ئایەتوڵا "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی ١٤یجۆزەردانی١٤٠٠ لە لێدوانێکیدا بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ئایەتوڵا "خومەینی"، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کرد: "دوای ئیمام، خەڵکسالاریی ئایینی بە تووندی پارێزراوە." ئەو لەم لێدوانەدا دەڵێت: "بە پشتیوانی خودا دوای کۆچی ئیمام، نەتەوەی ئێران عەتییەی یەزدانیی خەڵکسالاریی ئایینیی پاراستووە و لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان بۆ دابڕاندنی خەڵک لە نیزام و بێباوەڕکردنیان بە ئیسلام و خەڵکسالاریی ئایینی، بەتووندی وەستاونەتەوە." ئایەتوڵا خامنەیی لەم وتارەدا هەڵبژاردنی لە ڕوانگەی ئایەتوڵا خومەینیی بە "فەرزێکی ئایینی" دانا و لە زمانی ئەوەوە بەپێی وەسیەتنامەکەی وتی: "بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن لە هەندێک بڕگەدا گوناهێکە لە سەرووی گوناهه گەورەکانەوە" و "بەشدارینەکردن، لێکەوتەی دنیایی دەبێت تەنانەت بۆ بەرەکانی دواتر [بۆیە] لێپێچەنەوەی ئیلاهیی [لەدوایە]."
ئایا خەڵکسالاریی ئایینی دوای مەرگی ئایەتوڵا خومەینی لە کۆماری ئیسلامیدا پارێزرا؟ ئایا ئایەتوڵا خومەینی لە وەسیەتنامەکەی خۆیدا، بەشدارینەرکردنی لە هەڵبژاردنی لە ڕیزی گوناهە گەورەکان دانا و بە لێپێچینەوەی ئیلاهیی زانی؟ "ئێرانوایەر" لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدات وڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە.
چەمکی "خەڵکسالاری ئایینی" چییە؟
تاکوو ئێستا کۆمەڵێک پێناسەی جیاواز بۆ خەڵکسالاریی ئاینیی لە لایەن بیرمەندانی جیهانی ئیسلامەوە کراوە؛ بەڵام چونکە ئەم وتارە بەدواداچوون بۆ ڕاستیی بانگەشەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکات؛ دەپەرژێتەسەر پێناسەی خەڵکسالاریی ئایینی لە ڕوانگە ئەوەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تێگەیشتنی درووست لە ڕوانگەی ئەوەوە بۆ چەمکی خەڵکسالاریی ئایینی، وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە ئایا خەڵکسلاریی ئایینی دوای مەرگی ئایەتوڵا خومەینی پارێزرا یان نا. "عەلی فەیاز" لە ماڵپەڕی خامنەیی دۆتکۆم، لە وتارێکدا لەژێر ناوی "خەڵکسالاریی ئایینی لە گوتاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی"دا پەرژاوەتەسەر لێکۆڵینەوەی مانا، سەرەتا و بنەمای "خەڵکسالاریی ئایینی" لە ڕوانگەی ڕێبەری و بەم جۆرە پێناسەی دەکات:
ئا) مێتۆدۆلۆژیا
ئایەتوڵا خامنەیی دەڵێت: "ئەو مێتۆدانەی کە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و پاراستنی بەکار دەهێنرێت، پێویستە مێتۆدگەلی ئەخلاقی بن. لە ئیسلامدا، بەدەستهێنانی دەسەڵات بە هەر نرخێک بوونی نییە... لە ئیسلامدا مێتۆدەکان هەرە گرینگن. مێتۆدەکان وەک بەهاکان وان. ئەوڕۆکە، ئەگەر دەمانەوێت حکوومەتەکەی ئێمە بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە، ئیسلامی بێت، پێویستە بەبێ دڕدۆنگی ئەم ڕێگایە ببڕین." لە ڕوانگەی ڕێبەرەوە، حکوومەتی ئیسلامی بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگا، مێتۆدگەلی تایبەتی خۆی هەیە و وەها نییە کە بتوانێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی "مێتۆدە ڕۆژاواییەکان"ەوە ئامانجەکانی دەستەبەر بکات. هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بنەڕەتی مێتۆدەکان بەهایە و ئەمەی کە هەر مێتۆدێک، بنەڕەتەکەی ئەو بەهایانەن کە بەکارهێنانەکەیان بەرتەسک و سنووردار دەکاتەوە. ئەم مێتۆدە هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی دێمۆکراسییە ڕۆژاواییەکان، ناکۆکە لەگەڵ ئیستیبداد و دیکتاتۆرییشدا و ئەو ناوی دەنێت "خەڵکسالاریی ئایینی".
با) ڕەهەندەکانی خەڵکسالاریی ئایینی
"خەڵکسالاریی ئایینی" لە گوتەکانی ڕێبەردا، سنوورەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبەزێنێت و "وەدیهاتنی خواستی ڕاستەقینە"ی خەڵکیش دەگرێتەوە. بە گوتەیەکیتر، خەڵکسالاریی ئایینی دوو ڕەهەندی هەیە.
یەکەم) ڕەهەندی دامەزراندن
تەعبیرە لەوەی کە خەڵک بە ئامادەبوونی لە بەستێنەکە و لە پاڵ سندووقەکانی دەنگدان، بەرپرسیارێتیی بیناکردنی سیستمی سیاسی و دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە پێویستە پلەکان و بەرپرسیارێتییەکان وەئەستۆ بگرن، لەسەر شانە و لە شکڵدانی کاروباری کارگێڕیی وڵاتەکەدا، بەشداری دەکەن.
دووهەم) ڕەهەندی شیکارانە
تەعبیرە لەوەی کە لە نێوان سیستمی سیاسیی دامەزراو و خەڵکدا، جۆرێک پێوەندیی ڕۆحی هەبێت کە خەڵک، کارگێڕان و سیستمی حاکم بە وەدیهێنەری خواستەکان، خەونەکان و ئامانجە باڵاکانی خۆیان چاو لێبکەن و "خۆشیان بوێ" و بابەتی "ئێمان"ی خەڵکە.
ج) پرەنسیپەکانی خەڵکسالاریی ئایینی
بنەمای یەکەم: ڕەزامەندیی خەڵک
بنەمای دووهەم: بەهاتەوەری
بنەمای سێهەم: مافتەوەری
بنەمای چوارەم: سەروەریی یاسا
"عەلی فازڵی" نووسیویەتی لە ڕوانگەی ئایەتوڵا خامنەییەوە، خەڵکسالاریی ئایینی وەک ئاڵتێرناتیڤێکی گونجاو بۆ دێمۆکراسیی ڕۆژاوایی لە حکوومەتی ئیسلامیدا هاتۆتە ئاراوە. ئەو سەرچەشنە ڕەفتارییانەی کە تێیدا خەڵک بوونەتە بنەڕەت و تەوەر و حکوومەت، نوخبەکان و بەرپرسان ئەرکدارن، بەرامبەر وەلینێعمەتەکەیان، شوکرانەبژێر و خزمەتگوزار بن. لێرەوە، خەڵکیش بە پابەندبوون بە بنەماکان و سەرەتا بەهادارەکان، لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارێتیی بیری ئیسلامی تێبکۆشن.
"مێهدی ئەبووتالبی" نووسەرێکیتری ماڵپەڕەکەی عەلی خامنەیی، لە شرۆڤەکردنی چەمکی خەڵکسالاریدا ٤ مەرجی بۆ دادەنێت و دەنووسێت: "سیستمی خەڵکسالاریی ئایینیش بۆ ناسین و هەڵسەنگاندنی کارکردی خۆی خاوەن کۆمەڵێک پێوەری وەک پەسەندبوونی خەڵکی (قبووڵکردن و وەرگرتنی کرۆکی سیستم خۆی)، ڕەوایەتیی ئیلاهیی حاکم بۆ دامەزراندنی تایبەت و دامەزراندنی گشتی (بە پێوەری فیقاهەت، دادپەروەری، کارزانی و شایستەیی)، ڕەوایەتیی یاساکان (بە پێوەری فیقهی)، ڕاوێژ لەگەڵ خەڵک و بەشدارییان لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک، ئازادیی خەڵک لە سیستسمی ئیسلامی (سەرباری هەبوونی دامەزراوە سیاسی و مەدەنییە خەڵکییەکان، هەڵبژاردن، میدیاکان، چاپەمەنییەکان و ...) و ڕەخنە لە حاکمان بەپێی دوو بنەمای "النصحیه لائمه المسلمین" و "امر به معروف و نهی از منکر" دەبێت."
ئایا خەڵکسالاریی ئایینی پاش کۆچی دوایی ئایەتوڵا خومەینی لە ئێراندا پارێزرا؟
پێش وڵامدانەوەی بەم پرسیارە پێویستە پرسیارێکیتر وڵام بدەینەوە ئەوەیش ئەوەیە کە ئایا لە بنەڕەتدا لە خولی ئایەتوڵا خومەینی دەسەڵاتدارێتیی لە ئێراندا "خەڵکسالاریی ئایینی" بەرێوە دەچوو؟ بەپێی ئەو شتەی پێشتر باسکرا، چەمکی خەڵکسالاریی ئایینی لە بیری ئایەتوڵا خامنەیی لەسەر ٤ بنەمای "ڕەزامەندیی خەڵک، بەهاتەوەری، مافتەوەری و سەروەریی یاسا" وەستاوە؛ ئەگەرچی چارەنووسی باقیی بەهاکانی دێمۆکراسی واتە "وڵامدانەوە، ژمێرکاری، بەرپرسیارێتی، ئازادی، مافەکانی کەمینەکان و ..." ناڕوونن؛ بەڵام هەر ئەم بنەمایانەی کە لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەوانە "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ودیهێنانی خواستی ڕاستەقینەی خەڵک و سەروەریی یاسا" قبووڵ کراوە، دەکرێت پێوەر بن بۆ هەڵسەنگاندن.
هەڵبژاردن لە خولی ئایەتوڵا خومەینی لە یاسای بنەڕەتی و یاسا پێوەندیدارەکانی، بۆ دانانی سەرۆک کۆمار، مەجلیسی شوورای ئیسلامی، مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری و شووراکان گونجێندراوە و جگە لە شووراکان کە تا ساڵی١٣٧٧ بەڕێوە نەبرا، لەسەر هەموو پلە حکوومەتییەکاندا بەڕێوە چوو. سەرباری ئەمە، لە یاسای بنەڕەتیدا ڕێفراندۆم و گەڕانەوەی بۆ ڕای گشتی لەبابەت بابەتە گرینگە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان پەسەند کرا؛ هەرچەندە هیچکات جگە لە ڕێفراندۆمی یاسای بنەڕەتی، بەرێوە نەچوو. بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەمە بێت کە ئایا لە خولی ڕێبەریی ئایەتوڵا خومەینیدا، هەڵبژاردنی ئازاد بەڕێوە دەچوون؟ پێویستە لە وڵامدا بڵێین: "نەخێر"؛ بەردی بناغەی ڕەتکردنەوەی سەڵاحیەتی بەربژێرەکان و وەلانانی حیزبەکان و گرووپە سیاسییە ڕەخنەگرەکان لە خوڵی ئایەتوڵا خومەینی و هەر لە یەکەم مەجلیسەوە دەستی پێکرد و لە مەجلیسی دووهەم و سێهەمدا تینی گرت. زۆربەی کاندیدەکان و بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە خولی ئایەتوڵا خومەینیدا لە ڕکابەریی هەڵبژاردنەکان وەلانران و هەڵبژاردن بووە دەرفەتێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەناو لایەنگرانی ئایەتوڵا خومەینیدا. "ئێرانوایەر" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتەسەر ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی بەربژێرەکان لە خولی دووهەم و سێهەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی کە پیشانی دەدات، لە خولی ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵا خومەینیشدا هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێراندا بوونی نەبووە. هەرچەند مەجلیسی چوارەم و بە پەسەندکردنی یاسای نزارەتی ئیستسوابی، قەبارەی ڕەتکردنەوەی سەڵاحیەتی بەربژێرەکانی بەرینتر و ناڕکابەرانەتر کرد.
ئایا لە خولی ڕێبەرایەتیی ئایاتەوڵا خومەینیدا سەروەریی یاسا هەبوو؟
وەک چۆن پیشتر "ئێرانوایەر" لە لێکۆڵینەوەی سەروەریی یاسا لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وتبوی، بێیاسایی و بڕیاردانی تاکەکەسی لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هەبوو؛ بە جۆرێک کە زۆربەی بڕیارەکان، نەک بە بەڵگاندنی یاسایی، بەڵکوو بەپێی ڕەزامەندیی دامەزرێنەرانی شۆڕشی ئیسلامی دەردەچوون. لە سەرکوتی دژبەرانەوە بگره تا ئێعدامەکان و دەستوەردانی بەرینی نوێنەرایەتییەکانی وەلیی فەقیه لە دامودەزگاکان، تێکڕا بە پشتیوانی گوتەکان، بڕیارەکان و پاڵپشتییەکانی ئایەتوڵا خومەینی دەکرا؛ بە جۆرێک کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە بەرواری ١٧یسەرماوەزی١٣٦٧ لە وڵامی نامەیەکەی ناڕەزایەتی دەستەیەک لە نوێنەرانی ئەوکاتی مەجلیسی شوورای ئیسلامی سەبارەت بە ڕەفتاره نایاساییەکانی مەجمەعی تازە دامەزراوی دیاریکردنی مەسڵەحەتی نیزام، ڕوو لە نوێنەرانی مەجلیس دەنووسێت: "سڵاو، بابەتێک کە نووسیوتانە، بە تەواوەتی درووستە. ئینشائەڵا بڕیارم داوە لە هەموو بوارەکاندا دۆخەکە وا بڕوات کە هەموان بەپێی یاسای بنەڕەتی بجووڵێینەوە. ئەوەی لەم ساڵانەدا ڕوویانداوە، پێوەندیی بە جەنگەوە هەبووە. مەسڵەحەتی نیزام و ئیسلام وای دەخواست تا گرێکوێرە یاساییەکان بە خێرایی لە قازانجی خەڵک و ئیسلام بکرێتەوە. سپاسی وەبیرهێنانەوەکەتان دەکەم و دۆعا بۆ هەمووتان دەکەم." نامەیەک کە دانپێدانانێکی ڕاشکاوانەیە بە سەروەر نەبوونی یاسا لە ئێران لە ساڵانی سەرەتایی شۆڕش و خولی سەرکردایەتیی ئایەتوڵا خومەینیدا.
بەم پێیە، ئەگەرچی وێنەیەک لە خەڵکسالاریی ئایینی (هەڵبەت بە شێوەیەکی سەقەت و عەیبدار) بۆ نموونە هەڵبژاردن، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، پێوەربوونی بەهاکان و بنەەما ئایینییەکان لە ئیدارەدانی وڵات و ... لە خولەکەی ئایەتوڵا خومەینیدا بەڕێوە دەچوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەوەی لە سەرەتای شۆڕش لە ئێراندا ڕوویدا، بە حاکمیەتی "خەڵکسالاریی ئایینی" ناودێر بکرێت، چونکە خەڵک کەمترین دەوریان هەبوو لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا و حکوومەت بە دەنگ و ڕای یەک کەس؛ واتە وەلی فەقیه، ئەوەیش به وەلی فەقیهی کاریزما ئیدارە دەدرا؛ نەک بە سەروەریی یاسا.
خەڵکسالاریی ئایینی دوای مەرگی ئایەتوڵا خومەینی
خەڵکسالاریی ئایینی دوای مەرگی ئایەتوڵا خومەینیش لەسەر کاغەز و هەروەها لە کرداریشدا سنووردار کرایەوە.
١-هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی و سنوورداکردنی خەڵکسالاریی ئایینی
یاسای بنەرەتیی کۆماری ئیسلامی لە دوایین ساڵی تەمەنی ئایەتوڵا خومەینیدا هەموار کرا. هەموارکردنی یاساکە زیاد لەوەی تەواوکەری خەڵکسالاریی ئایینی بێت، لە درێژەی لاوازکردنی خەڵکسالاریدا بوو؛ بۆ وێنە ئەمەی کە بە هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی:
١-وشەی موتڵەقەی بە دەستەواژەی "ویلایەتی فەقیه" زیاد کرد و پلەی ڕێبەریی زیاد لە پێشوو بەرەو دیکتاتۆری پاڵنا.
٢-ئەرکی هەماهەنگیی پێوەندییەکانی دەسەڵاتەکان لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەرچێت و بچێتە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەرەوە.
٣-چاودێریکردنی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری درایە شوورای نیگابان وەک داندراوەکانی ڕێبەر تاکوو خوبرەگان بکرێتە مەجلیسێکی گوماشته و دانراوی خۆی.
٤-زیادکردنی دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی سیستم به دەسەڵاتەکانی ڕێبەری و پێکهێنانی مەجمەعی دیاریکردنی مەسڵەحەتی نیزام، وردە وردە ئەنجامەکەی بووبە باڵادەست بوونی مەجمەعی دانراوی دیاریکردنی مەسڵەحەتی سیستم لەسەر ناوەندی هەڵبژێردراوی مەجلیسی شوورای ئیسلامی. (پێکهێنانی لێژنەی چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی پەسەندکراوی سیاسەتە گشتییەکانی سیستم)
٥-گەشەسەندنی بازنەی بەرپرسیارێتیی سەرۆک کۆمار لە بەرامبەر خەڵک گۆڕدرا بۆ بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر ڕێبەر، خەڵک و مەجلیس، و ئەمە بووە هۆی لاوازبوونی سەرۆک کۆمار.
٦-زیادکردنی ئازادیی لابردن و دانانی بەرپرسی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ (صداوسیما) به دەسەڵاتەکانی ڕێبەر دەرەنجامەکەی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی هەر سێ دەسەڵاتەکە لە چاودێریکردنی ئەو ڕێکخراوە و میدیای نەتەوەیی کرایە ئامرازی پروپاگاندای سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
٧-پێکهێنانی شوورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی و ڕادەستکردنی مافی دیاریکردنی سیاستە گشتییەکانی لە بواری بەرگری و ئەمنییەتی، بەپێی سیاسەتە گشتییە ڕاگێنراوەکانی ڕێبەرەوە، بەشێک بوو لەو پرۆسەی هەموارکردنەی یاسای بنەڕەتی کە بووە هۆی لاوازکردنی کۆمار یان جومهوورییەت.
٢-جۆری بەڕێوەبردنی یاسای بنەڕەتی و سنووردارکردنی جومهوورییەتی سیستم
دوای مەرگی ئایەتوڵا خومەینی و هاتنی ئایەتوڵا خامنەیی وەک ڕێبەر، لە کرداردا خەڵکسالایی ئایینی وردە وردە جێگاکەی خۆی دابووە حکوومەتێکی ئیسلامی بەبێ جمهوورییەت. چونکە:
١-چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن شوورای نیگابانەوە بە شێوەیەکی یاسایی گۆڕا بۆ چاودێریی ئیستسوابی و ئەمە هەڵبژراردنی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە خشته برد؛ بە جۆرێک کە هەڵبژرادن بووە دانانی کەسی دیاریکراو (ئینتسابات) و خەڵک ناچار کران لەناو ئەو چەند کاندیدا بەربژێرکراوانەدا کە لا لەیەن شوورای نیگابانەوە پەسەندکراون کاندیدەکەیان هەڵبژێرن. (هەڵبژاردن ١٤٠٠ نموونەی بەرچاوی گۆڕینی هەڵبژاردنە بۆ ئیستسابات؛ شوێنێک کە بازنەی ڕەتکردنەوەی بەربژێرەکان هێندە بەربڵاو بۆتەوە کە سەرۆکی ١٢ ساڵی ڕابردووی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و جێگری یەکەمی ٨ ساڵی ڕابردووی سەرۆک کۆماریش لە مافی بەربژێربوون بێبەشکران.)
٢-شوورای باڵای شۆڕشی کولتووری و مەجمەعی دیاریکردنی مەسڵەحەتی سیستم، بە پشتیوانیی ڕێبەری ئێران وەک دوو ناوەندی باڵاتر، دەستێکی ئاوەڵایان لە دانانی یاسا لە چاو مەجلیسی شوورای ئیسلامی هەیە و پەسەندکردنی یاسا لە لایەن مەجلیسەوە بەندە بە هاوتەکبوون لەگەڵ پەسەندكراوەکانی ئەم دوو ناوەندە باڵادەستەدا. لە حاڵێکدا یاسای بنەڕەتی، یاسادانان بە مافی پاوانکراوی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دەزانێت.
٣-بەپێچەوانەی ئایەتوڵا خومینی کە هاتنی سپا بۆ ناو ڕکابەریی هەڵبژاردنەکان و چالاکیی سیاسیانی یاساغ کردبوو؛ ئایەتوڵا خامنەیی بە شێوەی کرداری ناوەندەکانی هەڵبژرادن لەوانە مەجلیسی شوورای ئیسلامی و شوورای کردۆتە ماڵەچۆڵ و خەڵوەتگەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی. ڕادەستکردنی پلە باڵا سیاسییەکان لەوانە سەرۆکایەتیی مەجلیس بە فەرماندە سەربازییەکان، ڕووداوێکە کە لە خولی ئایەتوڵا خامنەییدا ڕوویداوە.
٤-داختسنی فەلەیی چاپەمەنییەکان و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان لە خولی ئایەتوڵا خامنەییدا تینی گرت. سنووردارکردنی چاپەمەنییەکان لە ڕێگەی هەموارکردنی یاسای چاپەمەنییەکان بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئایەتوڵا خامنەیی بەرێوەچوون.
ئایا بە گوناهی گەروەدانانی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن لە لایەن ئایەتوڵا خامنەییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەڵکەڵەی پاراستنی جمهوورییەت؟
ئایەتوڵا خامنەیی لە لێدوانەکەی خۆیدا لە زمانی ئایەتوڵا خومەینییەوە و بەپێی وەسییەتنامەکەی ئەو دو دوو ڕستەی هێنایە بەرباس:
١-"بەشدارینەکردن لە هەڵبژرادن لە هەندێک بڕگەدا ڕەنگە گوناهێک بێت لە ڕێزی گوناهە گەورەکان."
٢-"کەمکاری لە بەشداریکردن لە [هەڵبژاردندا]، لێکەوتەگەلی دنیایی دەبێت تەنانەت بۆ بەرەکانی داهاتوو و لێپێچنەوەی ئیلاهیی [بەدواوە دەبێت]."
چاوخشاندێکی خێرا بە دەقی وەسیەتنامەی سیاسی-ئیلاهیی ئایەتوڵا خومەینی دەریدەخات:
یەکەم، ڕستەی دووهەم لە دەقی وەسیەتنامەی ئایەتوڵا خومەینیدا بوونی نییە، ئەم ڕستەیە ڕەنگە لە شوێنێکیتر باس کرابێت یان قسەی ئایەتوڵا خامنەیی خۆیەتی.
دووهەم، ناکرێت قسەکانی ئایەتوڵا خومەینی بەپێی "گوناهی گەورە" و "پێویستیی لێپێچینەوەی ئیلاهی"ی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن بە هێمای کەڵکەڵەی ئایەتوڵا خومەینی لە پێوەندیدا بە جمهوورییەتی سیستم بزانرێت؛ چونکە ئەو هەر لەم وەسیەتنامەدا بەردەوام سیستمی کۆماری ئیسلامی بە سیستمی حکوومەتی ئیسلامی دەزانێت و دەڵێت: "ئێستا کە بە ڕەزامەندی و پشت بە خودا، کۆماری ئیسلامی بە دەستی بەهێزی نەتەوەیەکی دەربەست دامەزراوە و ئەوەی لەم حکوومەتە ئیسلامییەدا لە ئارادایە، ئیسلام و حوکمە پێشکەوتووەکانییەتی؛ لەسەر نەتەوەی بەڕێزی ئێرانە کە بۆ وەدیهێنانی ناوەرۆکەکەی لە هەموو ڕەهەندێکەوە و بۆ پاراستن و پارێزگاریکردنی بکۆشن کە پاراستنی ئیسلام لە سەرووی هەموو واجیبێکەوەیە." واتە ئایەتوڵا خومەینی بەردەوام داڵغەی پاراستنی ئیسلامی هەبووە؛ نەک خەڵکسالاریی ئایینی و تەنانەت ئەرکی خەڵکیش بە هەوڵدان بۆ پاراستنی ئیسلام دەزانێت.
کۆبەند
ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی هەینی ١٤یجۆزەردانی١٤٠٠ لە لێدوانێکدا بە بۆنەی ساڵیادی مەرگی ئایەتوڵا خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، بانگەشەی ئەوەی کرد: "دوای ئیمام، خەڵکسالاریی ئایینی بە تووندی پارێزراوە." "ئێرانوایەر" لێکۆڵینەوەی لەم بانگەشە کردووە و بەم دەرنجامانە گەیشتووە.
١-خەڵکسالاریی ئایینی تەنانەت بەپێی ئەو پێوانە و پێوەرانەی کە ئایەتوڵا خامنەیی بۆخۆی پێناسەی کردوون؛ نە لە کاتی ژیانی ئایەتوڵا خومەینی و نە پاش مەرگی ئەو لە کۆماری ئیسلامیدا بوونی نەبووە.
٢-خاڵکسالاریی ئایینی لە کاتی ئایەتوڵا خومەینیدا پێشێل دەکرا؛ بەڵام لە خولی ئایەتوڵا خامنەییدا جگە نمایشێک بەناو هەڵبژاردن شتێکی لێنەماوەتەوە.
٣-هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی لە دوایین ساڵی تەمەنی ئایەتوڵا خومەینیدا، بە شێوەیەکی کرداری خەڵکسالاریی ئایینی سنووردار کردەوە و لە کرداریشدا بە پێدانی "دەسەڵاتی ڕەها" بە ڕێبەری ئێران، سیستمەکەی بەرەو دیکتاتۆریی زیاتر پاڵنا.
٤-هەموارکردنی یاسای چاپەمەنییەکان و سنووردارکردنەوەی بەرینی بە پشتیوانیی ئایەتوڵا خامنەیی لە میجلیسی پێنجەمدا ڕوویدا.
٥-ڕادەستکردنی مافی چاودێریکردنی هەڵبژاردن لە لایەن مەجلیسی خوبرێگانی ڕێبەری ئەنجامەکەی لە خشتەبردنی ئەم ناوەندە بوو بۆ ئەوەی "وڵامدەربوونی" باڵاترین پلەی وڵات، بە تەواوەتی فەرامۆش بکرێت.
٦-سەروەریی یاسا نە لە خولی ئایەتوڵا خومەینی و نە لە خولی ئایەتوڵا خامنەیی لە کۆماری ئیسلامیدا باڵادەست نەبووە. ئایەتوڵا خومەینی پێشێلکردنی سەروەریی یاسای گەڕاندەوە بۆ بارودۆخی جەنگ و ئایەتوڵا خامنەییش دەرکردنی حوکمە حکوومەتییەکان بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دەسەڵات و کردنەوەی گرێکوێرە یاساییەکان.
بەم پێیە، "ئێرانوایەر" بانگەشەکەی ئایەتوڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوەی کە "دوای ئیمان، خەڵکسالاریی ئایینی بە تووندی پارێزرا" بە درۆیەکی ئاشکرا دەزانێت و هێمای "درۆی پینۆکیۆ"ی پێدەدات.
درۆی پینۆکیۆ: ئەو دەربڕین و بانگەشانەی نەڕاست بوونیان پێشتر پشتڕاست کراوەتەوە و بەپێی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان درۆبوونیان سەلمێندراوە، واتە درۆیەکی ئاشکران.
بۆ خوێدنەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی ڕاستی دەرخستن لە ئێرانوایەردا کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە