هوشمەند عەلیپور، زیندانی سیاسیی کورد کۆتایی به مانگرتنەکەی هێنا
"هوشمەند عەلیپور"، زیندانی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠، دوای ١٥ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
"هەژار عەلیپور"، برای ئەم زیندانییە سیاسییە لەم بارەوە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "هوشمەند عەلیپور، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ بە هۆی نیگەرانیی ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە سەبارەت بە درێژەکێشانی مانگرتن لە خواردن و ئەو هەڕەشانەی کە تەندرووستیی جەستەیی ئەویان دەخستە مەترسییەوە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە."
هوشمەند عەلیپوور، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ لە ناڕەزایەتیدا بە ڕەرتکردنەوەی داخوازیی مەرەخەسیی کاتی لە زیندان لە لایەن "لقی چوارەمی جێبەجێکردنی سزای کەیفەریی شاری سنە"ەوە مانی لە خواردن گرتبوو.
برای ئەم زیندانییە سیاسییە پیشتر دەربارەی هۆکاری مانگرتنی هوشمەند عەلیپور بە ئێرانوایەری وتبوو: "هوشمەند دوای مەرگی براکەمان ژیان عەلیپور، لە مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵدا، بۆ ئەوەی لە ڕێورەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمەکەیدا ئامادە بێت دەسبەجێ داوای مەرەخەسیی کاتیی کردبوو بەڵام دادوەری دۆسییەکە بە داواکەی ڕازی نەبوو."
"ژیان عەلیپور"، برای هوشمەند عەلیپور، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، لە حالێکدا کە بۆ کۆڵبەری بەرەو هەرێمی کوردستان دەڕۆیشت، لە خاکی ئێراندا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی سەردەشتەوە و گیانی لە دەستدا.
هوشمەند عەلیپور، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە.
هوشمەند عەلیپور، شەوی ١٢ گەلاوێژی ١٣٩٧، دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە جادەی سەقز بەرەو بانە دەسبەسەر کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "بەغی (شۆڕشی چەکدارانە) لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام"دا سەرەتا بە ئێعدام مەحکووم کرا.
سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕت کرایەوە و دوای گەڕاندنەوەی دۆسییەکەی بۆ دادگای هاوئاست لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩دا، بە ٨ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە مەحکووم کرا.
بە گوتەی هەژار عەلیپور، هوشمەند بە درێژایی ٣ ساڵ و نیو لە تێپەڕکردنی سزای هەشت ساڵ لە زیندانی سنە، لانیکەم ٩ جار داوای مەرەخەسی و ئازادیی کاتی لە زیندان کردووە بەڵام دادوەری دۆسییەکە هەرجارە داواکارییەکەی ڕەت دەکاتەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە