"لە دەوروبەری دادگوستەریی مەهاباد، کۆمەڵێک پیاوی گەنج ڕاوەستاون و دەستیان کردووە بە گیرفانەکانیاندا، بە گوێی ڕێبوارەکاندا دەچرپێنن؛ زیندان، زیدان! یان بێکارن یان کۆڵبەر، باری قاچاخ وەئەستۆ دەگرن و لە باتی قاچاخچییە خاوەن بارەکە، خۆیان دەناسینن و دەچنە زیندان. لە کوردستاندا چوونە زیندان پیشەیە."
ئەمانە تویتێکە کە پتر لە حەوتوویەکە کاردانەوەی بەرینی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتۆتەوە و دادوەری گشتی و شۆڕشی مهابادی ناچار کردووە بەرامبەری کاردانەوەی هەبێت.
"مێهراب پوورئەکبەر"، دادوەری گشتی و شۆڕشی مهاباد ڕۆژی چواری ڕەشەمە حەبسکێشیی لە مهاباددا ڕەت کردەوە و بۆ ئەو کەسەیشی ئەم بابەتەی لە تویتەردا ورووژاندبوو خەت و نیشانی کێشا: "کەسێک لە فەزای مەجازیدا بە پێچەوانەی ڕاستی بانگەشەی ئەوەی کردبوو گەنجانی کۆڵبەر و بێکار لە بەرامبەر دادگوستەریی مهاباد باری قاچاخ لە باتی تۆمەتبارانی سەرەکی وەئەستۆ دەگرن و لە جێگای ئەوان دەچنە زیندان. بەڵام ئەمە ڕاست نییە. لەبەر بڵاوکردنەوەی درۆ بۆ ئەم کەسە لە دادگا دۆسیە ساز کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت."
سەرەڕای ئەم ڕەتدانەوەیە بەڵام بەدواداچوونەکانی "ئێرانوایەر" دەری دەخەن حەبسکێشان لە باتی تاوانبارانی سەرەکی لە مهاباددا نەک لە ناو هاوڵاتیانداتەشەنەی سەندووە؛ بەڵکوو بۆ دادوەرەکانی دادگای مهابادیش دیاردەیەکی ناسراوە.
***
حەبسکێشی چییە و چۆن دەکرێت؟
زیندانییەکی پێشووی خەڵکی شاری مهاباد کە لەگەڵ زۆرێک لە حەبسکێشەکان لە زیندانی ناوەندیی مهاباددا هاوزیندانی بووە لە وتووێژ لەگەڵ ئێرانوایەر"دا حەبسکێشی بە وەئەستۆگرتنی ماڵ و کاڵای قاچاخی تاوانبارانی سەرەکی لە باتی پارەیەکی دیاریکراو لە خاوەن بارە سەرەکەییە پێناسە دەکات.
ئەو دەڵێت: "حەبسکێشەکان لە مهاباد زۆرجار خواردنەوە کحوولییەکان و لە هەندێک حاڵەتیشدا کە کێش و تاوانەکەی قورس نەبێت، مادە هۆشبەرەکانی خاوەن بارە سەرەکییەکان وەئەستۆ دەگرن."
ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم دیاردەیە لە ناو توێژە کەمداهات و هەژارەکانی مهاباددا برەوی پەیدا کردووە و لە تەمەنی جۆراوجۆری ٣٥ تا ٦٥ ساڵان ڕوویان تێکردووە.
بە گوتەی ئەو، شوێنی تایبەتی زۆربەی حەبسکێشەکان دەوروبەری دادگای مهاباد و بە تایبەت قاوەخانەکانی بەرامبەر ئەم ناوەندە دادوەرییەیە: "لانیکەم پێنج یان شەش سالێک دەبێت کە جگە لە هاوڵاتیانی کەمداهاتی مهابادی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی شنۆ یان سەردەشتیش بە هۆی بێکاری زۆر و هەژاری لە ڕادەبەدەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژاوای ئێراندا بۆ دابینکردنی لایکەمی بژێوی خۆیان ڕوویان کردۆتە حبسکیشی و ڕۆژانە دەیان کەس لە حەبسکێشەکان لەم قاوەخانانەدا چاەڕوانی پێوەندیی خاوەن بارەکان یان مشتەرییەی تازەکانن."
ئایا دادگای مهاباد ئاگای لە دیاردەی حەبسکێشی نییە؟
سەرچاوەیەکی نزیک لە دادگوستەریی مهاباد، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی دیاردەی حەبسکێشی لە سێ ساڵی ڕابردوودا، دەربارەی ئاماری حەبسکێشەکان لە ناو زیندانیانی زیندانبازی مهاباد بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "جگە لە زیندانی ناوەندیی مهاباد لە ئێستادا لە ناو نزیک ٢٥٠ زیندانیی زیندانبازدا لانیکەم ٨٠ کەس حەبسکێشن."
"زیندانباز" بەو زیندانیانە دەوترێت کە ماوەی زیندانەکەی بە ڕەزامەندیی بەرپرسانی دادوەری لە شارەکە پیشەسازییەکان، ڕێکخراوەکانی بوورە و جەنگەڵەکان و یەکەکانی بەرهەمهێناندا چالاکی دەکەن و هاتن و دەرچوونیان بۆ شوێنی کار بە شێوەیەکی ورد چاودێری دەکرێت.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، بەرپرسانی زیندان و دادوەرەکانی دادگای مهاباد زۆرجاران خاوەنبارەکان و هەندێک لە حەبسکێشە کۆنەکانی خەڵکی مهاباد بە هۆی وەئەستۆگرتنی بەردەوامی کاڵا و باری قاچاخی تاوانبارانی سەرەکییەوە دەناسن: "هەندێک لە دادوەرەکان بەپێی قورسیی تاوانەکە و دۆسییەکان لە باتی قبووڵکردنی حەبسکێشە ناسراوەکان وەک تاوانبار از خاوەن بارە سەرەکییەکان پارە وەردەگرن؛ لە ٢٥ میلیۆنەوە تا ١٠٠ میلیۆن تمەن؛ یاخود نموونەگەلێکی زۆر هەن کە دادوەری دۆسییەکە ناوی چەند حەبسکێشی بە خاوەن بارە سەرەکییەکان پێشنیار کردووە."
داهاتی حەبسکێشی چەندەیە و مەرجەکانی وەئەستۆگرتنی تاوان چین؟
یەکێکیتر لە هاوڵاتیانی مهابادی کە بۆخۆی چەندینجار شایەتی ڕێکەوتنی خاوەن بارەکان و حەبسکیشەکان بووە، لە پێوەندیدا بە قۆناغەکان و مەرجەکانی وەئەستۆگرتنی تاوان لە لایەن حەبسکێشەکانەوە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "حەبسکێشەکان پێش وەئەستۆگرتنی باری قاچاخ، بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی تاوان و ماوەی زیندانییەکە، سەرەتا لەسەر بڕی پارەکە لەگەڵ خاوەن بارە سەرەکییەکەدا ڕێک دەکەون."
ئەو لە درێژەی گفتوگۆکەدا بڕگەکانی ڕێکەوتنی نێوان خاوەن بارەکان و حەبسکێشەکانی بەم جۆرە وێنا کرد: "سەرەتا حەبسکێشەکە بەپێی ماوەی زیندان و قورسیی تاوانەکە نیوەی پارەکە لە خاوەن بارە سەرەکییە وەک پێشەکی وەردەگرێت و باقیی پارەکە لە ڕێگەی چەکەوە دەدرێت یان بە شێوەی مانگانە دەخرێتە سەر حیسابی بانکیی حەبسکێشەکەوە. بەڵام خاوەن بارە سەرەکییەکە پێش دانی پارە نزیک دوو ئەوەند یان دوو ئەوەندە و نیوی ئەو بڕە پارەی لەسەری ڕێکەوتوون و حەبسکیشەکانیش دوو ئەوەندەی ئەو بڕە پارە، لە یەکتر سەفتە وەردەگرن. پاشان هەر دوو لا بە نووسینی گرێبەستێک بۆ نموونە لە ژێر ناوی کڕین و فرۆشتنی شتومەکی ناو ماڵ، شێوەیەکی یاسایی بەو ڕێکەوتنە دەبەخشن."
ئەو سەبارەت بە وردەکاریی ڕێکەوتنی نێوان هەر دوولا وتی: "ڕێکەوتنی نێوان خاوەن بارەکان و حەبسکێشەکان شێوەی جۆراوجۆری هەیە. هەندێک کات کۆی پارەکە پێش وەئەستۆگرتنی تاوانەکە دەدرێتە حەبسکیشەکە و خاوەن بارە سەرەکییەکە چیتر کاری بەسەرییەوە نامێنێت. بەڵام زۆرجاران نیوەی پارە دیاریکراوەکە دەدرێتە حەبسکێشەکە و لە کاتی تێپەڕبوونی زیندانەکەدا باقیی پارەکە بە شێوەی مانگانە یان دوای ئازادی دەخرێتە سەر حیسابە بانکییەکەیەوە. لە ئێستادا وەئەستۆگرتنی دۆسییەکانی پێوەندیدار بە خواردنەوە کحوولییەکان و مادە هۆشبەرەکان دەوری ٧٠ تا ١٠٠ میلیۆن تمەن بۆ حەبسکێشەکان داهاتی هەیە."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها بە ئاماژەدان بە مەرجەکانیتر لەوانە دانانی بارمتە بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی و تەنانەت زیندانی باز و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری دۆسییەکە بۆ دەرکردنی بڕیاری زیندانباز لە کاتی ڕێکەوتنی سەرەتایی نێوان خاوەن بارەکان و حەبسکێشەکاندا دەڵێت: "هەندێک لە خاوەن بارەکان سەرباری دانانی بارمتە بۆ مەرەخەسی و زیندانباز، لەسەر داخوازیی حەبسکێشەکان تێچووی نامهنووسین و کاروباری ئیداریی دادگایش وەئەستۆ دەگرن. چونکە زۆربەی کات ئەگەر دادوەری دۆسییەکە چەندەیش سەختگیر بێت، حەبسکیشەکان یەک ساڵ یاخود ئەو پەڕەکەی ساڵ و نیوێک لە زینداندا دەمێننەوە."
دۆخی حەبسکیشەکان لە زیندانی ناوەندیی مهاباد چۆنە؟
یەکێکیتر لە هاوڵاتیانی مهابادی کە پیشتر لە زیندانی مهاباد زیندانی کیشاوە و بەم دواییانە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد بووە، جگە لە پشتڕاستکردنەوەی تەشەنەسەندنی حەبسکێشی لە مهاباد بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "دەوری سێ مانگ بەر لەمە گەنجێکی خەڵکی شاری شنۆ کە پیشتر کۆڵبەریی دەکرد و لە ترسی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاراستنی سنوور ڕووی کردبووە پیشەی حەبسکیشی، بە وەئەستۆگرتنی تاوانی قاچاخیکردن بە خواردنەوە کحوولییەکانەوە، زیندانەکەی کۆتایی پێهات و لە زیندان ئازاد کرا. بەڵام دوو مانگی نەخایاند سەر لە نوێ بە هۆی وەئەستۆگرتنی دۆسییەیەکی تازە بە هەمان تاوانی پێشوو لە بری حەفتا میلیۆن تمەن گەڕایەوە بۆ زیندان."
ئەم زیندانییە پیشووە، لە پاڵ ئاماژەکردن بە گەندەڵیی بونیادیی دامودەزگای دادوەریی مهاباد، تێکەیشتن لە ڕهەندی تەشەنەسەندنی حەبسکیشی دەبەستێتەوە بە دەور و دەسەڵاتی خاوەن بارەکان لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە ئەو دیاردەیە لە مهاباد: "نموونەگەلێکی زۆر لە ناو حەبسکیشەکاندا هەن کە لانیکەم پێنج کەس بە تاوانی وەئەستۆگرتنی باری قاچاخی تەنیا یەک خاوەن بار لە زیندانی مهاباددا بەسەر دەبەن و ڕاستەوخۆ بوونەتە مووچەخۆری یەک کەس."
ئەم هاوڵاتییە مهابادییە، سەرباری دۆخی دژواری زیندان و لێکەوتە ڕۆحی و دەروونییەکانی لەسەر زیندانی، پێگەی کۆمەڵایەتیی حەبسکێشەکان لە ناو باقیی زیندانییەکانی دیکەدا لە زیندانی مهاباد بە دڵتەزێن دەزانێت: "حەبسکێشەکان بە هۆی شەرم لە وەئەستۆگرتنی تاوانی خەڵکیتر لە باتی پارە، کەمترین پێوەندی و هاموشۆیان لەگەڵ زیندانییەکانیتر هەیە. بەڵام لە ڕوانگەی خۆیانەوە چونکە ڕێگا یان ئەگەرێکیتر بۆ بژێویی ژیان و دابینکردنی لانیکەمی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، ناچارن زیندان بکەنە سەرچاوەی داهات بۆخۆیان."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە