"کەمپەینی چالاکانی بەلووچ"، ڕایانگەیاندووە لە زیندانی ناوەندی زاهێدان دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ کراوتە سەر ۷ زیندانی و نووسیویەتی هێزەکانی ناو زیندان بە بەکارهێنانی سۆندە، دەستدرێژیان کردووەتە سەر دەستبەسەرکراوان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کە لە ڕۆژی ۷ی ڕەشەمە، بلاو کراوەتەوە ٦ کەس لەم دەستبەسەر کراونە بەلووچن و یەکێکیان خەڵکی مەشهەدە کە هەموویان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون.
کەمپینی چالاکانی بەلووچ لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە سەبارەت بەم ۷ دەستبەسەر کراوە نووسیویەتی "بەرپرسانی زیندانی ناوەندی زاهێدان ویستوویانە به ئەشکەنجەدانی توندی جەستەیی و دەروونی، دانپێدانانی زۆرەملیان لێوەربگرن کە دەبینن ئەم شێوازە وڵامدەرەوە نییە ڕێگەی دەستدرێژی و ئەشکەنجەدانی جنسی بە سۆندەیان بەکارهێناوە."
ناسنامەی ٦ دەستبەسەر کراوی بەلووچ کە لە زیندانی ناوەندی زاهێدان دەستدرێژی سێکسی کراوتە سەریان بریتین لە "بێنیامین کوهکەن" ١٦ ساڵان کوڕی حەمیدڕەزا، "ئەلیاس کوهکەن" ساڵان گوڕی حەمیدڕەزا، "یاسین کوبدانی" ۱۷ ساڵان کوڕی غولامعەلی، "محەمەد دەرویش نارووی" ۱۹ ساڵان کوڕی عەبدولڕەحمان، "ئێسحاق ریگی" ٢١ ساڵان کوڕی محەمەد و "سەعید باران زێهی".
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە زمانی سەرچاوەیەکی خۆیانەوە نووسیویانە بەندکراوانی بەلووچ دوای ئەشکەنجە و دەستدرێژییەکان، لە دۆخێکی خراپی دەروونی و جەستەییدا بەسەر دەبەن.
لەم ۷ کەسە، بێنیامین کوهکەن و یاسین کوبدانی، لە ئێستادا لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی منداڵانی زیندانی ناوەندی زاهێدان چاودێری دەکرێن، هەروەها بێنیامین لە دوای دەستدرێژییەکە چەند جار هەوڵی خۆکوژی داوە کە سەرکەوتوو نەبووە.
دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر دەستگیر کراوانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران شتێکی تازە نییە و پێشتر ڕاپۆرت و بەڵگە لەسەر دستدرێژی کرن بۆ سەر دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو کرابووەوە.
بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، "حالوەش" لە ڕۆژی ۲۰ی ڕێبەندان ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە گرتووخانەکاندا دەستدرێژیان کردووەتە سەر ژنانی دەستگیر کراوی بەلووچ.
یەکێک لەو کچانەی کە قسەی لەگەڵ حالوەش کردووە، بەکارهێنانی زمانی ناشرین و بچووک کردنەوەی ئێتنیکی و ڕەگەزی و توندوتیژیی سەختی ئەو هێزانەی کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر خۆی و هاوڕێکانی دیکەی ئاشکرا کردووە.
چالاکانی بەلووچ دەڵێن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی توندوتیژی بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان وەک دوا تاکتیکی خۆیان بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان لەم ناوچەیە کەڵک وەردەگرن.
تێبینییەکەت بنووسە