆتەوە و چەکێک کە ساڵحی پێ تۆمەتبار کراوە، نەدۆزراوەتەوە. 

وەرگرتنی ئەم دانپێدانانە زۆرملێیانە لە حاڵێک دایە پێش‌تر، مەجید کازمی، یەکێک لەو سێ ناڕازییە دەستگیر کراوە لە دۆسیەی خانەی ئیسفەهان، لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١دا بە ناردنی گرتەیەکی دەنگی بۆ دەرەوەی زیندانی ئەم شارە جەختی کردۆتەوە دۆسیەکەی لەسەر بنەمای "دانپێدانانی زۆرەملێ" ساز کراوە.

کازمی لەم فایلە دەنگییەدا دەڵیت: "من هیچ ڕۆڵێکم نەبووە، کە منیان گرت، لە ژێر ئەشکەنجەدا بووم" و "لە کاتی دەستگیر کردن‌دا بەردەوام لە ژێر ئەشکەنجەدا بووم، من نە چەکم بوو، نە کارێکیشم کردووە، هەموویم لە ژێر ئەشکەنجەدا وتووە."

هەروەها محەمەد هاشمی، ئەندامێکی نزیکی بنەماڵەی کازمی ، وێڕای ئاماژە کردن بەم فایلە دەنگییە دەڵیت: "دانپێدانانی زۆرەملێی مەجید، ساڵح میرهاشمی و سەعید یەعقوبی لبە دژی خۆیان، وەک نموونەکانی پێشوو، دانپێدانانی زۆرەملێیە بە کارێک کە نایان کردووە. بەڵام چ کەسێک ئامادەیە لە دۆخێک‌دا کە حوکمی لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کرابێتەوە و لەوانەیە ئێتسا نا تاوێکی‌تر لەسێدارە بدرێت، باس لە پێویستیی فیلتەر کردنی ئینستاگرام بکات یان داوا لە خەڵک بکات یارمەتیان نەدەن و نایانەوێت "هەشتاگیان بۆ بکەن". لە ڕاستیدا ئەمە تاڵ و ئازاردەرە."

 

مەترسیی جێبەجێ کردنی لەناکاوی بڕیاری لەسێدارەدان؛ ترسی بنەماڵەی تۆمەتباران  

پوورزای مەجید کازمی سەبارەت بە دۆخی ئێستای بنەماڵەی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئەسفەهان لە دوای بینینی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی منداڵەکانیان و ئەوەی بەسەریان هاتووە، دەڵێت: "پارێزەرانی هەڵبژێردراوی مەجید کازمی، بەپێی ئەو بەڵینانەی کە لەم ماوەیەدا چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی دادوەرییەوە دەربارەی شکاندنیسزاکەیان، بە تایبەت لە دوای بەرز کردنەوەی دۆسییەکەیان بۆ دادگای باڵای ئێران پێیان درابوو، هیوادار و دڵنیا بوون کە سزاکەیان کەم دەکریتەوە و هەر ئەمەشیان بە بنەماڵی مەجید وتبوو. بەڵام بڵاو کردنەوەی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دوای پشتڕاست کردنەوەی ئەم بڕیارە ئەندامانی بنەماڵەی هەر سێ تۆمەتبارەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە."

هەروەها ئەو لە زمانی بنەماڵەی مەجید کازمی سەبارەت بە کەم کردنەوەی سزای لەسێدارەدان لە کاتی بەدواداچوونە یاساییەکانی پارێزەرانی دۆسیەکە بەر لە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان لە دادگای باڵای ئێران‌دا وتی: "لە ١٢ گوڵانی ئەمساڵ‌دا، لە دادگای باڵای ئێرانەوە بە یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە وترابوو لەوانەیە حوکمی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە وەک دۆسیەی دوکتۆر "حەمید قەرەحەسەنلوو" کەم بکرێتەوە، واتە سزای لەسێدارەدانەکەیان هەڵبوەشێتەوە. بەڵام سەرەڕای بەڵینەکانی ناوەندە دادوەرییەکان کە بە پارێزەرانیان دابوو پێچەوانەکەی ڕووی دا. شایانی باسە کە پارێزەرانی ئەم دۆسیەیە پاش پشتڕاست کردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان، داوای پێداچوونەوەیان کردووە."

دکتۆر حەمید قەرەحەسەنلوو، پزیشکێک کە بە هۆی دۆسیەی "ڕوحوڵا عەجەمیان"، یەکێک لە هێزەکانی بسیج کە لە ڕێ‌وڕەسمی چلەی "حەدیث نەجەفی"دا کوژرابوو، دەستگیر کرابوو. سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ‌دا، سزاکەی بۆ ١٥ ساڵ زیندانی و دوور خستنەوە کەم کرایەوە

محەمەد هاشمی لە درێژەی وتووێژەکەدا ڕۆڵی "ئەسەدوڵا جەعفەری"، سەرۆکی گشتیی دەزگای دادوەریی پارێزگای ئیسفەهان بۆ گوشارهێنان و بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی سزای لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئیسفەهان بە کاریگەر دەزانێت و دەڵیت: "لە دوای ناردنی دۆسیەی ئەم سێ تۆمەتبارە بۆ دادگای باڵای ئێران، هەواڵێکمان پێ‌ گەیشت کە داواکاری گشتیی ئیسفەهان دوو پاس خەڵکی لە ئەسفەهانەوە ناردووە بۆ کۆ بوونەوە لە بەردەم داداگای باڵای وڵات بۆ گوشار هێنان بە ئامانجی وەرگرتنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە و جێبەجێ کردنی خێرای حوکمەکانیان."

ژیانی ئاسایی تۆمەتبارانی خانەی ئەسفەهان؛ ئایا مەجید کازمی پێش لە ناڕەزایەتییەکان ناڕازی بوو؟

محەمەد هاشمی بە وەبیرهێنانەوەی دوایین دیداری لەگەڵ مەجید کازمی لە سەفەرێکی‌دا کە لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا بۆ ئێران کردبووی، سەبارەت بە هەستی ڕەخنەگرانەی مەجید سەبارەت بە کێشە ئابووریەکان و گرفتە سیاسەکان لە سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا بە "ئێران‌وایەر" دەڵیت:

"نەوڕۆزی ساڵی ١٤٠١، پاش ئەوەی لە ئۆسترالیاوە گەڕامەوە بۆ ئێران، مەجید هاتبوو بۆ ماڵی دایەگەورەم لە ئیسفەهان تا چاومان بە یەکتر بکەوێت. ورزشی دەکرد. ئەو لە نیو ئەندامانی خێزانەکەمان‌دا زۆر بەڕەحم و بە وزە و لێو بە بزە بوو، کێشە ئابووری و سیاسەییەکانی کۆماری ئیسلامی سەری لێ سەندبوو و زۆر لە دۆخی هەنووکەیی ئێران ناڕازی بوو. دیار بوو ئەویش وەک هەموو کەسێک بێزارە لەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا. بە بۆچوونی من زۆر ئاسایی بوو ئەویش وەک هەموو مرۆڤە بوێر و ئازادی‌خوازەکانی نێو کۆمەڵگای ئێران، پەیوەست بێت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە."

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

بەردەوامیی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی موخابرات لە شارە جیاوازەکان

۲۵ گوڵانی ۱۴۰۲
بەردەوامیی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی موخابرات لە شارە جیاوازەکان