ڕافائێل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی جارێکی دیکە ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بەرنامەی ناوەکی گرت و ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە "بەرنامە ناوەکییەکەی شەفافییەتی پێویستی نییە".
ئەو بەرپرسەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی، کە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان لە میانەی بەشداریکردنیدا لە کۆنفرانسی دەولەتانی جیهان لە ئیماڕات قسەی دەکرد، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی ئێران، گووتی: «کاتێک باسی بەرنامەی ناوەکی ئێران دەەکرێت، ئەو وڵاتە شەفافییەتی پێویستی نییە».
ڕافائێل گەڕوسی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیشیدا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کاردانەوەی هەبوو سەبارەت گوتەکانی عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران. ناوبراو پێشتر لە بەرنامەیەکی تلەڤیزیۆنیدا ئیدعای کردبوو کە "ئێران هەموو زانست و کەرەستەی پێویستی چەکی ئەتۆمی لەبەر دەستە، بەڵام پێکهاتەکانی لەسەر یەک نەکردووەتەوە". گەڕوسی بە ئاماژەدان بەو قسەیە گوتی: «دەی باشە، پێمان بڵین لە چیتان هەیە».
ناوبراو هەروەها لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە توانایی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم ئەو زانستەی بە ئۆتۆمبیلێک شوپاند کە ئێران هەموو کەرەستەکانی بە شێوەی جیاجیا هەیە، بەڵام لەسەر یەکی نەکردوونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی پێشتریش چەندین جار ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گرتووە.
تێبینییەکەت بنووسە