کۆماری ئازەربایجان دەستگیر کردنی لانیکەم ۹ هاوڵاتیی ئەم وڵاتەی بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، و پلاندانان بۆ کودەتا و تیرۆری بەرپرسانی ناسراو، و دروست کردنی حکوومەتی "کریمە"ی ڕاگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخو، سرویسی ئەمنییەتی و داواکاری گشتی کۆماری ئازەبایجان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە "ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون، بۆ هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کاریان دەکرد."
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کۆماری ئازەربایجان بڵاوی کردووتەوە: "ئەم ئۆپراسیۆنە بە مەبەستی ڕێگری کردن لە هەوڵە تێکدەرانەکانی گرووپێک لە هاوڵاتیانی ئازەربایجان ئەنجام دراوە کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە پڕوپاگەندەی ئیسلامی و پشتیوانیی دارایی، بۆ تێکدانی سەقامگیری خاکی کۆماری ئازەربایجان ئەنجام دراون."
***
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای ئەمنییەتی و داواکاری گشتی کۆماری ئازەبایجاندا هاتووە: "ئاشکرا بووە کە "ڕوحوڵا ئاخوندزادە" و کوڕەکەی "ئەلمورسەل ئاخوندزادە"، بە پاڵپشتی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە نیاز بوون بە گۆڕینی چوارچێوەی دەستووری کۆماری ئازەربایجان و ڕێکخستنی شۆڕشی چەکدارانە لە خاکی ئەم وڵاتەدا، حکوومەتی "کریمە" دابمەزرێنن."
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئەم کەسانە بۆ تیرۆر کردنی بەرپرسە باڵا حکوومەتییەکان، هەروەها بۆ ڕێکخستنی هێزەکانیان پلانێکی تۆکمەیان داڕشتبوو، لە بەشێکی ئەم پلانەدا، ڕوحوڵا ئاخوندزادە چەندین گرووپی شاراوەی لە بەرنامەکانی مەسنجەر دروست کردبوو و لەگەڵ کوڕەکەیدا ئەلمورسەل ئەخوندزادە، لیستێکیان لە ناو بەرپرسان و کەسایەتییە حکوومەتییەکان، و هەروەها شوێنی نیشتەجێ بوون و کارکردنیان بۆ ڕێکخستنی تیرۆرەکان دابووە ئەندامانی ئەو گرووپەکە."
بەپێی نووسینی میدیاکانی ئازەربایجان، هەروەها "ئاخوندزادە پلانی هەبووە ئەندامانی ئەم باندە بە بیانووی پەروەردەی ئاینییەوە بباتە ئێران ڕاهێنانی سەربازییان پێبکات."
ئەم دەستگیر کردنانە لە دوای ئەوە ڕووی داوە کە لە مانگی ڕابردوودا بەشێک لە هەواڵدەرییە ناوخۆیی و حکوومەتییەکانی کۆماری ئازەربایجان، هەواڵی دەستگیر کردنی ڕێبەرانی گرووپی "حوسەینیون"یان لە قۆم ڕاگەیاند.
ڕێبەرانی گرووپی حوسەینیون، لە کۆماری ئازەربایجان بە دوای کاری تێکدرانە و هەوڵی دروست کردنی حکوومەتی کریمە دەدەن و لە لایەن ئازەربایجانەوە داواکراون.
حوسەینیون یەکێک لەو گرووپانەیە کە بە پشتیوانیی کوماری ئیسلامی دروست کراوە، ڕێبەری ئەم گرووپە، کەسێکە بە ناوی "تەوحید ئیبراهیم بیگولی". ناوبراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۱٥دا لەگەڵ ۱٤ کەس لە تەلەبەکانی کە خەڵکی کۆماری ئازەربایجان بوون و هەموویان لە قۆم و مەشهەد دەیانخوێند، "تیپی حوسەینیون" (حوسەینچیلەر) کە له کۆمەڵێک تەلەبەی خەڵکی ئازەربایجان بۆ شەڕی "داعش" لە سووریا پێکهاتبوو، دامەزراندووە. هەر لە سەرەتاوە ئیبراهیم بیگولی لە دیمەشق ڕایگەیاند کە مەبەستیان تەنیا شەڕی داعش نییە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ شەڕێکی چەکداری لە کۆماری ئازەربایجان.
ڕوحوڵا ئاخوندزادە کێیە و پێوەندی ئەو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چییە؟
ڕوحوڵا ئاخوندزادە، جێگری "حیزبوڵای ئازەربایجان"ـه کە لە ساڵی ۲۰۱۱ سزای ۱۱ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو. ئەو لە دوای ئازاد بوونی، لە ساڵی ۲۰۲۰ چووە ئێران و لە بەشی ڕێکخستنی هێزە توندڕەوە ئایینییەکانی سەر بە کۆماری کۆماری ئیسلامی چالاکی هەیە.
هەروەها دەزگای ئەمنییەتی حکوومەتی ئازەربایجان لە ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱دا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی لە دژی گرووپێکی نایاسایی کە لە ژێر چاودێری هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون ڕاگەیاند، کە لەم ئۆپراسیۆنەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئازەربایجان، کۆمەڵێک بەڵگەنامەیان لەسەر پێوەندیی و ئەو ئەرکانەی خرابوونە ئەستۆی ئەندامانی گرووپە توندڕەوە ئایینی و چەکدارییەکەی ڕوحوڵا ئاخوندزادەشیان دۆزیوەتەوە.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ئەم دووهەمین جارە کە ئاخوندزادە بە هاوکاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەوڵی ڕێکخستنی گرووپێکی چەکداری بۆ کاری تێکدەرانە و تیرۆر کردن لە خاکی کۆماری ئازەربایجان دەدات.
بەپێی ڕۆژنامەی "موساوات"، دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی نهێنی و لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی بیری توندڕەوانەی ئایینییەوە، لە دەروەی وڵات بەشداری بە شارۆمەندانی ئەم وڵاتە لە مانۆرە سەربازییەکاندا دەکەن و لە ڕووی ئابوورییەوە پاڵپشتیان دەکەن تاکوو کاریگەریان لەسەر دابنێنن.
بۆچی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە گرژتر بووەتەوە؟
لە دوای شەڕی دووهەمی قەرەباغەوە، پێوەندییەکانی کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئیسلامی گرژتر بووەتەوە. پێشتر "ئیلهام عەلیێف"، بە ڕەخنە گرتن لە کۆماری ئیسلامی، و بە ئاماژە کردن بە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمەنستان وتبووی: "کردنەوەی ئامێزی وڵاتێک کە بانگەشی ئیسلامیگەری دەکات بە ڕووی وڵاتێکدا کە مزگەوتەکانی وێران کردووە، جگە لە دووڕوویی و خیانەت هیچی تر نییە."
بەپێی نووسینەکانی "باکوو پۆست"، هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەڕی قەرەباغدا، هەوڵیان دا ئەم هاووڵاتییە ئازەربایجانانە لە دژی ئازەربایجان و بۆ بەرژەوەندی ئەرمەنستان بەکاربهێنن، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوان هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوان، دەست و پێوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە خستنە ڕووی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ئەو هاوڵاتیانەی بەشداریان لە مانۆڕە نیزامییەکانی سووریادا کردبوو، باجیان لێ وەرگرتوون و بێدەنگیان کردوون.
شارەزایان دەڵین: "کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێکهاتەی شێعەی ئازەربایجان بە هۆی ئەو هەڵوێستە کە لە شەڕی قەرەباغدا گرتبوویەبەر لاواز بووە. کۆماری ئیسلامی لە شەڕی قەرەباغدا نەک تەنیا لایەنی وڵاتە ئیسلامییەکەی نەگرت، بەڵکوو لەگەڵ ئەرمەنستاندا بوو و ڕووبەڕووی کۆماری ئازەربایجان بووەوە."
بەڕێوەچوونی سێ مانۆڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سنووری کۆماری ئازەربایجان یەکێک لەو بابەتانە بوو کە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئازەرربایجانی لێکەوتەوە.
هێرش کردنەسەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، دەستگیر کردنی سیخوڕەکانی پێوەندیدار بە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەم وڵاتەوە، تیرۆر کردنی نوێنەری مەجلیسی نەتەوەیی ئازەربایجان و ڕەخنەگری سیاسەتەکانی ئێران لە لایەن کەسانی نزیک لە کۆماری ئیسلامییەوە، دەرکردنی چوار دیپلۆماتکار لە هەر دوو لایەنەوە کە وەک "تێکدەر" ناویان برابوو، پێوەندی دۆستانەی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل و کردنەوەی باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە ئیسرائیل، لەو بابەتانە بووە کە گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی چڕتر کردووەتەوە.
شارەزایان چی دەڵین؟
"نازم جەعفەریسووی"، مامۆستای زانکۆ و شیکاری سیاسی، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"، سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئازەربایجان دەڵیت: "لە سی ساڵی ڕابردوودا"، ئێران بە شێوەی بەردەوام بە دوای دەستێوەردان بووە لە کاروباری ئازەربایجاندا. ئەم هەوڵانەیشی لە ڕێگەی ناردنی ئاخوند بۆ ئازەربایجان و بردنی گەنجانی ئەم وڵاتە بۆ فێربوونی وانەی ئایینی لە ئێران، و هەروەها لە ڕێگەی سیخوڕی و خراپ بەکارهێنانی هەستی ئایینی گەلی ئازەربایجان کردووە. بەڵام لە دوای جەنگی دووهەمی قەرەباغەوە، دەبینین کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەی قەفقاز کە پێشتر زۆر بەرچاو بوو، کەم بووەتەوە و تورکیە شوێنی ئێرانی گرتووەتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە ئێران بە هەڕەشە کردن و دروست کردنی گرووپە سیخوڕییەکان، بە دوای نائەمن دەرخستنی ناوچەکە، و گەڕانەوەی بۆ یاریی لە ناوچەی قەفقازدایە."
بەپێی وتەکانی بەڕێز جەعفەرسووی، دووهەمین هۆکاری گرینگ، پرسی ئیسرائیل و پێوەندییەکانی کۆماری ئازەربایجانە لەگەڵ ئەم وڵاتە. هەروەها ئەو لەو باوەڕەدایە: "لەم سی ساڵەدا کۆماری ئیسلامی، بە بەردەوامیی بیری لە دروستکردنی گرووپی ئیسلامی توندڕەو و چەکدار لە ئازەربایجان کردۆتەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا چالاکیی ئێران لەم بوارەدا زیادی کردووە و کاردانەوەکانی ئازەربایجانیش خێراتر بووەتەوە."
هەروەها ڕاوێژکاری یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئازەربایجان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئێرانوایەر، سەبارەت بەم پرسیارە کە کۆماری ئیسلامی لە ئازەربایجان بە دوای چیدا دەگڕێت؟ دەڵێت: "دەبێت پرسیار بکەیت ئێران نەک تەنیا لە ئازەربایجان، بەڵکوو لە سەرجەم ناوچەکەدا بە دوای چیدا دەگەڕێت؟ بەحرەین، یەمەن، سووریا، عێراق تەنانەت سعوودیا لەو وڵاتانەن کە کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆیان دەستوەردەدات. من لەو باوەڕەدام ڕێبەری ئێران تووشی ئەو وەهمە بووە کە ڕێبەری شێعەکان و تەنانەت تەواوی موسڵمانانی جیهانە. ئەو وا بیر دەکاتەوە لە هەر کوێیەک موسڵمانێک هەبێت ئەو دەسەڵاتداری ئەو شوێنەیە."
بە وتەی ئەو، "ئێران لەوە دڵگرانە کە ئازرەبایجان خاکی داگیرکراوی خۆی لە ئەرمەنستان وەرگرتووەتەوە و لەم ڕێگەیەدا تورکیە لەگەڵ ئازەربایجان بووە و لە پرسی قەرەباغدا ڕووسیا پشتی لە ئێران کردووە. هەر وەک چۆن لە سووریا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل پشتی لە ئێران کرد."
هەروەها لەو باوەڕەدایە: "ئەو هەوڵە خراپکارانەیەی ئێران ویستوویەتی لەم ساڵانەدا لە ئازەربایجان ئەنجامی بدات، دەرخەری بێتەکبیریان بووە. بەردەوام لە ڕێگەی دروست کردنی تۆڕی سیخوڕی هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئازەربایجان، بەڵام ئەم وڵاتە هەوڵە خراپکارانەکانی ئێرانی هەر لە دەستپێکدا کەشف کردووە. زۆرینەی خەڵکی ئێمە موسڵمانن، بەڵام حکوومەتی ئێمە وەک بەشێک لەو وڵاتانەی کە ئێران دەست لە کاور باریان وەردەدات، "حکوومەتی ئیسلامی" لەسەر بنەمای "شەرێعەت" نییە کە بەپێی وەهمەکانی خامنەیی، و بەخواستی ئەو هەڵسووکەوت بکەن."
تێبینییەکەت بنووسە