وتەکانی "حوسەین مورتەزەوی زەنجانی"، سەرۆکی پێشوویی زیندانی ئێڤین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەشی کلاپهاوسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هەرچەندە کە ئەو لە نزیکەی ۲۰ ساڵ لەمەوبەرەوە لە چەند کۆبوونەوەیەکدا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی سنوورداردا باسی هاوشێوەی کردبوو، بەڵام تا ئێستا سەرنج نەدرابووە سەری.
***
هاوسەرگیری زۆرەملێ یان دەستدرێژی کردنە سەر کچان
یەکێک لەو بابەتە مشتومڕاویانەی لە لایەن موڕتەزەوییەوە وروژێندراوە و تا ئێستا، هیچ کەسێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لێ نەکردبوو، بابەتی هاوسەرگیری زۆرەملێ یان دەستدرێژی کردنە سەر کچانی زیندانی بە بیانووی ئەوەی کە نەچنە بەهەشتەو، بووە.
سەرۆکی پێشووی زیندانی ئێڤین وتی کە کچانی زیندانی بەر لە سێدارەدان ئیجباریان لێکراوە لەگەڵ زیندانیاندا هاوسەرگیری بکەن، چون لەو باوەڕەدا بوون کە "نابێت بێگوناه دنیا بەجێبهێڵن [بچنە بەهەشتەوە.]"
ئەو وتوویەتی : "باوکی یەکێک لەو کچانە کە دەمزانی درۆ ناکات، بە منی دەوت ئەوەی لە ژیاندا ئازارم دەدات و زۆر بێزار و ناڕەحەتم دەکات، کوژرانی کچەکەم نییە، ئەمەیە کە پارەیەکیان هێناوە و دەڵێن ئەم پارەیە، پارەی ماڕەبڕینی شەرعی کچەکەتە. ئەمە لە هەواڵی مەرگی کچەکەم بەئازارتر بوو."
بەپێی گێڕانەوەی زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦۰دا، ڕۆحانیانی دەستەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو باوەڕەدا بوون کە ئەگەر کچان بە کچێتیی لەسێدارە بدرێن، دەچنە بەهەشتەوە و هەر بەم هۆیەشەوە لە چوارچێوەی هاوسەرگیری زۆرەملێدا، دەستدرێژیان دەرکردە سەریان تا بە کچێتیی دنیا کۆچیی دوایی نەکەن.
وتەکانی مورتەزەوی ڕەنگدانەوەی بەرینی لێکەوتووەتەوە، لە حاڵێکدا کە بەشێک لە زیندانیانی پێشوو لەو باوەڕەدان ئەو سەبارەت بە لەسێدارەدانی دەستەجەمعی زیندانیان زانیاریەکی تایبەت و نوێی نییە کە باخەدار بێت و بە واتایەک، زانیاری سووتاوی خستووەتە ڕوو. لەم نێوانەدا هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر ڕۆڵی "ئیبراهیم ڕەئیسی" و هەروەها وەرگرتنی فەتوای لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئایەتوڵا "خومەینی" بەرجەستە کردووەتەوە.
مورتەزەوی چەندین جار باسی هەلسووکەوتی باشی لەگەڵ زیندانیاندای کردووە، لە حاڵێکدا بەشێک لە زیندانیان، خولی ئەویان بە سەختترین خول ناودیر کردووە.
مورتەزەوی لە ڕووی سیاسییەوە، سەر بە بزوتنەوەیەک بووە کە بە چەپی ئیسلامی ناسراوە و لەوانەیە لەم ڕووەوە ئامانجی ئەوەیە زۆربەی ڕووداوەکان بخاتە ئەستۆی بزوتنەی ڕاستی دەزگای دادوەری لەوانە "لاجوەردی" و یان ئیبراهیم ڕەئیسی. کردەوەگەلێک کە بەبێ ڕا و بۆچوونی ئایەتوڵڵا خومەینی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەدەکرا.
مورتەزەوی زەنجانی کێیە؟
مورتەزەوی سەبارەت بە چۆنییەتی چوونی بۆ زیندانی ئێڤین لە خولی دوای شۆڕشدا، دەڵێت کە لە ساڵی ۱۳٦۰، لە ڕێگەی رۆحانیێکەوە بە نازناوی "شەفێعی" کە دواتر بوو بە جێگری وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ کاری "فەرهەنگی" بۆ زیندانەکان نێردراوە.
بە وتەی زیندانیان، یەکێک لە کارەکانی ئەو وەرگرتنی وتووێژ لەگەڵ ئەو بەنکراوانە بووە کە ئازاد ئەکران. ئەو وتووێژانە کە لە ئاراستەی وتەکانی "ئایەتوڵا خومەینی"دا لە ژێر ناوی "زیندان قوتابخانەیە" ئەنجامی دەگرت و بە واتایەکی دیکە لە ئاراستەی تەوابسازیدا بوو. ئەو سەرۆکی زیندانی گەوهەردەشت و پاشان لە ساڵی ١٣٦٥ بۆ ١٣٦٧، بووە بە سەرۆکی زیندانی ئێڤین.
مورتەزەوی وتوویەتی لە کاتی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، دەستی لە سەرۆکایەتی زیندان کێشاوەتەوە.
مورتەزەوی زەنجانی لە مەجلیسی شەشەمدا یەکێک لە پالێوراوانی هەڵبژاردن بوو و دەڵیت دروشمەکەی ئەمە بووە کە "من نە سیمایەکی دیارم و نە مۆرە. نە بە هەر نرخێک لەگەڵ بابەتەکان ڕێبکەێت و یان مۆرەی کەسانی دیکە بێت."
سەرەڕای پێشینەی سەرۆکایەتی زیندان، لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شەشەمدا، بە "سەید خەندان" ناودێر دەکرا؛ بەڵام بەم پڕۆپاگاندایشەوە لە ئەنجامدا نەچووە مەجلیسەوە.
هەروەها لە دەیەی ٧٠دا مورتەزەوی مەیلی هەبوو کە لە کۆبوونەوەی خوێندکاراندا لێدوان بدات. بەم حاڵەوە، گرووپی خوێندکارانی ڕاستڕەو بە هۆی ئەوەی کە سەر بە لایەنی چەپڕەو بوو، نەیانویست بانگهێشتی بکەن و هەروەها ئۆفیسی تەحکیمی وەحدەت سیماگەلێکی وەک مورتەزەوی و "هادی غەفاری"یان بانگهێشت ناکرد.
"فەرامۆشی" ئاماری زیندانیان
مورتەزەوی زەنجانی لە چەند کۆبوونەوەی کلاپهاوسدا ئامادە بووە، بەڵام بەشێکی زۆری قسەکانی لەو چەند کۆبوونەوەیەدا جگە لە دووباتکردنەوە شتێکی دیکەی تێدا نەبووە. بەڵام بە بڕوای ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی، وتەکانی مورتەزەوی دژە بەیەک بووە.
ئەو دەڵێت کە هەموو ڕۆژێک ئاماری زیندانییەکانی بەدەست دەگەیشت، بەڵام تا ئێستا ژمارەی زیندانیانی لە بیر نەماوە، بابەتێک کە تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی سەرسووڕمانە.
لە هەمان کاتدا دابەشکردنەکانی بندەکانی زیندان لەوانە بەندەکانی "تەوابینی" لە بیر ماوە.
سەرۆکی پێشووی زیندانی ئێڤین دەڵێت ژمارەی زیندانیانی موجاهەدین، لە ئەندامانی ڕەوتی چەپ زیاتر بووە، بەڵام پاش دەستگیر کردنی ئەندامانی حیزبی تودە، ژمارەی زیندانیانی چەپ زیاتر بووە.
وتە دژبەیەکەکان سەبارەت بە ئایەتوڵا ئومید نەجەفئابادی
گێڕانەوەی مورتەزەوی سەبارەت بە ئایەتوڵا "ئومید نەجەفئابادی" تایبەت و دژ بەیەکە. ئەو جارێک دەڵیت دەربارەی دۆخی ئومید نەجەفئابادی لەگەڵ "ئەحمەد خومەینی" قسەی کردووە و ئەو ئازاد کراوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت دووبارە دەستگیر کرایەوە و لەسێدارەدرا. بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت کە "شەو ئومید نەجەفئابادیم بینی، بەڵام بەیانی وتیان لەسێدارەیان داوە."
ئومێد نەجەفئابادی قوربانی ئاشکراکردنی چیرۆکی "مەک فارلین"ـە
ئایەتوڵا نەجەفئابادی کە لە دۆسیەی "مێهدی هاشمی"، برای زاوایی ئایەتوڵا "مونتەزێری"، دەستگیر کرابوو، لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٣٦٧، لەگەڵ ڕۆحانییەکی دیکەدا، بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە عیفەت" [لەوات] سەرەتا دادگایی و پاشان لەسێدارەدرا. ئایەتوڵا مونتەزێری وتبووی کە ئومید نجەفئابادی بووەتە قوربانی ئاشکرا کردنی چیرۆکی "مەک فارلین".
سەرۆکی زیندانی بێدەسەڵات یان کاریگەر لە سێدارەداندا
مورتەزەوی لە چەند بەشدا، بە ئاشکرا سەرۆکی زیندان وەک بوونەوەێکی بێدەسەڵات دەناسێنێت کە سەبارەت بە بابەتێکی وەک ناردنی زیندانیان بۆ نەخۆشخانە ناتوانێت بڕیاردەر بێت.
بەڵام بەشێک لە زیندانیانی سیاسی بە ئامادەبوون لەم ژوورانەدا دەڵین سەرۆک و هێزەکانی ناو زیندان لە ئامادەکردنی دۆسیەی زیندانیان بۆ "لیژنەی مەرگ" ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، چونکە ئەندامانی لێژنەکە زیندانیانیان لە نزیکەوە نەدەناسی.
مورتەزەوی دەڵیت کە ڕۆڵی سەرۆکی زیندان لە دۆسیەی زیندانیاندا لە خولی لاجوەردی ١٠٠٪ بووە، بەڵام لە خولی ئەودا ٥۰٪ بووە. ئەو دەڵێت لە هەمان کاتدا سەرۆکی زیندان، لە لێبوردنی زیندانیان ٥۰٪ ڕۆڵی هەبووە.
لە درێژەدا دەڵێت لە حوسەینییەی زیندان لێدوانی هەبووە و زیدانیان دەهێنا و پێیانی دەوت "هەنگاوێک بنێنن و دۆسیە ئەستوورەکەتان [سووک] بکەن."
سەرۆکی پێشووی زیندانی ئێڤین لە وتەکانی خۆیدا ناوی هەندێک کەس دەهێنێت و دەڵێت "حوسەین شەریعەتمەداری"، کۆبوونەوەی تەواب سازیی هەبووە. هەروەها مورتەزەوی ناوی هەندێک لە زیندانیانی بە "تەواب" هێناوە، یەکێک لەوانە "حەسەن فەتحی"، دەرهێنەری سینەما و تێلێویزیۆنە.
ڕەخنە گرتن لە "بەرجەستە کردنەوەی" ڕۆڵی حەمید نووری
مورتەزەوی زەنجانی وتوویەتی "حەمید نووری"، ناسراو بە "حەمید عەباسی"، دادیاری پێشووی زیندانی گەوهەردەشت، مۆرەیەکی وەها جدی نەبووە و گرینگی دانی زیاتر بە ڕۆڵی ئەو، ڕۆڵی "دەستەی مەرگ"ی کاڵ کردۆتەوە.
ئەو لە وڵامدانەوە بە وتەکانی "حەمید ئەشتەری"، یەکێک لەو کەسانەی کە لە دادگایی نووری ڕۆڵی هەبووە دەڵێت "حەمید نووری چ کارە بووە کە ئێوە مەدالیا بە خۆتان دەدەن کە ئەوتان دادگایی کردووە؟"
لە هەمان کاتدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە دۆسیەی لەسێداردانەکانی ساڵی ١٣٦٧ و بەجۆرێک باسی دەکات کە ئەو و کەسانێکی دیکە بڕیاری سزای لەسێدارەدانی دەستەجەمعی زیندانییەکانیان لە ئایەتوڵا خومەینی وەرگرتووە.
بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، ڕەئیسی بە مورتەزەوی وتووە: "ئێمە ئەمڕۆ چووین فەرمانمان لە ئیمام [ڕوحوڵا خومەینی] بۆ لەسێدارەدانی زیندانیان وەرگرت."
مورتەزەوی لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە: "تاکە ڕێگای دەربازبوونی کۆماری ئیسلامی ئەمە بووە کە بابەتی زیندانیان لە کاتی زیندوو بوونی خومەینی چارەسەر بکات و بڵێن زیندانی سیاسیمان نییە. ئێستا خۆی نامەی فەرمانی لەسێدارەدانی زیندانیانی نووسیوە یان ئەحمەد خومەینی نووسیویەتی، ئاگادار نیم؛ بەڵام لە هەر حاڵدا [لەسێدارەدانی زیندانیان] بۆچوونی خومەینی بووە و لەوانەیە نووسەری دەقی نامەکە ئەو نەبووبێت." ئەو جەختی کردووەتەوە کە ئەحمەد خومەینی لە وەرگرتنی فەرمانەکەدا، "ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی هەبووە."
لەو کاتەدا، ڕەئیسی داواکاری گشتی تاران بووە و بە تەنیا نەیدەتوانی ڕۆڵی سەرەکی لە وەرگرتنی حوکم و لەسێدارەدانی زیندانییەکان بگێڕێت.
هەروەها لەسێدارەدانەکانی ساڵی ٦۷ لە درێژەی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٠ و درێژەی کردەوەکانی لاجوردی ناوبردووە.
هەروەها ئەو ناوی لە "میرحوسەین مووسەوی" بردووە و دەڵێت کە ئەو "بە هیچ شێوەیەک" "ئاگاداری لەسێدارەدانەکان نەبووە و لە دوای ئەوەی کە کارەکان دەستی پێکرد و بە ئەنجام دەگەیشت ئاگادار بووەتەوە." زەنجانی لە درێژەدا دەڵێت کە هیچ ئاگادارییەکی لەسەر ڕۆڵ گێڕانی خومنەیی لەسێدارەدانەکان نەبووە و نازانێت کە سەرۆک کۆماری ئەو کات، ئاگاداری لەسێدارەدانەکان بووە یان نا، بەڵام زەنجانی بە توندی ڕەخنە لە حوکمڕانی خامنەیی لە پێگەی وەلیفەقێ دەگرێت و دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی لە کڵاپهاوس، ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی ناڕازیان و بێتاوانەکانە.
سەرۆکی پێشووی زیندانی ئێڤین ڕایگەیاند کە لە ژوورەکەی خۆیەوە بینیویەتی کە تەرمی زیندانییە لەسێدارەدراوەکانیان لە زیندان بردووەتە دەرەوە.
ئەو دەڵێت کە چەند کامیونێک تەرمی زیندانییە لەسێدارەدراوەکانیان لە زیندان بردووەتە دەرەوە، بەڵام ئەو نازانێت کە کامیونەکان ئاسایی بوون یان ساردخانەیان هەبووە. ئەو دەڵێت چەند کەس کە لە سەدا و سیماوە بۆ سەردانی ئەو هاتبوون، کامیونەکانیان بینیبوو و دەرگای کامیونەکەیان کردبووەو و بە چاوی خۆیان دیبوویان "تەرمەکان لەسەر یەک کەڵەکە کراون."
مورتەزەوی دەڵێت کە چووەتە شوێنی لەسێدارەدانی زیندانییەکان و کچێک پێی وتووە "من یەکێک لە تەوابینم، بەڵام دەیانەوێت لەسێدارەم بدەن." بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، کاتێک کە موڕتەزەوی دەچێت لە "لێژنەی مەرگ" بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و لە کاتی گەڕانەوەدا، ئەویان لەسێدارەداوە و کەسێکی دیکەیان لە جیاتی ئەو نیشان دابوو تا بەم شێوە فریوی بدەن.
نەهێنانی ناوی مورتەزەوی لە بیرەوەرییەکانی ئایەتوڵا مونتەزری
حوسەین مورتەزەوی زەنجانی بانگەشە دەکات یەکێک لەو کەسانەیە ئایەتوڵا "حوسەینعەلی مونتەزری" لەسێدارەدانەکانی ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو دەڵێت لە دیداری بەرپرسانی زیندانەکان، لە کاتی ماڵئاوایی کردن لە ئایەتوڵا مونتەزری وتی کە دەیەوێت قسەی لەگەڵدا بکات و بە هۆی ترس لە شنوود کردن، لە چپەی لەبەر گوێیدا کردووە وتوویەتی "بڕیاریان داوە کە منداڵەکان لەسێدارە بدەن."
بەم حاڵەوە لە بیرەوەرییەکانی ئایەتوڵا مونتەزی ناوێکی لێ نەبراوە و ئاماژە بە ناوی "محەمەدحوسەین ئەحمەدی شاهوێردی"، حاکم شەرعی ئەهواز، کراوە.
تەنانەت شەپڵاخەیەکم لە زیندانیان نەداوە
مورتەزەوی زەنجانی لە وتەکانیدا دەڵێت تەنانەت شەپڵاخەیەکم لە زیندانیان نەداوە. بەم حاڵەوە، بەشێک لە زیندانیان دەڵێن کە گوشار لەسەر زیندانیان لە خولی ئەودا، زیاتر لە خولی "مەیسەم" [داود بەیات] بووە.
لە ژوورێکی کلاپهاوسدا "تەقی ڕەحمانی"، دەڵێت کە لە خولێکدا کە مورتەزوی سەرۆک بووە، هەر کۆبوونەوەیەک، تەنانەت خۆشی لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا بکرایەت قەدەغە بووە. ئەو دەڵێت مورتەزەوی دوژمنی لەگەڵ ئەو کەسانە هەبوو کە دووبارە دەستبەسەر دەکرانەوە، ئەوانی بە مەترسیدار دەزانی.
ئەم زیندانییە سیاسیەی دەیەی ۱۳٦۰ دەڵێت مورتەزەوی لە سەردانی ژوورەکەیاندا لە وڵامی ئەم پرسیارە کە ڕێنمایی زیندان چییە؟ ئاماژەی بە ئایەتێکی قوئان کە لەسەر دیواری ڕووبەڕووی ژوورەکە نووسرابوو کرد و وتی:"ئەمە ڕێنمایی منە."
ناوەڕۆکی ئەم ئایەتە ئەمە بوو: "يا أَيُّهَا النَّبِيُّ جاهِدِ الكُفّارَ وَالمُنافِقينَ وَاغلُظ عَلَيهِم ۚ وَمَأواهُم جَهَنَّمُ ۖ وَبِئسَ المَصيرُ. ئەی پێغەمبەر! لەگەڵ کافران و مونافقین شەڕ بکە و توندە بە بەرامبەریان! شوێنیان لە جەهەنمە، و ئەنجامیان خراپە دەبێت."
ئەو هەروەها دەڵێت کە لە خولی مورتەزەویدا، نێردراوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەو زیندانیانەی کە دەگوازرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، جلی گەرمیان پێنادرا. هەروەها تەقی ڕەحمانی چەند گێڕانەوەیەک لە قامچیلێدان و لێدانی زیندانیان لە خولی مورتەزەویدا دەگێڕێتەوە.
حەمید ئەشتەری لە زیندانیانی دەیەی ٦۰ لە کلاپهاوس، ڕوو لە مورتەزەوی دەڵێت: "جەژنی نەورۆزمان گرت، کێ بوو بەردی لە شووشەکە دەدا و مونافق مونافقی دەکرد؟ ئەمە نموونەیەکی ئاسایی مامەڵەکانت بوو."
ستەمکردن لە کوردکان و بەهاییەکان
مورتەزەوی سەبارەت بە تێبینییەکانی خۆی لە کاتی ئامادە بوون لە شوێنی لەسێدارەدانی زیندانیاندا وتوویەتی: "یەکێک لە کوردەکان ڕێگەکەی لێ گرتم و وتی لەبەر ئەوەی کە کوردم دەیانەوێت بمکوژن."
ئەو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لە وڵامدانەوەی هاوڵاتیەکی بەهاییدا دەڵێت کە دوو گرووپ چەوساونەتەوە و دەنگیان نەدەبیسترا، یەکێکیان بەهاییەکان و ئەوی دیکەیان کوردەکانن. ئەو لە هەمان کاتدا دەڵێت "دڵێ خۆشم لە بەهایی بوون نییە، چون بەرهەمی بیرکردنەوەی ئاخوندییە."
لە ژووری کلاپهاوس، بنەماڵەی بەشێک لە لەسێدارەدراوان کە چەند کەس لە ئەندامانیان لەدەست داوە، وەسفی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی کەسوکاریان کرد.
زانیاری تایبەت یان سووتاو
هەندێک کەس قسەکانی مورتەزەوی بە گرنگ دەزانن، چونکە سەرۆکی زیندان و دانی بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسیدا ناوە، بەڵام دەستەیەکی دیکە پێیان وایە ئەو زانیاریی تایبەتی نەخستووەتەڕوو. هەروەها هەندێک دەڵێن کە ئەو ڕۆڵی خۆی لە گوشار خستنە سەر زیندانییەکانی ڕەتکردووەتەوە یان کەمی کردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا چەندین جار وتوویەتی کە تەنانەت دوای دەست لە کار کێشانەوەی گوناهەکەی "بە ئاوی زەمزەمیش ناشۆردرێتەوە."
تێبینییەکەت بنووسە