چالاکوانانی بەلووچ دەڵێن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە دوای ڕۆژی دووشەمە چواری ڕەشەمەی ١٣٩٩، هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە سووختبەران دەستی پێکردووە، دەوری سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەم پێکدادانەدا زەق و بەرچاو بووە. سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە تەقەی هێزەکانی سپای پاسدران لە خەڵکی ناڕازی و هەروەها دەستبەسەرکردنیان دەکەن.
سپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان چ دەکەن؟ ئەم ڕاپۆرتە خوێندنەوەی کورتە مێژوویەکی ئامادەیی سپای پاسدارانە لەم پارێزگایەدا.
***
ناڕەزایەتییەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە دوای جێبەجێکردنی "تەرحی ڕەزاق" و تەقەکردن لە سووختبەران دەستی پێکرد، ناوی "قەرارگای قودس"ی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و سپای "سەلمان"ی هێناوەتە ئاراوە. پێش لەمە ناوی قەرارگای قودسی سپای پاسداران زیاتر لە پێکدادانی لەگەڵ گرووپە چەکدارە بەلووچەکاندا باس کرابوو.
ئەرکی دابینکردنی ئەمنییەتی سنووری سەراوان کە تەقە لە سووختبەران لەوێ ڕووی دابوو لە ساڵی ١٣٩٣، پاش کوشتنی ١٤ مەرزبان (سنوورپارێز) و ڕفاندنی پێنج مەرزبانی دیکە لە ڕێگەی گرووپی "جەیشولعەدڵ"، سپێردرایە سپای پاسداران.
ئەوکات، "محەمەدعەلی جەعفەری"، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران سەردانی ئەم ناوچەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەرکی دابینکردنی ئەمنییەتی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری سەراوان سپێردراوەتە قەرارگای قودسی هێزی پیادەی سپا.
هەر لە سەرەتای پێکهێنانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ئێران، ئەم دامەزراوەیە لە پارێزگای سیستان و بەلووچێستان لە چوارچێوەگەلی جۆراوجۆردا ئامادە بووە و مانەوەیان لەم پارێزگایەدا بۆ هێزەکانی ئەم دامەزراوەیە وەک پێشینەی ئامادەیی لە بەرەکانی جەنگدا لەبەرچاو گیراوە.
لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا، هێزەکانی سپای پاسداران لە پارێزگاکانی دوروبەر و نزیک لەوێ، بۆ نموونە کرمان و یەزد لەم پارێزگایەدا بوونیان هەبووە.
لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراقدا، هێزی گوردانەکانی سیستان و بەلووچستان لە چوارچێوەی تیپەکان و لەشکرەکانی پارێزگاکانیتردا، لەوانە "تیپی ٤١ی ساروڵا"ی کرمان یان "٣٧ی نوور"ی خووزستان لە بەرەکانی جەنگدا ئامادە دەبوون.
سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٥٨ تا ١٣٦٨ لە سنوورەکانی سیستان و بەلووچێستاندا ئامادە بوون و لە مەودای ساڵەکانی ١٣٦٨ تا ١٣٧٠دا بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئەمنییەتی ئەم پارێزگایە خرابووە سەر شانی کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامیی ئەوکات.
سپا جارێکیتر لە ساڵی ١٣٧١دا بە پەسەندکراوی شوورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی بوو بە بەرپرسی دابینکردنی ئەمنییەتی سیستان و بەلووچستان و قەرارگای قودسی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێراندا پێکهێنا. ئێستایش لە کاتێکدا کە هێزی ئینتزامی ئەرکی پاراستنی مەرزبانی لەسەر شانە، سپای پاسدارانیش لەو سنوورانەدا ئامادە و جێگیرە.
قەرارگای قودسی سپا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران هەروەها ئەرکی دابینکردنی ئەمنییەتی لە پارێزگاکانی هۆرمۆزگان و بەشێک لە پارێزگای خوراسانی باشووری وەئەستۆ گرتووە. ئەم قەرارگایە سەرەتا لە لەشکری ٤١ی ساروڵای کرمان و تیپەکانی "مالک"، "٣٣ی ئەلمەهدی"، "٢ی بیرجەند" و سەلمان پێکهاتبوو و لە هەر خولێکدا بنەڕەتەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
سپای سەلمانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش کە لەگەڵ ئەوەشدا کە فەرماندەییەکی سەربەخۆی هەیە، بەڵام وەک بەشێک لە ئۆرگانەکانی ئەم قەرارگایە لە خولی فەرماندەیی محمەمەدعەلی جەعفەری لە ساڵی ١٣٨٦ و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی پێکهێنانی سپاکانی پارێزگادا دامەزرا. ئەوکاتە، سپاکانی پارێزگا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزی خۆڕاگریی سپا و بەشێک لە لەشکرەکانی هێزی پیادە لە پارێزگاکاندا پێکهاتن.
ئەم سپایە وەک باقیی سپاکانی پارێزگا، یەکەکانی بەسیجی هەیە و بەسیجی عەشایەری لەو بەشانەیە کە هەر لە دەیەی شەستەوە پێکهاتووە.
گرینگیی قەرارگای قودسی باشووری ڕۆژهەڵات بە ڕادەیەک بوو کە "نوورعەلی شووشتەری" هاوکات لەگەڵ بوونی بە جێگری هێزی پیادەی سپای پاسداراندا، بووبە فەرماندەی ئەم قەرارگایەیش.
لە ساڵی ١٣٨٨دا، ئەو و "ڕەجەبعەلی محەمەدزادە"، فەرماندەی سپای سەلمانی سیستان و بەلووچستان لە کاتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرۆک عەشرەتەکان و ڕیشسپییەکان لە ناوچەی "پیشین"، لە تەقینەوەیەکدا بە دەستی گرووپی جەیشولعەدڵ کوژران.
زۆرینەی ئەندامانی سپای سیستان و بەلووچستان شێعەن و ساڵی ١٣٩١ "حسێن مورتەزەوی"، فەرماندەی ئەم سپایە ڕایگەیاندبوو کە ٣٠٠ کەسی ئەهلی سونەت ئەم پارێزگایە بە شێوەی پاسداری فەرمی دامەزراون.
تا ڕادەیەک کۆی فەرماندەکانی سپای سەلمانی پاریزگای سیستان و بەلووچستانیش لە دایکبووی پارێزگاکانیتر، بۆ وێنە خوراسان، هۆرمۆزگان و کۆهگیلویه و بۆیرئەحمەد بوون.
"ئەحمەد شەفایی" کە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ وەک فەرماندەی نوێی سپای پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەسنیشان کرا، پێش ئەمە جێگری فەرماندەی سپای پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بوو.
سپای پارێزگای سیستان و بەلووچستان وەک باقیی سپاکانی پارێزگاکان، لە هەموو بوارێکدا چالاکە؛ هەر لە دەسبەسەرکردنی بەرپرسانی دەوڵەتییەوە بە تۆمەتی "گەندەڵی" و دۆزینەوە و زەوتی ژمارەیەکی هەرە زۆری سیلەندری گازی نایاساییەوە بگرە تا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکوانانی مۆدێلینگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاڤۆکی "منداڵی موسوڵمانی بەلووچ".
ئەم سپایە هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە ناو جەماوەری خەڵکدا، کۆمەڵێک پڕۆژەی وەک بیناکردنی یەکەکانی خانووبەرە و ناوەندەکانی تەندرووستی و پێڕاگەیشتن و هەروەها درووستکردنی ڕێگاوبان بەڕێوە دەبات.
سەرباری چالاکییەکانی سپای سەلمان لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، قەرارگای قودسی هێزی پیادەی سپا ژمارەیەک قەرارگای شەڕکەری لە ژێر چاودێریی خۆیدا پێکهێناوە و تەنیا لە باشووری پارێزگاکە، واتە ناوچەی سیستاندا، پتر لە ٢٠ پایەگای سەرەکی و دەیان پایەگای لاوەکی و بۆسەی بەردەوامی هەیە.
قەرارگای "شەهید میرحسێنی" یەکێک لە قەرارگا سەرەکییەکانی قەرارگای قودسە کە لە ناوچەی "مێڵی سێ لایەن"دا چالاکە؛ واتە ناوچەیەک کە سنوورەکانی هەر سێ وڵاتی ئێران، پاکستان و ئەفغانستان لە یەکتر هەڵدەپێکێت و لەم ڕووەوە پتر کەوتۆتە ژێر چاودێریی چڕوپڕی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. بەناوبانگترین جووڵەی گرووپە چەکدارە دژبەرەکان لە سیستان و بەلووچستانیش لەم ناوچەیەدا ڕوویان داوە.
فەرماندەی قەرارگای شەهید میرحسێنی، فەرماندەی تیپی "١١٠ی تەکاوەر" و "١١٠ی سەلمانی فارسی"ی هێزی پیادەی سپای پاسدارانە کە لەم پارێزگایەدا چالاکە.
داخستنی ١٥٠ کیلۆمەتر لە سنوور و دامەزراندن و هەڵکەندنی ١٠٠ کیلۆمەتر خەندەق و سەنگەری گەورە نموونەی کاروکردەوەکانی سپای پاسداران بووە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا.
سەرباری هەموو ئەم کار و تێچوانە، کێشە ئەمنییەتییەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاند وەک خۆیان ماونەتەوە و گۆڕانێکان لێنەکەوتۆتەوە. جگە لە هەڵکەوتەی سنووریی پارێزگاکە خۆی و دۆخی شێواوی سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێ، هەڵاواردن بە دژی ئەهلی سونەت و هەژاریی بەربەرین وەک هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشە ئەمنییەتییەکانی ئەم پارێزگایە دەسنیشان کراون.
بۆ خوێدنەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی ڕاستی دەرخستن لە ئێرانوایەردا کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە