بەپێی ڤیدیۆیەک کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵابۆتەوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی لە شاری تەورێز بەسەر وەرزشگەیەکدا کەوتۆتە خوارەوە.
وەک ئاشکراکراوە، ئەو فڕۆکەیە لە بارەگای سەربازیی "شەهید فەکور"ـی تەورێزەوە هەستاوە و پاش ماوەیەک فڕین بەهۆکارگەلی نادیار کەوتۆتە خوارەوە.
میدیاکانی ناوخۆی ئێران ڕایانگەیاندوو کە ئەو فڕۆکەیە لە جۆری "ئێف-٥" بووە و لە ناوەڕاستی وەرزشگەی "شەهید عەلیپوور"ـی تەورێز کەوتۆتە خوارێ.
"ڕەزا یوسفی"، فەرماندەی بارەگای "شەهید فەکوری"ـی ئەرتەش لە تەورێز وتوویەتی، پاش ئەوەی فڕۆکەکە تووشی کێشەی تەکنیکی بووە فڕۆکەوانەکە هەوڵیداوە لەناو وەرزشگەی شەهید عەلیپووردا بنیشێت، بەڵام پانایی وەرزشگەکە زۆر کەم بووە بۆ ئەو مەبەستە.
لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، دوو سەرنشینی فڕۆکەکە بەناوی "سادق فەلاحی"، "عەلیڕەزا حەنیفەنەژاد" و شۆفێری ئۆتۆمبێلێک کە فڕۆکەکە بەسەریدا کەوتۆتە خوار؛ گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری مانگی سووری تەورێز ڕایگەیاندووە، دیواری خوێندنگایەکی ئەو نزیکانەش لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا ڕووخاوە بەڵام کەسی لێنەبووە و زیانی گیانیی لێنەکەوتۆتەوە.
"حەمید مونەجیم" هەروەها وتوویەتی، ڕەنگە بەو هۆیەوە کە فڕۆکەکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیاندا تووشی کێشەی تەکنیکی بووە، فڕۆکەوانەکە خۆی هەڵنەدابێتە دەرەوە و بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان گیانی خۆی فیدا کردبێت.
تێبینییەکەت بنووسە