close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

سەرۆکی دادوەریی ئێران و داخوازیی ڕادەستکردنی تاوانبارانی ئێرانی لە هەرێم

۱۴ ڕێبەندانی ۱۳۹۹
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۶ خولەکدا
سەرۆکی دادوەریی ئێران و داخوازیی ڕادەستکردنی تاوانبارانی ئێرانی لە هەرێم
سەرۆکی دادوەریی ئێران و داخوازیی ڕادەستکردنی تاوانبارانی ئێرانی لە هەرێم
سەرۆکی دادوەریی ئێران و داخوازیی ڕادەستکردنی تاوانبارانی ئێرانی لە هەرێم

داخوازیی ئایەتوڵا "سەید ئیبراهیم ڕەیسی"، سەرۆکی "دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، لە دیداری ڕۆژی پێنج‌شەمەی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر ڕادەستکردنی "تاوانباران"ی ئێرانی کە پەنایان بردۆتە هەرێم، دەنگی داوەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە جگە لە شەپۆلی پرچەکردارەکان و نیگەرانییەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان، پرسی ڕادەستکردنەوە و تەنانەت تیرۆر و ڕاوەدوونان و ئازاردانی دژبەرانی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هەرێم‌دا زیندوو کردۆتەوە.

"ئێران‌وایەر" هەر لەم پێوەندییەدا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان، شرۆڤەکار و چالاکوانی سیاسی‌دا وتووێژی کردووە و ڕاوبۆچوونی ئەوانی سەبارەت بە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی دژبەران یان ڕادەی هاوکاری‌کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەرگرتووە.

***

ئایەتوڵا سەید ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنج‌شەمە ٢٣ی ڕێبەندانی١٣٩٩ لە دوایین ڕۆژی سەفەرە سێ ڕۆژەکەی‌دا بۆ عێراق لە دیدار لەگەڵ "هۆشیار زێباری"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی "پارتی دیموکراتی کوردستان"، و نێردراوی تایبەتی "مەسعوود بارزانی"، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، جگە لە ئاماژەدان بە "پێوەندیی شارستانێتیی کوردەکان لەگەڵ ئێرانی ئیسلامی"دا پێشنیاری کرد بڕوا بە ئەمریکا نەکەن و داوایشی لێ‌کردن کە هاوکاری لەگەڵ دەزگای دادوەریی ئێران بکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو تاوانبارانەی کە لە ئێران هەڵاتوون.

هەر ئەم سەرچاوەیە جگە لە ئاماژەکردن بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان لە بابەت بەڕێوەبردنی یاسای ڕادەستکردنی تاوانبارانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە زمانی "هۆشیار زێباری"یەوە ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان لەم پێوەندییەدا "ئامادەیی هەیە بۆ هاوکاری‌کردنی تەواوی کۆماری ئیسلامیی ئێران."

"محەمەد خاکی"، ڕۆژنامەوانی دانیشتووی لەندەن و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی "ڕادیۆ دیالۆگ"، لە وتووێژ لەگەڵ ئێران‌وایەردا وتی کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەبار و شێواوی ئابووری و کۆمەڵگای ئێران کە لە حالی تەقینەوەدایە، بە تایبەت ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرین لە کوردستانی ئێران‌دا، کۆماری ئیسلامی دەیەوێت هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەک بۆ دژبەرانی ئێستا و داهاتووی خۆی، بشێوێنێت و نائەمنی بکات و پتر لە جاران بوارەکە بۆ دژبەرەکانی، تەسک‌تر و تەنگ‌تر بکاتەوە: "جگە لە پرسی ڕادەستکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی تەنانەت دەسپێکردنەوەی دەورێکی تازەی تیرۆر و ڕاوەدوونان و ئازردانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی تیم و گرووپە ئەمنییەتییەکانییەوە لە هەرێمی کوردستانیش زۆر جیدین و جێگای نیگەرانیی زۆرە."

ئەم ڕۆژنامەنووسە جگە لە ئاماژەکردن بە بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووریی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دۆخی ناجێگیری پارتی دیموکرات لە بەستێنی گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، عێراق و هەرێم خۆی‌دا، بڕوای وایە کە ئێران خەریکی سوودوەرگرتنە لەم هەلە. لەم ڕوانگەوە "ئەگەری جێ‌بەجێ‌کردنی پرۆسەی ڕادەستکردنی دژبەران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران لە ئاستێکی بچووک‌دا، لە هەموو کاتێک زیاتر و ئەگەردارترە."

بە بڕوای محمەد خاکی داواکاریی دەستێوەردان، هاوکاری و پشتیوانیی چالاکانە و خێرای ناوەندە نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە "کۆمیساریای باڵای پەرنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور" و "لێبوردنی نێونەتەوەیی" لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و پاراستنیان لە هەرێمی کوردستان‌دا نەک هەر کاریگەریی هەیە بەڵکوو پێویستە: "هاوتەریب لەگەڵ میدیایی‌کردنەوە و ڕووماڵ‌کردنی دۆخی ناسەقامگیری ئەمنییەتیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێم و ڕادەی پەلاماردانیان یاخود ئەگەری ڕادەستکردنیان پێویستە کە ئۆفیسەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە هەر دوو پارێزگای هەوڵێر و سلێمانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، چ ئەوانەی کە لایەنگری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانن و چ چالاکوانە مەدەنی و مافی مرۆییە سەربەخۆکان، بیانگرنە خۆیان و بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەتیی گیان و ماڵ و حاڵیان بە شێوەیەکی کاریگەر کاریان بۆ بکات و پشتیوانیان بێت."

"عەبدوڵا حیجاب"، شرۆڤەکاری سیاسیی دانیشتووی نۆروێژیش پرسی ڕادەستکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بە هەڕەشە و مەترسییەکی جیدی دەزانێت.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە، بە ئاماژەدان بە شکست‌هێنانی کۆماری ئیسلامی لە هاوڕاکردنی خەڵکی کوردستان دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی و هەروەها ترسی لە مێژینەی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناڕازی لە کوردستان و گشت‌گیربوونەوەی لە هەموو ئێران‌دا، بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا، بە ئێران‌وایەری وت کە داخوازیی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان "ئۆلتیماتۆمێکی جیدییە بە هەرێمی کوردستان" کە ئەگەر جێبەجێی نەکەن کارتەکانی گوشارهێنانی سیاسی، ئەمنییەتی و ئابووریی خۆی بە دوای یەک‌دا بە مەبەستی لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەند و هەروەها لاوازکردنی پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو هێزە سیاسییەکانی‌ هەرێم‌دا بەکار دەهێنێت.

بە گوتەی عەبدوڵا حیجاب بە لەبەرچاوگرتنی ئەمەی کە ئێران سنوورێکی هاوبەشی بەرین لەگەڵ ناوچەکەکانی ژێر دەسەڵات و سوڵتەی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" هەیە زۆر ئاساییە کە لەم ناوچەیەدا پێوەندییەکی نزیک‌تری لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی‌دا هەبێت. بەڵام "چونکە پارتی دیموکراتیش زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان و هەروەها بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی کارگێڕیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە، داخوازیی هاوکاری بۆ ڕادەستکردنەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوان کراوە."

ئەو دەڵێت کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی‌دا لەگەڵ‌خستی هەر دوو پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانییە بۆ دەسپێکردنی ئۆپێراسیۆنی ڕادەستکردنەوەی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران: "بە بڕوای من دەسپێ‌کردنی ئەم هاوکارییە، جگە لە لێکەوتە سیاسییەکان و درووسکردنی کەلێنی نێوان هێزە سیاسییەکان و خەڵکی هەر دوو کوردستانی عێراق و ئێران، گیانی زۆربەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کە پانایان بردۆتە هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی دەکاتەوە."

عەبدوڵا حیجاب لە درێژەدا جگە ئاماژەکردن بە ناکامیی ئێران بۆ لەگەڵخستن و ئاراستەکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی بە دژی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەگەرچی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکرات بە ئاگایە لە بەرژەوەندییە هاوبەش و ستراتیژیکەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی، پێویستە پتر لەسەر داخوازییەکەی کۆماری ئیسلامی هەڵوەستە بکات. لە لایەکی‌ترەوە، دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرجاران بە هۆی چالاکییە سیاسییە و مەدەنییەکانەوە لە چوارچێوەی یاساکانی پەنابەری‌دا خاوەن مافن و دابین‌کردنی ئەمنییەتیان بەشێکە لە ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

"ڕەحمان محمەمەدی"، چالاکی سیاسیی دانیشتووی فینلاند، لە وتووێژ لەگەڵ ئێران‌وایەردا داخوازیی ڕادەستکردنی تاوانباران لە لایەن سەرۆکی دەزگای دادوەرییەوە لە درێژەی سیاسەتەکان و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بەتایبەت لە باشووری کوردستان وەک قووڵایی ستراتیژیکی ئێران باس کرد و وتی کە ئەگەرچی لە ڕووی مێژووییەوە پێوەندییەکی تووندوتۆڵ لە نێوان پارتی دیموکرات و ڕژیمی شا و کۆماری ئسیلامی، بە تایبەت لە ساڵانی سەرەتایی دوای شۆڕشی ٥٧دا هەبووە، پێ‌دەچێت کە بارودۆخی هەنووکەیی سیاسی وئابووریی هەرێمی کوردستان و پێگەی ناسەقامگیری پارتی دیموکرات هەم لەناو هێزە سیاسییەکانی هەرێم و هەم لەناو هێزە سیاسییەکانی عێراق‌دا بوارەکەی بۆ ئەم چەشنە داخوازییانە فەراهەم کردبێت: "[لەوانەیە]" بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی مێژوویی هاوکاریی سەربازی و ئەمنییەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئەزموونی ڕادەستکردنی دژبەرانی سیاسیی ئێرانی لە لایەن ئەم حیزبەوە چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا، داخوازییەکی لەم چەشنە دووبارە هاتبێتە ئاراوە."

ئەو لەو باوەڕەدایە کە باشووری کوردستان سەرەڕای لەمپەرەکان و کێشە ئابووری، سیاسی، دیپلۆماتیک و ئەمنییەتییەکانی خۆی، بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو بەردەوام پەناگە و سەرپەنای ئەو چالاکوانە مەدەنی، سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، نووسەران و ئازادی‌خوازانە بووە کە لەبەر هۆکاری ئەمنییەتی و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان پەنایان بۆ هەرێم کوردستان بردووە و لەوێ ماونەتەوە. بەم پێیە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە پشتیوانی و دابین‌کردنی ئەمنییەت و دەرکردنی کارتی ئیقامە و نیشتەجێ‌بوونی یەک ساڵە، دەبێت کەڵک لە توانستە دیپلۆماتیکەکانی خۆی وەربگرێت و گوشارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ یەکپارچەکردنی هێزە سیاسییەکانی ئێستای هەرێم بە ئاراستەی وەدیهێنانی مەبەستەکان و ئامانجەکانی لە ناوچەکە پووچەڵ بکاتەوە."

ڕەحمان محمەمەدی دەستەواژەگەلی وەک "تاوانبارانی هەڵاتوو" و "خەتاکارانی گەندەڵ" بە بەشێک لە ئەدەبیاتی ماشینی پڕوپاگاندای دەزگای دادوەریی ئێران بۆ پاساودانی هێنانەوەی دژبەرانی خۆی و خەوشدارکردنی شوناسی سیاسیی ئەوان دەزانێت.

بە گوتەی ڕەحمان محمەمەدی، ئەو شارۆمەندە ئێرانییانەی کە پەنایان بردۆتە هەرێم پتر ئەوانەن کە لە "جەهەنەمێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی" هەڵاتوون و ئەگەر نەڵێین هەموویان لانیکەم زۆرینەیان نووسەر، چالاکی سیاسی، مەدەنی، ژینگەپارێز و کرێکارین یاخود هەندێکیان لەبەر ناکۆکی سیاسی لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێم جیا بوونەتەوە و سەریان بە ژیانی خۆیانەوە قاڵە: "تاوانبارانی ڕاستەقینە پێویست ناکات لە ئێران دەرباز ببن. ئەوان بە میلیۆنان دۆلارەوە یان بۆ کەنەدا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی سەفەر دەکەن یان لە بەهەشتی تاوان و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا پەنا دەدرێن و پارێزگارییان لێ‌دەکرێت."

بۆ خوێدنەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی ڕاستی دەرخستن لە ئێران‌وایەردا کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە.

تێبینییەکەت بنووسە

ڕاپۆرت

.

۱۴ ڕێبەندانی ۱۳۹۹
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
.