سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" لە شاری سەقز، باس لە بانگهێشتکردنی ١٠ کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامانی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-لقی سەقز و زێویه" لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئەو شارەوە دەکەن.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و زێویە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە ٧ی گوڵانی ١٤٠١، پلیسی ئەمنییەتی سەقز "لەیلا عێنایەتزادە"، "ئاوات ڕەزەوی"، "سولەیمان عەبدی"، "خالید عەبدوڵاهی"، "ئەحمەد قادری"، "ئامانج ئەمینی"، "سەلاح سورخی"، "عەزیز مەرزی"، "تاهیر قادرزادە" و "تاهیر ئەحمەدی"یان بانگهێشت کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هۆکاری بانگهێشت کردنی بەرینی ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقزی وەرگرتن یان "واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراوە بۆ بەشداری نەکردن لە گردبوونەوە نایاساییەکانی مامۆستایان" و "ڕاگرتنی چالاکییە میدیاییەکان"ی ئەم کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
ئەو دەڵێت: "پۆلیسی ئەمنییەتی سەقز، دو لاپەڕەیان خستۆتە بەر دەستی ئەم کەسانە تا دوای تۆمارکردنی ناونیشان و واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراوە، چیتر بەشداری لە گردبوونەوە نایاساییەکانی مامۆستایان و چالاکییە تەبلیغی و میدیاییەکانی تایبەت بەم ناڕەزایەتییاە نەکەن."
بەڵام بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، داخوازیی واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراوە و دانان بە نایاسایی بوونی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، ناڕەزایەتی، خۆڕاگری و کاردانەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستاینی سەقزی لیكەوتۆتەوە: "هەر یەکە لەم دە کەسە لە کۆتایی بەڵێننامە نووسراوەکەدا، بەم ناوەرۆکەوە نووسیویانە کە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان یاسایی و بەپێی بنەمای ٢٧ و ٢٧ی یاسای بنەرەتیی ئێرانن و هەرووەها چالاکییە یاساییەکانیشان هاوتەریب بووە لەگەڵ داخوازییە پیشەییەکانی مامۆستایان و پاشان لە ژێر ئەم ڕسانەی خۆیاندا بەلێننامەکەیان واژۆ کردووە."
ئەو هەروەها زیادی کرد: "یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیدا بە کاردانەوەی تووندوتیژکارانەی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیی ئێراندا ڕوو لەم دوو پۆلیسەی ئەمنییەتی سەقز وتی؛ ئێمە لە باتی درووست کردنی گرژی و ئاڵۆزی و بە کارهێنانی زەبر دژ بە مامۆستایان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دابین کردنی ئەمنییەت و تەناهیی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بە ئەرکی ئێوە و هاوکارەکانتان دەزانین."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، تەنانەت ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز بە ڕاشکاوی وتیان چونکە داخوازییەکانی ماۆستایان لە چوارچێوەی یاسادا گەڵاڵه و پێناسە کراون، دوای بانگەوازی "شورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستیانی ئێران"، گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی بە پانایی هەموو ئێران بەڕێوە دەچن.
بانگهێشت کردنی ئەم دە چالاکە پیشەییەی مامۆستیایانی سەقز لە حاڵێک دایە کە "شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران" لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی بانگەوازێکەوە داوایان لە مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی ئێران کردوو کە سەر لە بەیانیی ڕۆژی ١١ی گولانی ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، لە بەردەم ئیدارەی گشتی ناوەندی پارێزگاکان و ئامووزش و پەروەرشی هەموو شارەکانی ئێراندا گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە بەرن.
شایانی باسە کە سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنج شەمە (یەکی گوڵانی ١٤٠١)، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، پێش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ئێران لەم ڕۆژەدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و زێویە لە وانە سلێمان عەبدی، تاهیز قادرزادە، سەلاح سورخی و "لوقمان ئەڵامورادی"یان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی سەقزدا بکەن، ئەوا بە تۆمەتگەلی ئەمنییەتی دۆسیەی ساختەیان بۆ ساز دەکەن.
مامۆستایانی هەموو ئێران لە کاتی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییە پیشووەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک داخوازیان هێنایە ئاراوە لەوانە بەڕێوەبردنی تەواوەتیی یاسای پلەبەندیی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو، یەکسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان، پەروەردەی بێبەرامبەر و بە کوالیتی بۆ قوتابیان، پێکهێنانی وانەی ١٦ کەسی بۆ قوتابیان و ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو لە زیندانی ئێراندا.
تێبینییەکەت بنووسە