تەرانە عەلیدوستی ئەکتەری سینەما و تێلێویزۆن چەند کاتژمێر پێش ئێستا دەستگیر کرا.
تەرانە عەلیدوستی کە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە بڵاو کردنەوەی وێنەیەکی بێ سەرپۆشی زۆرەملی پەیوەست بوو بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە، ئەمڕۆ ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستگیر کرا.
ئەم هونەرمەندە بە ناوبانگەی سینمای ئێران پێش لە دەستگیر کردنی لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا ناڕەزایەتی و تووڕەیی بەرامبەر بە لە سێدارەدانی "موحسین شکاری" دەربڕیبوو.
هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و هۆکاری دستگیر کردنی ئەم هونەرمەندە لەبەردەستدا نییە.
لە کاتی دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە لە ئێران دوای گیان لەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد تا ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی بوارە جیاوازەکان دەستگیر کراون.
خانەی سینەما لە ڕاپۆرتێکدا لە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ڕایگەیاند کە ١٠٠ کەس دەستگیر بوون یان چوونە دەرەوەیان لێ قەدەغە کراوە.
دوای کۆبوونەوەی داخراوی نوێنەرانی مەجلیس لەگەڵ دەزگای دادوەریدا بۆ لێکدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئیرنا لە زمانی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسەوە نووسی: "نوێنەران داوایان کردووە مامەڵەی جیدی لەگەڵ ئەو کەسە ناودارانە بکرێت کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە سیناریۆی دوژمندا ڕۆڕڵیان گێڕاوە و ئاگری فیتنەیان گەشاندووەتەوە."
پاش ئەم بڕیارە بوو کە بانگهێشت و دەستگیر کردنی سیما ناسراوەکان لەوانە هونەرمەندان زیاتر پەرەی سەند.
"شێروین حاجیپوور"،"کەتایون ڕیاحی" و "هێنگامە قاضیانی" لەو هونەرمەندانە بوون کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەریەکاندا دەستگیر کران و پاشان ئازاد بوون.
هەرچەندە هێشتا "توماج ساڵحی"، "سوهەیلا گوڵستانی"، "حەمید ئازەربوور"، "عەلی شادما" و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندان لە گرتووخانەکاندا بەسەر دەبەن و دواجار لەگەڵ تۆمەتی قورس ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
خانەی سینەمای ئێران ١ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە دوو توێیی چەند ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژەی توندوتیژییەکان لە دژی خەڵک و بە هۆی بانگهێشت و دەستگیر کردنی بەردەوامی هونەرمەندان، داوا لە ئەندامەکانی دەکات هاوکاری خۆیان لەگەڵ پڕۆژە سینەمایی و تلویزیۆنییەکان بەوەستێنن و مان بگرن.
هەروەها لەم پێوەندییەدا، ئەنجومەنی پیشەیی فیلمنامە نووسانی سینەمای ئێران ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای ڕەخنە گرتن لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە هۆی "پشتگوێ خستنی داواکاری خەڵک"، ڕایگەیاند کە سەرجەم چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە هەڵپەسێردراوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجومەنە، "تا کۆتایی نادیار ئەم دۆخە، ئەندامانی ئەم پیشەیە دەتوانن بەپێی حەز و ویستی خۆیان، بۆ خەڵکی دیکە و بۆ خۆیان بنووسن یان چالاکییە پڕۆفێشناڵەکانیان ڕابگرن؛ بەڵام بەڕێوەبەری ئەم پیشەیە، بەپێی ئەرکی کۆمەڵایەتی وپڕۆفێشناڵی خۆیی لە ئێستادا خۆی لە هەر چەشنە پێوەندییەک لەگەڵ دامەزراوە حکوومەتییەکان لە هەر ئاستێکدا، بە دوور دەگرێت."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە