هاوکات لەگەڵ درێژەی سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە کوردستان، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١، چوو بۆ سنە. بەپێی ئەو وێنانەی سەرچاوە جۆراجۆرەکانی هەواڵ بڵاویان کردووەتەوە کەشێکی ئەمنییەتی توند بەسەر ئەم شارەدا زاڵ بووە.
بەپێ ئەو وێنانەی کۆڵبەر نیوز و کوردپا، و ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە دەریدەخات هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لە ناو شاری سنە بڵاو کراونەتەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی لەم سەفەرەدا "پڕۆژەی دابینکردنی ئاو بۆ سنە، بە نموونەیەکی ڕوونی زیادکردنی تووڕەیی دوژمنان زانی" و بانگەشەی کرد: "دوژمنان ئاگادار بن ئەم جیلە نوێیە وەک دایکان و باوکانی خۆیان بەرامبەر دوژمنان دەوەستنەوە و سەلماندوویانە کە بیر لە خواستەکانی دوژمنانی ئەم نیشتمانە ناکەنەوە، با دوژمنان باش بزانن هیچ شوێنێکیان لە ناو دڵی خەڵکی ئەم وڵاتەدا نییە."
سەرۆک کۆمار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ڕەنگ دانەوەی کەمی لە میدیاکاندا بوو، وتی: "دوژمنان دەیانەویت، بە نائەمن کردن و ئاژاوەگێڕی شەمەندەفەری پێشکەوەتنی وڵات بوەستێنن و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاری خەڵک و ئیرادەی بەڕێوەبەران نابێت ڕێگە بدەن ئەم شەمەندەفەری پێشکەوتنە هێواش ببێتەوە."
ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتێکدا سەفەری بۆ سنە، کردووە کە شارە کورد نشینەکانی ئێران لە حەوتووەکانی ڕابردوودا شوێنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵک بووە.
ئاستی توندوتیژی هێزە سەرکوتگەرەکان لە شارە کورد نشینەکان تا ڕادەیەک بوو کە نوێنەری مهاباد لە مەجلیس ئاماژەی پێکرد.
بە وتەی "مەحموودزاده"، لە یەک مانگی ڕابردوودا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ١٠٥ کەس لە ناوچە کوردنشینەکان کوژراون.
هەروەها زانایانی ئەهلی سونەتی شارەکانی خاش، تەفتان ومیرجاوە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە بڵاو کردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە وڵام دانەوە بە "کارەساتەکانی ئەم دواییە" لەم پارێزگایە و شوێنەکانی دیکەی ئێران داوای وەستاندنی "ماشێنی سەرکوت"ی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیان کرد.
بەم حاڵەوە ئیبراهیم ڕەئیسی ئەمڕۆ دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی دیاریکراو لە زانایانی ئەهلی سونەت لە سنە، بەشداری نوێژی جەماعەتی کرد.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە