نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕی نافەرمی کڕین و فرۆشتنی دراو لە تاران لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١، بۆ جارێکی دیکە بەرز بووەوە و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد.
نرخی دۆلار لە ماڵپەڕە نافەرمییەکانی تۆمار کردنی نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێران تا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٤٤ هزار و ٩٠٠ تمەن تۆمار کراوە.
یۆرۆ، دراوی یەکێتیی ئەورووپا، ٥٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند، هەروەها پاوەند کە دراوی بەریتانیایە، نرخی ٥٥ هەزار تمەنی تێپەڕاند.
ئەم ژمارانە بەرزترین نرخی یەکسانی زۆربەی دراوە بیانییەکانە بەرامبەر تمەنی ئێرانی و ژمارەی پێوانەی تازەیە کە کەمتر لە یەک مانگ دوای دەستنیشان کردنی محەمەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی گشتی تازەی بانکی ناوەندی ئێران تۆمار کراوە.
لە هەمان کاتدا ڕۆژی شەمە، نرخی سکە لە بازاڕی ئازاد بە تۆمار کردنێکی نوێ گەیشتە ٢٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن و یەک گرەم زێڕی ١٨ عەیار، بە ٢ میلیۆن و ٦٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.
ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی نرخەکانی ئەم دوو بازاڕە لە حەوتووی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ زیاد بوونی ئەگەری چوونی سپای پاسداران بۆ ناو لیستی تیرۆرستی یەکێتیی ئەورووپا چڕتر بووەوە و بە پەسەند کردنی بڕیارنامەی ٣٢ بەندی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا لەم پێوەندییەدا، نرخی دراو و زێڕ پێوانەی مێژوویی تێپەڕاند.
هەروەها ڕۆژنامەیی ئەمریکایی واڵ ستریت ژوورناڵ ڕۆژی پێنجشەمەی حەوتووی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا بە ئامانجی دابەزاندنی سپیکردنەوەی پارە و ڕێگری کردن لە گواستنەوەی نایاسایی دۆلار بۆ هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گەمارۆیان لەسەرە، بەتایبەت ئێران، بەربەستی زۆرتری بۆ بانکە تایبەتەکانی عێراق دروست کردووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە