بەگوێرەی لێدوانێکی بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی، ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و پووش و پاوانەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەتا ٧٠ زیادی کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئینشائەڵلا کۆڵانی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، کە ئەمساڵ لە ئەنجامی ١٠٥ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەدا دوو هەزار و ٥٧٠ هێکتار لە دارستان و پووش و پاوانەکانی ئەو پارێزگایە لە ئاگر دا سووتاون.
کۆڵانی ئەمەشی ئاشکرا کرد، کە لەماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٦٣ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان دا ڕوویداوە.
بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان هەروەها ڕایگەیاند، کە نزیک بە ٥٠٠ هێکتار لەو ڕووبەرەی ئاگری گرتووە تایبەت بووە بە دارستانەکانی کرماشان.
کۆڵانی وتیشی، کە هۆکاری زۆربەی ئەم ئاگرانە مرۆیی و بە ئەنقەست بووە، لەگەڵ ئەوەدا گەرمیی کەشوهەواش کاریگەر بووە لە زیادکردنی ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا.
تێبینییەکەت بنووسە