close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

.

۶ پووشپەڕی ۱۳۹۹
آوات پوری
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
.
.
.

١١یەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت

ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاب) ١١یەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن دەستپێدەکات و ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت. ئەو فێستیڤاڵە لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستاوە هەموو دوو ساڵ جارێک بەڕێوەچووە و لە خولی ئەمساڵیدا وابڕیارە ٥٠ کورتەفیلم لە شەش بەش یان تێمدا نمایش بکرێن.

١١یەمین خولی فێشتیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بەهۆی تەشەنەی کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و بۆ هەمووان ڕێگەپێدراوە کە لە ڕێگەی یوتیوبەوە فیلمە بەشداربووەکانی بەشی پێشبرکێ ببینن.

"کاوە عەباسیان"، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ئەو فێشتیڤاڵە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێڕان وایەر ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی ئۆنلاینی فیلمەکان دا و وتی هەرچەند تەشەنەی کۆرۆنا هەموو بەرنامە پێشوەختەکانی تێکدا بەڵام باشییەکەشی ئەوە بوو کە بەم شێوەیە هەموو کەس دەتوانن سەیری فیلمەکان بکەن و بۆ یەکەم جارە کە لە ئێرانیشەوە بینەری ڕاستەوخۆمان دەبێت.

 عەباسیان هەروەها وتی کە ئەمساڵ بەهۆی یاساکانی کۆپی ڕایت ناچاربووین فیلمەدرێژەکان نمایش نەکەین. هەروەها کورتەفیلمەکان بەسەر شەش تێمی "سەرووی سنوورەکان"، "تێکۆشان بەردەوامە"، "ژنان لە فیلمدا"، "منداڵان لە فیلمدا"، "جەنگ لەسەر پەردە"  و "ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوردستان" دا دابەشکراون  و نمایش دەکرێن.

لەم خولەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەندا هەوڵ دراوە گرنگی زیاتر بدرێتە ئەنیمەیشنی کوردی و هەر بەو هۆیەشەوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لەو ژانرەدا فیلمی زیاتر وەرگیراوە.

یەک لەو ئەنیمەیشنانە "سەرچەشن" (The Pattern) لە دەرهێنانی "ئازاد جەنەتی"ە، کە تێیدا هەوڵدراو لە ڕێگەی نەخش و نیگاری فەڕشی کوردییەوە تیشک بخرێتە سەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە.

سەرچەشن بەشێوەی تری دی دەرهێندراوە و لەو ڕووەوە پێدەچێت سەرنجی ڕەخنەگران و لێژنەی داوەرانی ئەم خولەی فێشتیڤاڵەکە بەرەو خۆی ڕابکێشێت. ئەو ئەنیمەیشنە پێشتریش لە چەندین فێشتیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداری کردووە.  

بەڕێوەبەری بەرنامەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن دەڵێت سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زۆرمان دا زیاترین ئەنیمەیشن لەم خولەدا بەشداری بکەن تەنیا شەش ئەنیمەیشن هەڵبژێردراون و نمایش دەکرێن، ئەو ژمارەیەش کەمتر بوو لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد.

کاوە عەباسیان سەبارەت بە تێمەکانی فێستیڤاڵەکە وتی: "لەو ڕووەوە کە ژیانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر لە هەمووان لەگەڵ سنوورەکان لە کێشمەکێشم دایە و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی کورد لە دەرەوەی کوردستان دەژین تێمێک بەناوی سەرووی سنوورەکان بۆ فێستیڤاڵی ئەمساڵ تەرخان کراوە".

زیادیشی کرد کە زۆربەی فیلمەکانی تێمی "تێکۆشان بەردەوامە" لەبارەی مافی چارەی خۆ نووسینی خەڵکی کورد دایە و فیلمەکانی تێمی "جەنگ لەسەر پەردە"ش جەختیان لەسەر ئەو شەڕانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە کوردستانی تورکیا و ڕۆژئاوا ڕوویان داوە.

لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا وابڕیارە سێ خەڵاتی "باشترین کورتە فیلم" کە بە خەڵاتی یەڵماز گونەی ناسراوە، خەڵاتی "تایبەتی لێژنەی داوەران" و خەڵاتی "تایبەتی فێستیڤاڵ" ببەخشرێتە براوەکان.

بەگوێڕەی قسەکانی کاوە عەباسیان، ڕۆژەکان تەرخان دەکرێن بە تێمە جیاوازەکان و هەڕ ڕۆژەی پێنج فیلمی تایبەت بە تێمێک نمایش دەکرێت.

هەرچەند شێوازی نمایشکردنی فیلمەکان و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە بەتەواوی لەژێڕ کاریگەریی تەشەنەی کۆرۆنا دایە بەڵام تێمێکی تایبەت بەو بابەتە تەرخان نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند فیلمێکی سەبارەت بە کۆرۆنا و کەرەنتینە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.

"دەمامک" (ماسک) لە دەرهێنانی "زانیار عومرانی" یەک لەو فیلمانەیە کە تیشکی خستووەتە سەر کەرەنتینە و مەودای کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆرۆنا دا.

دەرهێنەر لەو فیلمەدا مەودای کۆمەڵایەتیی وەک کەرەسەیەک بۆ مۆنتاژدا بەکارهێناوە. وێنەکان هەموو سێ چرکە جارێک دەبڕدرێن و بەو شێوەیە دابڕانێکی بەردەوام لە شوێن و جوڵان و کاتدا پێکدەهێنن.

فیلمەکە هەشت خولەک و ٢٤ چرکەیە و ٢٥٤ کاتی تێدایە، عومرانی بەم شێوەیە بە بینەر و ڕەخنەگر دەڵێت کە وێنەگرتن و مۆنتاژ لە سەردەمی کۆرۆنا دا ڕوانگەی تازەی پێویستە.

هاوکات هەماهەنگییەکی دیداری و دەنگی لەنێوان گرتەکورتەکانی فیلمەکەدا لە ئارا دایە و لەڕێگەی میوزیکی باک گراندەوە بەیەکەوە دەلکێندرێن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بە کۆتاییهاتنی کەرەنتینە لە فیلمەکەدا، ریتمی مۆنتاژ و ڕیزبەندیی وێنەکانیش دەگۆڕدرێن و دابڕانە بەردەوامەکە چیدی نامێنێت.

کاوە عەباسیان سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی فێشتیڤاڵەکەش وتی، هەرچەند ئەم جۆرە لە نمایشی فیلم زۆر داهێنەرانەیە بەڵام ئەوە یەکەم جار نییە کە فێستیڤاڵێک بەم جۆرە بەڕێوەبچێت و پێشتر فێستیڤاڵی “We Are One” هەر بەم ستایلە بەڕێوچووبوو.

وابڕیارە لەمیانەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەندا جگە لە نمایشی فیلم چەند پانێل، وۆرکشۆپ و دانیشتنی وەڵام و پرسیاری ئۆنلاینیش بەڕێوەبچێت و هەموو ئەم ڕووداوانەش بەشێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.

هەرچەند هێشتا بەرنامەی نمایشی فیلمەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئێستاوە دەست کەوتوون پێدەچێت ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو زیاترین فیلمەکان لە کوردستانی ئێڕانەوە لە فێشتیڤاڵەکەدا بەشداربووبن.

جێگەی ئاماژەیە کە خولی پێشووی فێستیڤاڵەکە لە ساڵی ٢٠١٨دا بەڕێوەچووبوو و لە چوارچێوەیدا دەیان کورتەفیلم، داکیومینتاری و فیلمی درێژ نمایش کران.

"ئارین"، "ئاکۆ"، "میوانی تایبەت"، "ئالان"، "بووکە بارانە" و "ڕێزگرتن لە کۆبانێ" چەند لەو فیلمانە بوون کە لەو خولەدا لە بەشی کورتەفیلم نمایش کران. هەروەها "نووسین لەسەر شار" لە دەرهێنانی "کەیوان کەریمی" لە دەیەمین خولی فێشتیڤاڵەکەدا وەک نمایشی تایبەت پەخش کرا.

 

 

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە