پاریزەری "موژگان کاوسی" توێژەر، وەرگێڕ و نووسەری کورد، ڕایگەیاند تۆمەتی "ئەفساد فیلئەرز"ی ئەم هاوڵاتییە کوردە ڕەت کراوەتەوە.
ئەم پارێزەرە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "بەپێی بڕیارێک کە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ساری دەرکراوە، تۆمەتی ئەفسادی فیلئەرز کە خرابووە پاڵ خاتوو موژگان کاوسی ڕەت کراوەتەوە."
ئەمە لە حاڵک دایە کە پێشتر سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو کە ئەم توێژەر، وەرگێڕ و نووسەرە بە "ئەفساد فیلئەرز، بڵاو کردنەوەی درۆ و هاندانی خەڵک بۆ جەنگ و کوشتار و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دژبەر" مەحکووم کرا و لە بەردەم هەڕەشەی لەسێدارەدان دایە.
موژگان کاوسی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا دەستگیر کرا و ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە دادگای شۆڕشی ساری دادگایی کرا.
موژگان کاوسی پێشتریش دەستگیر کراوە و زیندانی سیاسیی بووە.
خاتوو موژگان کە یەکێک لە شوێنکەوتانی ئایینی یارسانە، ڕایگەیاندووە کە بەردەوام لە زینداندا بە شێوەی جۆراوجۆر ئەشکەنجەی ڕۆحیی وەک پشکنینی جەستەیی و ڕووت کردنەوەی تەواوەتی، بێ ڕێزیی زمانی و… کراوە.
کتێبی "ئەنفال و سەربوردەی تەیموور، تاقە بەجێماوی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژنان و منداڵە ئەنفال کراوەکان" لە وەرگێڕانی موژگان کاوسی لە ساڵی ١٣٨٩دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم نووسەرە یارسانییە هەروەها دەرهێنەری فیلمێکی دێکۆمێنتاریی لە ژێر ناوی "هیوا" بووە.
تێبینییەکەت بنووسە